سۆشیال میدیا

موچە، نوێنەرانی کورد، دادگای فیدراڵی


عەبدولای مەلا نوری
دزینی نەوت، گەندەڵی جۆراو جۆر، پێشێلکردنی دەستوری عێراق، خیانەت و ھەر تاوانەکانی تر لە لایەن دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانەوە پاساو نین بۆ بڕینی موچەی ھاوڵاتیان کوردستان، لە خوارە ھۆکاری ئەمە رون دەکەمەوە...
ھەندێک دەڵێن: چۆن دەکرێت عێراق موچە بنێرێت لە کاتێکدا حکومەتی ھەرێم ئامادە نیە داھاتی نەوت و گومرکەکان رادەستی بەغدا بکات و ھێشتا ھەر خەریکی دزی و گەندەڵین. یان دەڵێن: لە یاسای بودجەی ساڵانی رابردودا ئەوە چەسپێنراوە کە دەبێت حکومەتی ھەرێم رۆژانە بڕێک نەوت لە رێگەی سۆمۆوە ھەناردەی دەرەوە بکات، پاشان عێراق بودجەوە موچە دەنێرێت.
لە بەشی ماف و ئازادیەکانی دەستوری عێراقی فیدراڵدا لە مادەی (٣٠) بڕگەی (٢) دا ھاتوە: دەوڵەت چاودێری کۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ تاک و خێزان دابین دەکات-بە تایبەت منداڵ و ئافرەت، لە گەڵ بنەما سەرەکیەکانی ژیانێکی ئاسودە، کە داھاتێکی گونجاو و شوێنی نێشتەجێبونی ئارامیان بۆ مسۆگەر بکات.
ناوەڕۆکی ئەو مادەیەی سەرەوە شمولی ھەمو عێراقیەکان دەکات، بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە تا ئەو کاتەی ئەم ھەرێمە بەشێک بێت لە عێراق ئەوا ھاوڵاتیەکانی ھاوڵاتی عێراقین، بەمەش ئەرکی دەوڵەتی عێراقە وەک چۆن مافە جۆراو جۆرەکانی ھاوڵاتیانی نیشتەجێی پارێزگاکانی تری ناوەڕاست و خواروی عێراق دابین دەکات، دەبێت ئاواش ھی ھاوڵاتیانی ھەرێم دابین بکات.
زۆر جار فوقەھاو نوسەرانی دەستورە دیموکراسیەکان کاتێک دەستور دەنوسنەوە پێشبینی و حساب لە سەر ئەوە دەکەن کە دەشێت دەسەڵات لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی یان لە کاتی جێبەجێکردنی دەستوەرەکەدا بە پاساوی جیاجیا ھەوڵی زەوتکردن یان کەمکردنەوەی ماف و ئازادیەکانی ھاوڵاتیانی بدات، جا وەک حەزەرێکی پێشوەخت و بۆ رێگری لەوە مەترسیە دێن لە دەستورەکاندا مادەیەک دادەنێن کە ڕێگە نادات لە ژێر ھیچ پاساوێکدا دەسەڵات و حکومەت زیان بەماف و ئازادیەکانی ھاوڵاتیان بگەیەنێت.
لە دەستوری عێراقیشدا پێشبینی سەرھەڵدانی ھەمان مەترسی لە سەر ماف و ئازادیەکانی ھاوڵاتیان کراوە، بۆیە بۆ رێگری لەو مەترسیە لە کۆتایی بەشی ماف و ئازادیەکاندا مادەی ٤٦ دانراوە کە دەڵێت: جێبەجێکردنی ھەر یەک لەو ماف و ئازادیانەی کە لەم دەستورەدا ھاتوە نابێت سنوردار بکرێت یان دیاری بکرێت تەنھا بە یاسا نەبێت یان پشت بەستن بە یاسا نەبێت، بە مەرجێک ئەو سنوردار کردن و دیاری کردنە ناوەڕۆکی ماف و ئازادیەکان نەشێوێنێت.
ئەم مادەیەی دوایی (مادەی ٤٦) کە بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی مادەکەی سەرەوەیە (مادەی ٣٠ بڕگەی ٢)‌، بە رونی و بێ ھیچ گرێ و گۆڵێک پێمان دەڵێت: ئەو دەقە یاسایانەی کە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی رابردودا ھاتبون ھەروەھا ئەو مادانەش کە لە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقدا ھاتوون، ھەمو نا دەستورین، چونکە ناردنی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی لە لایەن بەغداوە گرێداوە بە ناردنی داھاتی نەوت و گومرکی ھەرێمی کوردستانەوە لە لایەن دەسەڵاتدانی ھەرێمەوە، ئەم گرێدانەش گرێدانی مافێکی دەستوری روتی ھاوڵاتیانە بە پرسێکی دەستوری-سیاسی ئاڵۆزەوە کە لە ئەسڵدا کێشەی نێوان دو دەسەڵاتە. بەمە جۆرە لە رێگەی یاسای ئاساییەوە ‌(یاساکانی بودجە)و لە ئەنجامی کێشەیەکی دەستوری-سیاسی نێوان دو دەسەڵات لە ھەرێم و بەغدا، زیان بە مافە دەستوریەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێم گەیشتوە، ئەمەش موتڵەقەن نا دەستوریە، ئەگەر دادگای دەستوری لە عێراق زەرەیەک بە تەنگ مافە دەستوریەکانی ھاوڵاتیانەوە بێت دەبێت فەرمان بکات بە ناردنی بودجەو موچەی ھاوڵاتیانی ھەرێم. بۆ ئەو مەبەستە نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا دەتوانن:
یەکەم: لە رێگەی دادگای فیدراڵیەوە سکاڵا لە سەر نا دەستوری بونی بڕینی موچەو ئەو دەقە یاسایانەی کە لە یاسای بودجەی ساڵانی رابردو پرۆژە یاسایی بودجەی ئەمساڵدا ھاتوە پێشکەش بکەن و داوا بکەن راستەوخۆ بێ ھیچ بڕو بیانویەک بەشە بودجەو موچەی ھاوڵاتیانی ھەرێم رەوانە بکرێت و، ئەم بابەتە بە ھیچ پرسێکەوە گرێ نەدرێت. ناکرێت نوێنەرانی کوردستان ئەم لایەنە دەستوریە پشتگوێ بخەن، بە تایبەت لەم کاتەدا کە سەرو بنی زمانی حکومەتی عێراق جێبەجێکردنی دەستورە.
دوەم: ئەگەر دەسەڵات و حکومەت لە عێراق ھەر سوربن لە سەر نەناردنی بودجەو موچە ئەوا ئەرکی نوێنەرانی ھەرێمی کوردستانە لە بەغدا ھەڵوێستیکی یەکگرتویان ھەبێت، بونی ئەوان لە بەغدا تا ئەو کاتە گرنگە کە بتوانن داکۆکی لە مافی ھاوڵاتیان بکەن، کە نەتوانن داکۆکیەکی باش بکەن یاخود کە گوێیان لێ نەگیرا ئیدی پاساوی مانەوەیان لە بەغدا نامێنێ. 
سێیەم: ئەرکی نوێنەرانی کوردستانە پشتیوانی ھەر ھەنگاوێکی دەستوری حکومەتی عێراقی بۆ کۆتایی ھێنان بە گەندەڵی و راوروتی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بکەن. حکومەتی عێراق دەتوانێت لە پاڵ بڕیاری ناردنی بوجەو موچەی ھاوڵاتیانی ھەرێم، بڕیاری گرتن و دادگایکردن بۆ تەواوی بەرپرسە گەندەڵەکانی ھەرێم دەربکات، خۆ ئەگەر لە دەرەوەش بون دەشێت لە رێگەی پۆلیسی ئینترە پولەوە بیانھێنێتەوە بۆ دادگایکردن، لەمەشدا ئەرکی نوێنەرانی کوردسانە چاوساغ و پشتیوانی حکومەتی عێراقی بن.


587بینین‌‌‌
7 مانگ پێشتر - Dec 2 2017 8:47PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ