راپۆرت و لێکۆڵینەوە

داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی دوای شكستی ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی 2017



ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەکان (کوردسام)
نوسینی، فەرھاد حەسەن عبدوڵڵا

پێشەکی
پەیوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەم لەسەر ئاستی ناوخۆ و ھەم لەسەر ئاستی ناوچەی کاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییە سیاسیی و دیبلۆماسییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەبووە. لەڕابردوودا پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی ئەم دوو حزبە سیاسییەی کوردستان عێراق ھەم بووەتە ھۆی دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی، ھەم بووەتە دروستبوونی یەکگرتووی و بنیادنانی قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتووی دانپێدانراوی ناوچەی لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا. ئاشکرایە ڕۆڵی دەرەکی لە لێکترازان و نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەودوو حزبە ھەبووە و ھەیە. ئێستاش دوای شکستی ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول و ئەو دەرەنجامە نەرێنییانەی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، وایکردووە پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی ئەو حزبە کوردستانییە لەبەردەم پێداچوونەوەی جدیدابن. ئەم نووسینە دەیەوێت وەڵامی چەند پرسیارێکی بداتەوە لەوانەش، ئاراستەی پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی یەکێتی و پارتی لەداھاتوودا چۆن دەبێت؟ تا چ ڕادەیەک ھەڵکەوتەی قەڵەمڕەوی ئەو دوو حزبە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ناوچەییەکانیان ھەیە؟ پرسە نەتەوەی و پێشھاتە سیاسی و سەربازییەکان ڕەنگدانەوەی چۆن بووە لەسەر پەیوەندییەکانیان؟ ئەمانە و چەندین ئارگۆمێنتی بابەتی گفتوگۆی ئەم نووسینەن.

باکگراوندێکی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی یەکێتی و پارتی
دوای جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ە و دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە باکوری عێراق بۆ کوردەکانی عێراق، لێرەوە دەستکرا بە بنیادنانی حکومەت و کیانی سیاسی دیفاکتۆ لە باکوری عێراق.(١) بێگومان ئەمە کیانە تازەیە لە باکوری عێراق لە ژێر چاودێر و پارێزبەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو. بەمەش کوردەکان دەستیانکرد بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی خۆیان – کە ئاسان نەبوو ئەو یەک ڕیزییە بنوێنن لە ڕابردوودا، لە ئەنجامدان بەرەی کوردستانی عێراق " The Iraqi Kurdistan Front "یان دروستکرد کە لە لە ھەشت پارتی جیاواز پێکھاتبوو.(٢) لە درێژەی ئامادەکارییەکانی بەرەی کوردستانی لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستانی عێراق ئەنجامدرا، کە ئەوکات پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٥ کورسی پێک دەھات، کە ٥ کورسییان بۆ ئاشوورییەکان تەرخان کرابوو. ھەروەھا، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکان ھەر حزبێک بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمان پێویست بوو زیاتر ٧%ی دەنگی دەنگدەرانی کوردستان بەدەست بەێنێت.(٣) دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکەش بردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە بردنەوەیەکی کەم بە ٥١ کورسی – ٤٥%ی دەنگدەران بەرامبەر بە ٤٩ کورسی – ٤٤%ی دەنگدەران بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەڵام بەھۆی ناڕەزای یەکێتی بەرامبەر بە تەزویری ھەڵبژاردنەکان، ھەردوو حزب ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی حکومەتی یەکگرتوو و پرەنسیپی ٥٠ بە ٥٠ لە کورسییەکانی پەرلەمان.(٤) بەم جۆرە ئەم دوو حزبە بەشێوەیەکی یەکسان دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیان دابەش کرد لە چوارچێوەی ھاوپەیمانییەتێکی حزبیدا. ئەمەش بووھۆی نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی بەجۆرێک، تاڵەبانی لە کۆتای ١٩٩٢ دەڵێت "ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوانیان بە ئەندازەیەک بەھێزبووە کە دید و بۆچوونێک لەناو بنکەی جەماوەری و ئاستی سەرکردایەتی ھەردوولا ھەیە کە داوای یەکگرتنی ھەردوو حزب دەکەن"،(٥) ھاوکات بارزانی ئاماژەی بەوەکرد کە "زۆر دڵخۆشە کە دڵنیایدەدات لەوەی کە کاروبارەکان لەئێستادا بەجۆرێک بەرێوەدەچێت وەک ئەوەی کە یەکێتی و پارتی یەک حزب بن."(٦) ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییەکانیان ھەبوو، بەڵام بوونی ھەندێک کێشەی ناوخۆیی وایکرد کە ئەو نزیک بوونەوەی زۆرجێ باوەڕ نەبێت.
ئەم حکومەتە یەکگرتووەش تا ساڵی ١٩٩٤ خایاند تا ئەو کاتەی جەنگی ناوخۆیی لەنێوان ھەردوولا حزب ڕوویدا. لێرەوە کوردستانی عێراق بەشێوەیەکی فعلی دابەشبوو بەسەر دوو ناوچەی حوکمڕانی جیاوازدا، ئەوانیش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرکردایەتی "جەلال تاڵەبانی" کە بارەگای سەرەکی لە سلێمانی و، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکردایەتی "مسعود بارزانی" بارەگاکەی لە ھەولیرو دھۆک. لێرەوە دوو ئیدارەی فەرمانڕەوایی لۆکاڵی لە باکوری عێراق ھاتە ئاراوە، بەجۆرێک ناوچەی سلێمانی، کە بەزۆنی سەوز ناسراوە خاوەن دامەزراوەی سەربازی - پێشمەرگە و پۆلیس و کەرتی مەدەنی و دارایی و دامەزراوەی خۆی بوو، بەھەمان شێوە لە ھەولێریش حکومەتێکی دامەزراوەی ھەبوو.
جەنگی ناوخۆی ئەو دوو حزبە بەشێوەیەکی سەرەکی ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی ھاوسەنگی ھێز لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دووحزبە کوردستانییە، ئەویش دوای کۆنترۆڵکردنی ھەولێر و زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستانی عێراق لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، وایکرد پارتی دیموکراتی کوردستان تەنانەت لە بادینان و ناوچەکانی دھۆک بمێننەوە، بۆیە، پارتی داوای ھاوکاری لە ڕژێمی ێدام حسێن کرد، ئەوە بوو لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦، بەھاوکاری سوپای بەعس، پارتی توانی دەست بەسەر ھەولێردا بگرێت.(٧) دوای دەستێوەردانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەیلولی ١٩٩٨ ھەریەک لە یەکێتی و پارتی پەیماننامەی واشنتۆنیان واژووکرد بۆ کۆتایھێنان بە جەنگی ناوخۆی. ئەم دۆخەش بەردەوام تا ساڵی ٢٠٠٣ە، کە ھاوکاتە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس. پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ئەم دوو حزبە لەسەر ئاستی ناوخۆ ھەڵبەز و دابەزی بەخۆ بینیوە و بەجۆرێک کە گەیشتۆتە ئاستی شەری ناوخۆ.
ھەرچی پەیوەندییە ھەرێمییەکانی یەکێتی و پارتییە لەم قۆناغە مێژوویەدا، زیاتر زادەی پێگەی جیۆپۆڵەتێکی ئەو دوو حزبەیە لە کوردستانی عێراق. بەجۆرێک پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕووی جوگرافییەوە نزیکە لە کۆماری تورکیا – بۆیە پەیوەندییەکانی زادەی ئەو واقعە جوگرافییەیە کە پارتی ناتوانێت لێی دەربازبێت. بۆیە لەسەردەمی شەڕی ناوخۆیی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر بەسترابوو بە حکومەتی عێراق و تورکیاوە و ھھاوکارییان لەوان وەردەگرت.(٨) بەھھەمان شێوە، ناوچەکانی زۆرنی سەوز زیاتر بەستراون بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆیە لەو سەردەمەدا زیاتر ھاوکاریی لە تاران وەردەگرت.(٩) تا ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی ێدام ھەریەک لەو دوو وڵاتە دەرچەی پەیوەندییە ناوچەیی و ھەرێمییەکانی ئەو ھێزە بوون. 
ھاوکات لەساڵانی پێش ڕووخانی ێدام، پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئەندازەیەکی باش پەیوەندییەکی تەندروستی لەگەڵ تاران ھەبوو، ھیچ ھەڕەشەیەکی لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتەی دروست نەکردووە سەرەڕای ئەوەی چەندین ھێزی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی ئێران لە باشووری کوردستان بوونیان ھەبووە. تەنانەت نیگەرانییەک بۆ تاران نزیک بوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە ڕژێمی ێدام و دەست ڕاکێشانی بۆ ململانێ ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان دژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ھاوپەیمانی سەرەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
بەپێچەوانەشەوە، پەیوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیوەندییەکی باش بوو لەگەڵ ئێران بەھۆی ئەوەی تاکە دەروازەی کرانەوەبوو بەڕووی زۆرنی سەوز، بەتایبەت لەسەروبەندی جەنگی ناوخۆیی بەھۆی داخرانی سنورەکانی تری عێراق و ناوچەکانی زۆنی زەرد و تورکیا بەڕوویدا. ھەروەھا، لەگەڵ ئەنقەرە پەیوەندییەکان لەسەرەتاکانی جەنگی ناوخۆیی لەئاستێکی خراپدابوو، بەتایبەت دوای ئەوەی یەکێتی و پارتی کرێکارانی کوردستان دژی پارتی لەجەنگدا بوون. دواتر بەھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی پەکەکە و یەکێتی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و یەکێتی دەستی پێکرد، کە ئامانجی ئەنقەرە لەم پەیوەندییە نوێیە زیاتر ئیحتوائکردنی پەکەکە و دەرکردنی بوو لە کوردستانی عێراق. بەمجۆرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم حزبە تا سەرەتای پرۆسەی ئازادی عێراق بەم دابەشبوونە بەردەوام بوو ھەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ھەم لەسەر ئاستی دەرەکی.
ھاوکاری یەکێتی و پارتی لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی زۆربەی ناوچە کوردستانییەکان لە پرۆسەی ئازادی عێراق بووە ھۆی دەست پێکردنی پەیوەندیی دەرەکی ھاوبەش. ئەمەش ڕێگە خۆشکەربوو کە ھەریەک لە تاڵەبانی و بارزانی دەورێکی سەرەکی لە دروستکردنی "ئەنجومەنی حوکمی ڕاگوزاری" و دانانی دەستوری عێراق و کاڵکردنەوەی ناوکۆییەکانی ھەردوولا ببینن، ئەمەش وایکرد کە کوردەکان بەیەک دەنگ لەسەروبەندی گفتوگۆکانی تایبەت بە فۆڕمەڵەکردنی شێوازی حوکمڕانی و دەستور و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەربکەون بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ھێزەکانی تردا. دواتر نزیکبوونەوەی زیاتر لەنێوان ئەم دوو حزبە ھاتەئاراوە، تا ئەوەی کە مام جلال وەک سەرۆک کۆماری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ە ھەڵبژێردرا و مسعود بارزانیش وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەست نیشانکرا، دواتر ھەردوو حزب رێکەوتنامەی ستراتیجییان واژووکرد لە ساڵی ٢٠٠٧ە لەپێناو ئیدارەکردنی ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان و کاڵکردنەوەی ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی.(١٠)
بەھۆی دابەشبوونی ناوخۆیی لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و جیابوونەوەی بەشێک لەسەرکردەکانی، وایکرد پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەھێزتر ببێت و تائەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩، لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی یان دروستکرد، کە تیایدا ٥٩ کورسییان ھەبوو بەرامبەر بە ٢٥ کورسی بزووتنەوەی گۆڕان.(١١)
ھەرڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی  ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٣ە، سەرەتای لێکترازانی نوێ بوو لە پەیوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دوای شەڕی ناوخۆ و یەکەم جاربوو بەلایەنی کەمەوە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە کە ھەریەک لە یەکێتی و پارتی بەشێوەی تاک لایەنە لەھەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن. یەکەم جاربوو کە بزووتنەوەی گۆڕان وەک حزبێکی سیاسی تازە کێ بڕکێی دوو حزبی فەرمانڕەوا بکات بە جیاواز، ئەوە بوو پارتی بە ٣٨ کورسی و گۆڕان بە ٢٤ کورسی و یەکێتی بە ١٨ کورسی لەھەڵبژاردنەکان ھاتنەدەرەوە.(١٢) دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکان نیشاندەی گۆڕانکاری سیاسی و پەرلەمانی بوون لە شانۆی سیاسی ھەرێمی کوردستان، ئەوەیش دوای ئەوەی لە ١٩٩٢ەوە، بۆیەکەم جار یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ببێتە حزبی سێیەم لەپەرلەمانی کوردستان. بێگومان ئەمەش بەھۆی چەند پاڵنەرێکی سەرەکییەوە بوو، لەوانەش:
١- جیابوونەویە نەوشیروان مستەفا و دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ناوچەی زۆنی سەوز کەبووە ھۆی دابەشبوونی دەنگەکانی بنکەی جەماوەی یەکێتی.
٢- نەخۆشکەوتنی سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان "مام جلال" و دوورکەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی عێراق و کوردستان.
٣- درێژکردنەوەی ویلایەتەی مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بۆ دوو ساڵی تر لە پۆستی سەرۆکی ھەرێم لە بەروای ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ە،(١٣) کە  پشتگیری سەرەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو،(١٤) ئەویش لەبەرامبەر گەڕانەوەی ڕەشنووسی پرۆژەی دەستوری ھەرێم بۆ ناو پەرلەمان و دووبارە داڕشتنەوە. 
دەرەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٠١٣ە کاریگەری لەسەر پێکھێنانەی کابینەی نوێی حکومەت ھەبوو. بەجۆرێک بەھۆی بێ متمانەی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەو حزبە نەیاندەتوانی کابینەی حکومەت دروست بکەن. ھاوکات بەھۆی لەدەستدانی بەڵانسی پەرلەمانی لەنێوان یەکێتی و پارتی، پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئامادە نەبوو وەک جاران مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات، ئەو حزبەی بەجھێشت و تەنانەت لەناو کۆبوونەوەی ڕەسمی ئەو حزبە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێک لە ئەندامەکانی دەڵێت "یەکێتی نەما" وەک ئاماژەیەک بۆ لاوازبوونی یەکێتی و پارسەنگ بوونی ھێز لە ھەرێمی کوردستان. سەرەئەنجام حکومەتێکی بنکە فراوان دوای حەوت مانگ دروستکرا لە ئەنجامی ڕێککەوتنی سیاسی – ئیداری نێوان پارتی و گۆڕان لە ١٧/٤/٢٠١٤ە، کە بزووتنەوەی گۆڕان وەک ھێزی دووەم بەشداریکردوو و پەیمانی چوارساڵ ئارامی لە ئەزموونی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان بە پارتی دا.(١٥) سەرەڕای گلەییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ھاوپەیمانە ستراتیجییەکەی، بەڵام لەکۆتایدا یەکێتی بە پێنج وەزیر و جێگری سەرۆک وەزیرانی کابینەی ھەشتەم بەشداری لە پێکھێنانی حکومەت کرد.
دواتر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و گۆڕان بووە ھۆی قووڵبوونەوەی کێشەکان سیاسییەکان ئاڵۆزتربوو، تا ئەوکاتەی پارتی بڕیاری داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی ئەو بزووتنەوەی لە حکومەت دا. ئیتر یەکێتی پێویست بوو ھاوسەنگی بپارێزێت، ھەرچەندە لەلایەن ھەردوو حزبەکەوە داوای لێدەکرا کە خۆی یەکلای بکاتەوە، چونکە لەو دۆخەدا "کلیکی چارەسەرکردنی کێشەکان لای یەکێتییە"،(١٦) بەوەی یان لە کابینەی حکومەت بکشێتەوە بۆ پاڵپشتی گۆڕان، یان پۆستە وزارییەکانی ئەو بزووتنەوەیە پڕبکاتەوە و سەرکردایەتیەکی نوێ بۆ پەرلەمان بەھاوکاری پارتی و یەکگرتوو دروست بکات، بەڵام یەکێتی توانی ھاوسەنگی بپارێزێت و نەچێتەبەری ھیچ یەک لەو دوو حزبەوە.

یەکێتی و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان 
داخستنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ و دواتر ناردنەوەی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە ئاڵۆزکردنی ھاوکێشە و پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بە پارتی و یەکێتییشەوە. تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکرات، ھەروەھا، تاکڕەوی لە بڕیاردان و داخستنی دامەزراوە شەرعییەکانی وڵات، ملنەدانی پارتی بۆ ھاوسەنگی و سازانی سیاسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چووە ڕێککەوتنێکی سیاسیی ترەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی چاکسازی سیاسی و دامەزراوەی و ئیداری و ئابووری لەھەرێمی کوردستان لە ١٧ی ئایاری ٢٠١٦ە.(١٧) ڕێککەوتنەکەی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان بۆ دوو ھۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە لەوانەش: (١٨)
١- یەکەمیان پەیوەندیی بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ھەبوو، کە چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانە، زیاتر وایکرد یەکێتی لە گۆڕان نزیکببێتەوە. 
٢- دووەمیش پەیوەندیی بەوەوە ھەبوو کە پارتی وەڵامی ئەو پرۆژەیەی یەکێتی نەدایەوە، کە تێیدا جەختی لە ھاوسەنگی لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا کردبۆوە".
ھاوکات، ئەم ڕێککەوتنە چەندین بەند لە خۆدەگرێت کە ئاماژە بە یەکخستنی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی ئەو دوو حزبە دەکات لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق، ھەروەھا، ھەنگاونان تەنانەت بەرەو یەکگرتنەوەی ھەردوو حزبەکە،(٢٠) ئەمەش بووە ھۆی نیگەرانکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە بە دیدی پارتی ناکرێت یەکێتی ھەم لەناڵ بدات و ھەم لە بزمار.
 بۆیە پارتی ئەو ڕێککەوتنەی وەک گەلەکۆمەکیەک لە حزبەکەی دەیڕوانی کە ھەوڵێکە بۆ گۆڕانی ھاوسەنگی ھێز لە ھەرێمی کوردستان، بە ئاشکرا ئاماژەی بەوەکرد کە پارتی ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتی ھاوبەشی ئەو دوو حزبە بکات و بە ڕاشکاوانە نیگەران بوو لە یەکخستن و یەکگرتووی ئەو دووحزبە کوردستانییە. ھەروەھا، پارتی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان زیاتر ڕێککەوتنێکی لۆکاڵییە و بەمردووی لەدایک بووە، چونکە کۆمەڵێک بڕگە و مادەی تێدایە پەیوەستە بە ھەرێمی کوردستانەوە مافی ئەوان نییە تاکلایەن بڕیاری لێ بدەن، تەنانەت دەڵێت لە ڕێککەوتنەکە زیاتر ئەدەبیاتی گۆڕانی پێوە دیارە و بۆیەک جاریش وشەی توافق و سازانی سیاسی و گەڕانەوە بۆ میللەتی تێدانەھاتووە. بۆیە ئەو ڕێککەوتنە بە لۆکاڵی دەمێنێتەوە و ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر پارتی نابێت، چونکە ئەو ڕێککەوەتنەی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان کردوویەتی بەشێکی زۆری ناکۆکە لەگەڵ ڕێککەوتنی ستراتیجی یەکێتی لەگەڵ پارتی لە ٢٧ی ٧ی ٢٠٠٧.(٢١) بۆیە پارتی ئامادە نییە پێشوازی لە سەرکردایەتی ھاوبەش بکات، بەڵکو ئامادەیە پێشوازی لە وەفدی یەکێتی بکات و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجام بدات.
 زیاتر لەوەش، پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد کە باشترین دەرچە بۆ ئەوە ڕەوشە سیاسییەی لەھەرێمی کوردستان ھەبوو لە پێش ٢٥ی ئەیلول، ئەوەیە کە حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی بگەڕێتنەوە بۆ سەر ڕێککەوتنەکانی پێشووتر و گۆڕانیش ڕەوتی ئۆپۆزسیۆن بوون ھەڵبژێرێتەوە.(٢٢) بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان خوازیاری مشتوماڵکردنی ڕێککەوتنی ستراتیجی بوو لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ئامانجی، گرتنەبەری سیاسەتی "پەرتکە و زاڵبە" بەرامبەر پارتە سیاسییەکانی زۆنی سەوز. 
ھەروەھا، جێگەی ئاماژە پێکردنە کە تەنانەت پارتی نەبوو دژی ڕێککەوتنی نێوانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بوو، بەڵکو بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتیش بەو ڕێککەوتنە نیگەران بوو. ئەمەش لە ھەموو حاڵەتێکدا لەچەند ھۆکارێک بەدەرنییە:
- ناکۆکی نێوان بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان.
- نزیکی بەشێک لەو سەرکردانە لە پارتی، بۆیە دەیانویست لەبری ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان دووبارە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ستراتیجی بکرێت لەگەڵ پارتی.
بەھۆی ئیفلیج بوونی پرۆسەی سیاسی و شکستی پارتی لە کابینەی ھەشتەم، بەتایبەت دوای زنجیرە ڕووداوەکانی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ە و دواتر، وایکرد کە پارتی ھەوڵی ڕەواندنەوەی ناڕەزاییەکانی یەکێتی و نزیکبوونەوەی لەو حزبە دا، ئەویش بۆ چەند مەبەستێک: (٢٣)
١- پەراوێزخستن و گۆشەگیرکردنی بزووتنەوەی گۆڕان و لاوازکردنی رۆڵی ئەو بزووتنەوەیە لە پرۆسەی سیاسی.
٢- دۆزینەوەی بەدیل و ھاوبەشێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسی، دوای تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردووی فەرمانڕەوای لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران و ناکۆکی ھەردوولا لەمەڕ پرسی سەرۆکایەتی ەەرێمی کوردستان.
٣- بۆ دەرچوون لە دۆخی گۆشەگیرکردنی و شکستی ئیدارەدانی ھەرێم، خوودی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی پارتە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان دابەشبوون بەسەر دوولایەندا، لایەنێک لە چوار پارتی سەرەکی پێکھاتبوو بەبوونی پڕۆژەی ھاوبەشی تایبەت بە پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و سیستەمی سیاسی کوردستان، لایەنەکەی تر بەسەرکردایەتی پارتی لەگەڵ بەشێک لە کەمینەکانی کوردستان.
زیاتر لەوەش ھەندێک ھۆکار ھەبووە کە زەروورەتی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کردبوو بە پێویستییەکی ئانی. بۆ نموونە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان و گەرمارۆخستنەسەر ئەو بەشەی کوردستان. دوای ئەوەی لە چارەکی یەکەمی ٢٠١٦ە، بۆ ماوەی مانگێک بەبڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان خاڵە سنوریەکانی نێوان ھەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوەتی داخست. داخستنی سنورەکان بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاکامی ئابووری خراپی لێکەوتوەتەوەو بووە ھۆی دروست بونی قەیرانی ئابووری و ئاستەمکردنی ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان.(٢٤) کە بەدیدی بەشێک لە شۆرڤەکاران و ھاوڵاتیانی ەەرێمی کوردستان ئەو ھەنگاوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەژێر فشاری وڵاتانی دراوسێ یە.(٢٥)
ئەمە لەکاتێکدا کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەردەوام بووە لە ھاوکاری و پشتیوانی کوردانی ڕۆژئاوا لەڕێگەی ھەناردەکردنی خۆراک و ھاوکاری تەندروستی،(٢٦) پێگەیاندنی ھاوکاری سەربازی و چەک و تەقەمەنی.(٢٧) بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانی خۆی لەو ھەڵانە دەربڕی کە ناردنی چەک و تەقەمەنی و ھاوکاری سەربازی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا بە حزبی بکرێت، بەڵکو ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەو ھەوڵانە ئەبێتە ھۆی درز خستنە پەیوەندییەکانی ھەردوو حزب و یەکگوتاری کورد دەبێت، وە پێویستە ئەو ھاوکارییانە بەناوی گەلی کوردستان و حکومەتی ھەرێمەوەبێت. لێرەدا نامانەوێت ئاماژە بەوەبکەین کە پارتی پرسە نەتەوەییەکەی لەبیرکردبێت و بە دژایەتی ڕۆژئاوای کوردستان توینی بێت. بەڵام چەند سیاسەتێکی ئەو حزبە نیگەرانی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتۆتەوە، ئەشێت ئەمەش پەیوەندی بە جیۆپۆڵەتێکی ئەو حزبەوە بێت. بەواتایەکی تر بوونی پەیوەندییەکی بەھێزی ئابووری و سیاسی لەگەڵ ئەنقەرە، ھۆکارێک بووبێت بۆ ئەوەی پارتی سیاسەتێکی جیاوازتر بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان پەیڕەوبکات. بەتایبەت ڕێگرتن لە ھاتنی ھاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە "ساڵح موسلیم" بۆ ھەرێمی کوردستان و داخستنی سنورەکان بۆ فەترەیەک بەڕووی ڕۆژئاوای کوردستان. 

ڕیفراندۆم و بەشخێی کردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی 
کێشە سیاسییەکانی دوو ساڵی ڕابردووی ھەرێمی کوردستان، لەوانەش دەست بەردارنەبوونی مسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم دوای ١٩ی ئابی ٢٠١٥ە، داخستنی پەرلەمان، دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان، بەسیاسییکردنی بژێوی ژیانی خەڵک و بڕیاری حکومەت بە پاشەکەوتی موچە و ئەنجامنەدانی چاکسازی بوونە ھۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی. تا ئەو کاتەی مسعود بارزانی بە ئامادەبوونی نوێنەری بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان، لەنێویاندا بەشێک لە باڵێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی لە ٢٥ی ئەیلول دا. 
ھەر لەسەرەتاوە دیاربوو کە زۆرینەی یەکێتی نیشتیمانی و کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان وەک لایەنی سیاسی لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبوون. تەنانەت ڕۆژێک پێش ڕیفراندۆمەکە ھەریەک لە باڤڵ تاڵەبانی و مەلابەختیار بە ئاشکرا ھەواڵی دواخستنی ڕیفراندۆم و ڕەزامەندی یەکێتی بە بەدیلی وڵاتان – ولایەتە یەکگرتووەکان – لەبەرامبەر دواخستنی ڕیفراندۆمەکە ڕازین، ھاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای دواخستنی ڕیفراندۆمەکەی کرد، بەڵام پارتی و خوودی مسعود بارزانی سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەداوای لایەنەکانی تر ڕازی نەبوون.(٢٨)
تەنانەت ھەرچەندە پێشتر بەشێک لە یەکێتی داوایان کردبوو کە بەشداری ڕیفراندۆم دەکەن بە دوو مەرج، ئەوانیش کاراکرنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی چاکسازی، ھەروەھا، بەشداری کردنی ناوچە جێناکۆکەکان لەو ڕیفراندۆمە. بەڵام بەەۆی ھەڕەشە جدییە عێراقی و ھەرێمییەکان لەسەر داھاتووی ئەو ناوچانە بە گشتی و کەرکوک بەتایبەت لە ئەگەری بەشداریکردنیان لە ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول، وایکرد زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی داوایانکرد ڕیفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامنەدرێت. بەڵام مسعود بارزانی لەڕێگەی پارێزگای پێشووی کەرکوک کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو، ڕێگرییەکانی بەردەم ڕیفراندۆمی لەکەرکوک لابرد و توانی ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری ھەرێم بەشداری بە کەرکوک بکات.(٢٩) تەنانە ئاسایشی پارتی لە کەرکوک بەزۆر ھەڵیانکوتایە سەر بنکەی کۆمیۆسیۆن بۆ دابەشکردنی ێندوقەکان بەسەر بنکەکانی دەنگدان لە شارەکە.(٣٠)
 ئەمەش پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی زیاتر ئاڵۆزترکرد، چونکە پارتی لەسەر ئاستی شخێی مامەڵەی لەگەڵ یەکێتی دەکرد نەک لەسەر ئاستی حزب و سەرکردایەتی. بەھۆی ئەوەی لەبنەڕەتدا ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول پرۆژەیەکی حزبی و شخێی بوو، بۆیە پارتی ئامادە بوو تەنانەت لەسەر ئاستی کەسیش مامەڵە لەگەڵ حزبە سیاسییەکان بکات لەپێناو دابەشکردن و پەرتکردنی حزبە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندی ئامانجەکانیان. بەم جۆرە پەیوەندییەکانی پارتی لە دوای ڕووداوەکانی ١٢ی ئۆکتۆبەر تا ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول، زیاتر پەیوەندییەک بوو لەسەر ئاستی شخێی ھەڵدەسوڕا، بەجۆرێک لە پرسێکی نەتەوەی وەک ڕیفراندۆم مامەڵەی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردایەتی یەکێتی دەکرد نەک دامەزراوە شەرعی و یاسییەکانی یەکێتی.  بەمەش لەگەڵ ئەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بانگەشەی ھەڵبژاردنی ڕاگەیاند لە (٠٥/٠٩/٢٠١٧)،  بەڵام یەکێتی بەشێوەیەکی ڕەسمی ھیچ بانگەشەیەکی بۆ ئەو پرسە نەکرد لە زۆنی سەوز، لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنیش تەنانەت ڕاگەیاندنەکانی پارتی و دەزگا ئیعلامییە نزیکەکانی لەو بانگەشەیان ئەنجامدا.(٣١)
دوای ڕیفراندۆم، چاوەڕواندەکرا کۆچی دوای مام جلال ببێتە ھۆی نزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکان و ھەستکردنی زیاتر بە بەرپرسیارێتی مێژووی، بەتایبەت غیابی ئەو وەک سکرتێری یەکێتی کەلێنی گەورەی لە سیاسەتی کورد و کوردستان دروست کرد. بەڵام زۆری نەبرد ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی دەستیان کرد بە ھەڕەشەکردن لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی حکومەتی عێراق دەستکرد بە گرتنەبەری ھەنگاوەکانی دژ بە ھەرێمی کوردستان لەوانەش: داخستنی خاڵە سنوری و فڕۆکەخانەکان، دروستکردنی کۆدەنگی ناوچەی و ھەرێمی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەرێمی کوردستان. بۆیە حکومەتی عێراق چەند جارێک چەندین سەعات مۆڵەتیان بە ھەرێمی کوردستان دا بۆ ڕادەستکردنەوەی ناوچە جێ ناکۆکەکان بە حکومەتی ھەرێم. سەرەڕای ئاشکراکردنی چەندین زانیاری ھەواڵگری و سیاسی و ھەڕەشەی جدی، مسعود بارزانی و ئەنجومەنی سیاسی کوردستان – عێراق ڕازی نەبوون بە داواکارییەکانی عێراق. لەکۆتایدا، لە ١٥ی ئۆکتۆبەر، بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق، پارتی و یەکێتی لە دووکان کۆبوونەوە بەیاننامەیەکیان خستەڕوو بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق. بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک ھێزە عێراقییەکان ھێرشییان بردەسەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، لێرەوە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی دەستی پێکرد. 

لەدەستدانی ناوچە جێناکۆکەکان: دەرخەری بێمتمانەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی
دوای درێژکردنەوەی چەندینجار، دواجار مۆڵەتی ٤٨ سەعاتی حکومەتی عێراق بۆ ڕادەستکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان بە سوپای عێراق کۆتای نایەت. لەبەرەبەیانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ھێرشی سەربازییان بۆ سەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر دەست پێکرد. بێگومان یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ھێرشکردنە ڕیفراندۆمە تاکلایەنەکەی ھەرێمی کوردستان بوو بەسەرکردایەتی مسعود بارزانی.
کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ھەم ھێزی ھاوبەشی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە و ھەم ھێزەی پارتی و یەکێتی تێدابوو. ھێرشەکە لە قۆڵی ھێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە کرا، دواجار دوای چەند کاتژمێرێک بەرگری نەتوانرا ڕێگری لە ھاتنی ھێزە عێراقییەکان بکرێت، سەرەنجام بەشێک لە ھێزەکانی پێشمەرگە بە فەرمانی فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ دەستیان بە کشانەوەکرد.(٣٢)  ھاوکات فەرماندەی ەێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە دووپاتیکردەوە کە "سیاسەتی یەکێتی بەو شێوەیە نییە خیانەت بکات و سەنگەر چۆڵ بکات، ئەوەی کەناڵەکانی پارتی کردیان لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو و بەرپرسیارانە نەبوو، ھەموو ھەوڵیان بۆ لەکەدارکردنی شکۆی پێشمەرگە بوو. " (٣٣) بۆیە دوای ھێرشە میدیاکانی پارتی بۆ سەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ناوبردنیان بە خیانەت و جێشتنی کەرکوک لەلایەن ەێزەکانی یەکێتییەوە،(٣٤) وایکرد کە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ھاوسەری تاڵەبانی لەڕێی بەیاننامەیەکەوە تەواوی ئەو ھەواڵانە ڕەتبکاتەوە و ڕایگەیاند ھەموو ھەوڵی ئەوان پاراستنی کەرکوکە.(٣٥) ڕۆژێک دوای ھێرشکردنە سەر کەرکوک، مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بە ناڕاستەوخۆ ھێرش دەکاتە سەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت کە "ئەوەی لە کەرکووک ڕوویداوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاکلایەنەی چەند کەسێک لەنێو لایەنێکی سیاسیی ناوخۆی کوردستان بوو."(٣٦) دواتر ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دووبارە ھێرشی کردەوە سەر یەکێتی نیشتیمانی و بە خیانەتکار تۆمەتباریکرد،(٣٧) ئەمە لەکاتێکدا بارزانی خۆی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان بووە و ھێزی پێشمەرگە بەستراوە بەوەوە، سەرەڕای ئەوەش فەرماندەی ٧٠ی ھێزەکانی پێشمەرگەی ڕایدەگەیەنێت بە بڕیاری ئەو پاشەکشێ کراوە و بڕیارەکەشی ھەڵەنەبووە.(٣٨) ئاشکرایە ھێرشەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و میدیاکانی بۆ سەر بنەمای تاڵەبانی و چەند کەسێکی دیاریکراوی ئەو بنەماڵەیە. ئەمەش وایکردووە کە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی زۆر بەرەودواوە بچێت و تا ئەوەی ئێستا قسە لەسەر مەترسی دروست بوونەوەی دووئیداری دەکرێت بەھۆی بێمتمانەی قوڵی نێوان ئەو دوو حزبە. لەبەرامبەردا، دژە لێدوان ھەبووە بۆسەر سەرکردەکانی پارتی و خوودی مسعود بارزانی لەلایەن کادر و ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە. ئەوەی مەبەستە لێرەدا، ئەو گرژی و دۆخە نائاساییەی کە لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەنێوان ئەو دوو حزبە دروست بووە.
ھەرچی پەیوەندییە ناوچەییەکانی ئەو دوو حزبەیە زیاتر لەھەرکاتێکی تر لاوازە ئەویش بەھۆی ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول، بەڵام ھێشتا یەکێتی و پارتی خاوەن پەیوەندیەکی گەڵاڵەکراون لەگەڵ تورکیا و ئێران. بەڵام دوای شکستە سیاسییەکانی ئەم دواییە دەردەکەوێت کە پارتی نیگەرانە لە دژایەتییەکانی تورکیا و پشت تێکردنی ولایەتە یەکگرتووەکان لە پارتی و ھەرێمی کوردستان لە دوای ڕیفراندۆمەکە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران بەرەوپێشترببات. بەجۆرێک بارزانی ڕاستەخۆ نامەی بۆ بەرپرسانی تاران ناردووە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەوەندییەکانیان و دڵنیایی ئەوەی بە ئێران داوە کە چیتر بڕوایان بە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەماوە و ئەوەیان بیرنەچووە کە ئەمریکا بەرامبەریان کردی لە ١٩٧٥، و بەپەیوەندییەکانیان دەچنەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە.(٣٩) ھاوکات ئەشێت تاران ئەو دەروازەیە بێت بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەغداد و گەشتن بە ڕێککەوتن لە سەر پرسە سیاسیی و ئەمنییەکان لەداھاتوودا.

داھاتووی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی
دوای ھەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ٤/١١/٢٠١٧ە،(٤٠) و بڕیاری بەستنی کۆنگرە لەسەرەتای ئازاری ٢٠١٨ە، چاوەڕواندەکرێت پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی بەرەوپێشچوونی باش بەخۆوە نەبینێت. بەتایبەت دەست لەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی و پاڵپشتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی،(٤١) چاوەڕواندەکرێت پەیوەندییە حزبییەکانی پارتی و یەکێتیش لەڕێگەی ئەو دوو ئەکتەرە سیاسییەوە ئەنجام بدرێت. ھاوکات ئامادە سازی بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حزبە تا ئەوکاتەی سەرکردایەتیەکی نوێ بۆ یەکێتی ھەڵدەبژێردرێت – دواتر گفتوگۆی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕواندەکرێت پەیوەندییەکانی یەکێتی وپارتی زیاتر بەم جۆرەبێت:
١- پەیوەندییەکی ھاوسەنگ بێت: بەو مانایەی کۆنگرە دەتوانێت سەرکردایەتیەکی یەک دەنگ لەیەکێتیدا دروست بکات.
٢- پارتی ناتوانێت چیتر پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای پەیوەندی شخێی لەناو یەکێتی پەرەپێبدات و لەڕێگەی چەند ئەکتەرێکەوە کاریگەری لەسەر سیاسەت و بڕیاری یەکێتی دابنێت.
٣- مشتوماڵکردنی و داڕشتنەوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیجی نێوان ئەو دووحزبە ئەبێتە کاری لەپێشینەی سەرکردایەتی داھاتووی یەکێتی، ئەگەر نەخرێتەبەرنامەی کۆنگرەوە بۆ بڕیاردان لەچارەنووسی جا ەەڵوەشاندنەوە بێت یان مانەوە. 
٤- جێ بەجێکردنی ڕێککەوتننامەی یەکێتی و گۆڕان یەکێکی ترە لە ئەولەویەتی سەرکردایەتی داھاتووی یەکێتی، ئەمەش نیگەرانییەکانی پارتی زیاتر دەکات. بۆیە ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیجی ئەگەرێکی کراوە دەبێت بەنسبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە داھاتوو.
٥- بۆ داڕشتنەوەی ھاوسەنگی سیاسی لەھەرێمی کوردستان ڕەنگە ھەریەک لە پارتی و یەکێتی بچنە ڕێککەوتننامەی ستراتیجی دووقۆڵی یان سێ قۆڵی لەگەڵ پارتە ئیسلامییەکان بەتایبەت کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.
٦- پەیوەندییە ناوچەییەکانی ئەم دوو حزبە پەیوەندییەکی کێ بڕکێکاری توندتر دەبێت بۆ خۆبردنە پێشەوە و پیشاندانی نیەت پاکی لای ھێزە ناوچەییەکان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان ھەم لای تاران ھەم لای ئەنقەرە. بێگومان ئەمەش بەھۆی جیۆپۆڵەتیکی زۆنی زەردەوە کە خاوەن سنوری جوگرافییە لەگەڵ ھەریەک لەو دوو وڵاتە.
٧- چاوەڕوانناکرێت پەیوەندییەکانی پارتی و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەوخراپ بوون بڕوات، بەڵام ئەشێت بەھۆی بێباکییەکانی مسعود بارزانی بەرامبەر بە داواکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دوورخستنەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە تاران، واشنتۆن سەنتەری پەیوەندییەکانی بکاتە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەتایبەت دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و حکومەتی بەغداد لە ئاستێکی باشتردایە بەبەراود بە پەیوەندییەکانی پارتی و بەغداد.

دەرەنجام
پەیوەندییەکانی ناوخۆیی و ناوچەییەکانی یەکێتی و پارتی ھەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆوەبینیوە. لە ساڵانی نەوەدەکان پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ئەو دووحزبە پەیوەندییەکی ململانێ ئامێزبوو. ھەرچی پەیوەندییە ناوچەییەکانیانە زادەی جیۆپۆڵەتی قەڵەمڕەوی ئەو دوو حزبەیە لە کوردستانی عێراق. بۆیە ھەر لەکاتی دروستکردنی کیانی ئۆتۆنۆمی ھەرێم لە باکوری عێراق، پەیوەندییە ناوچەییەکانیان دابەش بووە بەسەر وڵاتانی ناوچەکە، پارتی لەگەڵ تورکیا و یەکێتی لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی سەرەکی. قەیرانە سیاسییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو کەلێنی گەورەی لەپەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی دروستکردەوە. بەتایبەتی دوای دەرھاویشتەکانی ریفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی، پەردەی لەسەر بێمتمانەی ئەو دووھێزە بەیەکتر و زەروورەتی پێداچوونەوە بەپەیوەندییەکانی ئەو دوو حزبەی ھێناوە ئاراوە.

سەرچاوەکان
١- Gunter, Michael M. "The KDP-PUK conflict in northern Iraq."The Middle East Journal(١٩٩٦): ٢٢٤-٢٤١.
٢- Ibid,.
٣- Iraqi Kurdistan legislative election, ١٩٩٢, academic, Retrieved from; http://enacademic.com/dic.nsf/enwiki/٧٤٠٨٩٦
٤- Kurdish Elections, The Kurdish Project, Retrieved from; https://thekurdishproject.org/history-and-culture/kurdish-democracy/kurdish-elections/
٥- Gunter, ibid,.
٦- Gunter, ibid,.
٧- بعد إنھاء التحالف الاستراتیجی بین گالبانی وبارزانی... کردستان إلی ڕین؟ شبکە النبڕ، (٢٠١٦-٠٢-١٠)، علی الموقع: http://annabaa.org/arabic/authorsarticles/٥٢٠٦
٨- الدیمقراگی الکردستانی والاتحاد الوگنی: تاریخ من التحالفات والێراع، بی بی سی، (١٨ ڕکتوبر/ تشرین الڕول ٢٠١٧)، علی الموقع: http://www.bbc.com/arabic/middleeast-٤١٦٥٩٦٧٠
٩- نفس المێدر.
١٠ نفس المێدر.
١١ نفس المێدر.
١٢- The Kurdistan Parliament, Kurdistan Regional Government, Retrieved from; http://cabinet.gov.krd/p/page.aspx?l=١٢&s=٠٣٠٠٠٠&r=٣١٧&p=٢٢٩&h=١
٣١١٣- Massoud Barzani approves the extension of his mandate as president of Kurdistan, Ekurd Daily, )١٧.٧.٢٠١٣), Retrieved from; http://ekurd.net/mismas/articles/misc٢٠١٣/٧/state٧٢١٨.htm    
١٤- گۆڕانکاری تەرازوی ھێز لەکوردستانی عێراق : تێکۆشان لەپێناوی دیموکراتی لەگەڵ حوکمی نادامەزراوەیی، Gorran net، http://gorran.net/(A(٨AdzMQCAzQEkAAAAZGI٣MzIzMmUtZWQ٤Yi٠٠MjJiLWI٢YTMtODFlMjgyNTcwZDQ١TdXR١OrbnN٧HIrcXiWt٢OMLFJf٤١))/Ar/Detail.aspx?id=٨٢٩٣&LinkID=١١٠
١٥- گۆڕان: لێکدانەوەی ھەڵە بۆ درووشمی چوار ساڵ ئارامی کراوە، رووداو، (١٧/٥/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.rudaw.net/mobile/sorani/kurdistan/١٧٠٥٢٠١٧١٥
١٦- سەرکردەیەکی‌پارتی: کلیلی چارەکردنی کێشەکان لای یەکێتییە، وێستگەنیوز، (١٣/٠٢/٢٠١٧)، لە سایتی: http://westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=٣٣٢٤٦&jor=١
١٧- PUK and Gorran sign final agreement in Iraqi Kurdistan, Ekurd Daily, (May ١٧, ٢٠١٦ ), Retrieved from; http://ekurd.net/puk-gorran-sign-agreement-٢٠١٦-٠٥-١٧
١٨- رۆژنامەی‌چاودێر: تێکچونی دۆخی ھەرێم دوای ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی ئەگەرێکی کراوەیە، (-٣١-٠٥-٢٠١٦)، لە سایتی:  http://lvinpress.com/n/dreja.aspx?Jmare=٤٥٩٢٠&Jor=١
١٩- Full text of Gorran-PUK agreement, Iraqi Kurdistan, Ekurd Daily, (May ٢٠, ٢٠١٦), Retrieved from; http://ekurd.net/gorran-puk-agreement-full-text-٢٠١٦-٠٥-٢٠
٢٠- ھێمن ھەورامی: نەوشیروان مستەفا کێشەی لەگەڵ دادگا ھەیەنەک ئێمە،  Kurdistan٢٤، (June ١٥-٢٠١٦)، لەسایتی: http://www.kurdistan٢٤.net/so/interview/bca٧f٤٢٣-cdb٢-٤٩٥٧-٨٥b٠-٤bd٣١٩e٣٩٣٥c
٢١- ھەمان سەرجاوە 
٢٢- ھەمان سەرجاوە 
٢٣- پەیوەندییەکانی یەکێتی - پارتی: دابەشکردنی دەسەڵات یان بەرپرسیارێتی؟، ناوەندی میللەت بۆ توێژینەوە، (٣٠/٠١/٢٠١٦)، سایتی: http://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=٩٤٢٢&T=%D٩%BE%D٩%٨٧%E٢%٨٠%٨C%DB%٨C%D٩%٨٨%D٩%٨٧%E٢%٨٠%٨
٢٤- یاداشتێک دەربارەی گەمارۆو برسیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان،PUKMEDIA ، (٣٠/٤/٢٠١٦)، لە سایتی: http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=٧٩٥٢٧
٢٥- پارتی بەفشاری تورکیا و وڵاتانی زلھێز سنوری بەڕووی ڕۆژئاوای کوردستان داخستووە، رۆزنیوز، http://www.rojnews.org/haber/٢٩٩١/.html 
٢٦- گەیاندنی ھاوکاری تەندروستی لەلایەن دەزگای زانیاری یەکێتییەوە بۆ کۆبانی: بۆ زانیاری زیاتر بڕوانرێتە ئەم لینکە: http://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?Jmare=٤٩٦٩١&Jor=١
٢٧- بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی درزەکەی نێوان پارتی و یەکێتیی دەرخستەوە، باس نیوز، (٢١/١٠/٢٠١٤)، لە سایتی: http://www.basnews.com/index.php/so/news/٧٩٥٣٠?switch_to_desktop_ui=١
٢٨- ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، (٢٤/٩/٢٠١٧)، لە سایتی: http://presidency.krd/kurdish/articledisplay.aspx?id=wc٧Cy٧zPiMU=
٢٩- نەجمەدین کەریم: کەرکوک بەشداری پڕۆسەی ڕیفراندۆم دەکات، nrt، (٢٠/٠٨/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.nrttv.com/Rifrandom/detail.aspx?Jimare=٨١٦٠٦
٣٠- یەکێتی‌و پارتی لەسەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەکەرکوک ناکۆکن، KNN، (٢٢/٠٩/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.knnc.net/Drejey-hawal.aspx?id=١٠٦٦٧٦&LinkID=٤&video=False
٣١- ئەمڕۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، Payam، (٠٥/٠٩/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.payam.tv/(A(k٠gPE٠ENzgEkAAAAZGY٢NzVjNTAtZWY٠ZS٠٠YWNjLWJkNDgtYzg٥YWM١MTMzYTIyHHy_٠JijbGI٣Qns٢NjSBC٨dwxz٨١))/drejey-hewal.aspx?id=٢٢٧١٥&LinkID=١
٣٢-ھەر ئیستا شێخ جەعفەر ھەموو شتێکی ئاشکرا کرد لە سەر فرۆشتنی کەرکووک، بەرنامەی تاوتوێ، ئێن ئاڕ تی، لە سایتی: https://www.youtube.com/watch?v=AISAlY_gQ٨s&t=٩٩s
٣٣- شێخ جەعفەر: من فەرمانی کشانەوەی پێشمەرگەم دا، ویستگە، (١٧/١٠/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=٤٤٤٦٤&Jor=١
٣٤- ھەروەھا لە لینکی: http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/١٦١٠٢٠١٧١٤
٣٥- پێشمەرگە بە بێ شەڕ تەلوەردی چۆڵکرد، رووداو، (١٦/١٠/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/١٦١٠٢٠١٧٦
٣٦- پەیامێک لەھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوەلەبارەی رەوشی کەرکووک، رووداو، (١٦/١٠/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/١٦١٠٢٠١٧٢٣ 
٣٧- پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی کەرکووک، رووداو، ( (١٧/١٠/٢٠١٧، لە سایتی: http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/١٧١٠٢٠١٧١٧
٣٨- ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، (٧/١١/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.xelk.org/detailnews.aspx?jimare=٤٦٥٠٥&babet=slider&relat=٢٠٣٨
٣٩- جەعفەر شێخ مستەفا: بڕیاری پاشەکشە لە کەرکووک ھەڵە نەبووە، رووداو، (١٦/١٠/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/١٦١٠٢٠١٧٣٧
٤٠- قیادی کردی یتحدپ عن "رسالە سریە" من بارزانی للواء سلیمانی! قناە العالم، (٠٨ نوفمبر ٢٠١٧)، علی الموقع: ٤http://www.alalam.ir/news/٣١٣٦٤٥١/%D٩%٨٢%D٩%٨A%D٨%A٧%D٨%AF%D٩%٨A-%D٩%٨٣%D٨%B١%D٨%AF%D٩%٨A-%
٤١- - بەزۆرینەی‌دەنگی‌ئەنجومەنی‌سەرکردایەتی‌مەکتەبی‌سیاسی‌یەکێتی‌ھەڵوەشایەوە، KNN، (٠٤/١١/٢٠١٧)، لە سایتی: http://www.knnc.net/Drejey-hawal.aspx?id=١٠٩٢٩٦&LinkID=٤&leguaid
٤٢- Political Transition in Iraqi Kurdistan Region, Press Statement Office of the Spokesperson, Washington, DC, (October ٣٠, ٢٠١٧), Retrieved from; https://www.state.gov/r/pa/prs/ps/٢٠١٧/١٠/٢٧٥١٧٩.htm


814بینین‌‌‌
6 مانگ پێشتر - Jan 1 2018 6:27PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ