کەرکوک

ئەندام پەرلەمانە کەرکوکیەکان لە فراکسیۆنی یەکێتی رەوشی کەرکوک ئارام نیە



سێ پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە دەکەن، کە ماڵی کورد و ئۆتۆمبێلی خەڵکی کورد لە داقوق دەتەقێنرێتەوە.


ئەمڕۆ لە نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە شاری کەرکوک بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان لەسەر ڕەوشی داقوق و ناوچە دابڕاوەکان ڕێکخست.


لە سەرەتادا محەمەد عوسمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی وتی:"دەمانەوێت ئەو ڕووداوانەی کە ڕوو دەدەن بۆ ھەموو کەسی ئاشکرا بکەین، شەوی ڕابردوو کاتژمێر دە لە بەردەم ماڵێکی کورد لە شارۆچکەی داقوق ئۆتۆمبێلی کوردێکیان تەقاندەوە، ھەر دوای ئەو ڕووداوە کاتژمێر سێی شەو خانویەکی کوردیان لە ھەمان شارۆچکە تەقاندەوە".


وتیشی: ئێمە لێرەوە بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین ئەم ھێرشانەی لە داقوق ڕوودەدات یان ئەو ھێزەی لەوێن خۆیان ئەم کارە ئەنجام دەدەن یاخود دەبێت ڕایبگەیەنن کە ئەو سنورەیان بۆ ناپارێزرێت، بۆیە ئێمە لێرەوە داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین ھێزێکی قارەمان و پرچەکی پێشمەرگە بێتە ناو داقوقەوە بۆ پاراستنی سەروماڵی کورد و ھەموو پێکھاتەکان.


ئەوەشی وت: "بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین نە لە ڕابردوو نە ئێستا و بۆ داھاتووش مومکین نیە ھیچ شارێکی کوردستانی چۆڵ بکەین، مومکین نیە بۆ کەس بەجێی بێڵین، ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ دەستور و بۆ یاسا بە پێی دەستور مامەڵە دەکەین، دەستور پێمان دەڵێت دەبێت ھێزێکی ھاوبەش لەو سنورانە ھەبن بۆ پاراستنی ھەموو خەڵکی، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات نە دەستورە نە یاسایە.


دواتر بێستون عادل ئەندامی پەرلەمانی عێراق ھەر لەسەر لیستی یەکێتی وتی: "سەرجەم ئەو خروقاتانەی لەم ماوەیەی ڕابردوو کە تۆمار کراوە لە کەرکوک و لە دووزخورماتوو و لە داقوق، لە ھەموو ئەو شوێنانەی تر کە خروقاتی لێکراوە ئێمە کردومانە بە دۆکیومێنت و دەیدەینە دادگای ناوەندی و سەرۆک وەزیران و نەتەوە یەکگرتوەکان و یونامی و ھەموو ئەو شوێنانەی کە مەبەستمانە بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامێک وەرگرین و لەوەش زیاتر قبوڵ ناکەین خروقات بکرێت.


ھەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا شوان داودی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق قسەی کرد و وتی: "دیارە دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبونەوەی یەکێتی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان لە کەرکوک دواتر کۆبونەوەی ھەموو حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک بە کۆمەڵێک بڕیار گەیشتوین، یەکێک لەو بڕیارانە ئەوەیە شاندێک پێکبھێندرێت بۆ سەردانی بەغدا وەکو کوردی کەرکوک، ئەو شاندەش پەرلەمانتارەکانی کەرکوکی تێدایە لەگەڵ چەند سەرکردایەتیەکی یەکێتی".


894بینین‌‌‌
8 مانگ پێشتر - Dec 20 2017 11:18PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ