کەرکوک

‌هۆكاری‌ رۆیشتنی هێزی‌ هاوپه‌یمانان بۆ شاری‌ كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كرێت


ھاوپەیمانان ھێزێکی تایبەتیان رەوانەی بنکەی سەربازی کەیوان لە شاری ‌کەرکوک کردووە و ئامانج لە ناردنیشی بەپێی وتەی سەرچاوەکان، ئامادەکارییە بۆ قۆناغی داھاتوو و رێگرتنە لە دروستبونی بارگرژی لە سنوری کەرکوک و قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین.  

بەپێی راپۆرتێکی دەنگی ئەمریکا، ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان ترسیان لەوە ھەیە بارگرژییەکانی کەرکوک و خورماتوو تەشەنە بکەن و لەدەست دەربچن، بۆیە لەئێستاوە ھێز لەسەربازگەی کەیوان کۆدەکەنەوە و خۆیان بۆ قۆناغی ئەگەری سەرھەڵدانی بارگرژی ئامادە دەکەن ئەگەر رووبدات.  

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە لیستی برایەتی، بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندووە "عێراق ئێمەی چەککردووە و ھێزمان لە کەرکوک نەماوە، کەچی ئەوان چیان بوێت بە چەکەوە دەیکەن"، وتوشیەتی "ھاتنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان کە ھێزێکی بێلایەنن، گرنگە بۆ ھێورکردنەوەی دۆخی کەرکوک".  

ھەر بەپێی راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا، ئەو ھێزەی رەوانەی سەربازگەی کەیوان کراوە ھێزێکی تایبەتی نەوعیە و پێش رۆیشتنی ھێزەکەش بۆ ئەو سەربازگەیە، ھاوپەیمانان بەئامادەبوونی ئەمریکیا و بەریتانیا و ئەڵمانیا تاوتوێی گرنگی ناردنی ئەو ھێزە و رێگرتنیان لەدروستبونی بارگرژی کراوە.  

دەربارەی پێکھاتەی ھێزەکە، عەسکەری ئاماژەی بەوەداوە "ئەو ھێزەی ھاتوەتە کەیوان ھێزی جیاوازترن لەو ھێزەی پێشوو، ھێزێکی شەڕکەر دیارن". 

وەک لە راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا ھاتووە، زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ھاوپەیمانان ترسیان لە دروستبوونی بارگرژی و شەڕ لە کەرکوک و خورماتوو ھەیە، بەتایبەت ناوبەناو گرژی روودەدات و لایەنی کوردیش لەو ناوچانە ھەست بەپەراوێزخستن دەکات، عییراقیش ھێز و چەکی پێویستی بۆ ئەو ناوچانە ناردووە، بۆیە ھاوپەیمانان دەیانەوێت بۆ حاڵەتی پێویست ھێزیان لەو ناوچانە ئامادەبێت.  

عەقید رایان دیلۆن، وتەبێژی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیش لە بەغداوە، رایگەیاندووە رۆیشتنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ سەربازگەی کەیوان لە کەرکوک بەھەماھەنگی بووە لەگەڵ ھێزە عییراقیەکان، جەختیشی کردۆتەوە "ھێزەکانمان لەسەرانسەری عییراقدا جارێکی تر جێگیر دەکەینەوە".  

گەڕانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ کەرکوک و دەوروبەری، لەکاتێکدایە بەبەردەوامی فرۆکە بەسەر ئاسمانی کەرکوک و خورماتودا دەسورێتەوە و چاودێری جموجۆڵەکان دەکەن، بەتایبەت وەک دەنگی ئەمریکا ئاشکرایکردووە رۆژی چوارشەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧، لە ناوچەی قەڵخانی باکوری رۆژئاوای خورماتوو شەڕێکی قورس لەنێوان حەشد و چەکدارە خۆبەخشە کوردەکان روویداوە و تیایدا ٣ چەکداری حەشد کە ھەرسێکیان دانیشتوی قەزای داقوقی باشوری کەرکوک بوون کوژراون.


1772بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Nov 30 2017 6:37PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ