کوردستان

عادل موراد بۆ پارتی: بەچ روێكەوە پەنا بۆ مالیکی دەبەن


عادل موراد لە وتارێکیدا بە ناوی "بیرھێنانەوەیەکی پێویست" دەڵێت "نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەرو لەڕۆژی ٤ی ئازاری ٢٠١٤ کاتێک بەکارێکی تایبەت رێم کەوتە بەغداو لەوێ چاوم بەسەرۆک وەزیرانی ئەوسای عێراق و جێگری سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق بەڕێز نوری مالکی کەوت، و توانیم پاش مشتومڕێکی دۆستانە قەناعەتی پێ بکەم کەمووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کوردستان کەبڕەکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بوو بەھوێ کێشەی سیاسی و شەخێی ماوەی دوو مانگ بوو راگیرابوو، بەبێ ئەوەی داوی ھیچ تەنازولاتێک لەھەرێمی کوردستان یاخود رادەستکردنی خاڵە سنوری و فڕۆکەخانەکان بکات، کە بەداخەوە سەرکردایەتی و دەسەڵاتی سیاسی لە ھەرێم کوردستان لەدوای چەندین دانیشتن نەیانتوانیبوو بیگێڕنەوە، ھەروەھا توانیم قەناعەتی پێبکەم بەگێڕانەوەی شایستە دارییەکانی ھەرێم و ئامادەیی خۆێ و حکومەتەکەشی بۆ گفتۆگۆی جدی بەمەبەستی چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا نیشاندا".

روونیشیدەکاتەوە کە لەبەرامبەر ستایشکردنی ئەو ھەوڵەی "بەپێچەوانەوە روو بەرووی چەندین تۆمەت و قسەی تایفی نابەجێ کرامەوە، کەبەداخەوە ھەندێکیان لەلایەن کەسانێک دەکرا لەسەرکردایەتی کاڵ فام و بێ ئەزموونی پارتی کە خۆیان بە دڵسۆزی خەڵک و لافی نیشتمان پەروەری لێ دەدا وەبەوەش نەوەستان ھێرشێکی رێکخراوی فراونی ناڕەوای بەرفراوانیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامدا".

عادل موراد دەڵێت "مافی خەڵکی کوردستانە بپرسن بۆچی و چۆن مالیکی کەتا دوێنی نان بڕ و بوجەبڕی خەڵکی کوردستان بو لەدیدی چەند کەس و لایەنێک ئێستا چۆن بۆتە دۆست و ڕزگار کەر، و داوای نێوەند گیری و کاری خێری لێ دەکرێت لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتێ فیدراڵی عیراق".

لە پارتی دەپرسێت ئەگەر ئەو تۆمەتانەی خرانە پاڵ مالیکی راست بوونایە "ئێستا بەچ روێکەوە پەنای بۆ دەبەن تا ئاوێک بەم ئاگردا بکات و ڕۆڵی خێر بگێڕێت بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی عیراق".

عادل موراد لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا نووسیوێتی ئەوانەی کوردستانیان بەم دەردە برد و بەناوی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ چارەنوسی گەل و نیشتمانیان بەرەو ھەڵدێرێکی ترسناک برد، نایانەوێت دان بەشکست و داروخانی سیاسەتەکانیان بنێن و بەردەوام دەبن لە ھەوڵ بۆ مانەوە لە ریێ فریودان و شاردنەوەی راستیەکان.

عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت "ئێستاش لەبری ئەوەی چاوێک بەسیاسەتی شکست خورادویاندا بخشێننەوە، و لێگەڕێن میللەت بڕیار لەئایندەو شێوازی بەڕێوەبردنی خۆی بدات، دەبینین یاری کردن بە پیرۆزییەکانی میللەت و زۆرجار دۆڕاندنی بۆتە نەریتێکی باو لەلای سەرکردایەتییەکی کاڵفام و کەم ئەزموون، و بوغراو خۆ بەزلزان، ھەر بۆیە دەبێت ھەموومان بێ سڵەمینەوە و راست و رەوان پێیان بڵێین دەسەڵاتێک کەخەمی گەل و نیشتمان و ئاگای لە ئازار و مەینەتییەکانی گەلەکەی نەبێت، چیتر ناتوانن نوێنەرایەتی ئەم میللەتە بکات، بۆیە گۆڕینی و ھێنانەدیی دەسەڵاتێکی تەندروست کە روبەروی گەندەڵی و ھێنانەدیی یەکسانی و سەروەری یاسا بکاتە پێشەنگی ئامانجەکانی".


1130بینین‌‌‌
6 مانگ پێشتر - Dec 28 2017 1:34PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ