کوردستان

د.كه‌مال كه‌ركوكی: له‌ ئێستاوه‌ ده‌یڵێم ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كه‌ركوك به‌دڵی خه‌ڵكی دڵسۆز نابێت


د.کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت"ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لەناوچە جێناکۆکەکان ئەمجارە بەوشێوەیە نابێت بەدڵی خەڵکی دڵسۆزی کەرکوک بێت،و دەشڵێت"ھەندێک گروپی حەشدی شەعبیان لەباشوری عیراقەوە ھێناوە وڵاتێکی ھەرێمیش پشگیری دەکەن، وە بەرپرسی ئەمنی ئێستای پارێزگای کەرکوک جاران پلەی ئەمیری ھەبوو لەناو داعشدا،ھەروەھا باس لەوەش دەکات مۆڵەتیان داوەتە حکومەتی عیراقی بە ئاگاداری وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەگەر دۆخی کەرکوک بەئاشتی ئاسایی نەکەنەوە ئەوا خەڵکی کەرکوک ھەڵدەستێت و ئەوانیش پشتیوانی دەکەن."

د.کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکوکی پێشمەرگە لەمیانەی وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەبارەی بەشداریکردنی کوردانیناوچە کێشە لەسەرەکان لەنێویشیاندا کەرکوک لەھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق وتی"کەرکوک ئێستا لەڕێگای موئامەرەیەکەوە داگیرکراوە، ئێستا وەک سەربازگەیەکی گەورەی لێھاتووە چوار فرقەی سەربازی و زیاتر لە دوانزە لایەنی حەشدی شەعبی و حەشدی سوننە کەتێکەڵەن لەگەڵ داعش لەوێن لەبەر ئەوە دۆخی ئەوشارە ئێستا جێگیرنیە، ھەر لەبەر ئەوەش ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریمان نەکرد لەو ناوچانە تا شەرعیەت نەدەین بەو داگیرکاری و تەزویراتەی لەوێ دەکرێت سەدا سەد ئەو دۆخەش کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی دەرونی خەڵک و بەشداریکردنیان لە دەنگدان ."

د.کەمال کەرکوکی وتیشی"ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەش لەئێستاوە بەدڵی خەڵکی دڵسۆز نابێت وە ھەندێک گروپی حەشدی شەعبیان لەباشوری عیراقەوە ھێناوە وڵاتێکی ھەرێمیش پشگیری دەکەن، وە بەرپرسی ئەمنی ئێستای پارێزگای کەرکوک جاران پلەی ئەمیری ھەبوو لەناو داعشدا لەبەر ئەوە ئەنجامی خراپی دەبێت من خۆم لەگەڵ تیمی ھاوپەیمانان و کەسانی سیاسی باسم کردووە کە بەرپرسی ئەمنی ئێستای پارێزگای کەرکوک پێشتر پلەی ئەمیری ھەبووە لەناو داعشدا ئەوان گوێ ناگرن تەنھا دەیانەوێت وەک شتێکی ھاکەزایی بڕوات و ھەر بڵێن ھەڵبژاردن کراوە."

بەبۆچونی د.کەمال کەرکوکی دەبوو کورد لەکەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقی نەکردایە و وتی"دەبوو کورد تا ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بەشداری ھەڵبژاردنەکانی نەکردایە، چونکە ئەوەی لەوێ دەکرێت دژی کورد و کوردستان و مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانە."

لەبارەی ئەوەی ئایا کادیران و لایەنگرانی پارتی لەو ناوچانە ھیچ ڕێنماییەکیان لەپارتیەوە پێگەیشتووە دەنگ بدەن بەکام لیستە؟د.کەمال کەرکوکی وتی"پێشتر وەک پارتی ڕامانگەیاند بایکۆتی بەشداری کردن دەکەین، ھەتا بەدەنگدانیش بایکۆت دەکەین ئەوە ڕای فەرمی پارتیە ھیچ کاندیدێکی پارتی لەھیچ لیستێکدا نیە ئەوانە ھەمووی پڕوپاگەندەن پارتی بەفەرمی ڕایگەیاند بەشداری ھەڵبژاردن ناکات و شەرعیەت بەداگیرکاری نادات، دەنگ و کورسی کەرکوک کەمبێ و یا زۆر بۆ ئێمە گرنگ نیە چونکە ئێمە بڕیارمان داوە کەرکوک بەداگیرکراوی نەھێڵینەوە.""

سەبارەت بەو ڕەخنانەی لەپارتی دیموکراتی کوردستان دەگیرێت لەسەر ئەوەی بۆچی پارتی لەکەرکوک بەشداری ھەڵبژاردن ناکات بەڵام لەناوچەکانی موسڵ بەشداری کرد لەکاتێکدا ھەردوکیان لەلایەن سوپای عیراق و حەشدی شەعبی لەدوای ڕووداوەکانی(١٦ی ئۆکتۆبەر)دەستیان بەسەردا گیراوە؟ د. کەمال کەرکوکی وتی"ئەوە جیاوازی ھەیە،ئەوە کۆمەڵێک لەخیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر خاک و گەلی کوردستانیان لەبەرامبەر ھەندێ بەڵێنی بێ بنەماو دەسکەوتی مادی ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد،دەیانەوێت ئەو قەترە حەیایەی ھەیان بوو کە تکا بەو قسانە بھێننەوە بەڵام خەڵک بڕوایان پێ ناکات، ئەگەر باسی موسڵ دەکەن خۆ موسڵ لەپێشدا لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوو، کەرکوک سمبولی مافی گەلی کوردستانە داگیرکران تەماحیان لێکرد، وە خیانەتکارانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش گەڵ و خاک فرۆشەکان ئەو دۆخەیان ھێنا فرۆشتیان بەڵام ئێمە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە ناھێڵین ئەو دۆخە بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئێستا بوارێکمان داوە بە ئاشتی ئەو دۆخە ئاسایی بکرێتەوە ئەگەرنا خەڵکی دڵسۆز و پێشمەرگە ئەو دۆخە ئاسایی دەکەنەوە ، خەڵکی کەرکوک کەھەستا پشتیوانیان دەکەین ئێمەش لەگەڵیان دەبین و خۆم لەپێشیانەوە دەبم، ئێمە بەبەغداد و ھاوپەیمانانمان وتووە دەرفەت دەدەین ئەو کێشەیە بە ئاشتی چارەسەربکرێت ئەو دەرفەتەش سنوردارە."

د.کەمال کەرکوکی لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە چۆنیەتی گەڕانەوەی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی کرد بۆ کەرکوک و وتی"کاک کۆسرەت پێشتر بەمنی وت لەپشتەوە لێیان داوم، ڕۆژی ١٥لەسەر ١٦ی ئۆکتۆبەر کاک شێخ جەعفەر و وەستا ڕەسوڵ وەستابوون لێم پرسین شێخ جەعفەر وتی لەوەستا ڕەسوڵ بپرسن، بەوەستا ڕەسوڵم وت؛ وتی ئێمە شەڕی عیراق ناکەین، عیراق ھەزار تانکی ھێناوە، وتم ھەزار تانکی نیە عیراق ئنجا دەتوانن بەھاوەن لێیان دەن ھەر وتی ناکرێت، ئێمەش لێی توڕە بوین ئیتر وتی بەکوردی و بەکورتی ئێمە لەگەڵ عیراق لەگەڵ حاجی ئیقبال و قاسمی سلێمانی بەشداربوین حەشدی شەعبی بێتە ناو مقەڕەکانمان دواتر کەرکوکمان تەسلیم بکەن ئێمە وتمان درۆ دەکەن ڕاست ناکەن بەڵام ئەوان گوێیان نەگرت، ھەر ئەو ھێزە و ویستیان بەرەو ھەولێر بێن بەڵام لەپردێ دەرسێکمان پێدان کەھەرگیز لەبیرنەچێت، تەنھا پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕیان کرد تەنھا ھەندێک پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان ئەوانیش پیاوانە ڕۆڵیان گیرا ئەگەرنا لەشەنگال و زومار و مەخمور بەتەنھا پێشمەرگەی پارتی شەڕیکرد."

د.کەمال کەرکوکی ئەوەشی وت"لەناو یەکێتی کۆمەڵێک خەڵکی خیانەتکار کەھیچ خەباتێکیان نیە بەڵکو بەھۆی ناوی بنەماڵەوە ئەسڵەن خەباتیان نەکردووە بەڵکو بەھۆی باوکیان کە پۆستێکی باڵای ھەبووە یا کەسێکیان بودجەی حیزبەکەی خۆشیان داگیرکردووە بەتیلفۆن جەبھەی پێشمەرگەیان تێکدا و ئەوەیان بەسەر کەرکوکدا ھێنا باشە ئەوان ئەڵێن ڕێکەوتن ھەبووە ئەگەر ڕێکەوتن ھەبووە بۆچی پێشتر ڕانەگەیەنرا؟ ئەوان لەپێش مێژوو و خەڵکی کوردستان دەبێت سزابدرێن."

د.کەمال کەرکوکی ئاشکرایکرد" لەڕێکەوتنەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەولێریش ھەبوو تەنانەت کەوتبونە پێشیانەوە لە پردێ چاوساغیان لەزۆر لاوە بۆ کردبوون تانکی ئەمریکیان لەگەڵ بوو کە ئەمریکا دابوی بۆ ئەوەی شەڕی داعشی پێبکەن کەچی ئەوان بەدەست حەشدەوە بوون."


6597بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - May 10 2018 11:27AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ