کوردستان

مه‌لا به‌ختیار: رێبازی مام به‌ ته‌كه‌تول و گه‌نده‌ڵی ناپارێزرێت


پێشمەرگە دێرینەکانی دەڤەری رانیە: یەکڕیزی ناو ماڵی یەکێتی بپارێزن و دەست بە چەپکە گوڵەکەی (مام)ەوە بگرن
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی، دەڵێت: "رۆژێکی پێشمەرگایەتی و سەنگەری بەرگری لە میلـلەتەکەم ناگۆڕمەوە بە ھەموو خۆشییەکانی ئەوروپا".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣-١٢-٢٠١٧، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری سێمانی، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی، پێشوازی لە کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرینی دەڤەری رانیە کرد.

سەرەتای دانیشتنەکە کە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستیپێکرد، پاشان مەلا بەختیار، لە وتەیەکدا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای کوردستان و دۆخی ناوخۆی یەکێتی کردو، رایگەیاند: ئەم کۆبوونەوانە لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکان لەسەرجەم ناوچەکان بە گرنگی دەزانین.

وتیشی: کۆمەڵێک قسەو دۆخێک لە ئارادان لە کوردستان و ناوچەکەو عیراق، ھەموو ئەمانە پێویستیان بە ھەڵسەنگاندن ھەیە، لە دوای ھەڵسەنگاندنیش پێویستە وەک یەکێتی ئەرکەکانمان دیاری بکەین، ھەر یەکەو بەپێی ئەو بەرپرسیارێتیەی دەکەوێتە سەر شانی، ئەرکی خۆی راپەڕێنێت.

مەلا بەختیار، جەختیشیکردەوە: ئێمە بۆ ئەوە یەکێتی نین کە لە خۆشییەکان لەگەڵی بینین و لە قۆناغێکی سەخت و ناخۆش بەجێی بھێڵین، بۆیە دەبێت ھەموو تێکۆشەرەکان پابەندی حزبەکەی، رێبازی رابەرەکەی کە جەنابی مام جەلال-ە بنو بەرگەی کێشمەکێش، ناخۆشییەکانیش بگرێت.

راشیگەیاند: ھەندێک بە ئەنقەست دەیانەوێت کێشە بۆ یەکێتی سەرکردەکانی دروست بکەن و تۆمەتی ناڕەوا دەدەن پاڵ تێکۆشەرەکانی، ئەمڕۆ بۆ من و حاکم قادر درۆیان بڵاوکردۆتەوە گوایە داوای پەناھەندەیمان کردوە، وتی: "ھیچ کاتێک بڕوام بەوە نەبووە تەنانەت لە ئەنفالەکانیشدا، کوردستان جێبھێڵم و بچم لە ئەمریکاو ئەوروپا بژیم".

مەلا بەختیار، وتیشی: رۆژێکی پێشمەرگایەتی، سەنگەری بەرەنگاری، سیاسی، رۆشنبیری، بەرگری لە میلـلەتەکەم ناگۆڕمەوە بە ھەموو خۆشییەکانی ئەوروپا.

تەئکیدیشیکردەوە: پێویستە ھەموو تێکۆشەرانی یەکێتی، پێکەوە درێژە بە خەبات بدەین، چونکە تائێستا پیلانگێڕی و ئامانجی بەدینەھاتووی گەلی کورد ماوە کە بەدیانبھێنین.

لەبارەی پەیڕەوکردنی رێبازی سەرۆک مام جەلال لە گوتارەوە بۆ کردار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی، رایگەیاند: پەیڕەوکردنی رێبازی مام جەلال بە لاف لێدان نییە، رێبازی مام جەلال قورسە، ئەرکێکی مێژووییە، ھێشتا بەشێک  لە رێبازەکەی مام بەدیھاتووە.

راشیگەیاند: رێبازی مام جەلال، سەربەخۆییە، بەدیھێنانی دیموکراسی، دادپەروەری، دژایەتیکردنی گەندەڵیە، بەرەو خانوە قوڕەکانە، (مانمان، سەروەریمان، گەشەکردنمان بەندە بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە) ئەمانە رێبازی مام جەلال-ن، ھێشتا زۆری ماوە بەدیبێت، ئەگەر ھەشبێت تێنەگات کە رێبازی مام جەلال چییە، ئەوا پێشمەرگە دێرینەکان باش دەزانن کە ئەو رێبازە چییە. رێبازی مام بە تەکەتول و ھەلپەرستی و گەندەڵی ناپارێزرێت.

لەبارەی کۆنگرەشەوە، مەلا بەختیار، وتی: دەبێت کۆنگرەکی تەندروست، دور لە پیلانگێڕی ببەستین و پێکھاتەو  چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی یەکێتی بگۆڕین.

لای خۆشیانەوە، پێشمەرگە دێرینەکان، رایانگەیاند: ئێمە ھاتوینەتە ئێرە بۆ ئەوەی داوات لێ بکەین کە یەکڕیزی ناو ماڵی یەکێتی لە تێکدەرانی ناو یەکێتی بپارێزن، دەست بە چەپکە گوڵەکەی (مام)ەوە بگرن، چونکە ئێمە ھەموومان لەناو یەک کەشتین، ئەگەر نقوم بێت، ھەمووان پێکەوە نقوم دەبین.

PUKmedia





269بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Dec 3 2017 7:47PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ