کوردستان

فەرماندەی ھێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی یەکێتی وەڵامی کادیرێکی پێشکەوتووی حیزبەکەی دەداتەوە


فەرماندەی ھێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی یەکێتی وەڵامی کادیرێکی پێشکەوتووی حیزبەکەی دەداتەوە کە یەکێکە لەو کەسانەی لەناو گروپەکەی روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناوی دەبرێت و دەڵێت: ئەگەر لەسەردەمی شاخدا ئەوەیان بکردایە، ھاوکاری حکوومەتی عێراقی بکەن، ئەوا ھەموویان ڕەمی دەکران و دەکوژران، ئەگەر مام جەلالیش بمایە، ھەموویانی وەک خائین سزا دەدا". 

لە ماوەی ڕابردوودا ئاراس جەنگی ئاماژەی بەوە دابوو، پێش ھێرشەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر کەرکووک، چووەتە لای شێخ جەعفەر و لە ھێرشی ھێزە عێراقییەکان و میلیشیاکان ئاگاداری کردوونەتەوە، بەڵام شێخ جەعفەر پێی وتووە: ”سوپای عیراق ھێرش ناکات، چونکە ھەندێک شت ھەیە من دەیزانم تۆ نایزانی".

شێخ جەعفەر، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: ”ئاراسی شێخ جەنگی زۆر سەھووە، ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکانە نەک کولاندنەوەی، بەڵام دەبوو ئاراسی شێخ جەنگی باسی ئەوە بکات کە من دەمزانی ھێرش دەکرێت، چونکە ئەمریکییەکان پێشتر پێیان گوتم، بەڵام ئەو بە ئێمەی گوت بەرگری مەکەن با سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بێنە کەرکووک“.

 وتویەتیشی: ”ئێمە پێمان گوت سازش لەسەر یەک بست خاکی کوردستان ناکەین و بێ بەرگری چۆڵی ناکەین“.

 ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتویەتیشی: ”دەبووایە ئاراسی شێخ جەنگی باسی ڕۆڵی خراپی خۆی بکات کە کۆبوونەوەی لەگەڵ عێراق و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کرد لە پێشتر تا بیانھێنێتە کەرکووک، بەڵام دوبارەی دەکەمەوە کاتی کولاندنەوەی ئەو برینانە نییە".

 باسیشی لەوە کردووە کە ئەگەر ڕۆژێک ئەم دۆخە نالەبارەی کوردستان نەمێنێت، ”دادگایەکی نیشتمانی پێکبھێنرێت، دەبێت لە دونیادا سزای خائین چییە، ئەوانیش ھەمان سزا بدرێن". دەشڵێت: “ئەم گرووپەی یەکێتی ئەگەر لەسەردەمی شاخدا ئەوەیان بکردایە، ھاوکاری حکوومەتی عێراقی بکەن، ئەوا ھەموویان ڕەمی دەکران و دەکوژران، ئەگەر مام جەلالیش بمایە، ھەموویانی وەک خائین سزا دەدا".

 لە کۆتایی قسەکانیشیدا فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا داوای لێبووردنی لە خەڵکی کردووە، بەھۆی ئەوەی ”نەمتوانی ھەندێک وردتر ڕاستییەکان بڵێم، بەڵام دڵنیابن ڕۆژێک دێت ھەموویان بۆ باس دەکەم و ناوی ئەو خائینانە دەھێنم".


1006بینین‌‌‌
9 مانگ پێشتر - Jan 1 2018 2:17PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ