رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەردۆغان هێرشی توند دەکاتە سەر ئیسرائیل و ئەمەریکا


سەرۆکی تورکیا ئیسرائیلی بە وڵاتێکی داگیرکەری تێرۆرست ناودێرکرد و ئەمەریکاشی تاوانبارکرد بەوەی پاداشتی ئیسرائیل دەکات لەسەر ھێرشەکانی لە دژی فەڵەستینیـیەکان.

ڕجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی کۆنگرەی ئیسلامی بۆ پشتیوانی لە فەڵەستینیـیەکان گوتیشی ئیسرائیلییەکان منداڵانی تەمەن ١٤ ساڵ یان ١٠ ساڵ دەسـتگیردەکەن. وێنەیەکی پـێشانی ئامادەبووان دا کە تیایدا ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی نەوجەوانێکی فەڵەستینیـیان چاوبەست کردووە. گوتی ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئیسرائیل وڵاتێکی داگیرکەری تێرۆرستە.

پاشان سەرگۆنەی ئەمەریکای کرد لەسەر بڕیارەکەی ھەفتەی ڕابردووی سەرۆک ترامپ بۆ دانانی ئۆرشەلیم بە پایتەختی ئیسرائیل، گوتی لە پاش ئەوەی ئیسرائیلیـیەکان فەڵەستینیـیەکان لە ماڵەکانیان دەربەدەر دەکەن و دەکوژن و کاری تێرۆرستی دەکەن، ئەمەریکا پاداشتی ئیسرائیل دەکات.

ئەردۆغان بڕیارەکەی سەرۆک ترامپی بەبێ بایەخ ناودێرکرد و گوتی ئەمەریکا تاکە وڵاتی جیھان نیـیە و ١٩٦ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەن. گوتیشی ڕاستە ئەمەریکا لە ڕووی چەک و تەقەمەنی بەھێزە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیـیە ھەمیشە بەھێزە، بەڵکو ئەوەی لەسەر حەقە بەھێزە.

پاشان ئەمەریکای تاوانبارکرد بەوەی کاری بۆ ئاشتی لە ناوچەکە نەکردووە، بەڵکو ھەنگاوی ھەڵەی ناوە کە ئاکامی مەترسیداریان ھەیە، لەوانە پشتگیری پەیەدە و یەپەگە و ڕێکخراوەکانی دیکەی سەر بە پەکەکە.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەمەریکا ٤ ھەزار ئۆتۆمبیلی بارھەڵگری پـڕچەکی بۆ یەپەگە ڕەوانەکردووە. گوتی چەندان جار سەرۆک ترامپی لەمە ئاگادارکردووەتەوە کە ناکرێت بە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی ڕێکخراوێکی تێرۆرستی دیکە لەناوببرێت. ئاگاھیشی دا لەوەی تورکیا لە بەرامبەر ئەم ھەنگاوانە دەستە وەستان نابێت.


583بینین‌‌‌
5 مانگ پێشتر - Dec 13 2017 9:26PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ