سۆشیال میدیا

پارێزگار چی لە دنیای ئێمە دەگۆڕێ؟


عەزیز ڕەئووف
خۆی ئەسڵەن کێشەکە لەوەدا نیە تۆ پۆستت نیە، بەڵکو لەوەدایە پۆستت ھەبووە و دەسەڵاتت نەبووە، خۆی ئەسڵی کێشەکە ئەوە نیە دەبیتە پارێزگار یان نا، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە تۆ دوای نابووتکردنی پارلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانت تا ئێستاش بڕوات بەدەسەڵاتی خۆجی و پۆست و پلە ماوە. 
تۆ یەک وەزیرت پارەی لەبەردەست بوو کە وەزیری دارایی بوو، سەنگەرەکەی گواستەوە، ئێ نەتزانی سیاسەت بەر لەوەی قسە بێت فکر و جیھانبینیە، سیاسەت بەر لەوەی دروشم و خۆشین و مۆرکردنەوەی سەر شاشەکان بێت، پارادیمێکی نوێیە، تۆ چۆن دەتوانی بە ھەمان عەقڵەتی ئەوان دەسکاری دنیا بکەی، تۆ پێش ئەوەی ھەوڵ بدەی دنیا بگۆڕی دەبێت دید و تێڕوانینت بۆ سیاسەت و جیھان و ماددە و حوکمڕانی بگۆڕیت. ھاوڕێیان پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆکی پارلەمان و وەزیرەکانیان لێ مەحروم کردوون، پارێزگار چی لە دنیای تۆ دەگۆڕێ؟ تۆ کە نەتوانی لە سەرچاوەی کانیەکەوە کار بکەی، لە پێدەشتی خوارەوە زەوی چی دەکێڵی و چۆن دەتوانی نەمامێک ئاو بدەی؟ تۆ کۆی سامانی وڵات لە لەسەر ڕەفەیەکی بەرز بێت و دەستت پێی نەگا، لەخوارەوەی دەسەڵاتە خۆجێییەکان گڕوگاڵی چی دەکەی؟ 
قورعان خوێندنی پێش دەسبەکاربوون ھیچ نیە جگە لە لە نمایشێکی بێ تام، ڕازیکردنی کۆی خەڵک و مامەڵەی ڕیشسپیانە ھیچ نیە جگە لە دەستبەداڵی کە نەتوانی شتێک بۆ خەڵک بکەی دەتەوێت خۆت خاکی و سادە نیشان بدەی. سیاسەت و بەڕێوەبردن ھونەرە نەک قورعان خوێندن و ختوکەدانی ھەستی ئاینی زۆرینەی موسوڵمانی خێر نەدیو. ، زۆرینەی وڵاتانی خۆرئاوا سێکولارن و ئەسڵەن نازانن قورعان بخوێنن کەچی دەست و داوێن پاکن و دزی لە سامانی خەڵک ناکەن. تۆ دەبێت بەر لە ھەر شت نەوەیەکی یاخی پەرورەردە بکەی بە دیدی و تێڕوانینی نوێوە، نەک وەک باوکێکی ڕەمزی نەسیحەتی مناڵە چەتونەکان بکەیت و بشتەوێت دنیای ئێمە دەسکاری بکەی.
پۆستی پارێزگار چی لە دنیای ئێمە دەگۆڕێت؟ عەجیبە تۆ ئامادە نەبیت بە ئیمزای سەرۆکی ماوەبەسەرچووی ھەرێم پۆستەکە وەربگریت بەڵام ئامادە بیت بە شاگردێکی بارزانی کە وەزیری ناوخۆیە پۆستی پارێزگار وەربگریت و وەک ئەوەی ھەنگوین لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، بە سەروەری و دەسکەوت پیشانی بدەی. 
ھەی لەوە؟ خۆ بڕوایان بەم سیستەمە حوکمڕانیە ماوە، ھێشتا ئامادەن لەم کەلاوەیەدا بەدەستی بەتاڵەوە دیوار دروست بکەن، بێ ئەوەی خۆت بۆ ئەوە ئامادە کردبێت ئەم کەلاوەیە ئەساسی لەسەر بنیاد نانرێت تا نەچیتە سەر عەرزی ڕەق. 
پۆستی پارێزگار چی لە دنیای ئێمە دەسکاری دەکات؟ جگە لە دارتاشێک کە خەریکی دروستکردنی قاچی سناعییە بۆ جەستەی سیستەمێکی نەخۆش.


371بینین‌‌‌
7 مانگ پێشتر - Dec 5 2017 2:54AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ