کوردستان

پارتی: به‌بێ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ناگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ركوك


جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ھیچ ھێزێکی پێشمەرگە نەگەڕاوەتەوە کەرکوک و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەبێ ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان ناگەڕێتەوە کەرکوک.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی نزیک لە حزبەکەی رایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ رێککەوتنێکی کۆنکریتی ناگەڕێتەوە کەرکوک و بارەگای خۆی لەو شارە بکاتەوە.

رۆژی چوارشەممە ٤ی نیسانی ٢٠١٨، چەند میدیایەکی عیراقی بڵاویانکردەوە، ھێزێکی پێشمەرگە کە سەربە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا گەراوەتەوە کەرکوک. 

دواترجەمال ئیمینکی، سوپا سالاری پێشمەرگە رەتیکردەوە ھیچ ھێزێکی پێشمەرگە گەڕابێتەوە کەرکوک و دووپاتیکردەوە، ھەر رێککەوتنێکی لابەلا بۆ گەڕانەوەی پیشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم رەتدەکەینەوە، کە ئیمزای وەزارەتی پێشمەرگەی لەسەر نەبێت.

ماوەیەکە باس لە گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریکا و بەریتانیا ھەوڵەکانیان چرکردووتەوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.


546بینین‌‌‌
6 مانگ پێشتر - Apr 5 2018 12:35AM
Print Friendly and PDF