کوردستان

‌ئه‌بوبه‌كر كاروانی: ده‌رفه‌تی ژیان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌هێڵن، هه‌رێم ریفراندۆم نوێ ده‌كاته‌وه‌


ئەبوبەکر کاروانی چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پێویستە ھەموو لایەنەکان وەکو کورد بیر بکەنەوە و یەک دیدی ھاوبەشیان ھەبێت و ‌ھەموو ھێزە سیاسییەکان لەبارەی ئەوەی روودەدات یەک تێگەیشتنیان ھەبێت بۆ ئەوەی لە ئارادایە و پێناسەیان بۆ بەغداش ھاوبەش بێت، ئینجا کورد بژاردەکانی خۆی بخاتە سەرمێزی گفتوگۆیەکی کوردانە لە نێوخۆی کوردستان و ھەموو ئەگەرەکان دیاری بکرێت و کورد چ بژاردەیەکی لەبەردەستدایە".

ئەبوبەکر کاروانی دەڵێت: "بەدەر لەوە ھەر بڕیارێک بدرێت لە بەر‌ژەوەندیی کورد نییە و ئەوە روون بکرێتەوە،‌ دەتوانین لەگەڵ عیراق بمێنینەوە، یان دەرفەتی جیابوونەوەمان ھەیە و ریفراندۆم کارا بکرێتەوە".

وتیشی: "بۆ چارەکردنی کێشەکانیش لەگەڵ بەغدا پێویستە بە پێی دەستوور بێت و ئەگەر بەغداش دەستی دەستی کرد، ئەوکات ئێمە پەرلەمان و دامودەزگا و حزبی سیاسیمان ھەیە، کۆ ببنەوە و پێش ئەوەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستانمان کۆ ببنەوە و دواتریش بڕیارێک لە بارەی دۆخەکەوە بدەن".

ئەوەشی خستەڕوو کە "رۆژێک دێت بەغدا وەڵاممان ناداتەوە و کێشەکان چارە نابن، ئەوکات رەنگە ئاڵوگۆڕ لە ناوچەکە روو بدات، ئەوکات کە دەرفەتی ژیان لەگەڵ بەغدا نەھێڵن، ھەرێمی کوردستان ریفراندۆم کارا دەکاتەوە".

جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەو ڕیفراندۆمە بەردەوام وەکو وەرەقەیەک و بژاردەیەکی گرنگ دەبێت بۆ گەلی کورد، بۆیە لەو رێگەیەوە لە عیراق جیا دەبینەوە".

ئەبوبەکر کاروانی روونیشیکردەوە کە "تا ئێستا بەغدا جددی نییە لە چارەکردنی کیشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان. بەشێکی پێی وایە کە پەیوەستە بە ھەڵبژاردنی عێراقەوە، بەڵام بەشێکی پەیوەندی بە تێراوانینی نوخبەی سیاسیی عیراق بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ھەیە و ئەو بێمتمانەییەی لە ‌نێوان ھەردوو لا دروست بووە".

رۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و شاری کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان ئەنجامدرا و بەپێی ئەنجامەکانیش ٩٣%ی دەنگی بەڵێَ بوو، بەڵام دواتر حکومەت و پەرلەمانی عیراق ژمارەیەک بڕیاریان لە دژی کوردستان دەکرد و ئێوارەی رۆژی ٢٩-٩-٢٠١٧ گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆکەخانەکان راگیران.

لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، ھێرشی ھێزە عیراقییەکان بۆ کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکانی ھەرێم دەستی پێکرد و دوای کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە شاری کەرکوک و دووزخورماتوو و داقووقیان کۆنترۆڵ کردەوە و ئاڵای کوردستانیان لەسەر بینای پارێزگای کەرکوک داگرت و ئاڵای عیراقیان لە شوێنی ھەڵکرد.

رۆژی سێشەممە ٢٠١٧/١٠/١٧ ھێزەکانی پێشمەرگە لە مەخمور، گوێر، شەنگال، سنونێ، باشیک بەنداوی موسڵ کشانەوە و ھێزە عیراقییەکان چوونە ئەو ناوچانە، ھاوکات ھێزە عیراقییەکان چوونە ناو خانەقین و جەلەولا و ئاڵای عیراقیان لەسەر ئەو ناوچانە ھەڵکرد.

سەرلەبەیانی رۆژی ھەینی ٢٠١٧/١٠/٢٠ ھێزە عیراقییەکان و حەشدی شەعبی چوونە نێو شارۆچکەی پردێ کە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای کەرکوکە و دوا ناوچەی ئەو پارێزگایە بوو کە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوو، بەوشێوەیەش سەرجەم ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان لە دەستی ھەرێمی کوردستاندا نەمان و چوونەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عیراق.


550بینین‌‌‌
7 مانگ پێشتر - Mar 8 2018 2:28PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ