کوردستان

وەزارەتی پێشمەرگە : ھیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی و سەربازی لەنێوان ھەولێر و بەغدا نییە



بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێکی سیاسی و سەربازی لە نێوان ھەولێر و بەغدا نەکراوە و تا بەغداش بیر لە بەکارھێنانی ھێز لە دژی کورد بکاتەوە، کێشەکان چارەسەر نابن.

ئەمڕۆ پێنجشەمممە ھەڵگورد حیکمەت بەڕێوەبەری راگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە پێشێلکاریەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناکۆکەکان رایگەیاند، ھەرچەندە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر خەتە بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێوان ھەولێر و بەغدا بەداخراوی نەمێنێتەوە، بەڵام تائێستا ھیچ رێکەوتنێکی سیاسی سەربازی لەنێوان ھەولێر و بەغدا نەکراوە.

زیاتر گوتی، لە بەغدا بابەتی چارەسەر نەکردنی کێشەی کورد بووەتە کاڵایەک کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاری دێنن، بەجۆرێک کام لایەن زیاتر ئەزیەتی کورد بدات، دەنگی زیاتر لە ھەڵبژاردنەکان بەدەست دێنێت.

ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو قسە و گوتارانەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەر شاشەکانی تەلەفزیۆن دەیدات، تەنیا لێدوانی میدیایین و تائێستا ھیچ لەو لێدوانانەی نەبوونەتە فەرمان لەسەر نووسراوی فەرمی و گوتی، ئەگەر عەبادی راست دەکات، بابێت بەیەکەوە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ دەکەین.

ھەڵگورد حیکمەت ڕای گەیاند، تا بەغدا بیر لە چارەسەری سەربازی و بەکارھێنانی ھێز لە دژی کورد بکاتەوە، کێشەکان چارەسەر نابن.


296بینین‌‌‌
4 ڕۆژ پێشتر - Dec 7 2017 6:49PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ