سۆشیال میدیا

بارزانی ئەمجارە چی دەوێت


عەدنان کۆچەر 
سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی بارزانی، ھیچ شۆکێکی بەدوای خۆیدا نەھێنا، چونکە گرەوکردن لەسەر گۆڕانی دنیابینی‌و تێفکرینەکانی، خەیاڵێکە کەس تێیدا براوە نابێت، چونکە ئیدی سروشتی ئەو پیاوە لەپاش ئەو شکستەش کە بەھۆی سەرکێشیەکانی ریفراندۆمەوە روبەڕووی خۆی‌و ھەرێمی کردەوە، نەک گۆڕاوە، بەڵکو بەدڵنیاییەوە بەپێی لۆژیکی تۆڵەکردنەوەو بەشینەوەی تۆمەت‌و گەڕانەوەی بۆ ناو ھاوکێشەکان دەیھەوێت جارێکی تر خاک‌و خەڵک بخاتەوە بەر تاقیکردنەوەی مەترسیداری دیکەوە.
گرەوکردن لەسەر وەرگۆڕانی بارزانی لە پیاوێکەوە کە تەنھا توڕەیی لە خەیاڵدانیدایە بۆ سیاسییەک کە تێبگات نشوستی سەر ھەرێم ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی ئەوە، ئەستەمە، چونکە ھێشتاش وەک لە گوتارەکانیدا خۆی بەرجەستە دەکات سورە لەسەر ئەوەی کە جیھان پشتی لێکردووە، لەکاتێکدا ئەوەی پشتی لە لۆژیک‌و سیاسەتی دووربینی‌و ئامۆژگارییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد خۆی بوو، ئەوە بارزانی بوو نەیتوانی ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکان‌و پشتیوانی جیھانیی بۆ عەبادی بخوێنێتەوەو بەگوێی دۆستەکانی نەکرد، گرفتی ئەو پیاوە لە سەرکێشییەکانی رابردووی ئەو سوپا راوێژکارە ناوخۆییە زەردانەو ئەو خانەنشینکراوە بیانیانە بووە کە (عەبدولباری عەتوان) ناویناون (بائع الاوھام)، ئیدی لێرەوەیە بارزانی بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی سەرکێشییەکەی، دەیھەوێت جارێک بەرگری لە دروستی ھەنگاوەکە بکات‌و جارێکیش جیھان بە پشتکردنە مافی گەلان‌و پەشیمانبوونەوە لە پەیمانەکان تۆمەتبار بکات، ئاخر رەوایی ئەو تێفکرینە لەکوێدایە، ملی نەتەوەیەک بخەیتە بەردەمی نێزەی ئەو ھەموو دوژمنەوە، بە پشتبەستن بە وەھمێک کە پێتوابێت جیھان بۆ دروستکردنی دەوڵەت‌و پارچەکردنی عێراق لەگەڵتایە.
بارزانی باجەکەی دا، بەڵام پێناچێت باجی خاک‌و خەڵک ئاوا ئاسایی بیربچێتەوە، چونکە ئیدی سەرباری لەدەستچوونی جوگرافیاو شکۆی نشتیمانی، نەک ھەر ئاسۆیەک بۆ چارەسەری‌و دانوستانی راستەقینە لەگۆڕێدا نییە، بەڵکو بەدوبارە دەرکەوتنەوەی بارزانی‌و بەردەوامیدانی لەسەر گوتاری تۆڵەسەندنەوە دەشێت ئومێدەکانی چارەسەریی ریشەیی لاوازتر بکات، بەتایبەت کە لەچەند رۆژی رابردوو لەچەندین کۆبوونەوەو دانیشتنی بارزانی لەگەڵ ئۆرگانە ناوخۆیی‌و ھێزە سیاسییەکان بەھەمان نەفەس‌و بیرکردنەوەو دڕدۆنگی پێشترەوە ویستویەتی روئیای خۆی بەیان بکات‌و بیسەپێنێت. ئەوەی بارزانی دەیھەوێت وەک ئیرادەی خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە بیسەپێنێ، لەو چەند ھەنگاوە بەدەرنییە.
ـ تەرحکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، بەسەرێکدا بۆ ئەوەیە کە پۆست‌و دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم سەرلەنوێ ببوژێنێتەوە چ لەرێی دوبارە گەڕانەوەی خۆی لەرێگەی ھەڵبژاردنی راستەوخۆوە یانیش دانان‌و کاندیدکردنی کەسێکی جیاواز لە نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئەوەی باڵانسی ھێزی ناوخۆیی پارتی بەزیان بۆ داھاتووی بارزانی‌و خانەوادەکەی نەگەڕێتەوە، بەسەرەکەی دیکەشدا دەخوازێت ئەو حەماسە نەتەوەیەی خەڵک بۆ ریفراندۆم‌و توڕەیی ھاونشتیمانیان لەرەفتارەکانی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق لەپێناو سەرخستنی لیستی پارتی لە ھەڵبژاردنەکان مسۆگەر بکات.
ـ لەپەیوەست بەپرسی دانوستان‌و گفتوگۆی بێ مەرج لەگەڵ عێراق بارزانی ناخوازێ بکەوێتە سەر رێڕەوی خۆی، چونکە بەسەرێکدا ھەر دانوستانێک خۆی تێیدا جەمسەرو سەنتەرە سەرەکییەکە نەبێت پەسەند ناکات‌و ھەمیش نایھەوێت لەسایەی دانوستانەوە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان تا دوای ھەڵبژاردنی عێراق ئاسایی بێتەوە، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی سەنگی سیاسی یەکێتی لەکەرکوک‌و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، خەمساردی نوێنەرانی ئەوانیش لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ھەر ئەو مەبەستەی لەپشتەو شتێکی دیکە نییە.
ـ سروشتی بارزانی، سروشتێکە لەجێی داننان بەشکست‌و بەخۆداچوونەوە بەگیانی توڕەیی‌و تۆڵەسەندنەوە رەفتار دەکات، ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەمێکە باجی ئەو سروشتەی ئەویانداوە، ئێستاش لەپەیوەست بەداھاتووی پەیوەندی کوردو عەرەب لە عێراقدا بەھەمان لۆژیک‌و توڕەیی‌و تۆڵەسەندنەوە دەیھەوێت ئاراستەی سیاسەتی فەرمی ھەرێم بکات، لەکاتێکدا کارتەکانی کورد ئێستا ھێندە لەبەرامبەر نەتەوەو مەزھەبی سەردەستی عێراقی ھێندە لاوازن بەرگەی ئەو سەرکێشیە نوێیەی بارزانی ناگرێت.
ـ وەک باسدەکرێت‌و ھەواڵەکان دزە دەکەن، بارزانی لەتۆڵەکردنەوە لەپشت لێکردنی تورکیا‌و وڵاتانی دیکەی کەنداو نیگەرانەو ئەمجارە بە چەشنێکی دیکە دەیھەوێت لەسەر جەمسەرێکی دیکەی ھەرێمیی خۆی ساغ بکاتەوە، ئەو سیاسەتە کە تەواوی ھێلکەکانت بخەیتە سەبەتەی ھێزێکی ھەرێمییەوە، بەھەمان پێودانگی رادەستبوونی پارتی‌و بارزانی بەتورکیا ھەڵەو مەترسیدارە، چونکە پێگەی ھەرێم زۆر لەوە لاوازترە کە توانای بەرگەگرتنی ململانێ ھەرێمییەکانی ھەبێت.
ئێستا کاتی راگرتنی بارزانییە، ئەو پرۆسەیە دەبێت لەنێو پارتییەوە دەست پێبکات‌و یەکێتی‌و ھێزەکانی دیکەش رێ نەدەن، وەک زەمەنی ریفراندۆم جارێکی تر چارەنوسمان بە توڕەییەکی تر بسپێرێت


1391بینین‌‌‌
7 مانگ پێشتر - Dec 2 2017 8:32PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ