راپۆرت و لێکۆڵینەوە

دوای 39 ساڵ له‌ شه‌هیدبوونیان، سیروان تاڵه‌بانی‌ و هاوڕێكانی‌ هێشتا له‌ بیره‌وه‌ریماندا زیندوون


کاوان ئەحمەد حەمە ساڵح ھەڵەبجەیی

شەوی ٢٩\٣٠/٤/١٩٧٩ سەرکردەو فەرماندەی ئازاو فیداکارو چالاکی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕش (سیروان تاڵەبانی)، فەرماندەی ھەرێم پێنجی قەرەداغ لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی شۆڕشدا کەخۆی و دەستەیەک لەپێشمەرگەکانی ھەرێمی قەرەداغ لە سەرکردایەتیەوە ئەگەڕانەوە بۆ ناوچەی قەرەداغ، لە گوندی (زێڕینجۆ)ی ناوچەی شارەزوور کەوتنە بۆسەی ھێزەکانی ڕژێمی بەعسەوەو شەھید کران.
سیروان تاڵەبانی و ھاوڕێکانی، ئەوانەی نمونەی ئازایەتی، لەخۆبوردویی، پیاوی خاوەن ھەڵوێستی سەردەمێکی نالەباربوون، لەو رووداوەدا، بەپیلانی دەزگاکانی بەعسی دوژمن و لەڕێگەی چڵکاوخۆرەکانی ناوخۆ (کوردە حەرامزادەکان)، لەزێڕینجۆ شەھید کران.
ھاوڕێکانی سیروان تاڵەبانی، ھەریەکەیان کوڕی خێزانێکی تێکۆشەر بوون، ھەریەکەیان قارەمانێکی مەیدانی و سەنگەرە سەختەکان بوون.
ھەرچی شەھید سیروان تاڵەبانیشە، کوڕی خانەوادەیەکی دیارو شۆڕشگێڕە، کەسێتییەکی سەنگین و بەشکۆی ھەبوو، ھەر زوو راستەڕێگەی خەباتی کوردایەتی گرتەبەر، ئەگەرچی رێگەکە سەخت و پڕ وەی و ھەورازو نشێو بوو، بەڵام ئەو باکی بەھیچ کام لەوانە نەبوو، ئامانجی سەرفرازیی نەتەوەکەی بوو، ھەر بۆ ئەو ئامانجەش ئەو خێزانە پێنج کوڕی بەخشییەکوردستان و بوونە شەھیدی سەنگەر، بەڵێ، ئەو خێزانە لەپای سەرخستنی دۆزێکی رەواو پیرۆزدا، گەیشتە لوتکەی قوربانیدان بەوەی سیروان تاڵەبانی و چوار برای دیکەی بۆکوردو کوردستان شەھید کران.
شەھید سیروان یەکێکە لە فەرماندەکانی سەرەتای شۆڕش و دوا پلەی فەرماندەی ھەرێمی پێنجی قەرەداخ بووە و لەدوای خۆی چوار برای تریشی شەھید بوون، ئەوانیش: شەھید غەریب ڕابەر سیاسی تیپی مەڵبە ندی یەک، شەھید ئەیوب بەرپرسی دارایی تیپی ٥١ی گەرمیان، شەھید عومەر فەرماندەی کەرت لە تیپی ٥٩ی حەمرین، شەھید خالید، ئەندامی رێکخستنەکان بە لە سێدارەدان شەھید کرا.

سیروان تاڵەبانی کێیە؟
شەھیدی سەرکردە فەیسەڵ رەشید حەمید ناسراو بەسیروان تاڵەبانی، ساڵی ١٩٤٦ لەکەرکوک لەدایکبووەو ھەرلەمنداڵییەوە خولیای بەشداریکردنی ھەبووە لەخەباتی ڕزگاری نەتەوەکەی، ھەربۆیە لەتەمەنێکی کەمدا پەیوەندیکرد بەیەکێتی قوتابیانی کوردستانەوەو چالاکانە لەناو ڕێکخستنەکانی ئەوکاتەی پارتی کاریکردووە، لێپرسراوی لقی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە لەکەرکوک، دوای ئاشکرابوونیشی لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتەی عیراقەوە، پەیوەندیکردووە بەشۆڕشی ئەیلولەوەو بەشداری زۆرەبەی نەبەردییەکانی کردووە.
دوای دەستپێکردنی وتووێژی شۆڕش و رژێمی بەعس و دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، شەھید سیروان بەھۆی لێوەشاوەییەوە کراوە بەبەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین.
لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانیشەوەو لەڕێگەی شەھیدان خاڵە شیھاب و کاک ئارامەوە پەیوەندیکردووە بەدەستەی دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیەوە، بووە بەیەکێک لەکەسە چالاکەکانی رێکخستن و بەگوڕو تینێکی زۆرەوە ھەوڵیدا بۆدرووستکردنی شانەکانی رێکخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵە لەناو خەڵک و ھێزی پێشمەرگە.
پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی ١٩٧٥دا، شەھید سیروان جارێکیتر کەوتەوە خۆئامادەکردن بۆ بەشداریکردن لەشۆڕشی نوێ، ھەربۆیە پاش گەڕانەوەی بۆ شاری کەرکوک، توانی چەندین شانەی رێکخستن لەکەرکوک و بەغداو چەند شارێکی دیکەی خواروی عیراق دروستبکات، پاش فراوانبوونی ڕێکخستنەکان، کۆمیتەی (ئاگر) دروستکراو شەھید سیروان کرا بەلێپرسراوی کۆمیتەکە، ئەوەبوو کۆمیتەی ئاگر بوو بەوئاگرەی کە دوژمنانی تۆقاندبوو، دوای ئاشکرابوونیشی لەلایەن رژێمەوە، شەھید سیروان گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و لەوێ درێژەی بە کاری ڕێکخستندا.
چەندین کۆبونەوەی سەرکردایەتی شۆڕش لەماڵی شەھید سیروان ئەنجامدراوەو لەوێوە بەرنامەی کارەکانی شۆڕش دادەنراوە.
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک لەسەر سیروان تاڵەبانی دەڵێت: یەکێک لەو کەسانەی کە بەڕاستی ئامادەکرابوو بۆ ڕۆژگاری تەنگانە شەھید سیروان تاڵەبانی بوو، دەتوانم بە سەد شێواز ئەمە بۆ مێژوو بسەلمێنم کە شەھید سیروان تاڵەبانی، سیروانێک بوولە خۆراگری و سیروانێک بوو لە ھەڵمەت بردن لە خەڵک رێکخستن لەو ورەبەرزی، سیروان بوو بە مانای وشەی شۆڕشگێڕێتی.

شەھید سیروان ویەکەمین مەفەفرەزەی شۆڕشی نوێ
ساڵی ١٩٧٦ کە بڕیاری دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری درا، سیروان تاڵەبانی یەکێک بوو لەوچوارکەسەی وەک یەکەمین مەفرەزەی شۆڕشی نوێ لەگەڵ ھاوڕێیان (شەھید شەماڵی باخ و شەھید ئەنوەر مەجید سوڵتان و حەمەسەعید قەڵەو) لەناوچەی شارباژێر دەستیان بەخەباتی چەکداریی کردو یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن شەھید سیروان و ھاوڕێکانییەوە بڵاوکرایەوە، ھەروەھا لەدرووستبوونی ھەرێمەکانی ھێزی پێشمەرگەش، سیروان تاڵەبانی کرا بە فەرماندەی ھەرێمی پێنجی قەرەداغ.
شەھید سیروان بەیەکێک لەداھێنەرانی چالاکییەکانی ھێزی پێشمەرگە دادەنرێت لەناو شاردا، لەو ڕووەوە چەندینجار لەناو شاری سلێمانی و شارەکانی دیکە چالاکی ئەنجامداوەو سەرکردایەتی و فەرماندەیی دەیان داستان و نەبەردی تۆمار کردووە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک لەسەر شەھید سیروان تاڵەبانی دەڵێت: فەرماندەیەکی ئازاو بەتواناولێھاتوبوو، خۆشەویستییەکی بکەم وێنەو متمانەیەکی تەواوی ھەبوو لە ناوخەڵکی سنوری ھەرێمی پێنجی قەرەداغ ، کەدیارە مەبەست لەناوچەکانی بازیان و گەرمیان و قەرەداغ و ناوچەکانی ھەمەوەندی و کۆی ناوچەکانی تریش، شەھید سیروان لەوناوچانە ڕەمزی سەرکردەیەکی گەورە بوو.

لەخۆشەویستی ئەو خەڵک منداڵەکانی ناودەنا سیروان
پۆڵا تاڵەبانی کوڕی شەھید سیروان و یایدەدەریی سکرتێری گشتی بۆکاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، دەڵێت: شەھید سیروان و ھاوڕێکانی دیارترین کەسن لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ و یەکێتی کە لە رۆژگاری خۆیدا دڕیاندا بەشەوەزەنگی بەعس و زۆر ئازایانە کەوتنەوە ھەڵگیرساندنەوەی شۆڕش، لە ھەموو ئەو ناوچانەی شەھید سیروان و ھاوڕێکانی لێبوون رۆڵی گەورەیان گێراوە بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و ھەرئەمەش وادەکات بەشێک لەو ناوچانەی کە شەھید سیروانی لێبووە لە خۆشەویستی وئازایەتی ئەو مناڵەکانیان ناوبنێن سیروان.
شەھید سیروان وەک لیپرسراوی ھەرێمی پێنجی قەرەداغ سەرپەرشتی ناوچەکانی سلێمانی و قەرەداغ و گەرمیانی کردوە رۆڵی گەورەو گرنگی گێڕاوە لە بەھێزکردنی شۆڕش و ھێزی پێشمەرگە لەناو ناوچانە، جگە لەوەی سەرکردەو فەرماندەیەکی سیاسی و سەربازی بووە، لە ھەمان کاتدا کەسێکی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی خەڵک بووە.
بۆیە لەیادی سیروان تاڵەبانی و شەھیدانی فەرماندە حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات کەرکوکی و محەمەد کەریم سەری ڕێز لەسەر گڵکۆی پیرۆزیان دادەنەوێنین ھیوادارین ساڵیادی شەھیدبوونی ئەوان بێتەمایەی زیاتر یەکێتی ناو یەکێتی و زیاتر بەھێزکردن و گەشەپێدانی کە ئاوات و ئامانجی گرنگی ئەوشەھیدانە بووە، چونکە رۆحی خۆیان کردە قوربانی ئەوڕێگایەو لەو پێناوەدا شەھیدبوون.

شەھید سیروان و بنەماڵەیەکی قوربانی بەخش
یەکێکی دیکە لەخەسڵەتەکانی سیروان تاڵەبانی ئەوەیە تەواوی بنەماڵەو خێزانەکەشی بەشداری شۆڕشیانکردووە، ھەربۆیە جگە لەخۆی چوار برای دیکەشی پێشمەرگە بوون ئەوانیش شەھیدان (ئەیوب و عومەر و خالید و غەریب) بوون و شانبەشانی کاکیان چوونە ڕیزی خەبات و تێکۆشان، ئەوانیش ھەر یەکێکیان سیروانێک بوون، قارەمانێک بوون و پێشمەرگەیەکی بەجەرگ بوون، پاشان ھەریەکێک لەوانیش وەک کاکی شەھیدا، لەمەیدانە جیاجیاکانی تێکۆشاندا شەھید بوون و بوونە قوربانی خاک و گەل.

رۆڵی شەھید سیروان لە گەشەکردنی ھەرێمی پێنج
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک، دەڵێت: سیروان تاڵەبانی، حەسەن خاوێ‌و حاجی چاوشینم، لەنزیکەوە دەناسی، بەڵکو ھەر خۆم، یەکە یەکە، بۆ پێشمەرگایەتی ناردمنە دەرەوە، ئەویش کەی؟ ساڵی ١٩٧٦. بەڵێ ئەوکاتە کە ئاسان نەبوو کەسێک پڕکێشی پێشمەرگایەتی بکات.
شەھید سیروان لەساڵی ١٩٧٤وە، ئەوکاتەی لەشۆڕشی ئەیلولدا بووین، ئەو لەفەرمانگەیەکداو منیش جێگری بەرپرسی لقی لاوانی خانەقین بووم، ھەر بەگۆڕینەوەی بیروباوەڕ، ھەردووکمان لێک ئاشکرا بووین، کە ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەرانین، کاتێک رێکەوتنامەی جەزائیر مۆرکرا، شەھید سیروانم راسپارد سەردانی پێنجوێن بکات‌و خۆی بگەیەنێتە ماڵی (حەمەی میرزا سەعید)، شەھید شیھاب بدۆزێتەوەو دوا بڕیاری سەرکردایەتی کۆمەڵە بھێنێتەوە، چەند رۆژێکی پێ چوو، بیرمە نەورۆز گەڕایەوە. نەورۆزێکی شوم بوو، شۆڕش خیانەتی رێکەوتنی جەزائیری سەپاوەتە سەر، ئومێدمان ھەبوو، کۆمەڵەو شۆڕشگێڕانی دیکە، بەرەنگاری بکەن، ئەمانیش، لەژێر ھەڕەشەیەکی سەرۆک‌و سەرکردایەتی پارتی، بڕیاری کاتی بەرەنگاری نەکردنیان دابوو، کاتێک سیروان گەیشتەوە بڕیاری چەک شاردنەوەو بەرەنگاری نەکردنی پێ گەیاندین، شینی شکست، لامان بوو بەکۆستی مێژوویی.
کاتێک گەڕاینەوە لە ٣/٩/١٩٧٥ بەھۆی نەبوونی نەخشەی وردی کاری رێکخستنی نھێنیەوە، سەرەداوی کۆمەڵە، لەسەرکردایەتی کۆمەڵەوە کەوتە دەستی رژێم، یەکسەر شەھید ئەنوەر زۆراب گیرا، لەمەوە، شیرازەی رێکخستنەکانی کۆمەڵە پسان، ئیدی رووداوی ناخۆش بەردەوام دژی کادرو سەرکردایەتی کۆمەڵە روویان دەدا، سەرەنجام چوار مانگ کۆمەڵە بێ سەرو سەرکردایەتی مایەوە، ھەتا کۆمیتەی ھەرێمەکانی کۆتایی ساڵی ١٩٧٥ پێکھێنرا، من ٦/٩/١٩٧٥ خۆم گەیاندە کەرکوک‌و شەھید ئازاد ھەورامی‌و شەھید سیروان تاڵەبانیم دی، شپرزەییەکە کەرکوکیشی گرتبوەوە، شەھید سیروان، ئەوپەڕی خۆڕاگریی پێوە دیار بوو، شەھید ئازادیش مێش میوانی نەبوو، لەسەر پێشنیازی خۆی، شەھید سیروان ناسنامەیەکی فەرمانگەکەی خۆیانی وەک فەرمانبەری خانەنشینی بۆ دەرکردم.
ئەمە بۆ من دەستەبەرێکی خۆشبوو، ئەتگوت بیتاقەی ٧ ھەزار دینارییەکەم بۆ دەرچووە.
دوای دوو ھەفتە، لەسلێمانی شەھید سیروانم دیەوە، ئیتر بەردەوام یەکمان دەبینی. چونکە شەھیدیش، لەو فەرمانبەرانە بوون ھەر زوو لەکەرکوک رایانگواستن بۆ سلێمانی.

سیروان،کەسێکی پراکتیکی بوو، حەزی لەزۆر وتن نەبوو، قورسترین ئەرکت پێ سپێردبا، نەخێری نەبوو.
ئەوکاتەش، مشت‌ومڕ لەناو کۆمەڵەدا ھەبوو، سیروان، زۆر لایەنگری چارەسەری کێشەکان‌و دژی قوڵکردنی ناکۆکیەکان بوو، خەم‌و پەژارەی ئەوە بوو، شۆڕش بەرپا بکرێتەوە، مشتومڕەکان، ھەتا رادەیەک ئارام کرایەوە، تێکڕا بڕیاری شۆڕشمان دایەوەو ھاوڕێیانی زیندانیش (شەھید شیھاب‌و کاک فەرەیدون عەبدولقادرو عومەری سەید عەلی‌و شەھید جەعفەر)مان لەبڕیاری بەرپابوونی شۆڕش، لەڕێی چەندین ھاوڕێ‌و دڵسۆزەوە ئاگادارکردەوە، (نازەنین خانی ھاوسەری شەھید شیھاب، روناکی شێخ جەناب، دلێری سەید مەجید، شەھید عەبدولڕەزاق، نەرمین عوسمان‌و پاکیزەخان).
کاتێک، پەیوەندی بەمام جەلالەوە کراو کارەکان رێکخران، سەرکردایەتی کۆمەڵە لەزیندان ئاگادارکران‌و رەزامەندبوون شۆڕش بەرپا بکرێ.
کۆمیتەی ھەرێمەکان، دەستمان ئاواڵا بوو، شەھید سیروان باشتر ھاتە پێشەوە. ھەموو توانای خستەکار، شەوو رۆژی نەدەزانی، ھەر کارێکت پێ سپێردبا، وەکو دەویسترا جێ بەجێی دەکرد، لەسەروبەندی ناردنە دەرەوەی مەفرەزەکانیشدا، سەرەتا وەک رابەری سیاسی مەفرەزەی شەھید ئەنوەری مەجید سوڵتان، بۆ ناوچەی بەرزنجەو شارباژێر، مانگی ٨/ی ١٩٧٦ ناردمانە دەرەوە، باشم بیرە کە:
دوای نیوەڕۆ قەمەرەیەکم برد بەدوایدا لەماڵی ئەشرەف تاڵەبانی بوو، خوار جادەی برایم پاشا لەپشتی دەرگاکە چاوەڕوانی دەکرد، کە لەدەرگام دا، دەست بەجێ ھاتە دەرەوە، ئەشرەف خۆی پەنادابوو، بەڵام ئەوکاتەش داڵدەدانی سیروان‌و لەماڵیانەوە چوونە ریزی شۆڕش، کارێکی جوامێرانە بوو، سیروان وەکو سیروان کەوتەڕێ‌و رێگەی ھەتا شەھیدبوون بەرنەدا.
شەھید سیروان ھەتا رێبەندانی ١٩٧٧ لەبەرزنجەدا مایەوە، دوایی بەھۆی ململانێکانەوە، خۆی پێنەگیراو خۆی بۆ قەراغ گواستەوە، چونکە ھەمووی کۆمەڵە بوو، من نەم بینیەوە ھەتا شەھیدبوونی کاکە ئارام‌و مامۆستا شەماڵ، لەگەڵ سامان گەرمیانی‌و دلێری سەید مەجیدو فەرید ئەسەسەرد بۆ لێکۆڵینەوە لەشەھیدبوونی کاکە ئارام، لەدەشتی ھەولێرەوە گەیشتینە قەراغ، لەمیریاسی سەروو خراپ لێمان قەوما.
بەفەلاکەت دوای شەھیدبوونی مامۆستا (محەمەد چاوشین، شەھید شەماڵ) خۆمان گەیاندە ئاوایی گەورە. دوای دوو رۆژ شەھید سیروانمان بینییەوە. خۆی و ٥٠ پێشمەرگە. پێشمەرگە بەمانای چەمک‌و بەمانای جوامێری، مامۆستا جەعفەرو مام رۆستەم‌و شەھید گۆران‌و شەھید شاھۆو دەیان ھاوڕێم بینیەوە. خەمباریی شەھید ئارام‌و شەھید شەماڵ‌و شەھید سادق، ئاوێتەی خەمخواردنی بەرنەدانی رێبازەکانیان بوبوو.
شەھید سیروان ئەوکاتە، ھەر بەلێوەشاوەیی‌و بزۆزی پارتیزانی خۆی، بوبوو بەکەسایەتی ھەڵکەوتووی سەرانسەری ناوچەکە، لای رژێم، وەکو کەسێکی خەتەرناک لەسەر رژێم حسابی بۆ دەکرا.
کە یەکمان بینی، چەند رۆژێک پێکەوە بوین، ھێشتا خۆپیشاندانەکانی ئێران دەستی پێ نەکردبوو، ھاوڕێیەتیمان بەتینتر بوو، ھەر لەوێدا، ئامر مەفرەزەو رابەرە سیاسییەکان پێشنیازیان کرد، من، ھەوڵ بدەم سیروان بکرێتە ئامر ھەرێم. گفتم داو گفتەکەشم بردەسەر.
ئەوکاتەی شەھید سیروان فەرماندەی ھەرێمی پێنج-ی قەرەداخ بوو، رۆژ دوای رۆژ ھەرێمەکەی لەگەشەکردندا بوو، ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ ئازایەتی شەھید سیروان و پێشمەرگەکانی، بۆیە شەھید ھەمیشە لەھەوڵی ئەوەدا بوو گورزی کوشندە لەدوژمن بوەشێنێت، بۆئەومەبەستەش لەدواکۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرکردایەتی کەلەگوندی شێنێی سەرسنوور بەسترا، توانی بڕێکی باش چەک و تەقەمەنی پەیدا بکات و بەڕێکەوتەوە بۆناوچەکانی سلێمانی تا پەرە بەچالاکییە سەربازییەکان بدات و ببێتە ھۆی گۆڕانێکی نەوعی لەچالاکیەکانی ھێزی پێشمەرگە، شەھید بەو پڕچەکبوونەی ھەرێمەکەی زۆر دڵخۆش بوو، لەولاشەوە ڕژێم لەھەوڵی ئەوەدا بوو بەھەر شێوەیەک بێت سیروان تاڵەبانی لەناو بەرێت و تواناکانی خستبووەگەڕ
سامان گەرمیانی ئەندامی سەرکردایەتی ی ن ک لەسەرشەھید سیروان دەڵێت :-کەسایەتی شەھید سیروان لە ڕووی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی یەوە باشترین کەس بووە وەکو دەڵین کاک سیروان بیست و چوار عەیاربوو واتە ئەوەندە بێوێنەبوو،ئەوکاتەی لێپرسراوی ھەرێمی پێنجی قەرەداغ و گەرمیان بوو ماڵ نەبووە شەھید سیروان وەک کوڕی خۆیان نەبینن

یەکێک لەئەستێرە دیارەکانی یەکێتی
مەلابەختیار دەشڵێت: بەشبەحاڵی خۆم، کە سەیری مێژوو دەکەم‌و لاپەڕەکانی ھەڵدەدەمەوە، شەھید سیروان تاڵەبانی یەکێک لەئەستێرە دیارەکانی یەکێتیی، یەکێک لەشۆڕشگێر، دڵسۆز، قارەمان‌و جوامێری رۆژگاری تەنگانەی یەکێتیی‌و شۆڕشی نوێ‌و کاتی خۆیشی کۆمەڵە بوو، بۆیە دەبێ مرۆڤ بەویژدانەوە، بەگەشی ئەو مێژووەو ناوی سیروان تاڵەبانی بنوسێتەوە.
وتیشی: ھیچ کات‌و رۆژگارێک ناتوانم ئاستی قارەمانێتی، خۆبەخشی، زەحمەت‌و نەھامەتییەکانی کاک سیروان کە لەخەباتی نھێنی دیویەتی، لەبیربەرمەوەو، گێڕایەوە: لەوکاتەدا قەرەداغ، بەقەسابخانەی شۆڕشی نوێ ناسرابوو، سەرکردایەتی ئەمری کرد کە کاک سیروان خۆیی‌و مەفرەزەکەی شاخی قەرەداغ چۆڵ بکەن، بەڵام شەھید سیروان وەڵامیدایەوە، کە (مەگەر شاخی قەرەداغ، قەرەداغ چۆڵبکات، ئەگەرنا ئێمە ئێرە چۆڵ ناکەین)، بۆیە ئێمەو مانان‌و ھەموو ئەو ھەڤاڵانەی کاک سیروان-مان دەناسی، قەرزارباری قارەمانێتیانین.
وتیشی: شەھید سیروان تاڵەبانی، یەکێک لەقارەمانە گەورەکانی یەکێتییە.

شەھید سیروان وھاوڕێکانی چۆن و لە کوێ شەھید کران
شەوی ٢٩ی نیسانی ١٩٧٩ لەکاتێکدا, کە لەسەرکردایەتی دەگەڕانەوەو پارە چەک و پێداویستی لۆجستیان بۆ ھەرێمی (٥)ی قەرەداغ پێی بوو, بۆ جۆشدانەوەی زیاتری کورەی خەباتی شۆڕشی نوێ, پاش پلانێکی بەرنامە بۆدارێژراوی وردی ئیستخباراتی عێراقی وبەھاوکاری کۆمەڵێک خۆفرۆشی کورد، شەھیدی سەرکردە و فەرماندە سیروان تاڵەبانی و شەھیدانی فەرماندە حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات کەرکوکی و محەمەد کەریم لە گوندی زێرینجۆی شارەزوور کەوتنە بۆسەی کۆمەڵێک لە جاش و خۆفرۆشی بەکرێگیراوی رژێمی بەعس, کە پیلانێکی داڕێژراوی ھەواڵگری سەربازی بەعس بوو و پاش شەڕێکی قارەمانانە شەھیدبوون و گەیشتنە کاروانی سەروەرانی گەل و نیشتمان.
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی دەڵێت: بیرمە قەراغ ناونرابوو (قەسابخانەی شۆڕش، ئەمەش لەوەوە ھاتبوو کە، رژێم قورسایی خۆی خستبووە سەر ئەو ناوچەیە، چونکە لەسەر سلێمانی، دەربەندیخان، گەرمیان، شارەزوورو کەرکوک، پێشمەرگەکان کاریگەرییان ھەبوو، تەنانەت بۆ دوزخورماتوو، کفری‌و خواروتریش، لەپەرۆشییەوە مەکتەبی سیاسی‌و مام جەلال بڕیاریان دابوو، ماوەیەک ھێزەکان لەقەراغ بکشێنەوە، شەھید سیروان فەرماندەکانی کۆکردبوەوە، ھانی دابوون، وەڵامی بڕیارەکە بدرێتەوە کە ناوچەکە چۆڵ ناکەن‌و سەرکردایەتی دڵنیا بێ، دوژمن ھەراسان دەکەن، من کە ئەو قسانەم لەشەھید سیروان دەبیست ئەوەندەی تر باڵای جوامێری لام بەرزتر دەبوو.
شەھید سیروان و ھاوڕێکانی بە نەخشەی ئیستخبارات خرانە بۆسەوە، شەھید سیروان و شەھیدانی ھاوڕێ (حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات کەرکوکی و محەمەد کەریم و ھەژار)کەوتنە بۆسەوە کە بۆیەکەمین جاربوو لەوناوچەیە جەسرەبەی کوشندە وابخۆین ،چونکە ئەو گەلە چاشە زەبرێکی یەکجار گورجک بڕیان لە ئێمەدا، بۆیە من بە شبەحاڵی خۆم پێم وایە ئەو جاشانە ھەتا ھەتایە ڕوو رەشترین مرۆچەکانی مێژووی ئێمە دەبن، چونکە ئەگەر ئەوکارە پیسەیان بەرامبەر بە ھاوڕێکانی ئێمە شەھید سیروان و ھەڤاڵەکانی نەکردایە ڕەنگبوو شتی زۆر گەورە تر لەو ناوچانە بکرایە.
شەھیدکردنی سیروان تاڵەبانی ئەو پۆلە شەھیدەی تر، لە ڕووی دەرونییەوە کاریگەری زۆری ھەبوو، کاریگەریەکەش ئەوەندە زۆر بوو ئەگەر قارەمانێتی وخۆراگری کادیرە سیاسی وعەسکەرییەکانی یەکێتی وکۆمەڵە نەبوایە ئاسان نەبوو پێشمەرگە جارێکی کە خۆیان بگرن لەو ناوچانە.
شەھیدبوونی کاک سیروان و ھاوڕێکانی گەورەترین کارەسات بوو بۆ ی.ن.ک و کۆمەڵە چونکە شەھید سیروان بە ئازایەتی وتیکەڵاوی لەگەڵ خەڵک خەمێکی قووڵی خستە ناو دەرون و ئەندێشەی پێشمەرگەو ھەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر, خەمێک, کە پاش ٣٩ ساڵ ھێشتا لەنێو بیرەوەری ھەمووماندا زیندووەو لە مێژووی گەلەکەمان و یەکێتی دا بەدروەشاوەیی ماوەتەوە. شەرمەزارییەکی گەورە و خیانەتێکی لەبیرنەکراوەیشە بەنێوچەوانی خۆفرۆش و جاشەکانەوە. شەھید سیروان و شەھیدانی ھاوڕێ (حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات کەرکوکی و محەمەد کەریم) نمونەی فەرماندە و پێشمەرگەی جوامێر و شارەزای خەباتی چەکداری و کادری ھۆشیار و بەئەزموون بوون, کە لەئاکامی ئەزموون و نەھامەتیەکانی ژیان و کۆری خەباتدا پێگەیشتبوون, بۆیە شەھیدبوونیان خەمێکی ئێجگار گەورەبوو.
ئەوان, لەکاتێکدا بارە چەکیان لەکۆڵنابوو, بە ھیوا و ئامانجی ئەوەی بگەرێنەوە بۆ قەرەداغ و خۆیان بۆ چالاکی شۆڕشگێڕانە سازبدەن و بەعسیە فاشیەکان ھەرەسان بکەن, بەڵام مخابن پێش ئەوەی بگەن، شەھیدبوون. کەلێنێکی گەورەیان لەکۆری خەباتدا دروستکرد.
سەرچاوەکان
بەرنامەیەکی سەتەلایەتی گەلی کوردستان ساڵی ٢٠١٢ پەخشکراوە کەتایبەت بوە بە شەھید سیروان تاڵەبانی و ھاوڕێکانی کە ھەریەکە لە بەڕێزان مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یە کێتیی نیشتیمانیی کوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک و سامان گەرمیانی ئەندامی سەرکردایەتی ی.ن.ک تێیدا بەشداریان کردۆتەوە بە سوپاسەوە سودم لە وتەکانیان وەرگرتوەو دامناوەتەوە، ئەم بەرنامە یە لە ئامادەو پێشکەشکردنی کوردۆعلی بووە.
مەلا بەختیار: شەھید سیروان تاڵەبانی، قارەمانی تەنگانە، کودستانی نوێ، رۆژی ٢٩/٤/٢٠١٥.
ئاوات کۆکەیی: لەیادی ٣٥ ساڵەی شەھیدبوونی سیروان تاڵەبانی و ھاوڕێکانیدا، کوردستانی نوێ، رۆژی ٢/٥/٢٠١٤.
سیروان تاڵەبانی، سایتی کوردپیدیا.


730بینین‌‌‌
5 مانگ پێشتر - Apr 30 2018 8:48PM
Print Friendly and PDF