کوردستان

ماكرۆن: پێویسته‌ مادده‌ی 140 جێبه‌جێبكرێت


سەرۆکی فەرەنسا: پشتگیری مافە رەواکانی گەلی کورد دەکەین لە چوارچێوەی عیراقێکی یەکگرتووی فیدرالدا
دوای کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ ئیمانویل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیزێ لە پاریس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ھەردوولا تەئکیدیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان عیراق و ھەرێمی کوردستان کرد لە رێگەی دایالۆگ و دانوستانی ئاشتییانە کردەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢-١٢-٢٠١٧، دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی وەفدێ باڵای حکومەتی ھەرێم بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ ئیمانویل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ھەردوولا کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامداو ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خرستەڕوو.

سەرەتا ئیمانویل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: زۆر بەخێرھاتنی وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بۆ فەرەنسا، وتیشی: دۆستایەتی فەرەنساو کورد مێژوویەکی دێرینی ھەیە، بۆیە فەرەنسا ھەمیشە پشتگیری و ھاوکاری گەلی کورد دەکات بۆ بەدەستھێنانی مافە رەواکانی لە چوارچێوەی عیراقێکی یەکگرتوو بەھێزدا.

راشیگەیاند: سوپاسی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە ھاوکاریکردنی ئاوارەکان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و وەک فەرەنسا ھەمیشەپشتیوانی لە گەلی کورد دەکەین، چونکە گەلی کورد ھاوشانی ھێزەکانی فەرەنسا رووبەڕووی تیرۆرستانی داعش بووەوەو رۆڵی گرنگی ھەبوو لە لەناوبردنی تیرۆرستان.

ماکرۆن تەئکیدیشیکردەوە، فەرەنسا رێز لە مافەکانی گەلی کورد دەگرێت لە چوارچێوەی عیراقێکی یەکگرتووی فیدراڵدا، جەختیشیکردەوە، کە پێویستە کێشەکانی نێوان بەغداو ھەرێم بە دایالۆگ و گفتوگۆو دانوستانی ئاشتییانە لە چوارچێوەی رێزگرتن لە دەستوری عیراق چارەسەبکرێن .

وتیشی: وەک فەرەنسا لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ دەستپێکردنی دایالۆگێکی نیشتمانی لە عیراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتە، ماکرۆن ئاماژەی بەوەشدا،  فەرەنسا پشتگیری دەستپێکردنی دایالۆگێکی نیشتمانی دەکات لە عیراق لەسەر بنەمای چەند خاڵێکی گرنگ لەوانە: رێزگرتنی دەستوری عیراق لەلایەن ھەموو پێکھاتەکانییەوە بێ جیاوازی، ھەروەھا داھاتی وڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر ھەموو عیراقییەکاندا دابەشبکرێت بێ جیاوازی و کۆتایی ھێنان بە سەرجەم میلیشیاکان لە عیراق بەحەشدی شەعبییەوە کە ئەمەم لەگەڵ حەریدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق باسکردوە، وتیشی: یەکێمکی تر لەو خاڵانەی کە پێویسە دایالۆگی نیشتمانی لەسەر بکرێت جێبەجێکردنی ماددی ١٤٠ ی دەستوری عیراقە کە وەک فەرەنسا دەمانەوێت ئەو ماددە دەستورییە رێزی لێبگیرێت و جێبەجێ بکرێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا ماکرۆن رایگەیاند: فەرەنسا دەیەوێت سەقامگیری و ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا بەرقەراربێت و ھەموو ھەولێکیش دەخاتەگەڕ بۆ ئەو مەبەستە.

دواتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند: زۆر سوپاسی سەرۆکی فەرەنسا دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە گەورەیەی کە لە وەفدی باڵای حکومەتی ھەرێمی کرد، کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە فەرەنسا ھەمیشە ھاوکارو پشتیوانی گەلی کوردو مافەڕەواکانی بووە، لە چوارچێوەی عیراقێکی فیدرالی یەکگرتوودا.

وتیشی: وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە دەمانەوێت بە رێگەی دایالۆک و دانوستان و گفتوگۆ کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەربکەین و دەستور بکەینە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بۆ ئەو مەبەستەش فەرەنسا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ دووپاتکردوینەتەوە.
بارزانی تەئکیدیشیکردەوە، وەک حکومەتی ھەرێم ئێمە ھەمیشە ئامادەین بۆ دانوستان و دایالۆگ لەگەڵ حکومەتی عیراق بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، پێشتریش ئەوەمان بە عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راگەیاندوە.


243بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Dec 2 2017 5:53PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ