راپۆرت و لێکۆڵینەوە

قودس و بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ


ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەکان
نووسینی: دەیڤید ماکوفسکی و دەینیس ڕووس
سەرچاوە The Washington Institute for Near East Policy

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ٦ی دیسەمبەر ڕاگەیاندنێک لەسەر قودس دەدات، کە تیایدا جەخت لەوە دەکاتەوە قودس پایتەختی ڕەسمیی ئیسرائیلە. بەڵام کاتێک قسەکردن دێتە سەر درووستکردنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل، فەڵەستینییەکان و دەوڵەتانی عەرەبی، ھیچ شتێک بە ئەندازەی پرسی قودس ھەستیار نییە، بۆیە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ دەخوازێت پارێزگاری لە "ئامانجی کۆتایی" کە درووستکردنی ئاشتی و سەقامگیرییە بکات ئەوا پێویستە زۆر بە ئاگایانە لێدوان و بڕیارەکانی ھەڵبژێرێت.
یەکەم/ ترەمپ پێویستە ئەوە ڕوون بکاتەوە و دان بە ڕاستییەکدا دەنێت کە زۆربەی دەوڵەتان و ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەمێکە وەک حەقیقەت و واقعێک قبووڵیان کردووە: چونکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنووری داھاتووی شارەکە و ڕەوشی شارەکە لە ‌دوای بڕیارەکەی ئەمەریکا، ئەوا بە لایەنی کەمەوە بەشێک لە شارەکە ھەمیشە و بەردەوام وەک بەشێک لە پایتەختی ئیسرائیل دەمێنێتەوە. واشنتۆن و وڵاتانی تر بەردەوام کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە حکومەتی ئیسرائیل قودسی وەک پایتەختی دەوڵەتەکەی ڕاگەیاندووە، بە ‌دیاریکراوی دوای جەنگی ١٩٤٨ و دابەشکردنی شارەکە. ھاوکات، سەرۆکەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا– بە دیموکرات و کۆمارییەکانەوە– بەردەوام وەک یەک وتاریان پێشکەش کردووە لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست - Knesset) لە قودس، ھەروەھا وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا بەردەوام چاویان کەوتووە بە سەرۆکوەزیرانەکانی ئیسرائیل لە ئۆڤیسی خۆی لە قودس، بەھەمان شێوە ھاوشانە دیبلۆماتەکانیان لە وڵاتانی تر بەھەمان شێوە لەو شارە بەرپرسانی ئیسرائیلیان بینیوە.
لە جەنگی ١٩٦٧، ئیسرائیل بەتەواوی کۆنتڕۆڵی بەشی ڕۆژھەڵاتی شارەکەی کرد، دواتر بەرە بەرە سنوری جوگرافی شارەوانی خۆی لە شارەکە فراوانکرد. ھەر لەکاتی ڕێککەوتننامەی کامپ دەیڤید لە ئەیلولی ١٩٧٨ەوە، حکومەتی ئیسرائیل ڕەزامەندی پیشان داوە لەسەر گفتوگۆکردن تایبەت بە مامەڵەکردنی کۆتایی لەسەر قودس وەک بەشێک لە گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان. بۆیە لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام ئیدارەکانی ئەمەریکا ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ھەڵوێستی کۆتایی لەسەر ڕەوشی شارەکە وەرناگرن تا ئەوکاتەی ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان لە گفتوگۆکانی نێوان خۆیان ئەو پرسە یەکلای نەکەنەوە. بەڵام کاتێک لە ساڵی ١٩٩٥ کۆنگرێس پرۆژە یاسایەکی پەسەندکرد تایبەت بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەلئەبیب بۆ قودس، ئیدارەی کلینتۆن دەستی کرد بە گفتوگۆکردن لەسەر لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا. گرتنەبەری ھەنگاوێکی لەوجۆرە لە ‌لایەن ئیدارەی کلینتۆنەوە تەنھا لەبەر پاراستنی دەسەڵات و سیاسەتی جێبەجیکردنی خۆی نەبوو، بەڵکو بۆ ڕێگەدان بوو بەوەی کە سەرۆک بتوانێت دەستنیشانی ئەوە بکات گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی تا چ ئەندازەیە خزمەت بە بەرژەوەندی ولایەتە یەکگرتووەکان دەکات و یارمەتیدەرە بۆ پێشخستنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە. دواتر کۆنگرێس داوای لە ئیدارەکانی تر کرد بۆ کارکردن لەسەر لێکەوتە ئەمنییەکانی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا بۆ قودس لەماوەی شەش مانگ دا، بەڵام دواتر ئەو ماوەیە درێژکرایەوە بۆ تەواوی سەرۆکەکانی تر لەناویاندا دۆناڵد ترەمپ– ئەوە بڕیاری دا کە سازشکردن لەسەر ئەو بڕیارە بەھۆی لێکەوتە ئەمنییەکانەوە ئەبێتە ھۆی ڕێگەدان بە دوژمنانی ئاشتی بۆ ئیستغلالکردنی داننانی ڕەسمی ئەمەریکا بە قودس، و ورووژاندنی توندوتیژی و لەباربردنی ھەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ بنیادنانی ئاشتی.
ئایا ھیچ شتێک لەم سیاسەتانە گۆڕاوە؟ چەند شتێکی کەم.(١) ھیچ گفتوگۆیەکی جدی بۆ بنیادنانی ئاشتی لە ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ەوە ئەنجام نەدراوە. (٢) یونسکۆ و کۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین بڕیاری بەسیاسیکراوی دەرکردووە کە پەیوەندی مێژوویی جوولەکە بەشارەکەوە لادەبات، کە ئاڵنگارییەکی جدی بۆ بونیادی عەقیدەی یەھودییەکان درووست کردووە. بۆ نموونە لە بڕیارێکی کۆمەڵی گشتیدا لە ٣٠ی نۆڤەمبەردا دەرکراوە، بانگھێشتی تەواوی دەوڵەتان دەکات بۆ ڕێرگرتن لە"پێگەی مێژووی ناوچەی پیرۆزی قودس، لەناویاندا حەرەمی شەریف بە ووشە و بەکردار." بە ‌دڵنیاییەوە حەرەم شوێنێکی پیرۆزی موسڵمانەکانە لەوانەش مزگەوتی ئەقسا، ئەو شوێنەی کە پێغەمبەر لێوەی سەرکەوت بۆ ئاسمانەکان. بەڵام ھاوکات قودس شوێنێکی پیرۆزە بۆ یەھودییەکان، پەرستگای چیا " Temple Mount " کە (لای موسڵمانەکان پێی دەوترێت حەرەمی شەریف)، کە لە بڕیارەکەی کۆمەڵی گشتیدا بە ھیچ شێوەیەک ئاماژەی بەوە نەکراوە ناوچەیەک مافی یەھودییەکانی تێدایە.
جێگەی سەرسوڕمان نییە کە، ھەنگاوەکانی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەی توندی لێ دەکەوێتەوە. یەکێک لە بەڵێنەکانی ترەمپ لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ئەوە بوو کە ھەڵوێستی جدی دەبێت لەسەر پەیوەندی یەھودییەکان بە شاری قودسەوە و ھاوشێوەی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد باڵوێزخانەی وڵاتەکەی دەگوازێتەوە بۆ قودس. سەرەڕای ئەوەی ترەمپ واژووی لەسەر بەدواداچوون و سازشەکانی بەرامبەر بە بڕیارەکەی کرد لە مانگی حوزەیران، بەڵام بە ‌پێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان لە چاوپێکەوتنەکانی بەرپرسە ڕەسمییەکانی ئەمەریکا، ئەشێت ترەمپ دووبارە داوای ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی لێکەوتەکانی بڕیارەکەی وڵاتەکەی بکات. لە ھەموو ئەگەرەکاندا، ھێشتا ترەمپ لەو بڕوایەدایە کە سەرکردەی وڵاتانی عەرەب ھەڵە لێکدانەوە بۆ بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی بۆ قودس دەکەن و ئەشێت ببێتە ھۆی لاوازکردنی ھەوڵەکانی ئێستای ئیدارەکەی بۆ درووستکردنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان.
بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە سیاسییەکانی ئەو بڕیارەی دەری دەکات و بۆ ئەوەی پیشانی بدات کە جیاوازە لە سەرۆکەکانی پێشووی ولایەتە یەکگرتووەکان، ئەشێت سەرۆک ترەمپ ئامادەگی خۆی پیشان بدات بۆ ڕاگەیاندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل. لەگەڵ ئەوەشدا ھۆکاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی ولایەتە یەکگرتووەکان بۆ قودس زۆر ھەستیارە، بەھۆی ئەوەی ئەبێتە ئاماژەی سەرەکی ھەڵویستی ئەمەریکا لەسەر ڕەوشی کۆتای شارەکە. بۆیە ئەگەر ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ ھەمان ھەستیاری درووست بکات، ئەوا ڕەنگە ترەمپ ھەوڵەکانی بۆ درووستکردنی ئاشتی بەرەو لاوازبوون بڕوات وەک لەوەی پارێزگاری لێ بکات.
بۆ خۆبەدوورگرتن لەم دەرەنجامەش، پێویستە سەرۆک ترەمپ ئاماژە بەوە بدات کە ئەم ڕاگەیاندنە دەستنیشانکردنی کۆتای ڕەوش و سنووری جوگرافی قودس نییە و بڕیاری کۆتای لەسەر چارەنووسی شارەکە ھێشتا پێویستە لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و عەرەبەکان (لەناویاندا، ئوردن کە ڕۆڵ ھەبووە لە ناساندنی ئەو شوێنە پیرۆزە وەک بەشێک لە ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل) دەدرێت. بەواتایەکی تر، ترەمپ دان بەوەدا بنێت کە قودس ھەمیشە پایتەختی ئیسرائیل دەبێت، بەڵام بڕیاری کۆتای لەسەر ئەو شارە لە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ھەردوولا بڕیاری لێدەدرێت.
کێشانی ئەم جیاوازییە زۆر گرنگە، چونکە لە دیدێکی عاتفییەوە کە ھەموو لایەنەکان لەسەر قودس وەریدەگرن، ئەوا ھەر بڕیارێک لەلایەن ئەمەریکاوە ئەشێت لێکدانەوەی ھەڵەی بۆ بکرێت لە ‌لایەن توندڕەوەکانەوە و توندوتیژی لێ بکەوێتەوە. بۆ نموونە کاتێک ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٩٦ ھەستا بە داخستنی تونێلەکە لەشارە کۆنەکە، یاسر عەرەفات بانگەشەی ئەوەی کرد ئیسرائیل پێشێلی پیرۆزییەکانی حەرەمی شەریفی کردووە. بەڵام بانگەشەکانی ناڕاست بوون، تەنھا ئامانج لێی ھاندانی جەماوەر بوو بۆ ناڕەزایی و خۆپیشاندان بووە کە بۆ چەند ھەفتەیەک بەردەوام بوو و گیان لەدەستدانی ٧٠ فەڵەستینی و حەڤدە سەربازی ئیسرائیلی لێکەوتەوە. ھەروەھا، ھاوینی ڕابردوو ناڕەزای و ئاژاوەگێری زیاتر سەری ھەڵدا کاتێک حکومەتی ئیسرائیل ھەستا بە دانانی ئامێری ئاشکراکردنی ماددەکان لەسەر دەرگاکانی حەرەمی شەریف. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە جێگیرکردنی ئەو ئامێرانەیان بە کارێکی لۆژیکی دانا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کوشتنی دوو پۆلیسی سنوری ئیسرائیلی لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە دوای ئەوەی بە قاچاخ چەک و تەقەمەنیان بردبووە ناو حەرەمی شەریفەوە، ھەمان ئامێری ئاشکراکەر لە زۆربەی مزگەوتەکانی ناوچەی پیرۆز زۆر دەمێکە جێگیرکراون لەوانە مەککەی پیرۆز (لە سعوودییە). بەڵام ھێشتا زۆربەی فەڵەستینییەکان ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن ھەوڵی گۆڕینی ڕەوشی حەرەمی شەریف ئەدات، کە سەرەنجام بووە ھۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ھەستن بەلابردنی ڕێوشوێنە تازە ئەمنییەکان لە حەرەمی شەریف.
بە کورتی، ھیچ بڕیارێک جگە لە داننان بە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل سەرکردە عەرەبەکان ناخاتە دۆخی بەرگرییەوە، لەبەر ئەوەی ئیدارەی ترەمپ پێویستی بە ڕۆڵی ئەو سەرکردانە ھەیە لە نوێکردنەوەی ھەوڵەکانی بنیادنانی ئاشتی، بۆیە پێویستە واشنتۆن دوور بکەوێتەوە لە ھەر کارێک کە کۆسپ بخاتە بەردەم گفتوگۆکان و ھەڵوێستی ئیسرائیل لەسەر شارەکە تەبەنی بکات. بۆیە ئاڵنگارییەکان بۆ سەرۆک ڕوونە: کە داننانە بە ڕاستییەکی واقعی، بەڵام ھەڵوێستی کۆتایی لەسەر ڕەوشی شارەکە وەرنەگرێت.


198بینین‌‌‌
مانگ پێشتر - Dec 16 2017 6:40PM
Print Friendly and PDF