کوردستان

‌وتەبێژی یه‌كێتی‌ وەڵامی ئاسایشی هەوڵێر دەداتەوە


وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوان پێشتریش وتویانە کوشتنی فارس محەمەد پەیوەندیی بە کێشەی سیاسییەوە نییە و داوای دەستگیرکردنی بکوژانی کردووە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی کۆنفرانسەکەی ئاسایشی ھەولێر لەسەر کوژرانی فارس محەمەد، کادیری یەکێتی و بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی بە ماڵپەڕی حزبەکەی راگەیاندوە "ئێمە پشتر و ئێستاش وتومانە کە کوشتنی فارس محەمەد سادق پەیوەندی بە کێشەی سیاسییەوە نیەو ئەگەر تاوانەکەش بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە روویدابێت خوالێخوشبوو کاک فارس تێوەگلاوە."

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت:"پێشتریش رامانگەیاندوە کە پێویستە راستی رووداوەکە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی ھەولێر جێبھێڵین و نامانەوێت پێش رووداوەکان بکەوین، بەڵام لەئێستادا کاتێک ئاسایشی ھەولێر رایدەگەیەنێت، کە کێشەکە کۆمەڵایەتییەو ھەردوو بنەماڵەکە یەکێتین، باشتربوو ئاسایشی ھەولێر بکوژەکانیان دەستگیر بکردایە، نەک باسی ئینتمای بنەماڵەکانیان بکات، چونکە ئەو رووداوە وەک خۆیان دەڵێن، کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە".

سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکردووە "پێویستە ئاسایشی ھەولێر ھەموو ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانە و بەسزای یاساییان بگەیەنێت".

رۆژی یەکشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠١٨، ئاسایشی ھەولێر کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی کوژرانی فارس محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر ئەنجامدا و راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

د. تارق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "دوو کەس لەسەر کوژرانی فارس محەمەد بەناوەکانی (فاروق غازی، ھونەر عەبدولکەریم) دەستگیرکراون".

رۆژی ٢٤ی نیسانی ٢٠١٨، فارس محەمەد سادق، ئەندامێکی لیژنەی ھەڵبژاردنی  یەکێتی و بەڕێوەبەری بەشی کارگێڕی لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان لە شەقامی شەست مەتری نزیک فامیلی مۆڵی شاری ھەولێر لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

دوای روداوەکەش سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  لە لێدوانێکدا بە وێستگە نیوز-ی راگەیاند کە "روداوەکەی ئەمڕۆی شاری ھەولێر و کوژرانی فارس محەمەد سادق، بەڕێوەبەری بەشی کارگێڕی لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان و کادری حزبەکەمان، جێگەی نیگەرانییە و داوا لە بنەماڵەکەی دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن و چاوەڕوانی ھەوڵی دەزگا ئەمنییەکانی شاری ھەولێر بکەن بۆ دەستگیرکردنی بکوژانی".

وتیشی: "کاکە فارس یەکێکە لە پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی نشتمانی کوردستان و لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەرە و ئەندامی بۆردی رێکخراوە جەماوەرییەکانی یەکێتی بووە و کادرێکی پێشکەوتوی یەکێتی بووە، ئێمە وەک یەکێتی پێش لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکان ناکەوین، بەڵام ھاوکات داوا دەکەین کە ھێزە ئەمنییەکان پەلە بکەن لە دۆزینەوەی بکوژرانی فارس سادق محەمەد."

ھەر پەیوەست بەو روداوە و لە ھەمان رۆژدا تارق نوری، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی ھەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان ٢٤ وتی: "ئەمڕۆ پێش عەسەر فەرمانبەرێکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم بەناوی فارس محەمەد سادق لە نزیک فاملی مۆڵی ھەولێر لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی تەقەی لێکرا و کوژرا".

وتیشی: "لە بەدواداچوونی سەرەتایی بۆمان دەرکەوت ئەو کەسە کێشەی کۆمەڵایەتی و خوێنداری ھەبووە و کوشتنەکەی ھیچ کارێکی تیرۆریستی یاخود سیاسی نییە".

ئاماژەشی بەوەدا کە "پێش ماوەیەک لەمەوبەر برازایەکی فارس لە شاری ھەولێر کوژرا، ئەو کەسەی برازاکەی ئەوی کوشت چووە دەرەوە بۆ تورکیا و ماوەیەک لەمەوبەر لە شاری ئەستەنبوڵ ئەویش کوژرا".

بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی ھەولێر ئەوەشی خستەڕوو کە "بەگوێرەی زانیارییەکان ئیحتیمال ھەیە کوشتنی ناوبراو پەیوەندی بەو کێشەیەوە ھەبێت".

فارس محەمەد سادق تەمەنی نزیکەی  پەنجا ساڵ بووەو لە ساڵی ١٩٨٦  ژیانی ھاوسەری پێکھێناوەو چوار منداڵی بەناوەکانی بینا - چرا - فەرمان - ئەسرین ھەیە،پێشتر کادیری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو و چەندین پۆستی جیاوازی وەرگرتووە، ماوەیەک ئاوارەی سلێمانی بووە و لە گەڕەکی ئازادیی ھەولێر ژیاوە


1036بینین‌‌‌
4 مانگ پێشتر - Apr 29 2018 8:47PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ