راپۆرت و لێکۆڵینەوە

شكستى ئه‌زمونی حكومڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان: هۆكارو سیناریۆكانی ئاینده


ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەکان
نوسینی، کارزان عومەر عەلی

پێشەکی..
ھەرێمی کوردستان لەئێستادا کەوتوەتە ناو دۆخێکی سیاسی و ئابووری زۆر مەترسیدارەوە ھۆکارەکەشی پەیوەستە بەو پەیوەندیە ئاڵۆز و نا رێکخراوەی لەنێوانی حزب و حکومەتدا ھەیە بەشێوەیەک لە ٢٦ ساڵی رابردووی ئەزمونی حکومرانی کوردیدا ھەمیشە یەکێک لە سیما دیار و لە ھەمانکاتدا خاڵە لاوازەکانی بریتی بووە لەوەی کە حزب کۆنترۆڵی کایە جیاوازەکانی کردوەو ئاستەنگێکی گەورە بووە لەبەردەم کاروبارەکانی حکومەتدا. ئەم شێوازە نا تەندروستە لە ئەزمونی حکومرانی کوردی لە کوردستانی عێراق ھەموو کەرتە جیاوازەکانی گرتۆتەوە. کەرتی پەروەردە، پیشەسازی، نەوت، ئابووری و بازرگانی، پەیوەندیە دیپلۆماسی و نوێنەرایەتیەکانی حکومەت، ھەروەھا لەگەڵ کەرتی خزمەتی سەربازی. لەکاتێکدا لەلایەن شارەزایان و چاودێرانی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکیەوە ھۆشداری دەدرا بەوەی کە ئەگەر ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەو شێوازە ناتەندروستە لە بەرێوەبردن و حکومرانێتی کردن بەردەوام بێت ئەوا چارەنوسی شکست و داڕوخان دەبێت. زۆر قسەر کرا لەسەر ئەوەی کە ئەزمونی دوو ئیدارەیی لەلایەک، کاریگەری کەسی یەکەمی حزبە سیاسیەکان بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و دامەزراوە فەرمیەکانی ھەرێم لەلایەکی دیکەوە، ئاماژەی مەترسیدارن بۆسەر کۆی ئەزمونەکە، بەلام ئەم ئاگادارکردنەوەیە کاربەدەستانی ھەرێمی رانەچڵەکاند تا ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم یاخود راستتر بڵێین سەرکردایەتی سیاسی کورد کەوتە بەردەم واقعی رووداوەکانی پاش شکتی ریفراندۆمی ٢٥ ئەیلول جگە لە دەستدانی ناوچە جێناکۆکەکان یاخود ئەوەی کە کورد پێی دەلێت ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم، فرۆکەخانەکان و سنورەکانیشی لەدەستدا. 
ئەم توێژینەوەیەک دەیەوێت وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ھەنوکەیی بداتەوە لە نمونەی : ھۆکارەکانی خراپی دۆخی سیاسی و ئابووری ئێستای ھەرێم چین؟، بۆچی نەتوانرا ھەموو ئەو دەستکەوتانەی بەدەستھاتبوون لە پێش ریفراندۆمە شکستخواردوەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ پارێزگارییان لێبکرێت؟ ھەروەھا توێژینەوەکە کار لەسەر گرنگترین سیناریۆکانی ئایندە دەکات سەبارەت  بە پرۆسەی سیاسی و پێگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پاش ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم. 

تەوەری یەکەم/ خراپی دۆخی سیاسی و ئابووری لە ھەرێم
-ناکۆکی و ململانێی حزبی ناتەندروست:
دۆخی سیاسی و ئابووری ئەمرۆکەی ھەرێم ھیچ کات ئەوەندە خراپ نەبووە. ھێزە سیاسیە سەرەکیەکانی کوردستان دابەشبوونیکی بەرچاو و گەورە لە نیوانیاندا ھەیە، دەسەلاتی سیاسی یاخود حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەرووی ئابووری و سیاسیەوە لەوپەری لاوازیدایە ھۆکارەکەشی پەیوەستە بە نا ئارامی ئاستی پەیوەندیە سیاسیەکانی نیوان لایەنە پێکھێنەرە سەرەکیەکانی. لێرەدا ھەوڵدەدەین ئاماژە بەگرنگترین ئەو ناکۆکیانەی نێوان پارتە سیاسیە کوردیە کاریگەری و خاوەن ھەژمونە جەماوەریەکان بدەین، کە بەھۆیەوە خراپی پەیوەندیە سیاسیەکانی نێوانیان کاریگەری راستەوخۆی ھەیە بەسەر خراپی دۆخی سیاسی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان. 
ناکرێت خۆمان لەو راستیە بەدوور بگرین کەوا ھۆکاری سەرەکی خراپی دۆخی ھەرێم بە پلەی سەرەکی لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانە چونکە مێژووی حکومرانێتی لە کوردستان لە ٢٦ ساڵی رابردوودا یەکسانە بە مێژووی رۆڵ و پێگەو کاریگەری ھەریەک لەم دوو پارتە. ئەم دوو پارتە خاوەن پێگەی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بەھێزن لە ھەرێم، مێژوویەکی دوورودرێژیان لە خەباتی چەکداری و خەباتی مەدەنی ھەیە. پەیوەندیەکانی ئەم دوو پارتە بەچەندین قۆناغی ھەڵکشان و داکشاندا رۆیشتوە لە ماوەی رابردودا، بۆ نمونە لە قۆناغێکدا لە شەری ناوخۆدان دژ بەیەک، بەلام لە قۆتاغێکی دیکەدا رێکەوتننامەی ستراتیژی لەنێوانیاندا ئیمزا دەکەن. واتا ھەردوکیان لە رووی مێژووییەوە بەرپرسیارێتیەکی گەورەیان لەسەرە سەبارەت بە ئیدارەکردنی ھەرێمی کوردستان. گەر لێرەدا ئەو پرسیارە بکرێت: بۆچی یەکێتی  و پارتی بە بەرپرسیاری سەرەکی ھەژماردەکرێن لە خراپی دۆخی سیاسی و ئابوری ئەمرۆکەی ھەرێمی کوردستان؟
١.ھەردوو حزب بە کۆڵەکەی سەرەکی پێکھێنەری حکومەت و پەرلەمانی  ھەرێمی کوردستان دادەنرێن. واتا پێکھێنەری سەرەکی ئەم ئەزمونەی حکومرانین لە ھەرێمی کوردستان بەھەموو لایەنە باش و خراپیەکانیەوە. ئەم دووحزبە لەماوەی خەباتی چەکداری و خەباتی مەدەنیاندا بەردەوام لە ململانێی و رکابەری سەرسەختی یەکتریدا بوون. ھۆکاری سەرەکیش پەیوەندی ھەبووە بەوەی کە کامیان رابەرایەتی یاخود پێشەنگی خەباتی چەکداری و سیاسی لە ھەرێم دەکەن.
٢.بوونی ناکۆکیەکی دوورودرێژ کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سالانی شەستەکانی سەدەی رابردوو لەنێوان سیاسیە خوێندەوار و سیاسیە تەقلیدییەکانی ئەو کاتەدا(١). کە رەنگدانەوەی لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا ھەبوو بەشێوەیەک باڵی مەکتەبی سیاسی بە نوێنەرایەتی ئیبراھیم ئەحمەدو مام جەلال لەگەل باڵی مەلا موستەفا(٢). دیارە ناکۆکی سەرەکیش لەوکاتەدا لەسەر زۆر مەسەلەی گرنگی وەک شێوازی خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی کورد و چۆنێتی کارکردن بۆ بەدەستھێمانی مافە سیاسیەکانی نەتەوەی کورد لەچوارچێوەی عێراقدا بووە. پاش نسکۆی ئەیلۆلی ساڵی ١٩٧٥، باڵی مەکتەبی سیاسی بە سەرکردایەتی مام جەلال لەگەل کۆمەڵێک گەنجی رۆشنبیری سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دادەمەزرێنن، بەلام مەلا مستەفا بارزانی پێش گیان لەدەستدانی و پاش نسکۆ و کۆتایی پێھێنانی خەبات دژی حکومەتی ئەوکاتی عێراقی، دەسەلاتەکانی رادەستی کورەکانی ئیدرس و مەسعود بارزانی دەکات. پاش ئەوەی کە ئیدریس لە ولاتی ئێران کوچی دوایی دەکات، مەسعود بارزانی برای دەبێتە رابەری پارتی و سەرلەنوێ لەژێرناوی سەرکردایەتی کاتی دەست بەچالاکی سیاسی دەکەنەوە. 
لێرەدا ئەوەی کە تێبینی ئەکرێت بناغە و رەگوریشەی دامەزراندنی یەکێتی و پارتیە. ھەرچیە یەکێتیە دروستبوونەکەی زۆر جیاوازە  لە دەسەڵاتی بۆماوەیی و پشتاوپشت، بەلام سەرکردایەتی کردنی پارتی لە باوکەوە بۆ کوڕەکانی دەگوازرێتەوە. تەنانەت ھەندێ کەسایەتی نزیک لە مەلا مستەفا کە زۆر لە پێش مەسعود بارزانیەوە لەخەباتدا بوون، مەسعود بارزانی بە سەرکردەی خۆیان قبوڵ دەکەن. ئەوەی لێرەدا پێویستە بگوترێت ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە لە حزبی سیاسی کاریگەری دەبێت لەسەر خەباتی مەدەنی و شارستانی لە پاش راپەرین. پارتی ھەمیشە لە پەیوەندیەکانی خۆی زۆر بەرژەوەندخوازانە بیری کردۆتەوە و ھیچ کات رێگەی نەداوە حزبە رکابەرەکانی دەستەکەوتەکانیان لە دەستکەوتی ئەو حزبە زیاتر بێت. ھێندەی حزبیانە بیریکردۆتەوە، ھێندە نیشتمانیانە سیاسەتی نەکردوە، لەم پێناوەشدا ئامرازی جۆراوجۆری بەکارھێناوە. دەتوانین تازەترین نمونە باس بکەین کە ئەویش پەیوەندی بە رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە ھەیە. پاش ئەوەی کە کورد توشی شکستی گەورەی سیاسی و ئەمنی بوو بەھۆی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمەوە لە ٢٥ی ئۆکتۆربەری ٢٠١٧، بەلام پارتی ھەر لەسەعاتەکانی یەکەمەوە ھۆکارەکانی ئەم شکستەی خستە ئەستۆی یەکێتی یان بە دیاریکراوی بەشێکی ناو یەکێتی(٣). لەم رووەوەشەوە پارتی ھیچ درێغی نەکرد لە تۆمەت بەخشینەوە دژی سەرکردە و رەمزەکانی ناو یەکێتی. کردارێکی لەم شێوەیە بێگومان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا لەلایەن یەکێتیەوە، بەشێوەیەک کە زۆرکەس ترسی گەرانەوەی سەردەمی دوو ئیدارەیی لێنیشت ئەمە جگە لەوەی کە سەرلەنوێ رووبەروبونەوەی چەکداری لەنێوانی ھەردوو حزب ئەگەرێکی بەھیزبوو لە سەرەتادا. کەواتە ئەم دووحزبە ھەرچەند ببنە ھاوپەیمان یان دوو حزبی دۆست بەلام پەیوەندیەکانیان زۆر ھەستیارە و بچوکترین رووداو کاریگەری دەخاتە سەر ئاستی ئەم پەیوەندیە. ئەوەی جێگای ھەڵوەستە لەسەرکردنە ھەردوو حزبەکە پێکەوە بەرپرسیارێتیەکی میژوویی سیاسیان لەژێر چەتری حکومەتی ھەرێمدا ھەڵگرتوە. 
ناکۆکیەکی دیکەی نێوان حزبە کاریگەرەکان، خراپی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆرانە کە بێگومان کاریگەری گەورەی کردۆتە سەر ژیانی سیاسی و ئەزمونی حکومرانی لە ھەرێمی کوردستان. ئالۆزبوون یاخود خراپبونی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و گۆران بۆ زیاتر لە دوو ساڵ ئەروات. ئەوکاتەی دەستەی سەرۆکایەتی بە سەرۆکایەتی یوسف محەمەد لە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ کاریان لەسەر کۆمەڵکێک بابەتی ھەستیار دەکرد لە نمونەی ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم:
١.پارتی پێی وابووە کە بزوتنەوەی گۆران پێشێلی رێکەوتنەکەی نیوانیانی کردوە سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی ئەنجومەنی وەزیران. لە راگەیاندنەکانیەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بزوتنەوەی گۆران و خودی رێکخەری پێشووی بزوتنەوەکە نەوشیروان مستەفا راستگۆ نەبوون لە پشتیوانی کردنی کابینەی ھەشتەمدا. لەکاتێکدا پێشتر خودی نەوشیروان مستەفا بەلێنی دابوو کە چوارسالێ پاش ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٠١٣ قۆناغی ئارامی سیاسی دەبێت لە ھەرێمی کوردستاندا(٤). 
٢.پارتی پێی وابووە بزوتنەوەی گۆران دەیویست ژێربەژێر لە ھەژموون و قورسایی و سەنگی ئەو حزبە کەم بکاتەوە، بۆنمونە لە بابەتی ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ، پارتی زۆر بە قورس و گرانی ئەبینی کە لە رێگەی پەرلەمانەوە لە پێگەی سیاسی مەسعود بەرزانی بدرێت. بۆ کارێکی لەم شێوەیە پارتی زۆری ھەوڵدا کە بزوتنەوی گۆران ھەنگاوێکی لەم شێوەیە نەنێت لەرێگەی پەرلەمانەوە، ئەگینا دەرەنجامەکەی ئیجابی نابێت بە نیسبەت بزوتنەوەکە و کۆی پرۆسەی سیاسیەوە. بەڵام بزوتنەوەی گۆران سوور بوو لەسەر بەردوامی ھەنگاوەکانی بە ئاراستەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، ھەڵبەت بۆ کارێکی لەم شێوەیە بزوتنەوەی گۆران بەتەنیا نەبوو، بەلکو لەگەڵ سێ لایەنە سەرەکیەکەی دیکە ( یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان) پرۆژەی ھاوبەشیان ھەبوو سەبارە بە چۆنێتی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و دیاریکردنی جۆری سیستەمی سیاسی بۆ ھەرێم (٥).
٣.پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەرای ئەوەی کە رێکەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران ئەنجامدا بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەت، بەلام چونکە ھەردوو حزب لەماوەکانی پێشووتریاندا و بەتایبەت لەسەردەمانی ئۆپۆزسیۆن بوونی بزوتنەوەی گۆراندا، پەیوەندیەکانی ھەردوو پارت ناجێگیر و تەنانەت گەیشتە دۆخێکی مەترسیدار بەدیاریکراوی لە رووداوەکانی پاش ١٧ی شوباتی ٢٠١١. پارتی پێیوابوو کە پەلاماردانی بنکە و بارەگانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بزوتنەوەی گۆرانی لە پشتەوە بووە.
٤.غروربوونی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەم حزبە بەوپێەی براوەی یەکەمی ھەلبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان بوو لەلایەک، لەلایەکی ترەوە بەبەراورد لەگەل حزبەکانی تری کوردستان وا خۆی پیشاندەدات لە کەمترین کێشەی ناوخۆیی حزبیدا بێت، بۆیە ھۆکارێکی لەم شێوەیە پارتی تووشی ھەڵوێستێکی خۆبەزلزانی کرد و ھەروەھا وا لە خۆی بروانێت کە تاکە ھێزی بریاردەرە لەسەر گۆڕەپانی سیاسەت لە ھەرێمی کوردستان. لەبەرئەوە ھەرگیز پێی قبوڵنەبووە ھیچ حزبێکی دیکە روبەرووی مەنھەج و بیرکردنەوە و ستراتیجی حزبەکەی ببێتەوە.
٥.ھۆکارێکی تر دەکرێت ئاماژەی پێبکەین لایەنی کەسیە، پارتی دیمورکراتی کوردستان ھەرگیز کەسایەتی کوچکردوو و رێکخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆرانی پێ قبوڵ پێ قبول نەبووە.  ھەرچەندە چەندجارێک خودی ناوبراو ئاماژەی بەوە کردوە کە دیدی ئەو بەرامبەر بە پارتی رەھەندێکی نیشتمانی و سیاسیانەی ھەیە نەوەکو کەسی بەڵام ئەم ھەڵوێستانەی نەوشیروان مستەفا لای پارتی بەوە لێکدراوەەوە کە ئەمانە دژی خودی کەسایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانن. پارتی لەم رووەوە ھەمیشە ھەوڵیداوە یاخود کاری لەسەر ئەوە کردوە کە تیروانینەکانی نەوشیروان موستەفا وا پیشان بدات دوورن لە ھەڵوێستی سیاسی و نیشتمانی بەڵکو تەنھا رق و کینەی کەسی لەپشتە. لە بەرامبەر ئەمەدا، لە دیدی پارتیەوە بارزانی ئەو کەسەیە دەتوانێت دەستکەوتی نەتەوەیی گەورەی وەک دەوڵەتی کوردی بۆ کوردستان بەدەستبھێنێت. بەڵام وەک بینیمان بارزانی بەھۆی سووربونی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبھێنێت لە پشتوانیکردنی وڵاتانی ھەرێمی و زلھێزە جیھانیەوەکان، سەرەنجام پاش شکستی کوردی لە ناوچە جێناکۆکەکان ، بارزانیش ناچار بوو واز لە پۆستەکەی بھێنێت کە بەنایاسایی خۆی سەپاندبوو(٦).

-حکومرانیکردنی ھەرێمی کوردستان، ئەزمونێکی شکستخواردوو:
نزیکەی دوو سال زیاترە حکومەتی بنکە فراوانی کوردستان توشی لێکترازان ھاتووە پاش ئەوەی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دووەم ھێزی گەورەی پێکھینەرەی کابینەکە تاک لایەنە کرایە دەرەوە، ھەروەک لە پەرلەمانی کوردستانیش بەرواری ١٢/١٠/٢٠١٥ رێگری کرا لە سەرۆکی پەرلەمان کە بڕواتەوە سەرکارەکەی لە ھەولێری پایتەخت. رووداوێکی لەم شێوەیە بێوێنە و نەبینراو لە رابردووی ھەرێمی کوردستاندا کاریگەریەکی بەرچاوی ھەبوو لەسەر خراپترکردنی دۆخی سیاسی و ئەزمونی حکومرانی لە ھەرێمی کوردستان. یەکێک لە کێشە ھەرە دیارەکانی ئەمرۆی ھەرێم بریتیە لە خراپی شێوازی بەرێوەبردن یاخود شێوازی حکومرانێتیکردنی لە چوارچێوەی یاسا و رێساو دامەزراوە فەرمیەکاندا.
 پاش یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی ھەولێر و سلێمانی و ئەنجامدانی ھەلبژاردنەکان لەسەر ئاستی عێراق  و ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنی مەسعود بارزانی بە سەرۆکی ھەرێم لە ساڵی ٢٠٠٥، ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سیستەمی سیاسی و شێوازی حوکومرانێتی بەکومەڵێک تایبەتمەندی دەناسرێتەوە بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
١.ھەرێمی کوردستان لە ٢٦ ساڵی رابردوودا توانرا دامودەزگایی سیاسی و قانونی و تەشریعی دروست بکرێت. بەڵام ئەوەی جێگەی لێووردبوونەوەیە، ئەم دامودەزگایانە سەرکەوتوونەبون لەو کارەی کە لەپێناویدا دامەزراون. بۆنمونە لە ١٢ ساڵی رابردووی کابینەی یەکگرتووی کوردیدا، حکومەتی ھەرێم بەردەوام شکستەکانی لە سەرکەوتنەکانی زیاتر بووە. لە ھەرێمی کوردستان ئەزمونێکی حکومڕانی ھەشت کابینەی وزاری ھەیە، بەلام دواھەمینیان کە کابینەی ھەشتەمە لەسەرجەمی کابینەکانی دیکەی پێش خۆی لە گەورەترین قەیرانی سیاسی و ئابوریدایە. حکومەتی ھەرێم لە رابردوو و لەئێستاشدا نەیتوانیەوە سەرکەوتوو بێت لە بەدیھێنانی خواستە جەماوەریەکانی خەڵکیدا. لە ئێستادا لەسەرجەم ئەو سێکتەرانەی کەپەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکیەوە تارادەیکی زۆر شکستی ھێناوە لە بەدھێنانی خواستی جەماوەر، بۆ نمونە: کەرتەکانی وەک پیشەسازی و کانزاکان، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، خزمەتگوزاری کارەبا، کەرتی تایبەت، وەبەرھێنانی تەندروست و شەفاف، کەرتی  نەوت، بە نزیکی لەسەرجەمی سێکتەرەکان ئەوەی کە پێی دەگوترێت رۆڵ و پێگەی حکومەتی ھەرێم شکستی خواردوە (٧). 
٢.پاش ڕووخاندنی رژێمەکەی سەدام حسێن و سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی عێراق، لایەنە کوردستانی و عێراقیەکان بەسەرجەم پێکھاتەکانەوە توانرا دەستوورێکی تارادەیەکی گونجاو بۆ گەلانی عێراق بنوسرێتەوە کە تیایدا کوردیش بەشدارێکی باشی ئەو پرۆسەیە بوو. بەڵام لە ھەرێم ئێستاو رابردووش نەتوانرا یا زەمینەسازی نەکرا کە دەستورێکی نیشتمانی بۆ ھەرێم دابرێژرێت، دەستوورێک ماف و ئەرکەکانی ھاوڵاتی و دامودەزگای حکومرانێتی کردن دەستنیشان بکات. بەرپرسانی کورد کە یاریزانێکی لێھاتووبون بۆ نوسینی دەستورێکی سەردەمیانە بۆ عێراق بەلام نەیانتوانی ھەرێمی کوردستان لە بۆشایی دەستوری پربکەنەوە، بەوھۆیە ئێستاشی لەگەڵ بێت نەتوانرا ئەوە یەکلایی بکرێتەوە ئایا سیستەمی بەرێوەبردرنی ھەرێم سەرۆکایەتیە یاخود پەرلەمانی. 
٣. بوونی گەندەڵی لە رادەبەدەر و ناشەفافی و لاوازی رۆڵی دەزگاکانی چاودێری دارایی و کۆنترۆڵکردنی کەرتی ئابووری لەلایەن حزبەکانەوە یەکێکی دیکەیە لە شکستە ھەرە گەورەکانی ئەزمونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. بەگوێرەی ووتەی بریاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقی ئەحمەدی حاجی رەشید: لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تاکو ساڵی ٢٠١٤ زیاد لە ١٠٠ تریلیۆن دیناری عێراقی ھاتوەتە ھەرێمەوە. ئەم برە پارەیە لەو چەند ساڵەی رابردوودا بەراورد بە دۆخی ژێرخان و سەرخانی ھەرێم زۆر نابەرانبەرە. ئاوادانکردنەوەی ھەرێم و گەشەسەندنی ئابووریەکەی یەکسان نیە بەو برە پارە زۆرە کە لەسەر کۆمەڵانی خەڵکی ھەرێم ھەژمار دەکرێت. لەئێستادا کە باری ئابووری حکومەتی ھەرێم لاوازە و حکومەت بۆ سێ ساڵ ئەبێت توانای پێدانی موچەی  ئاسایی فەرمانبەرانی نیە. ھەرلەبەرئەوەشە بەھۆی رودواوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک و لەدەستدانی ژماریەکی زۆر بیرە نەوت، بەناچاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بریاری داوە برواتەوە ژێر رکێفی حکومەتی ناوەندی و دەست بەدانوستاندن بکات لەگەڵ بەغداد بەمەبەستی لانی کەم دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی. بەلام لە بەرامبەردا حکومەتی عێراقی ئامادەیی نیە وەک جاران گوێ لە کاربەدەستانی ھەرێم بگرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا بەغداد داوای پێداچونەوە بە شێواز و بڕی پارەی سەرفکراوی ھەرێم دەکات کە لە بەغداوە بۆی رەوانەکراوە(٨).
دەگوترێت لە ھەرێم نزیکەی ٣٠ ملیاردێر و سەدان ملیۆنێر ھەیە، بەڵام بەرامبەر بەو ژمارە زۆرە لە کەسانی پارەدار، لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی کارگە و پرۆژە ستراتیژیەکان یەکجار کەمن. چەند ساڵێکە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان بە بەڵگە و دۆکیومێنتەوە باس لە بردنە دەرەوە و سپی کردنەوەی پارەی ھەرێم دەکەن بێ ئەوەی کەس بێتە دەنگ. بە ئاشکرا ناوی کۆمەڵێک بانک لە ھەرێم ئەھێنرێت کە دەستیان گرتوە بەسەر ئاڵوگۆری دراو. ھەروەھا گەران و دۆزینەوەو بەرھەھێنان و فرۆشتنی نەوت بە ناشەفافترین کەرت ھەژماردەکرێت بەوپێەی داھاتی سەرەکی حکومەتی ھەرێم لەسەر فرۆشتنی نەوت وەستاوە، لەھەمان کاتدا وەزیری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش لە رۆژی دامەزراندنییەوە لەدەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە کە وەزیرەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ رۆژ لەم کاتە دژوارەدا کوردستانی جێھێشتوەو بێئەوەی حکومەتی ھەرێم روونکردنەوەیەکی رەسمی لەم بارەیەوە بدات(٩). کاربەدەستانی ھەرێم لە شێواندنی سیستەمی ئابووری و دارایی ھەرێم بەتایبەت بەھۆی فرۆشتنی نەوتەوە بەشێوازی سەربەخۆ و دوور لە چاودێری بەغداد گەورەترین ئارێشەیان بۆ خەڵکی ھەرێم و بۆ کۆی ئەزمونەکە دروستکردوە،
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی ھەرێم رووبەرووی گەورەترین ئاستەنگ بوەتەوە بەھۆی بوونی ریژەیەکی زۆر موچەخۆر و فەرمانبەر کە دەگاتە سنوری یەک ملیۆن و دووسەدو پەنجا ھەزار کەس. بەئاشکراو لەزۆر شوێن ئاماژە بەوەکراوە بە ھەزاران موچەخۆر ھەیە کە لەبەرامبەردا خزمەت بە حکومەتی ھەرێمی پێشکەش ناکەن لە بوارەکانی شارستانی بێت یاخود سەربازی. واتا لیستی موچەخۆرانی ھەرێم زۆر ناشەفافەو ئەمەش گەورەترین کۆسپی بۆ حکومەتیش و فەرمانبەرانی راستەقینەی ھەرێم دروست کردوە. پێدەچێت چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کەمێک ئالۆز بێت بەوپێیە ھۆکارەکەی بەپلەی یەکەم کاربەدەستانی حکومەت خۆیانن لە حزبە سیاسیەکان.
بەگشتی ئەوەی لەسەرەوە باسکرا کورتەیەک بوو لە  شیکردنەوە و باسکردنی ھۆکارەکانی شکستی ئەزمونی حکومرانی لە ھەرێمی کوردستان. ئێستا گرنگە لە ئایندەی ئەم ھەرێمە بروانین، بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژە بە کۆمەلێک سیناریۆی ئایندەیی دەکەین بەتایبەت بریار وایە ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت. 

تەوەری دووەم/ سیناریۆکانی ئایندەی ھەرێمی کوردستانن پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ٢٥ی ئەیلول
 ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بەرواری ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، بووە ھۆکاری دەرخستنی زۆر راستی لەسەر واقعی ئەمرۆی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لەسەر ئاستی دەرەکی. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، دەرکەوت بنەماکانی سیستەمی سیاسی زۆر فشەڵە، ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیەوە لێکترازانی ناوخۆیی فراوانتر بوو، خودی بارزانی بانگەشەی جەماوەری بەرفراوانی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و بەڵێنی سەربەخۆیی دەدا بە ھاولاتیانی کوردستان. سەرەرای نەبوونی پشتوانیەکی نێودەوڵەتی و دژایەتیکردنی وڵاتانی ھەرێمی وەک ئێران و تورکیا، ھەروەھا رەتکردنەوە پرۆسەکە لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە، بەڵام دواجار ریفراندۆم ئەنجامدرا و دەرەنجامی دەنگدانەکەش رێژەی ٩٢% ھاولاتیان دەنگیان بە سەربەخۆییدا. بەلام رووداوەکانی پاش ریفراندۆم، ھەرێمی کوردستان روبەرووی مەترسی گەورەکردەوە. بەشێوەک ھەموو ئەو ناوچانای کە بە جێناکۆک ناودەبرێن و لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە بەرێوەدەبران نزیکەی ٥١% خاکی کوردستانی پێکدەھێنا، لەدەستی دا. بەم شێوەیە ئێستا حکومەتی ھەرێم لەژێرفشارێکی ناوخۆیی و دەرەکیدایە. لێرەدا ھەوڵدەدەین چەند سیناریۆیەک بخەینە روو سەبارەت بە ئایندەی ھەرێمی کوردستان. لەدیارترین سیناریۆکانیش: 
١.بەردەوامی کاروبارەکانی حکومەتی ھەرێمی ھەتا ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە.
خاڵە بەھێزەکانی ئەم سیناریۆیە:
-ھێزەکانی ھاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا بە ئاشکرا و لە رێگەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کرد پشتیوانی لە ھەوڵەکانی ھەریەک لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگرەکەی دەکات تاکو ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێم کەوا کاروبارەکانی حکومەت بەرێوەبەرن بەتایبەت ھەوڵەکانیان بخەگەڕ بۆ ئەنجامدانی دانوستان و رێکەوتن لەگەل لایەنی عێراقی بۆ ھەرچی زووە کۆتایی ھێنان بەکێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد.
-سەرەرای ھەموو تێبینیەکانیش لەسەر رۆڵ و پێگەی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام حکومەتی ھەرێم پشتیوانی زۆرینەی پەرلەمانی ھەیە بەم شێوازەی ئێستای.
-پارتی دیموکراتی کوردستان وەک خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی کە ٣٨ کورسی پەرلەمانیە، پشتیوانی لە مانەوەی حکومەتی ئێستا دەکات. لە دواھەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبەشدا بریاردرا پشتیتوانی لە ھەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بکەن.
-یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەکگرتوی پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی حکومەت راگەیاندوە بریاریداوە تاکو ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی داھاتووی ھەرێم لەچوارچێوەی حکومەتدا بمێنێتەوە.
خاڵە لاوازەکانی ئم سیناریۆیە:
-لەماوەی رابردوودا ئەوەی باسکرا سەبارەت بە شکستی حکومرانێتی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەم کابینەیە بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی. دەبوو ئەم کابینەیە ھەر زوو شکستی خۆی بەیان بکردایە و تەواوی ستافی ئەنجومەنی وەزیران دەستی لەکار بکێشایەتەوە. چونکە بەگوێرەی ھەوو ئەو فاکتانەی لەبەردەستە ئەم حکومەتە نەیتوانیوە لەئاست داخوازیەکانی خەڵکیدا بێت.
-ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەستا بە دەرکردنی وەزیرەکانی سەر بە بزوتنەوەی گۆران و پرکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان بە وەزیری سەر بە پارتی. ئەوکات سەرۆکی حکومەت رایگەیاند بزوتنەوەی گۆران پابەند نەبووە بە رێکەوتنی دوولایەنەیان لەگەڵ پارتی سەبارەت بە پێکھێنای کابینەی حکومەتی ھەرێم. کارێکی لەم شێوەیە بێوێنە بووە لە مێژووی حکومرانێتی کوردیدا. سەرەتای شکستی حکومەتی ھەرێم لەم ساتەوە دەست پێدەکات، چونکە سەرەرای قەیرانی دارایی و شەرو ھەرەشە و مەترسی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، قەیرانە ناوخۆییەکان ھێندەی دیکە قوڵ بوونەوە. 

٢.ھەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ھەرێم و پێکھێنانی حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی
بزوتنەوەی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ مانەوەی ئەم حکومەتەدا نین بەم شێوەیەی ئێستای، پێشنیاری ھەڵوەشانەی حکومەتی ھەرێم دەکەن و لەبری ئەوە حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی کە لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان پێکھاتبێت تاکو ھەڵبژاردنی داھاتوو. 
خاڵە بەھێزەکانی ئەم سیناریۆیە:
-پێدەچێت لەسەر ئاستی جەماوەری ، ئەم پێشنیارە خەڵکانێکی زۆر پشتیوانی لێبکەن بەو پێیەی شکستی حکومەتی ھەرێم لە چەند ساڵی رابردوو، بەھۆی سیاسەتەکانی، خەڵکانێکی زۆری نیگەران کردوە، بۆ نمونە ئەم حکومەتە سەرەرای دابین نەکردنی موچەی ئاسایی و شایستەی فەرمانبەران، نەیتوانیوە لە مەلەفی فرۆشتنی نەوت شەفاف بێت کە سەرەرای داھاتێکی زۆری مانگانە بەھۆی فرۆشتنی نەوتەوە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ، بەڵام ئەم خکومەتە بووەتە بارگرانیەکی زۆر بۆسەر ژیانی ھاوڵاتیانی کوردستان. ھێندەی فرۆشتنی نەوت بۆ پێدانەوەی قەرزی کۆمپانیا وەبەرھێنەرەکانی بواری نەوت و غاز تەرخان کراوە ، حکومەت ھێندە بە خەمی موچە و باشترکردنی گوزەرانی ھاوڵاتیانی ھەرێم نەبووە.
-لە ئێستادا ئەم خکومەتە و کارەکتەرە سەرەکیەکانی لای بەغدا زۆر ویستراو نین، بۆ نمونە حکومەتی ناوەند ئامادە نیە وەک جاران کۆمەڵێک دەموچاوی دووبارە بێنە بەغداد  بۆ رێکەوتن. پێدەچێت بەغداد داواکاری ئەوەی ھەبێت کە وەفدی ھەرێم دەبێت نوێنەرایەتی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بکات، نەوەک وەفدێکی حزبی بەناوی حکومەتی ھەرێم و خەڵکی کوردستانەوە برۆنە بەغداد. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق چەندجارێک ئاماژەی بەوە داوە کە ئەوان سەرەرای ھەڵوەشاندەوەی ئەنجامەکانی ریفراندۆم ئامادەن بەو مەرجە پێشوازی لە وەفدی کوردی بکەن، کە نوێنەرایەتی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات.
خاڵە لاوازەکانی ئەم سیناریۆیە:
-پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ سیناریۆیەکی لەم شێوەیە نین. مەترسی زیاتری تێکدانی رەوشی ئەمنی و سیاسی ھەرێمی کوردستانی لێدەکرێت بەتایبەت دوای شکستی ریفراندۆم.
-ئەم سیناریۆیە یاخود ئەم پێشنیارە زۆرینەی پەرلەمانی کوردستانی لەپشت نیە. مەبەست ئەوەیە ھەڵوەشانەی کابینەی حکومەتی ھەرێم دەبێت رێکارە یاساییەکانی خۆی لە پەرلەمانەوە تێپەرێنێت، لەم دۆخەدا ئەستەمە کاتێک کە ھەرسێ حزبی ئاماژە پێکراو لەسەرەوە لەپەرلەمان زۆرینەن و ئەم سیناریۆیە ڕەت دەکەنەوە.

٣.گەراندنەوەی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆران و بەرێکردنی کاروبارەکان تاکو ھەڵبژاردنی داھتووی ھەرێم.
یەکێک لە ئەگەرەکان تاکو ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێم، بۆ ئاسییکردنەوەی باردۆخە ناوخۆییە ناھەموارەکەی ھەرێمی کوردستان، لەپێناو ئاشتەوایی ناوخۆیی، بزوتنەوەی گۆران بریاری گەراندنەوەی وەزیرەکانی دەدات بۆ ھەولێر. 
خاڵە بەھێزەکانی ئەم سیناریۆیە:
-بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکخستنی نێوماڵی کورد و پاشان ئاساییی کردنەوەی دۆخە سیاسیە ناھەموارەکەی ھەرێمی کوردستان لەلایەک، ئاساییەکردنەوەی پەیوەندیە حزبیە دوو لایەنیەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بریاری گەراندنەوەی وەزیرەکانی دەدات بۆ ھەولێر. 
-ئەگەر بزوتنەوەی گوران بریارێکی لەم شێوەیە بدات، ئەوا دەتوانێت خۆی لەو رەخنەیە بدزێتەوە کە بەشێک لە خەڵکی و جەماوەر و لایەنە سیاسیەکان دەڵێن وەزیرە دورخراوەکانی بزوتنەوە تا ئێستاش -زیاتر لە دوو ساڵە- مووچە مانگانەی خۆیان وەرگرتووە بێ ئەوەی بە ئەرکی وەزیری خۆیان ھەڵسابێتن. حاڵەتێکی لەم شێوەیە لایەنەکانی دیکە دەتوانن لە بانگەشە ھەڵبژاردن دژی گۆران بەکاری بھێنن بەتایبەت کاتێک باس دێتە سەر لیستی مووچەخۆرانی بندیواری حکومەتی ھەرێم، بزوتنەوەی گۆرانیش وەک یەکێتی و پارتی پشکی فەرمانبەری بندیواری بەردەکەوێت.
خاڵە لاوازەکانی ئەم سیناریۆیە:
-بزوتنەوەی گۆران ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەپاش دورخستنەوەی وەزیرەکانی، بووەتە رکابەرێکی سەرسەختی ئەم کابینەیە و بەردەوام رەخنەی توندی ئاراستە کردوە، بەسەرچاوەی شکستی سیاسی و ئابووری ھەرێمی کوردستانی وەێف کردووە، ئێستا کە ماوەی یاساییەکەی کابینەکە چەند مانگێکی کەمی ماوە تا ھەڵبژاردنی داھاتوو، ھیچ لۆجیکی نیە بزوتنەوەکە بچێتەوە ژێرچەتری کابینەیەکی شکست خواردوو.  
-بزوتنەوەی گۆران خۆی بە زوڵملێکراوی یەکەم دەزانێت بەوەی کە دووەم حزبی گەورەی ھەرێمی کوردستانە لەرووی ژمارەی دەنگەکانیەوە، بەلام رێگری لێکرا ھەم لە حکومەت و ھەم لە پەرلەمان پراکتیزەی ئەو مافەی یاسایی و سیاسیەی خۆی بکات وەک حزبێک بەشدارێکی راستەقینە بێت لە بەرێوەبردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش تانەدان لە سیاسەتە شکستخواردوەکانی حکومەتی ھەرێم و پێشنیارکردنی بەدیل بۆی بە گونجاوتر دەزانێت لەبری ئەوەی بڕواتەوە ژێر چەتری حکومەتێکی لەرزۆک. 
-ساڵی ئایندە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەغداد لە رێگادایە، بزوتنەوەی گۆران نایەوێت دەنگە نارازیەکانی لایەنگرانی و دەنگدەرانی لەخۆی دووربخاتەوە بەنزیکبوونەوەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی ھەرێم. رەنگە زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵکی کوردستان بە لایەنگرو دەنگدەری سەرجەم پارتەکانەوە کۆدەنگیەک ھەبێت سەبارەت بە شکستی ئەم کابینەیەی حکومەتی ھەرێم لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ھاوڵاتیانی. لەبەرئەوە بزوتنەوەی گۆران ھەچ ھەنگاوێکی نزیکبوونەوە لەم کابینەیە بنێت وەک راگەیاندنی مەرگی پێشوەختەی خۆی دادەنرێت لەکاتێکدا لە ساڵی ئایندەی ھەڵبژاردنی چارەنوس ساز لە رێگادایە. 

دەرەنجام: 
-ھەرێمی کوردستان وەک کیانێکی ئیداری و سیاسی لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بەشێوەیەکی لەسەرخۆ لەبەردەم ھەرەشەی لەناوچوندایە. ئەو پێگەو کاریگەری و قورساییەی کە لە پێش ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم ھەیبوو، لەپاش ئەو پرۆسەیە وردە وردە بەرەو نەمان دەچێت، دەرکەوت کە پشتیوانی دەرەکی وڵاتانی زلھێزی جیھانی چەندە بەنرخە سەبارەت بە کیانەکە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەک دەرچوون لەو ھێڵە گشتیەی کە دەولەتە زلھێزەکان دەیکشێن لەناوچەکەدا ، بەواتای لەدەستدانی زۆر دەسکەوتە لەلایەن یاریزانە لاوەکیەکانەوە. 
-حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەمووکات زیاتر کەوتوتە ژێرباری قەیرانێکی گەورەوە. بەشێوەیەک بەم شێوەیە ئێستای ئەگەر بمێنێتەوە، زۆر ئەستەمە سەرکەوتووبێت بەسەر قەیرانەکانیدا. گەورەترین مەلەف کە حکومەتی ھەرێمی رووبەروی شکست کردبێتەوە، مەلەفی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بووە کە وەزارەتەکەی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانە کۆنترۆڵکراوە. بەلام ھێشتا دیار نیە حکومەتی ھەرێم و خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە ئەویش ھەر لە پارتی دیموکراتی کوردستانە چۆن مامەلە لەکەڵ ئەم کەیسەدا دەکات لەکاتێکدا ئەم وەزارەتە حکومەتی ھەرێمی خستوەتە ژێرباری قەرزێکی ناوخۆیی و دەرەکی بێشومارەوە.
 
سەرچاوەکان:
١.http://gorran.net/(A(٨AdzMQCAzQEkAAAAZGI٣MzIzMmUtZWQ٤Yi٠٠MjJiLWI٢YTMtODFlMjgyNTcwZDQ١TdXR١OrbnN٧HIrcXiWt٢OMLFJf٤١))/Ar/Detail.aspx?id=٨٢٩٣&LinkID=١١٠ 
٢.ێلاح رشید/ مام جەلال-دیداری تەمەن- لەلاوێتیەوە بۆ کۆشکی کۆماری، بەرێوەبەرایەتی گشتی کتێبحانە گشتیەکان، سلێمانی، ٢٠١٧، ل ٢٧٨.
٣.http://www.huffpostarabi.com/٢٠١٧/١٠/١٦/story_n_١٨٢٨٦٢٨٦.html 
٤.http://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=٢٦٨٥٣&Jor=١ 
٥.https://www.youtube.com/watch?v=eXoBirDrZec 
٦.http://edition.cnn.com/٢٠١٧/١٠/٢٩/middleeast/iraqi-kurdistan-barzani-steps-aside/index.html
٧.http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=٤٥٠ 
٨.http://www.kurdistannet.biz/٢٠١٥_٢٠١٦kn/index.php/٢٠١٥-٠١-٠١-٢١-٥٧-٢٩/٢٠١٥-٠١-٠١-٢٢-٠٤-٣٣/١٣٢٧-٢٠١٥-٠٩-٢١-٠٩-٤١-٢٦
٩.https://www.facebook.com/Ali-Hama-Saleh-Taha-٣٣٠٥٠٩٨٤٠٣٢٠٧٥١/


759بینین‌‌‌
6 مانگ پێشتر - Dec 11 2017 12:54AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ