کوردستان

ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لەبارەی دۆخی کەرکوک دەدوێت


ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لەبارەی دۆخی کەرکوک رایدەگەیەنێت، کە کەرکوک بۆ یەکێتی زۆرگرنگە، بۆیە لەخەباتی سیاسی و دیموکراسی بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانە خۆڕاگرەکەی بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبێت، دەشڵێت: لەھەنگاوەکانی داھاتوودا درێژە بەجێبەجێکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام وەک بنەمای کارکردنی ھەمەلایەنە لەشارەکەدا دەدەین.

ئەمڕۆ ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧، لەشاری سلێمانی، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لەژمارەیەک کادری پێشکەوتوو یەکێتی و ئەندامانی لیستی برایەتیی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەدیدارێکدا باری ئێستای پارێزگاکە و کێشە ھەنوکەییەکان ھاوڵاتیانی ناوچە دابڕێندراوەکان تاوتوێکرا.

 ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد باسیلەوەکرد لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆچارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگاکە و بەدەنگەوەچوون بۆ داوای ھاوڵاتیان، ھاوکات دووپاتیکردەوە کە کەرکوک بۆ یەکێتی زۆرگرنگە، بۆیە لەخەباتی سیاسی و دیموکراسی بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانە خۆڕاگرەکەی بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبێت، ئاشکرایە لەپێناویشیدا شەھید و قوربانی زۆری بەخشیوە، لەھەنگاوەکانی داھاتووشدا درێژە بەجێبەجێکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام وەک بنەمای کارکردنی ھەمەلایەنە لەشارەکەدا دەدەین.

ھەر لەمیانەی دیدارەکەدا، لەگەڵ خستنەڕووی کێشەکانی ھاوڵاتیان و گۆڕانکارییە ئەمنیی و ئیداری و سیاسییەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکە، لای خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە لەگەڵ ستایشکردنی ھەڵوێست و ھەوڵەکانی ھەریەک لە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی بۆگرنگییدانی بەردەوامیان بە بارودۆخی کەرکوک و پشتگیریان لەداواکانی ھاوڵاتیان، پابەندبوونی خۆشیان دەربڕی بەرێبازەکەی سەرۆک مام جەلال.

لەبارەی دۆخی ئێستای کوردستانەوە، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئاڕاستەی سیاسەتی یەکێتی بۆ پاراستنی یەکگرتووی و یەکدەنگی لایەنە سیاسییەکان روونکردەوە و راشیگەیاند، پێویستە بەزووی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەچوارچێوەی دەستوردا گفتوگۆ بکەن و ھاوکات رێگاچارەی دەستوری و یاسای بۆ دۆخی نوێی شاری کەرکوک بگیرێتەبەر.

لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک جەختیلەوەکردەوە کەپێویستە ئەنجومەنەکە بەزووی دەستبەکارەکانیان بکەنەوە و ئەرکەکانیان لەپێناو خزمەتی پارێزگاکە و ھاوڵاتیان راپەڕێنن، بەئاڕاستەی بەدیھێنانی ھاوسەنگی و پاراستنی ئاشتی لەشارەکەدا.



2048بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Nov 30 2017 7:55PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ