کوردستان

پارتی و یەکێتی ناوی پێشمەرگە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن


سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا، پێشمەرگەی لە جیھاندا بە سومبولی تێکشکاندنی داعش ناساند، کەچی ئەم نازناوە گەورە و مێژووییە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاردەھێنرێت و ھەریەکە و بە ھێزی خۆیان ناوی دەبەن.
لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە و لەکاتی یەکگرتنەوەی ھەردوو کابینەی حکومەتی ھەرێمەوە، بەردەوام پارتی و یەکێتی بانگەشەی یەکخستەوەی ھێزی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی دەستی حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکەن، بەڵام کە دێتە کاتی ھەڵبژاردن، دەردەکەوێت نەک کار بۆ ئەو مەبەستە نەکراوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە ئاستی باڵای حکومەت و دوو بنەماڵەدا کار بۆ زیاترکردنی دەستی حزبی لە وەزارەتەکەدا دەکرێت.
بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە کۆبونەوە جەماوەرییەکانیاندا ناوی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانیان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاردەھێنن و بە موڵکی حزبەکانیانی دەزانن، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی ھێزی پێشمەرگەی بۆ بانگەشەی پارتەکەی بەکارھێنا. 
ھەروەھا مەسرور بارزانی کە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمە، پێشمەرگە بە موڵکی حزبەکەی و بارزانی دەزانێت و لە بانگەشەی حزبەکەیدا دەڵێت، ئەو کاتەی کە کوردستان کەوتە بەر شاڵاوی ھێرشی داعش، پێشمەرگەکانی پارتی و بارزانی لە ھێڵی پێشەوەی بەرەی شەڕدا بوون.
ھاوکات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە بانگەشەی حزبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات یەکێتی خاوەنی ھێزێکی پێشمەرگەی بەھێزە کە لایەنەکانی تر نییانە.
ئەم وێنانە کاندیدەکانی یەکێتین کە لەناو ھێزی پێشمەرگەدان و بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن کۆیانکردونەتەوە.
بەشێک لەو پێشمەرگانە لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە ئێن ئاڕ تییان ڕاگەیاند، کە لەلایەن بەرپرسانی یەکێتییەوە بە زۆر کۆکراونەتەوە لەکاتێکدا ئەوان یەکێتی نین.
پارتی و یەکێتی ھەر بەوەوە نەوەستاون کە پێشمەرگە بۆ بانگەشە بەکاربھێنن، بەڵکو پێشتر چەند ئەندامێکی ھێزە ئەمنییەکان بە ئێن ئاڕ تییان ڕاگەیاند، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەناو ھێزە ئەمنییەکاندا داوای کارتی دەنگدانی خۆیان و خێزانەکانیان لێکردوون.
ئاماژەشیان بەوەش کرد، بەرپرسە ئەمنییەکان پێیانوتوون دەبێت لە ڕۆژی دەنگدان بە مۆبایلەکانیان دەنگەکانیان تۆماربکەن، ئەگەر ئەوەش نەکەن ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە و لە کارەکانیان دەردەکرێن.
ھاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیگەرانی خۆیان لە بەکارھێنانی پێشمەرگە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دەگرن و ڕەخنە لە پارتە دەسەڵاتدارەکان دەگرن کە لەژێر فشار و ھەڕەشەدا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەکاریان دەھێنن.
شێروان برایم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، پێشمەرگە سومبولی خۆڕاگری ھەموو کوردانە و موڵکی ھیچ حزبێک نییە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بانگەشەی ھەڵبژاردن لەناو ھێزە چەکدارەکان ھیچ زمانێک ناتوانێت تەعبیر لەو شێوازی بانگەشەکردنە بکات.
سەرباری ناو و پێگەی ھێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی جیھان، بەڵام ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی دیکە لە دۆخێکی خراپدایە و وەک خۆیان دەڵێن، لەلایەن حکومەتەوە برسیدەکرێن.
پارتی و یەکێتی کە حکومڕانی ئەم ھەرێمەن، دوای کۆتاییھاتنی شەڕی داعش موچەی ھێزەکانی پێشمەرگەیان ھاوشێوەی وەزارەتەکانی دیکە کەمکردەوە و ئێستا لەدوای ھەموو وەزارەتەکان و چەند مانگ جارێک مووچە کەمکراوەکەیان پێدەدەن.


289بینین‌‌‌
3 مانگ پێشتر - May 1 2018 9:40PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ