کوردستان

نوسراوەکە بخوێنەوە ....ھۆشیار عەبدوڵا سیخوڕی بۆ ھەواڵگری عێراق دەکات


پەرلەمانتارێکی گۆڕان بە نووسراو و مۆری فەرمی خۆی، زانیاری دەداتە دەزگەی ھەواڵگری عێراق و پەردە لەسەر ھەڵمەتێکی گەورەی ساختەکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵدەماڵێ کە بەگوتەی ئەو "ناوی ھەشت ھەزار کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیان لە تۆماری ناسنامەی باری شارستانی پشدەر تۆمار کردووە و دەنگیان پێ دەدەن". بەڵام گوتەبێژی یەکێتیی ئەمە بە درۆیەکی شاخدار لە قەڵەم دەدا و دەڵێ، بە تۆماری بایۆمەتری کەس ناتوانێ کاری لەو شێوەیە بکات.

ھۆشیار عەبدوڵا سیخوڕی بۆ عێراق دەکات
بەگوێرەی نووسراوێکی نووسینگەی ھۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان کە بە ژمارەی "٢٥٢" لە ڕێکەوتی یەکی شوبات/فێبرایەری ئەمساڵ ٢٠١٨، بە شێوەی "نھێنی و پەلە" بە ناونیشانی زانیاری، ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق, وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی دەزگەی ھەواڵگری نیشتمانی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کراوە و تێیدا ئاشکرای دەکات, "لە ماوەی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ لە ئەنجامی سەرژمێرییەکی لۆکاڵی، ژمارەیەک دۆسیەی ناسنامەی باری شارستانی لە پارێزگای سلێمانی ھەڵدرانەوە و دەرکەوت ھاووڵاتییانی ئێرانی کە ژمارەیان نزیکەی ھەشت ھەزار کەس دەبێ، لە تۆماری باری شارستانی یەکە کارگێڕییە جیاوازییەکان بە تایبەتی شارۆکەی پشدەر تۆمار کراون".

لە بەشێکی تری نووسراوەکەی ھۆشیار عەبدوڵادا وردەکاری زیاتر خراوەتە ڕوو و ھاتووە، "ئەو تۆمارانەی دڵنیاین ناوی کوردانی ئێرانیان بۆ زیاد کراوە، تۆماری ژمارە ٤٥٧ و ٤٦٨ و ٤٧٠، لەسەر ئەو بنەمایە ناسنامەی باری شارستانی و کۆبۆنی خۆراک و ڕەگەزنامەی عێراقیان بۆ دەرکراوە و ئێستەیش /مەبەست کاتی نووسراوەکە کە دوو مانگی رابردوو دەکات/ مامەڵە دەکەن بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی".
ئەو پەرلەمانتارە لە نووسراوەکەیدا دەڵێ، شاراوە نییە لای بەڕێزتان ساختەکاری لە تۆمارە فەرمییەکان، ئەو بابەتە و ئەو ژمارەیە لەو گومانە نزیکمان دەکاتەوە کە ھەمان بابەت لە یەکە کارگێڕییەکانی تریش لە ھەرێمی کوردستان دووبارە ببێتەوە، ئەو بابەتە پێویستی بە بەدواداچوون و وردبینی بە پەلە ھەیە، بە پێچەوانەوە کاریگەری مەترسیداری لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دەبێ و چاوەڕێی بابەتی مەترسیداری لێ دەکرێ و پێشبینییەکانی بۆ بەڕێزتان جێ دەھێڵین".

بەگوێرەی زانیارییەکانی "وشە" پاش ئەوەی نووسراوەکەی ھۆشیار عەبدوڵا بە سەرۆکی دەزگەی ھەواڵگری عێراق گەیشتووە، لە پەراوێزدا سەرۆکی دەزگەی ھەواڵگری بە نووسین ئاراستەی لایەنە پێوەندارەکانی کردووە و وێنەیەکیشی بۆ نووسینگەی ھەواڵگری عێراق لە کەرکووک ڕەوانە کردووە. 

"وشە" بۆ ئەو مەبەستە پێوەندی بە ھۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا کرد، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە ھیچ لێدوانێک بدات و گوتی، "ھیچ قسەیەک ناکەم".

ھەڵوێستی ئەنجوومەنی پارێزگا
پرسی زیادکردنی ناوی ھەشت ھەزار دەنگدەری خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە تۆماری ناسنامەی باری شارستانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بابەتێکی ھەستیار و جێی بایەخە، ئازاد محەمەدەمین سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی /لە پشکی یەکێتی/، بە"وشە"ێ ڕاگەیاند، ئێمە زانیاریمان لەسەر پرسێکی لەوشێوەیە نییە، جیا لەوەیش ناچێتە عەقڵی ھیچ کەسێکەوە بتوانی لە شارۆکەیەک ھەشت ھەزار کەس بخەیتە ناو تۆماری ناسنامەی باری شارستانی. 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەپرسێ "بە چ سیستەمێک ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک دەخەیتە ناو تۆماری ناسنامەی باری شارستانی، ھەمووان دەزانن دەنگدان بە کارتی بایۆمەتری تازەیە، یان بە کارتی دەنگدانی پێشوو، جیا لەو دوو ڕێیە، کەسی تر ناتوانێ بە ڕێی تر بەشداری دەنگدان بکات".

زیاتر گوتی، بۆیە ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەمە ھیچ ڕاستییەکی لە پشتەوە نییە، بەبێ حکوومەتی ناوەندیش کاری لەو شێوەیە ناکرێ، ئەگەر ئەو خەڵکەیش بە فەرمی بووبن بە ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان و پێشتر ناویان لە تۆمار بە یاسایی دانرابێ، وەک ھەر ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان ھەموو مافێکی خۆیان ھەیە، دەتوانن کارتی نیشتمانی و بایۆمەتری دەربێنن.

شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن لەو رووە روونکردنەوە دەدەن کە کەسێک ناسنامەی باری شارستانی بۆ کرابێت, ئاسایی دەتوانێ بایۆمەتری بکات و پەنجەمۆر بکات, بەگوتەی ئەوان "لە ناوچاوی ھیچ ھاووڵاتییەک نەنووسراوە ئێرانی یان عێراقی, بەڵکو بەڵگەنامە فەرمییەکان ئەوە یەکلا دەکەنەوە".

یەکێتی: ساختەکاری کرابێت, گۆڕان کردوویەتی
لە نووسراوەکەی ھۆشیار عەبدوڵا پەنجەی تۆمەت بۆ یەکێتی درێژ کراوە، چونکە زۆنی سەوز لە ڕووی سەربازی و کارگێڕییەوە ھەر لە ژێر دەسەڵاتی ئەو حزبەدا بووە، لە بەرانبەردا سەعدی پیرە بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ "وشە"ی دڵنیایی دەدات کە ئەوە "درۆیەکی شاخدارە".

پیرە پاڵپشتی بۆچوونەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەکات و دەڵێ "ئێستە تۆماری بایۆمەتری و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی ھەیە، بۆیە ھیچ کەس ناتوانێ کاری لەو شێوەیە بکات و مردوویش ناتوانێ دەنگ بدات، ئەگەر تا ئێستەیش ساختەکاری لە سلێمانی کرابێ، ئەوا گۆڕان کردوویەتی، خۆ یەکێتی نەیکردووە، ئەو ھەوڵەی گۆڕانیش لەو بابەتانەیە کە دەیانگوت پارە و مووچە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەنێرن، ئەو جۆرە کارانەیش بێ مانان".

سەرکردەکەی یەکێتی ئەوەیش ناشارێتەوە کە "گۆڕانم پێ موحتەرەمترە لەوەی خۆی بکات بە خاوەنی ئەو قسە و دیعایانە. جیا لەوەیش وەڵامێکی ترم نییە و با کەس کات بەو دەنگۆیانەوە نەکوژێ".


 وشە - باز ئەحمەد 


880بینین‌‌‌
3 هەفتە پێشتر - Apr 30 2018 8:01PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ