کوردستان

‌مەلا بەختیار چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای راگەیاند


مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە: بەغدا باشتر ئامادەیە بۆ دانوستاندن و حکومەتی ھەرێمیش خۆی سازدەدات و وەفدی پەرلەمانیش سەردانی بەغدا دەکات.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، چیدیکە شەڕ لە نێوان ھێزەکانی عیراق و پێشمەرگە بەرەسمی روونادات و کێشەی دەروازە سنورییەکان و گومرگ و فڕۆکەخانەکان وردتر بیر لە چارەسەرکردنیان دەکرێتەوە.

روونیشیدەکاتەوە، دوای چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەرنامەی چارەسەری بودجەو مووچەو ناوچە کێشەلەسەرەکانیش دەستپێدەکات.

مەلا بەختیار، راشیدەگەیەنێت: "قسەی ئێمەش ئەوەیە حەقوایە، حکومەتی ھەرێم لەگەڵ تێکڕای لایەنەکان گفتوگۆی بەرپرسانە بکات و تەگبیری ھەموان گەڵاڵە بکرێ، پەرلەمانی کوردستانیش لەگەڵ فراکسیۆنەکان، دانیشتن بکات و بۆچونیان بۆ حکومەت و وەفدی دانوستانکار بنوسێ، ئەوکات پێکەوە بەرەو چارەسەری ھەمەلایەنە بڕۆین.

پێشتریش لە نووسینێکی دیکەدا مەلا بەختیار، ئاماژەی بەوەدابوو کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران، دەبێت حکومەت دەست بکات بە فرۆشتنی خانوە بێ تاپۆکان، بەمەش دەتوانێت داھاتێکی زۆر بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات.



668بینین‌‌‌
2 هەفتە پێشتر - Dec 27 2017 3:12PM
Print Friendly and PDF