کوردستان

حكومەتی هەرێم وەڵامی لێدوانەكانی عەبادی دەداتەوە


 لەراگەیەندراوێکدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەزاری سەفین دزەیی وتەبێژی رەسمی حکومەتەوە وەڵامی لێدوانەکانی دوێنێ(سێشەممە)ی سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی دایەوە لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە کردبونی.
 
سەفین دزەیی وتویەتی”بەڕێز عەبادی چەندین جارە باسی ئەوە دەکات گوایە موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت و بۆ ئەمەش خەریکی وردبونەوەن لە لیستەکانی موچەخۆرانی ھەرێم، بەڵام وەک پێشتریش گوتومانە حکومەتی فیدراڵ تا ئێستا ھیچ لیستێکی لە حکومەتی ھەرێمی داوا نەکردوە، بۆیە ئاگادار نین و نازانین ئەوانە کام لیستانەن کە حکومەتەکەی بەڕێز عەبادی خەریکی لێوردبونەوەیانە”.
 
جەختیشیکردۆتەوە”خەڵکی کوردستان ئیتر باش لەوە تێگەیشتوە کە ئەوە لە لێدوانی میدیایی بترازێ، ھیچی تر نییە، بۆیە ھیچ متمانەیەکی بەو قسانە نەماوە”‌.
 
دەربارەی بابەتی دەروازە سنورییەکان و بەردەوامیی داخستنی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستانیش، دزەیی دوپاتی کردۆتەوە کە بەپێی ماددەی (١١٤)ی دەستوری عێراق، بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکان بەتەنیا دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ نییە، بەڵکو بەھاوبەشی لەگەڵ ھەرێم بەڕێوە دەبرێت و وتوشیەتی”بۆ ئەم مەبەستەش ھەمیشە ڕامانگەیاندوە کە حکومەتی ھەرێم ئامادەی ھاوکاری و ھەماھەنگییە”.
 
دزەیی داخستنی فرۆکەخانەکانیشی بە “سزادانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و ئەو نەخۆش و پێشمەرگانە کە لە کاتی بەرگری لە ھەرێمی کوردستان و لە عێراق لە شەڕی دژی داعشدا بریندار بون و پێویستییان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات” وەسف کردوە.
 
وتوشیەتی”سەفەرکردن لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، یان شارەکانی دیکەی عیراقەوە ھێندە ئاسان نییە وەک بەڕێز عەبادی باسی دەکات، ھەم تێچوی سەفەر لەسەر ھاوڵاتیان زیاد دەکات، ھەم کاتێکی زۆریان دەگرێت. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ھاوڵاتییەکی بەغدا، یان نەجەف، یان بەسرا مافی ئەوەی ھەیە لە شارەکەی خۆیەوە ڕاستەوخۆ سەفەری دەرەوەی وڵات بکات، بەڵام ھاوڵاتییەکی ھەرێم ئەو مافەی نییە؟! ئەمە کوێی ھاوڵاتیبونە؟”.
دەربارەی حکومەتی ھەرێم و کێشە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانیش کە لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دوێنێیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی پێدابو، دزەیی وتویەتی”کاتی ئەوەمان نییە باسی ئەو ھەمو کێشە و کەموکوڕیانە بکەین کە ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربونی کابینەکەی بەڕێز عەبادییەوە بەرۆکی حکومەتەکەی گرتون، ئەمە بابەتی ئێمە نییە و ھیچ سودێکیشی بۆ ئەم دۆخە نییە. دەربارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش، ئەوە شەرعییەتی لە پەرلەمان و گەلی کوردستان وەرگرتوە و ھیچ پێویستییەکی بە شەرعیەتپێدانی خەڵکی دیکە نییە، بە شێوەیەکی یاساییش بە دو خولی تەشریعی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ھەمو کایەیەکی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە”.

لەکۆتاییشدا دزەیی دوپاتی کردۆتەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە ڕایگەیاندوە، ڕاستگۆیانە و بە نیازپاکییەوە داوای گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات، بەڵام ئەوەی کە وەڵام ناداتەوە و تەنیا لەڕێگەی میدیا و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەوە “بۆ پڕۆپاگەندە، نەک بۆ چارەسەر” بەردەوام باسی چارەسەر و لێکگەیشتن و دەستور و ھاوڵاتیبون و ئەو دەستەواژانە دەکات، عەبادییە و وتوشیەتی”ئەمەش بەدڵنیاییەوە ھیچ خزمەتێک بە دۆخەکە ناکات و نابێتە ھۆی چارەسەرێکی جددی بۆ کێشەکان، بە پێچەوانەوە دەبێتە ھۆی بەردەوامیی ناسەقامگیری”.


237بینین‌‌‌
6 ڕۆژ پێشتر - Dec 6 2017 6:31PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ