سۆشیال میدیا

حەزم لە پیاوی تورکە!!!


شیلان دەرگەڵەیی
ھەندێک کەناڵی کوردی ھەیە تا ئێستا بە ڕێککەوتیش بەسەریاندا تێپەڕ نەبووم لە ماڵەکەی خۆم، یان لە ماڵان بەرچاوم کەوتووبێت، یان لە فەیس بووک جارجارە شتەکانیان بڵاودەکرێنەوە و دەزانم ئەوانەش ھەن.
ھەندێک لەوانە لەبەر بێ بەرنامەیی و ھەندێکیش بەمەبەست بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دوژمنان کار لەسەر تێکدانی ڕەوشت و شیرازەی خێزانی کورد و کلتووری کورد دەکەن. ھەندێکجاریش پلاری سیاسیە و دەیھاوێژن.
لە کوردستان کەم ماڵ ھەبوو گەورە و بچووک بەدیار دراما تورکیەکانەوە تا بەری بەیان دانەنیشن، بێ ئەوەی ڕەچاوی ڕوداو و ھەڵسوکەوت و دەستەواژەی نەشیاوی دراماکان بۆ تەمەنی مناڵەکانیان بکەن، لەگەڵ خۆیان دایاندەنێن.
زۆرجار مناڵێکی ھەشت ساڵانم دیوە، نیگەران بووە لەوەی دوو خۆشەویستەکە لەیەک تووڕە بوون، یان کە کوڕێکە حەزی لە مامۆژنی خۆی کردووە
کەی ئەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ھەبووە و کەی ئاسایی بووە بەلامانەوە؟!
ئەمشەو ڤیدیۆیەکم بینی لە فەیس بووک، ڕاپرسی پێشکەشکارێک کوڕێکی ( مھرج) ئاسا لە کەناڵێکی کوردی لە کۆمەڵێک کچی دەپرسێی:
حەزت لە پیاوی کام وڵاتە؟
زۆربەیان دەڵێن:
پیاوی تورک، چونکە ئەکتەری جوانن و جوان نواندن دەکەن!
بزانە درامای تورکی چ کاریگەرییەکی لەسەر کچ و ژنی کورد ھەیە، بێ ئەوەی لەو کۆمەڵگەیە ژیابێ و لە دۆخی ژیانی ئاسایی خەڵک و پیاوی ئەوێ شارەزابێت، بە دراماکانیان دەخەڵەتێ و دەکوێتە ژێر کاریگەریی فانتازیا و چیرۆکی خەیاڵی تورکان و کاراکتەری دراماکان بە پیاوی خەونەکانی دەزانێ!
ئافەرین کچی زانکۆ بۆ بیرکردنەوە و حەزی سەیرت. کە بەشێکی ئەم حاڵەتە پەیوەستە بە نائاگایی تاک و لاوی کۆمەڵگای کوردی لەم رۆژگارە، کە دراما دەکاتە سەرچاوەی ھەرە سەرەکی دنیابینی و روانین لە ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە وڵاتانی دوور و نزیک. ئەوەی تریشی کە پشکی شێرە لەو شێواندنی دنیابینی گەنج و تەواوی تاکی کۆمەڵگای کوردی بەر ئەو جۆرە کەناڵانە دەکەوێت کە چەواشەکارانە و خیانەتکارانە و لادەرانەکان خزمەت بە جوانکردنی دوژمنان دەکەن و ماکیاژێکی ناتەندروست بۆ دیاردە ناشرینەکانی کۆمەڵگاکانی وڵاتانی دوژمن دەکەن و وەک دنیایەکی پڕ جوانی نمایشیان دەکەن. داوەشێن ئەوانەی بە مەبەست خزمەتی دوژمن دەکەن. کۆمەڵگای کورد ھەر ئێوەی کەمبوو کوتکی خۆی لێ بوەشێنێ، ئێوەش تەواوتانکرد.


3806بینین‌‌‌
10 مانگ پێشتر - Dec 8 2017 6:50PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ