سۆشیال میدیا

یەکێتیی مەسوتێنن


د.بەختیارشاوەیس
لەم دۆخە پرلەئاڵۆز و نەخوازراوەی کەبەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی گرتوەتەوە ، ھەموولایەک چاویان لەنەمانی یەکێتیی یە زیاد لەوەی کە چاوەروانی باشکردنی موچەی فەرمانبەران بن. ئەوەندەی دەیانەوێت حیزبەکەی مام بدەنە سەرزەوی و ھەناسەی یەکجاری لێببرن بەنیو ھێندە نایانەوێت دەستی ھەژارێک بگرن و لەتەنانێکی بدەنێ ، یان ناخوازن پێشمەرگەیەکی ماندوی دوای شەری داعش بحەسێننەوە. سەیرەکە لەوەدایە کە ئەم یەکێتییە ھێندە بەھێزە تەنانەت نەک دژ و رکابەر و نەیارەکانی ،بەڵکو دەبینین کە لەھەندێک بارەگای خۆیەوە ئاگر لە خۆی بەردەدرێت یان لەسەر مێزو سفرەی رازاوەی پارەی یەکێتییەوە ھانی ناحەزەکانی دەدرێت پەلاماری ماڵەسەوزەکە بدرێت و بسوتێت و بەڵام یەکێتیی گڕ ناگرێت.
پرسیارە زیندوەکە ئەوەیە ؛ کادیر وپێشمەرگەکانی یەکێتیی وەک خۆپیشاندەران بێموچەن. بارەگاکان بێکارەبا و سارد و سڕن زۆپاو مۆلیدەکانی مەڵبەندوکۆمیتەکان نەوت و گاز نیە تێیبکەن، کەواتە ئەی بۆ دەبێت یەکێتیی بکرێتە ئامانج و بسوتێنرێت؟
ھەر بەراست تۆ بڵێی نەزانن کە حکومەت و وەزارەتەکان بەرپرسن لە دابینکردنی موچە و کارەباو نەوت و خزمەتگوزاری یە سەرەتاییەکان؟
ئەی نازانن لەم حکومەتە یەکێتییەکەی مام بە ۱۸ کورسی پەرلەمان بەشدارە و دەبێت ئەگەر حەق و حسابیش بێت ھەر لایەو بەپێی قەبارەی خۆی شکستی بەر بکەوێت و دادگایی بکرێت؟
ئەی تۆ بڵێی لەیادیانچوو بێت کاتێک پارتی و گۆران ئەم کابینەیەیان دروستکرد ، یەکێتیی لەماڵ کرابوە دەر و وەک حیزبێکی بێکەس و بێدەرەتان سەیریان دەکرد و لە کۆبونەوەی ژوورە داخراوەکان بە گاڵتەوە ئەمیان وتی ئێکەتی نەماوە و ئەویتریان سەری بۆ لەقاندوو وتی ئاخر و ئۆخرەکەیەتی ؟ ھەر بەراست تۆ بڵێی لەبیریان کردبێت کە لەیەکەم کۆبونەوەی ئەم خولەی پەرلەماندا سەرۆکی پەرلەمان وتی پەرلەمان کەوتەوە دەست ھاوڵاتیان و بوە مانشێتی تیڤی و کەناڵەکانی راگەیاندنیان و وەک پاڵەوانی جەنگ خۆیان نمایش دەکرد؟
ئەی بیرتانچوو ئەم حکومەتە بەھەموو 
کەموکورتیەکانیەوە بەرھەمی ۳۸ کورسی پارتی و ۲٤ کورسی گۆڕان و ۱۸ کورسی یەکێتیی و ۱٠ کورسی یەکگرتوو و ٦ کورسی کۆمەڵی ئیسلامیە، کەدەبێت ھەر لایەنێک بەقەدەر حەجمی خۆی لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت
دوای ئەوەی کەبۆتان دەرکەوت یەکێتیی لەکاتی ژان دەگەشێتەوە و لە زریاندا ھەڵدەچێت و لەھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق خەونەکەتانی خستە گۆرەوە ، ئیتر مانگی ھەنگوینی رێکەوتنەکەی ساڵی ۲٠۱٤ کۆتایی ھات و کەوتنە وێزەی یەکتر و بەڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بۆ چونە ھەولێرو دەرکردنی وەزیرەکانی گۆران لەلایەن پارتی تا دەگاتە رووداوەکانی دواتر ئەم رۆژە رەشەتان بۆ ئەم میللەتە دروستکرد. 
ئێستا بۆ پەلاماری کادیر و کۆمیتەکانی یەکێتیی دەدەن؟ ئەی نازانن مناڵەکانی ئەوانیش پارەیان پێنیە بچن بۆ خوێندنگە، یان بچن بۆ لای پزیشک کە نەخۆش دەبن؟
یەکێتیی کە لەھەناوی خەڵک دروستبوە و ھێڵە 
گشتیەکانی سیاسەتی لەسەر خزمەتی خەڵک و مافە رەواکانی جەماوەر دارشتوە ، چۆن لەگەڵ خەڵکی ھەژار نابێت و پشتیوانیان لێناکات، چۆن دەتوانێت ھاوڵاتی کورد بکوژێ ئەگەر نەک بارەگایەک و دوان و سیان بەڵکو ھەموو بارەگاکانیشی بسوتێ ، ئەی نازانن ھێشتا خۆڵی سەرگۆری شێرکۆی فاتح شوانی و حسین مەنسوور و ێلاح دیلمانی و سەدان ھاورێی تریان وشک نەبوتەوە کەتاکە ئامانجیان ئەوە بوو خوێنی گەنج و منداڵ و پیاوی کورد نەرژێت و بەدەستی شەمشەمەکوێرەکانی داعش ئەتکی ژن و کچەکانمان نەکرێت ، ئیتر چۆن ھاوسەنگەرەکانیان دەستیان دەچێتە خوێنی خزم و کەسوکارو ھاوڵاتیەکانیان ، بەڵام خۆ دەبێت ئەجێندای سیاسی و پروپاگەندەی پێشوەختی ھەڵبژاردن لە ئامانجی راستەقینەی خەڵکی نارازی جیابکرێتەوە
کە دێن دەمانسوتێنن خۆ دەبێت کادیرەکانمان بڵێن ئێمەش وەک ئێوە بێموچە و بێدەرەتانین ، بڵێن کۆمیتە وەزارەت نیە ، دەبێت بڵێن بەھێمنی و دوور لەسوتاندن برۆن لەھەولێر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و دارایی و دەسەڵاتەکان بونیان ھەیە و داوای نەوتی دزراو و موچەی فەوتاوتان بکەن
ئەم ئەجێندایە ھێندە داخ لەدڵە بۆ یەکێتیی و زۆنی سەوز ، فەرمانگەی کارەبا دەسوتێنێت و داوای چاککردنی کارەبا دەکات ، ئاسایش ئەسوتێنێت و داوای سەلامەتی و ئارامی دەکات ، بۆری ئاو دەشکێنێت و ھاواری بێئاوی دەکات ، فایل و ئەوراقی مەحکەمە ھەپرون بە ھەپرون دەکات و داوای عەدالەت دەکات. قائیم قامیەت دەروخێنێت و داوای دەوڵەتی دامەزراوەیی دەکات ، پێشمەرگە دەکاتە میلیشیاو داوای ھاتنی حەشدی شەعبی دەکات
یەکێتیی مەسوتێنن ، ھێندەی نەماوە و لە ھەڵبژاردن بەشێوەیەکی دیموکراسیانە ئیرادەی خۆتان لەسندوقەکانی دەنگدان دەرببرن ، یەکێتیی مەسوتێنن دواتر ھەموان بەسلێمانی و کەرکوک و ھەولێر و دھۆکەوە باجی بێ یەکێتیبوون دەدەین ، ئەی نازانن ئەوەی کە روودەدات دەرەنجامی کەمبونی دەنگەکانی ئەم حیزبەیە لە ھەڵبژاردنەکانی ۲٠۱۳/۹/۲۱ و ھەبوونی لاسەنگی ھێزە لەکوردستان کە دواجار بەسوتانی یەکێتیی ئەوەیشی کەلەم ھەرێمە ماوە دەسوتێت



875بینین‌‌‌
9 مانگ پێشتر - Dec 22 2017 7:24PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ