کەرکوک

رێبوار تاڵەبانی: نابێت دیاردەی سەربازی لە كەركوكدا بمێنێت


پاش تیپەڕبونی ٧٨ رۆژ بەسەر روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، دەستوری عیراق و حکومەتی فیدراڵ تائێستا رێگایان بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەوەکالەت داوە ئیشوکارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەڕێوەببات.
لەوبارەیەوە رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەوەکالەت بە رادیۆی نەوای راگەیاند، کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لای خۆی بەڕێوەدەچن، تەنھا کۆبونەوەکان ئەنجام نادرێن، ھەرچەندە دووجاریش داوایکردوە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە ١٠ رۆژ و پاشانیش بە مانگێک، بۆئەوەی ھەر سێ لیستەکە رێکبکەون لەسەر شوێن و کات و بابەتی کۆبونەوەکە.
وتیشی "ھەرچەندە لەسەر بابەتەکانی کۆبونەوەکە رێکن، بەڵام لەسەر شوێنی کوبونەوەکە جیاوازی کەوتۆتە نێوان ھەر سێ لیستەکەوە، بۆیە تائێستا کۆبونەوەکە ئەنجام نەدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بواری ئیداری و راپەڕاندنی کاروبارەکانی ھاووڵاتیان، رانەوەستاوە ."
رێبوار تاڵەبانی رونیکردەوە، پاش ئەوەی نوسراوێکی فەرمییان ئاراستەی بەغدا کردوە لەبارەی ئەوەی بارودۆخی کەرکوک نادەستوری و نایاساییە و دیاردەی سەربازیی تێدا بە دیدەکرێت، ھەربۆیە دەبێت ئەو دیاردانە نەمێنن لەناو شارەکەدا بۆئەوەی ھەموو دامودەزگا ئیداری و تەشریعییەکان بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بەباشی بەڕێوەببەن، ئێستاش چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی فیدراڵن.



320بینین‌‌‌
6 مانگ پێشتر - Jan 3 2018 2:38PM
Print Friendly and PDF