کوردستان

راگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان


کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان لە ٢٧ کانونی یەکەمی ٢٠١٧ کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەست، وتیایدا کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ھەنوکەیی خستە بەر باس و لێکۆلینەوە، لە سەروی ھەمویانەوە باری ئابوری کوردستان و ئاسەوارەکانی خراپی باری گوزەرانی خەڵک و لاوازی ئاستی خزمەتگوزارەی لە سەرجەم بوارەکاندا و بەردەوامبوونی کیشەی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و فراوانبوونی دیاردەکانی ھەژاری و بێکاری، کە تێکرای ئەم حاڵەتانە ھاوکاتە لە گەل بوونی بۆشایی متمانە نێوان خەڵک و حکومەت وچارەسەرنەکردنی قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەکانی کوردستان جگە لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە خراپی بەرێوەبردنی دەسەلات و نەبوونی شەفافیەتەوە ھەیە.
ھەر لەم روانگەیەوە کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە کە داواکاریی رەوای خەڵکی کوردستان و دەڕبڕینی ئەو داواکارییە بە ھەموو شێوازێَکی دیموکراسی و مەدەنی وئاشتیانە و لە رێگای خۆپیشاندان و مانگرتن و شێوازە مەدەنییەکانی دیکە، کارێکی تێکۆشەرانەی رەوایە و ھەردەم حزبمان نەک تەنھا داکۆکی لێکردوە بەڵکو بە درێژای ساڵی ٢٠١٧ بەشداری لە چالاکییە جەماوەرییەکان کردوە و لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان و بۆ داکۆکیکردن لەو بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش دەستپێشخەری ئاشکرایی ھەبووە.
لە روانگەی ئەم ھەڵوێستەوە حزبمان داوادەکات کە حکومەتی ھەرێم داواکارییە رەواکانی جەماوەر لە دووا خۆپیشاندانەکاندا و لە چالاکییەکانی رابووردووی دیکەشدا، بە ھەند وەرگرێ و کار بۆ جێبەجێکردنی بکات، و سەرجەم گیراوەکانی دووا خۆپیشاندان ئازاد بکات و لە چوارچێوەی قانون مامەڵە لە گەڵ رۆژنامەگەری و سەرجەم کارەکاندا بکات بە جۆرێک دامودەزگای گشتی بپارێزرێت، ولە کۆتایشدا سەرجەم چالاکییە جەماوەرییەکان لە چوارچێوەی خەباتی دیموکراسی مەدەنی ئاشتیانە دوور لە توندوتیژییەوە، بێت، کە پێمان وایە تەنھا ئەم رێَگایە خزمەت بەداواکارییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات.
ھەر سەبارەت بە ەزعی خەڵکی کوردستان کۆبونەوە داوا لە حکومەتی ھەرێم دەکات بایەخ بە رەوشی خەڵکی دەربەندیخان بدات کە تائێستا بەشێکیان بە ھۆی رووداوی بومەلەرزەوە لە بارودۆخێکی خراپدا وەزع بە سەر دەبەن.
ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە نیازە ئەنجام بدرێن بابەتیکی دیکەی کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حزب بوو. سەبارەت بەم بابەتەش حزبمان جەخت لەسەر ئامادەکردنی پێداویستیکانی دەکاتەوە کە خۆی لە ئاسایکردنەوەی وەزعی "ناوجە ناکۆکییە لەسەرەکان" و نەھێشتنی سەرجەم دیاردە سەربازییەکان لەو ناوچەیە و ماوەنەدان بە مانەوەی حەشدی شعبی و سوپا لەو ناوچانە و زەمینەخۆشکردن بۆ گەراندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ کارو ئەرکی خۆیان، دەبینێتەوە. ھاوکات لە گەڵ ئەمەشدا پێداویستی گەرانەوەی ئاوارەکانی کرکوک و دوز و کرستییان و ئێزییدەیەکانی دەشتی موسڵ و شنگال بۆ شوێنی خۆیان و قەرەبوکردنی ئەو زیانانەی لێیان کەوتوە. شایانی باسە ئەم ناوەندانە پێویستیان بە ھاوکاری بەپەلە لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە بەتایبەتی لەم ھەولومەرجەدا کە نەحکومەتی عێراق و نە یونامی ئاوریان لێناداتەوە.
کۆبونەوەکە پێی وایە خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێویستی بە بوونی یەک لیستی کوردستانی یەکگرتوو ھەیە بەتایبەتی لەم ھەلەمەرجەدا کە سەرجەم مافەکانی گەلی کوردسان لە دەوڵەتی عێراقدا لە ژێر مەترسیدایە و رۆژانە پێشێلدەکرێت، وپرنسیپی شەراکەت و جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری ماددەکانی دەستوری عیراق فەرامۆشکراوە. کارکردن بۆ لیستێکی کوردستانی یەکگرتوو پێویستی بە کارکردنی سەرجەم حزب ولایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ھەیە دوور لە بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی بۆ ئەنجامدانی شیوازێک لە کۆدەنگی، و زەمینەخۆشکردنی یەکریزییەکی واقیعی کە لە گەڵ رەوشی نوێی کوردستان بگونجێت و لە ئاستی ئاستەنگەکانی ئەمرۆی کوردستان بێت. بێگومان بوونی یەک لیستی ھاوبەش و یەکگرتوو ئامرازێکی بەھێز بۆ وەفدی ھەرێمی کوردستان لە دانوستانەکانی لە گەڵ بەغدا دەبێت.
بابەتەکانی پەیوەست بە کارو باری حزب خاڵیکی دیکەی کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بوو و لەم بوارەشدا کۆمیتەی ناوندی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە لە ماوەی رابووردوودا ھاوکاری "ستلایتی رێگا"یان کردوە و تێکرای ئەو کارمەندانەی کە کاریان تێدا کردوە کە بەشێکی بەرچاویشیان خۆبەخش بوونە، و ئەمرۆش بە ھۆی باری داراییەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ پەخشی رادەگیرێت. کۆبونەوەکە بریاری دا کە لە ساڵی ٢٠١٨ وە سەرلەنوێ رۆژنامەی رێگای کوردستان دەربکاتەوە، وبۆ ئەم مەبەستەش چاوەریی ھاوکاری وکۆمەکی دۆستان ولایەنگران و ئەندامانی حزبە.
کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حزبمان جەختی لەسەر سووربونی تێکۆشانی شیوعییەکان کردوە و گرنگی داکۆکیکردن لە مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی و کارکردن بۆ دیموکراسی سیاسی و تێکۆشان بۆ ئازادییەکان و جەختکردنەوە لە سەر مەسەلە چینایەتییەکان و ئارستەبوونی کارەکان بۆ کاری ھاوبەشی رۆژانەی لایەن و کەسایەتییە چەبەکان کوردستان و بتەوکردنی رایەڵی پەیوەندی لە گەڵ لایەنەکانی چەپ و عەلمانی لە عێراق و لە ناوچەکەدا.
کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان
٢٨/ دیسەمبەر٢٠١٧


404بینین‌‌‌
9 مانگ پێشتر - Dec 28 2017 9:09PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ