کوردستان

نوێنەرانی کورد: چاوەڕێین دوای ھەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری سیاسی بێتە ئاراوە



نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنن؛ ئەو پشکەی حکومەتی ناوەند بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی دیاریکراوە، بەشی موچە ناکات و دەڵێن: چاوەرێی دەکەن دوای ھەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری سیاسی بێتە ئاراوە.

عەبدولقادر محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھاوبەشدا رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی و فراکسیۆن و سەرۆکایەتی پەرلەمان و نوێنەرانی حکومەت، تاوتوێی ئەو ھەنگاوانەمان کرد کە لەداھاتودا دەگیرێنە بەر.

وتیشی: بودجەی ئەمساڵ بەبێ بەشداری کورد تێپەڕی، چونکە تێبینییەکانی کورد بەھەند وەرنەگیرا.

رونیکردەوە، وەکو نوێنەرانی کورد وەکو یەک تیم کاردەکەن و ھەنگاوەکان بەرەو پێشەوە دەنێن.

ھاوکات مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند؛ لەکۆبونەوەی ئەمڕۆدا باس لەوەکرا کە عێراق ھەوڵ دەدات فەرزی ئیرادە بەسەر ھەرێمی کوردستان بکات و جگە لەوەش چەندین زیادەڕەوی دەستوری و یاسایی کردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا ترلیۆنێک دینار بۆ پشکی ھەرێم زیادکرا، بەڵام ئەو پارەیەی بۆ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان تەرخانکراوە، (٤١٩) ملیار دینارە، بەڵام ھەرێم بە سیستمی پاشەکەوتیشەوە پێویستی بە (٥٨٠) ملیار دینار ھەیە، واتە کورتھێنانی زۆر ھەیە بودجەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەرێی دەکەن دوای ھەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری سیاسی بێتە ئاراوە و گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بێت و کێشەکان چارەسەری سیاسی بۆ بدۆزێتەوە.


265بینین‌‌‌
4 مانگ پێشتر - Mar 7 2018 7:48PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ