کوردستان

سروە عەبدولواحید داوا لە عەبادی دەکات مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و جێگرەکەیدا نەکات



سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق داوا لە حەیدەر عەبادی دەکات مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و جێگرەکەی نەکات تا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی ھەرێم ئەوەش بەو پاساوەی “حکومەتی ئێستای ھەرێم شەرعیەتی نەماوەو دوژمنی گەلی کوردە.”

ئاوێنە: سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ(پێنجشەممە) لەبەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی دەست ئاوێنە کەوتوە رایگەیاندوە”داوا لەسەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەکەم کە رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و جێگرەکەی نەکات تا کاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی ھەرێمی کوردستان، لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات چونکە حکومەتی ھەرێمی ئێستا شەرعییەتی نەماوەو دوژمنی گەلی کوردە.”

سروە وتوشیەتی”ماوەی چەند ڕۆژێکیە ھەزاران فەرمانبەر و مامۆستا لەھەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دەکەن و داوای موچە و مافەکانیان دەکەن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە لێیان زەوتکراوە. بەڵام حکومەتی ھەرێم و سەرۆکەکەی بێ ئەوەی ھەست بە شەرمەزاری بکات بەدور لە گرنگییەوە باس لە مافی فەرمانبەران و مامۆستایان و داواکانیان دەکات و لەبری ئەوەی باس لە ھێرش و ھەڵمەتی دەستگیرکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و ڕۆژنامەنوسان و ئافرەتان و پیر و گەنجان دەکات و وەک کارێکی ئاسایی سەیریی دەکات.”

ئەو رەخنەی لە نێچیرڤان بارزانی گرتوەو وتویەتی”جەنابی برازاکەی بارزانی، ئەڵێی بیرتان چوەتەوە کە زەین ئەلعابدین سەرۆکی تونس یەکەم پریشکی شۆرشی ئیھمالکرد و بە سوکییەوە سەیریکرد کە بوعزێزی بو، بەڵام دواتر ناچار بو بە پەلە ڕابکات و وڵات بەجێبھێڵێت. ئەی قەزافیت بیرچوەوە کە بە میللەتەکەی دەوت زەنگە زەنگە دواتان دەکەوین بەڵام بە قۆندەرەی میللەتەکەی کوژرا و لەناوبرا. بەسە خۆبەزلزانینتان بەسەر میللەتەوە، ئەو میللەتەی کە لە کەرەج بون لە ئێران خزمەتیدەکرن و کە گەڕانەوە لەدوای ڕاپەڕین خزمەتی دەکردن، بێڕێزی بەرامبەر کەرامەتی میللەت و تواناکانیان مەکەن بۆ قڵپکردنەوەی مێزەکە بەسەرتاندا.”

لێرەوە داوا لەسەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەکەم کە رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و جێگرەکەی نەکات تا کاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی ھەرێمی کوردستان، وە لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات چونکە حکومەتی ھەرێمی ئێستا شەرعییەتی نەماوەو دوژمنی گەلی کوردە.


704بینین‌‌‌
4 مانگ پێشتر - Mar 29 2018 7:41PM
Print Friendly and PDF