سۆشیال میدیا

شێخ جەعفەر: گروپێك لەناو یەكێتی ڕێكەوتنیان كردووە سلێمانی‌و كوردستان تەسلیمی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بكەن



جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی ھێزەکانی حەفتای پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا دەڵێت: "ئاڕاستەو گروپێک لەناو یەکێتیدا ھەن، کە ھەماھەنگ‌و ڕێکەوتنیان ھەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقی‌و حەشدی شەعبی وەک چۆن کەرکوکیان تەسلیمکردن ئاواش دەیانەوێت سلێمانی‌و ھەولێر‌و دھۆکیان تەسلیم بکەن".

شێخ جەعفەر ھەروەھا دەڵێت: "تەنانەت ئەو توندوتیژییانەی خۆپیشاندانەکان ئەو گروپەبوون نەک خەڵک، چونکە بەوە ویستیان بیانوو بدەنە دەست سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی تا بەناوی پاراستنی ئاسایش و خەڵکەوە بێنەوە سلێمانی و ھەموو کوردستان."

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەسەرەتای گفتوگۆکەدا ئاماژەی بەو ھێزە کرد، کە لەناو شاری سلێمانی و شوێنەکاندا بڵاوکرانەوە لەدوای خۆپیشاندانەکانی ھەفتەی ڕابردوو وتی: "ھێزی باڵای کوردستان ئەو ھێزەی کوردستانە، کە لەدوای خۆپیشاندانەکان و توندوتیژییەکان بەمەبستی پاراستنی دامودەزگا و فەرمانگەکان‌و خۆپیشاندەرانی مەدەنیانە دابەزینە ناو شار و قەزاو شوێنەکان، ئەم ھێزە پێشمەرگەو خۆپیشاندەری مەدەنی‌و دامودەزگاکانی حکومەت و خەڵک دەپارێزێت،ئێمە لەگەڵ داواکاری ڕەوای خەڵک‌و خۆپیشاندەری مەدەنیانەین".

ناوبراو وتیشی: "ئەو ھێزە لەژێر فرمانی لیژنەی ئەمنی شوێنەکان بووە ئیتر سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگارە، یا قایمقام، یاخود مدیر ناحیە، ئێستا بەفرمانی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا ئەو ھێزە لەناو شار و شارۆچکەکان کشاونەتەوە".

شێخ جەعفەر مستەفا ڕەتیکردەوە توندوتیژی و سوتانی بارەگای حیزبەکان‌و فەرمانگە حکومییەکان کاری ھاووڵاتی و خۆپیشاندەرێک بێت، کە داوای موچە و خزمەتگوزاری دەکات‌و وتی: "ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندا سوتانی فەرمانگەکان‌و بارەگای حیزبەکان و پشێوی نانەوە داوای خەڵک نەبوو بەڵکو ئەوە موئامەرەیەک بوو، کە کەوتنە ناو ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە و سەرکردایەتی ئەوانە بۆ شتی تر بەکاریدەھێنا من وەک کودەتایەک دەمبینی، مەرامەکەیان ئەوەبوو دۆخی کوردستان تێکبدەن، تەنانەت ھەماھەنگیان ھەبوو لەگەڵ عێراقدا تا حەشدی شەعبی و سوپای عیراق بھێننە سلێمانی و ھەموو کوردستان."

شێخ جەعفەر پشێوی خۆپیشاندانەکانی بە "پیلان" ناوبردو وتی: "ئەم پیلانە خەڵکی ئاسایی نەبوو، چونکە ئێمە دەزانین خەڵک، ئەو گەنجانە گیرفانیان بەتاڵە و داواکارییان ڕەوایەو خەڵکی ئاسایی ئەو مەرامەی نەبوو، دوو ھەزار یا پێنج ھەزار کەس، بەڵکو خەڵکی ئاسایی ناڕەزا سەدان ھەزار کەسن، ئەگەر خەڵکی ئاسایی بونایە ھیچ ھێزێک نەیدەتوانی لەبەردەم ھێزی خەڵک خۆی ڕابگرێت."

شێخ جەعفەر مستەفا، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بەشێک لەسەرکردایەتی و خەڵکی یەکێتی تۆمەتبارکرد، کە ئەو پشێویەی ناو خۆپیشاندانەکانیان دروست کردووە بەناوی ھاووڵاتی ناڕەزاوەو وتیشی: "لەناو یەکێتیدا ئاڕاستەیەک ھەیە، ھەندێک لایەنی تریش ھەتا چەند وڵاتێکی ھەرێمی دەرەوەش لەپشتیەوەن دەیانەوێت سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی بھێننە سلێمانی‌و ھەولێر و دھۆک، ھاوشێوەی خیانەتەکەی کەرکوک دووبارەبکەنەوەو سلێمانی و ھەولێر و دھۆکیش بخەنە ژێر دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق"

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ھەروەھا وتیشی: "بەداخەوە ناتوانم ناوی ئەو کەسانەی ناو یەکێتی‌و وڵاتە دەرەکیەکەش بڵێم لەئێستادا، چونکە زۆرکات دۆخی خراپ‌و پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی وادەکات، کە تا پلەی خیانەتیش بپۆشیت بۆ کەسانی تر، بەڵام وەک وتم ئەوە خەڵکی ئاسایی نەبوو ئەو توندوتیژی و گێرەشێوێنیانەی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و ناوچەکانی تر، ئەوە ھەر ئەو کۆمەڵەی ناو یەکێتی بوون کەکەرکوکیان لە (١٦)ی ئۆکتۆبەردا بەو دەردە گەیاند."

سەبارەت بەوەی ئەو کەسانە کێن لەناو یەکێتی؟ شێخ جەعفەر وتی: "من خۆم حیزب وەک ھۆکار دەبینم بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی نەتەوەکەم، بەڵام بەداخەوە لەکوردستان بەھۆی ئەم ململانێ و ناکۆکیانەی ناو حیزب ئیمانم بەحیزبایەتی بەتەواوی لاواز بووە، ئەو گروپ و ئاڕاستەیەی ناو یەکێتی ھەندێکیان لەدەرەووەی مەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتین، بەڵام دەسەڵاتەکەیان وای کردووە، لەدەرەوەی سیاسەتی یەکێتی و دەرەوەی یەکێتی بڕیاردەدەن."

شێخ جەعفەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی لەچەمچەماڵ و ڕانیە و سلێمانی و شوێنەکانی تر ڕویدا ئەمجارە تێکەڵی خۆپیشاندەران بوون ئەوە یەکێک لەبەرنامەکان بوو، کە ئەو ئاژاوەگێرییە دروست بکەن، لەشوێنەکانی تریش دوبارەی بکەنەوە دواتر وەک گوێمان لێبوو لەڕاگەیاندنەکان لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایش حکومەتی عێراق سوپای عێراق بھێننەوە کوردستان، چونکە ھەماھەنگ و ڕێکەوتنیان لەو ڕووەوە پێش وەختە لەگەڵ عێراق و حەشدی شەعبی ھەبوو.

سەبارەت بەوەی ئەگەر یەکێتی دەزانێت، ئەو وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەکاری ئەو گروپەی ناوخۆی حیزبەکە ئاگادارن بۆچی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لێپێچینەوە لەو گروپە ناکات ئەو وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی بۆ ئەو داوایە یا ئەو کارە ناکات؟شێخ جەعفەر وتی: "پرسیارەکە زۆر زۆر ڕاست‌و لەجێی خۆیدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکێتی ئێستا جۆرێک لەسەر لێشێواوی و لێکترازانی تێدایە، وای لێھاتووە کەسانێک سەیتەرە بکەن بەسەر حیزبەکەداو جۆرەھا مامەڵەش بە حیزبەکەوە دەکەن تەنیا بۆ پەیداکردنی دەسەڵاتی خۆیان وایکردووە، کە ئەو کەسانە بۆ خۆیان یاری بکەن لەگۆڕەپانەکەدا کەسیش نەتوانێت لێیان بپرسێتەوە،ئەوە بەجێ دەھێڵین بۆ مێژوو."

دەربارەی ئەوەی دەسکەوتی ئەو گروپەی یەکێتی چییە وەک خۆی دەڵێت: دەیانەوێت سلێمانی و ھەولێر و دھۆک بەدەردی کەرکوک ببەن؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی: "ئەو گروپەی ناو یەکێتی، کە ویستیان سلێمانیش بەدەردی کەرکوک ببەن‌و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بھێننەوە ناو شارەکانی کوردستان ئەو گروپەی یەکێتی دەیانەوێت سەیتەرە بکەن بەسەر یەکێتیداو دەسەڵات بگرنە دەست، بۆیە ئەو خیانەتە دەکەن، پێشتر ئەوەیان دەسکەوت لەکەرکوک، کە خەڵکی دوزخورماتوو کۆمەڵکوژ دەکرێت ئێستا تاوانی جەنگ لەو ناوچانە ڕودەدات، خەڵکی کەرکوک تاڵان دەکرێت، فڕۆکەخانەکانی ھەرێم داخران بەحسابی خۆیان عێراق دێتەوە شارەکانی ھەرێمی کوردستان و سلێمانی و ئەوان لەژێر فەرمانڕەوایی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەسەڵات دەگرنەوە دەست، ئەم گروپ‌و ئاڕاستەیەی ناو یەکێتی، کە ئێستا ئەو خیانەتە گەورەیە دەکەن بەشێکیشیان سەرکردەن‌و پێشتر خەباتی شاخیان ھەبووە، بەڵام ئەوەی خیانەت دەکات گوێ ناداتە ڕابردووی خۆی بەلایەوە گرنگە ئێستا چی دەست دەکەوێت؟".

ھەروەھا وتی: "ھەتا ئەو گروپە خائینەی یەکێتی مابن مەترسی جدی لەسەر کوردستان ھەیە، چونکە بەردەوام ھەماھەنگی عێراقن‌و دەیانەوێت سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بھێننەوە ھەموو کوردستانی تەسلیم بکەن بۆ نەھێشتنی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی کوردستان".

شێخ جەعفەر مستەفا وتیشی: "ئێستاش ئومێدمان یەکڕیزی میللەت و ساڕێزکردنی برینەکانە، ئەگەرنا ئەمڕۆ بێت یا سبەی دەبێت بەخەڵک بڵێین ئەو گروپە خائینە کێن، کە ھەماھەنگییان لەگەڵ عیراق و حەشدی شەعبی ھەیە کۆبوونەوەیان لەبەغدا و کەرکوک و سلێمانی لەگەڵ کردون‌و دەیانەوێت دەستی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بگرن بیانھێننەوە شارەکانی کوردستان."

بەبڕوای شێخ جەعفەر شێخ مستەفا تا ئێستاش مەترسی ھاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەسەر ھەرێمی کوردستان ماوە وتی: "ھەتا ئەو گروپە مابن ئەو مەترسیە بەردەوام لەسەر کوردستان ھەیە چونکە ئەوان لە موئامارەی خۆیان ناکەون،،ئەگەر بڕوانن ئەو کەسانە لەڕابردودا فلسێک لەگیرفانیاندا نەبووە کەچی ئێستا بەسەدان ملیۆن دۆلار ناڵێن پارە،پارەی نەوتیان لایە وە تائێستاش لەو کەسانەی بچوکترین بەرژەوەندییان لەم وڵاتە ھەیە لەگەڵیان شەریکن و سەرانەیان لێ دەسێنن."

فەرماندەی ھێزەکانی حەفتای پێشمەرگە وتیشی: "ھەموو حیزب و لایەنەکان بەجەنابی کاک مەسعودیشەوە ئاگاداری ئەو خیانەتەی ئەو گروپەی یەکێتین، بەڵام وەک وتم دۆخی کوردستان نالەبارە، سەرکردەی ئەو حیزبانە بەرپرسانە نایەنە پێش بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، فەوزایەک لەکوردستان دروست بووە، کە ئەوان بەھەموو جۆرێک دەتوانن تەراتێنی تێدا بکەن"

شێخ جەعفەر مستەفا وەڵامی قسەکانی وتەکانی ئاراشی شێخ جەنگی دایەوە، کە پێشتر لەگەڵ دەنگی ئەمریکا باسی ڕووداوەکانی (١٦) ئۆکتۆبەری کردبوو، وتی: "وەک وتم ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکانە نەک کولاندنەوەی، ئاراسی شێخ جەنگی زۆر سەھووە، دەبوو باسی ئەوە بکات بەپێچەوانەوە ئەو بەئێمەی وت: بەرگری مەکەن با سوپای عَیراق و حەشدی شەعبی بێنە کەرکوک، بەڵام ئێمە پێمان وت سازش لەسەر یەک بست خاکی کوردستان ناکەین‌و بێ بەرگری چۆڵی ناکەین، دەبوو باسی ڕۆڵی خراپی خۆی بکات، کە کۆبوونەوەی لەگەڵ عێراق‌و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کرد لەپێشپر تا بیانھێنێتە کەرکوک بەس دووبارەی دەکەمەوە کاتی کولاندنەوەی ئەو برینانە نییە."

ھاوکات وتیشی "ھۆکاری (١٦)ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکو خیانەتی ئەو گروپەی یەکێتی بوو، ئێستاش ئەگەر ڕیفراندۆم بکرێت، بزانم زیانی زیاتر دەکەین نەک یەک پەنجە ھەر دە پەنجەکەم دەکەم بە مەرەکەبەکەدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام ئەوانەی لەسەرەتاوە دژی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی بوون ئەوانە بوون، کە ھاوکار و ھەماھەنگی سوپای عیراق و حەشدی شەعبیان دەکرد تا بیانھێننەوە شارەکانی کوردستان و وەک شارەکانی عیراقی لێبکەن ."

شێخ جەعفەر مستەفا جەختی لەوەکردەوە، ئەگەر ڕۆژێک ئەم دۆخە نالەبارەی کوردستان نەمێنێت دادگایەکی نیشتمانی پێکبھێنرێت، "دەبێت لەدنیادا سزای خائین چییە ئەوانیش ھەمان سزا بدرێن."

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتیشی: "ئەم گروپەی یەکێتی ئەگەر لەسەردەمی شاخدا ئەوەیان بکردایە ھاوکاری حکومەتی عێراقی بکەن ئەوا ھەموویان ڕەمی دەکران و دەکوژران، ئەگەر مام جەلالیش بمایە ھەموویانی وەک خائین سزا دەدا."


1516بینین‌‌‌
9 مانگ پێشتر - Dec 27 2017 3:07PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ