کوردستان

ڕاگەیاندراوێک لە یەکێتیەوە لەسەر رەوتی نوێکردنەوە و دروستکردنەوەی یەکێتی


مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەیەک لەبارەی ''رەوتی نوێکردنەوە و دروستکردنەوەی یەکێتی'' بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت "ئەم ھەنگاوە لە دەرەوەی پەیڕە و پڕۆگرامی یەکێتییە و کارێکە بە ئاڕاستەی جیابوونەوە لە حیزب و خزمەت بە یەکێتی ناو یەکێتی ناکات".

رۆژی چوارشەممە ٦-١٢-٢٠١٧، مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی ''رەوتی نوێکردنەوە و دروستکردنەوەی یەکێتی'' بڵاوکردەوە و رەخنەی تووندی ئاراستەی ئەو رەوتە کرد و ئاماژە بەوە دەدات "دروستکردنی ھەر رەوتێک بە ھەرناو و ئامانجێک ھێندەی بۆ مەرام و دەسکەوتی تایبەتییە، ئەوەندە ھەنگاوێک نییە بۆ چارەسەرکردنی ھیچ گرفتێک یان زیندوکردنەوەی پرەنسیپە ونبووەکانی حیزب".

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا ھاتووە "ئەو ھەنگاوە دەچێتە دەرەوەی بازنەی کاری حیزبی و دەڕژێتە خانەی خزمەتکردن بەدژ و نەیارەکانی یەکێتی، سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مامیش لەم جۆرە ھەنگاو و کارانەدا، لە بەدیھێنانی ئەرکە قورسەکانیدا دوور دەکەوێتەوە و ھەوڵێکیشە بەمەبەستی لە مپەڕدانان لە بەردەم بەستنی چوارەمین کۆنگرەدا".

دەقی روونکردنەوەی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان                                             

لەماوەی رابردوودا، رەوتێک بەناوی (رەوتی نوێکردنەوە و دروستکردنەوەی یەکێتی) راگەیێنرا، کە لە لایەن ژمارەیەک ھەڤاڵی یەکێتی وە کاری بۆ دەکرێت، بۆیە لێرەوە بە پێویستی دەزانین بە ھەموو لایەکی رابگەیێنین، ئەم ھەنگاوە لە دەرەوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی (ی،ن،ک)ـە و کارێکە بە ئاڕاستەی جیابوونەوە لە حیزب خزمەت بە یەکێتی ناو یەکێتی ناکات و ھەوڵێکیشە بەمەبەستی لە مپەڕدانان لەبەردەم  بەستنی چوارەمین کۆنگرەدا، ئەمەش بە ھیچ جۆرێک پەسەندکراو نییە، دروستکردنی ھەر رەوتێک بە ھەرناو و ئامانجێک ھێندەی بۆ مەرام و دەسکەوتی تایبەتییە، ئەوەندە ھەنگاوێک نییە بۆ چارەسەرکردنی ھیچ گرفتێک یان زیندووکردنەوەی پرەنسیپە ونبووەکانی حیزب.

بۆیە راستروایە، ئەو ھەڤاڵانە لە رێگای وێستگە شەرعییەکانەوە ھەنگاوبنێن بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانیان، نەک لە رێگای ناشەرعی و پێچەوانە بە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب، جارێکی دیکە جەختدەکەینەوە لەوەی ئەو ھەنگاوە دەچێتە دەرەوەی بازنەی کاری حیزبی و دەڕژێتە خانەی خزمەتکردن بەدژ و نەیارەکانی یەکێتی، سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مامیش لەم جۆرە ھەنگاو و کارانەدا، لە بەدیھێنانی ئەرکە قورسەکانیدا دوور دەکەوێتەوە، بۆیە پێمانوایە قۆناخەکە پێویستی بە ھەوڵ و کۆششی تەواوی ھەڤاڵانە و تا بەستنی گۆنگرەش پابەندبوون بە پەیڕەو و پڕۆگرامی پەسەندکراوی یەکێتی وە ئەرکی بنچینەی ژیانی حیزبی و سیاسیمان دەبێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان                                             
مەکتەبی رێکخستن
٦-١٢-٢٠١٧


526بینین‌‌‌
5 ڕۆژ پێشتر - Dec 6 2017 7:43PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ