رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕێککەوتن کراوە هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچە کوردستانییەکان بڵاو بکرێنەوە


گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ دەڵێت، بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی، ڕێککەوتن کراوە، کە ھێزی ئەمەریکایی لە ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بڵاو بکرێنەوە.

شێخ مزاحم ئەلحوێت گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا سێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەمەریکا ئەنجام داوە و گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی ئەمەریکا ھێزەکانی خۆی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بڵاو بکاتەوە، لەوانە کەرکووک و مووسڵ."

شێخ مزاحم ئەلحوێت گوتی" مەبەست لەو ڕێککەوتنەی کراوە لە نێوان ھۆزە عەرەبەکان و سەرکردەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوەیە کە ڕێگری بکرێت لەو پێشێلکارییانەی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەنجامیان داوە."

گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی مووسڵ گوتی"چوونی ئەو ھێزەی ئەمەریکا بۆ کەرکووک لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەیە، کە کراوە، بۆ بڵاوکردنەوەی ھێزی ئەوان لە ناوچە کوردستانییەکان و بڕیاریشە لە مووسڵیش ھێزی خۆیان بڵاوە پێ بکەن."

شێخ مزاحم ئەلحوێت ڕوونیشی کردەوە" ئەو پێشێلکارییانەی حەشدی شەعبی دژی خەڵکی سڤیل لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەنجامی داوە، کەمتر نییە لە ئەو پێشێلکارییانەی داعش دژی خەڵکی ئێمەی ئەنجام داوە، بۆیە بڕیارە ھێزی ئەمەریکا لە ناوچە کوردستانییەکان بڵاوەیان پێ بکرێت و حەشدی شەعبیش بە زووترین کات لەو ناوچانە بکشێنەوە."


3142بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Nov 30 2017 7:26PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ