کوردستان

مەلا بەختیار: هیچ بەڵێنێك، ناتوانێ‌ سكی برسی خەڵك تێر بكات



"ئایا ئەوەی ئێستا لەشەقام دەگوزەرێ، تێکەڵاوکردنی ئەجێندای سیاسی نییە، بەداواو داخوازییە رەواکانی خەڵک؟!"

گروپی ئاشتی، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی، سەردانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی دەکەن‌و لەبەرامبەریشدا، مەلا بەختیار، دەستخۆشی ئاراستەی گروپەکە دەکات‌و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە گروپەکە بەدەستپێشخەریی‌و بەرۆحییەتی پاکی خۆیان کۆبوونەتەوەو ناویان ناوە، لەکاتێکدا ئاشتی کۆمەڵایەتی‌و ئاشتی سیاسیشمان لەتێکچوندایەو ھەم دۆخی ئەمنی و عەسکەریشمان لەئاستی پێویستدا نییە. بۆیە ناوەکەتان لەجێگەی خۆیدایەو ئومێدەواریشین، ھەوڵەکانتان بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی ئاشتی سەرکەوتوو بێت. چونکە ھیچ شتێک بەبێ ئاشتی ناکرێت‌و ئەوەی ئاشتیش بەدیدەھێنێت، راستە شەڕ تێکیدەدات، بەڵام جارێکی تر ھەر ئاشتی بونیادی دەنێتەوە.
ھەر لەکۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ گروپی ئاشتی، کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (٢٦/١٢/٢٠١٧) بەڕێوەچوو، تیایدا گروپی ئاشتی، ئاماژەیان بۆ ئەوە ئەکرد، کە گروپەکەیان لەرۆشنبیران، ھونەرمەندان‌و ژمارەیەک لەچالاکوانەکانی کاری رێکخراوەیی پێکھاتووەو رونیشیانکردەوە، کە پێکھێنانی گروپی ئاشتی سەرەنجامی درککردنیانە بەو مەترسییانەی روویان لەکوردستان‌و بەتایبەت سلێمانی ‌و ئەو مەترسییە ناوخۆییانەشی لەسەر کۆی ئەزمونی کوردستان ھەیە.
گروپی ئاشتی، جەختیانکردەوە، کە گروپەکەیان خۆبەخشانە و لەپای خەمخۆریانە بۆ ئەو دۆخەی لەئارادایەو ھاوکات ئاماژەشیان بەپشتیوانی کەسایەتی دیاری چین‌و توێژە جیاوازەکان کرد بۆ گروپەکەیان لەپێناو ئارامکردنەوەی دۆخەکەو تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە ھەیە.
راشیانگەیاند: لەناو ئەو شەقامەی توڕەیەی کە ئێستا دروستبووە،گرفت‌و قەیرانەکان جیاوازە لەناڕەزایەتییەکانی حەڤدەی شوبات‌و ئەو لایەنانەی لەپشت ناڕەزایەتییەکانەوە بوون. بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە بەشی زۆری بۆ قەیرانی دارایی‌و ئابوری ‌و بێکاری دەگەڕێتەوەو لەنێویشیاندا، مەترسیان لەدەسەتی دەرەکی‌و ناوخۆیی بۆ تێکدانی دۆخەکە نەشاردەوەو جەختیشیان کردەوە:
وەک گروپی ئاشتی لەگەڵ ھەموو دەنگێکی ناڕازیی‌و شەقامدایەن، بەمەرجێک مەدەنیانەو شارستانیانە داخوازییەکان رەواکان ئاراستە دەسەڵات‌و حکومەت بکەین، نەک بەبارەگا سوتاندن‌و ئاژاوە نانەوە.
ھەروەک ئامانجێکی تری گرپوەکەیان خستەڕوو، کە رووکردنە دەسەڵات‌و لەنێویشیاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کە لەناو ئەو شەقامە توڕەیەدا، لەبەرامبەر ئەو بێ متمانەییە کە لەناو حکومەتدا بەرامبەر بەشەقام ھەیەو زمانێک نەماوە بەزمانی گفتوگۆو لێکتێگەیشتن. لەو رووەشەوە، ھێمایان بۆ کاریگەری مییدیا ‌و بێباکی ھەندێک لەراگەیاندنەکان کرد لەسەر خەڵک‌و شەقام‌و لەو پێناوەشدا پێویستی پاراستنی ئیتیکی رۆژنامەنوسیان تەئکید کردەوە.
ھەروەک بەیاننامەیەکی گروپەکەیان ئاراستەی دەتەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی کرد، کە تیایدا بەشێک لەداواو ویستەکانی شەقامی لەخۆگرتبوو.
لەبەرامبەر داخوازیی‌و ئامانجەکانی گروپی ئاشتی، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لەدۆخێکی ئاوادا بەتایبەتی دوو تێڕوانین زۆر گرنگە، یەکەم باری بابەتی و دووەو ئەلتەرناتیڤ‌و و وتی:ئەگەر ھەلومەرجی بابەتی لێکنەدرایەوە، لەڕووی خودییەوە ھەر شیکردنەوەو تێڕوانینێکت ھەبێ، ئەوا وەکو ئامانجەکان خۆی نایەتەدیی‌و دووەھەمیش، ھەر کێشەیەک سیاسی، یان سیستەم بێ، یان ھەر کێشەیەک کە پەیوەندی بەچارەنوسی خەڵکەوە ھەبێ، ئەگەر ئەلتەرناتیڤەکەی ئامادە نەکرابوو، دەستکاری نەخۆشیی، کێشەکە نەکرێ باشە، چونکە قسە تەنھا بۆ قسەکردن نییە، بەڵکو دەبێ بۆ چارەسەربێت. چونکە رەخنە بەتەنھا بۆ رەخنە نییە، بەڵکو ھەموو کارو کردەوەیەک لەپێناو ئامانجێکدایە کە پێویستە بەدیبێت.
لەو تێڕوانینەشەوە، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی، خوێندنەوەی بۆ ھەلومەرجی بابەتی ئێستاو ئەلتەرناتیڤەکەشی خستەڕوو، تیایدا رونیکردەوە کە ھەڵەیە ئەگەر بەتەنھا ریفراندۆم و راپرسی بەمایەی ئەم دۆخەی ئێستا بزانین، چونکە ھەلومەرجی دنیا خراپەو ئێستا لەدنیادا جیھانبینییەک نییە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ناوچەیەو ھەر ئەو ھەلومەرجە بابەتییەش بوو بەداخەوە یارمەتی میللەتەکەمانی نەدا، نە بۆ سیاسەت، نە بۆ ئابوری‌و نە بۆ ریفراندۆم‌و راپرسی‌و ھێنانەدی بەشێک لەئامانجەکانی ‌و لەو بڕوایەشەوە، رونیکردەوە کە: سیاسەت قسە فڕێدان‌و رق ھەڵڕشتن نییە، بەڵکو زانستەو ھاوکێشەیەو پەیوەستە بەچارەنوسی نەتەوەوە.
ھاوکات لەگەڵ خوێندنەوەی مەترسییە تائیفەکان، بەپێویستی زانی کە ھەلومەرجی بابەتی لەبەرچاو بگیرێت، چونکە ھەڵەیە ئەگەر بەتەنھا ھەموو ھەڵەکان لەسەر یەک کەڵەکە بکەین‌و بیخەینە ئەستۆی ئەم حکومەتە، بەڵکو بەشێکی زۆری ھەڵەکانی ئێستا، ھی ئەو کاتەیە کە حکومەتی کوردستان، حکومەتێکی ھەبوو بوو، بۆیە سەرەنجانی ھەڵەکان‌و کەڵەکە بوونی کەموکوڕییەکان بەبنبەست گەیشتین.
راشیگەیاند: حکومەتێکی ئێستای کوردستان و ھەر حکومەتێکی تر، ناتوانێ بەداری ئەفسونی کێشەو قەیرانەکان چارەسەر بکات، بۆیە دەبێ حکومەتی ھەرێم بەزوترین کات بەدوای چارەسەردا بگەڕێت ‌و لەو رووەشەوە، پێشنیازەکانی بۆ حکومەت خستەوەڕوو، کە پێشترو لەرۆژنامەو مییدکانەوە بڵاویکردونەتەوەوجەختیشیکردەوە، کە:
ھیچ بەڵێنێک، ناتوانێ سکی برسی خەڵک تێر بکات، بۆیە ھەقی خەڵکیشە کە شارستانیانە و لەشەقامەوە داواو داخوازییە رەواکانی ئاراستەی حکومەت بکات و وتیشی: ئایا ئەوەی ئێستا لەشەقام دەگوزەرێ، تێکەڵاوکردنی ئەجێندای سیاسی نییە، بەداواو داخوازییە رەواکانی خەڵک؟!


633بینین‌‌‌
9 مانگ پێشتر - Dec 26 2017 6:43PM
Print Friendly and PDF