سۆشیال میدیا

چەندین نھێنی لە بارەی کەرکوک ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چۆن ڕوویدا ؟


چەندین نھێنی لە بارەی کەرکوک
ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چۆن ڕوویدا ؟
نھێنی ڕووداوەکان لە ١٥ی ئۆکتۆبەرو ڕۆژانی دواتر
ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەرە، فشارەکانی بەغداو ھێزە عێراقییەکان بەتەواوی زیادیکردوە، پارتی و یەکێتی ھەریەکەیان لەرێگەی کەناڵی جیاوازە پەیامیان بۆھاتووە، لە بارەی ھێرشکردن بۆ سەر ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، چەند کۆبوونەوەی ژێر بەژێر بەر لە ھێرشەکانی ١٦ەی ئۆکتۆبەری سەر کەرکووک ئەنجامدراوە، بە تایبەت لە نێوان گروپێکی نێو یەکێتی، لەگەڵ بەغداو کۆماری ئیسلامی ئێران.
دوای دروستبوونی مەترسی راستەقینە لەسەر ھەرێمی کوردستان، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق ، بە پەلە دەگاتەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی، بە ئامانجی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی و ، گەیاندنی پەیامی بەغداو حەشدی شەعبی بۆ ھەرێمی کوردستان و ، گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا.
لەم لاشەوە کۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوانی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی، لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان بەردەوامە.
کۆبوونەوە باڵاو بەرفراوانەکەی دۆکان، لە ئێوارەی ١٥ەی ئۆکتبەر دەستپێکرد، دوای ئەوەی بارزانی و فوئاد مەعسوم کۆسرەت ڕەسول قسەی خۆیان لە بارەی بارودۆخەکە کرد، دواتر مەلا بەختیار داوا لە ئامادەبووان دەکات قسە بکات، دوای رێگەپێدان، دەڵێت " بەر لەوەی بچمە ناو باسەکەوە دەمەوێ ئاماژەبەوەبکەم، ھەستدەکەم رێککەوتنێکی ژێربەژێری ھەبێت لە بارەی ھاتنەوەی ھێزە عێراقییەکان بۆ چەند ناوچەیەکی کەرکوک ". مەلا بەختیار، لەوبارەیەوە ئاماژە بۆ بافڵ تاڵەبانی دەکات.
دوای قسەکانی مەلا بەختیار، بافڵ تاڵەبانی، بە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە رادەگەیەنێت : ھیچ رێککەوتنێکی ژێر بە ژێری نییە، ئەوەی ھەیە تەنھا رەشنوسی پڕۆپۆزەڵێکە بۆ بەڕێوەبردنی چەند شوێنێک لە کەرکوک، بە ھاوبەشی لە نێوان بەغداوھەرێم، بەڵام تاوەکو ئێستا پێنشیازەو نەبۆتە رێککەوتن.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، ڕووی قسەی لە بافڵ تاڵەبانی، دەکات و دەڵێت " ئەگەر پرۆپۆزەڵێکتان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ کردووە، کەواتە رێککەوتن کراوەو، ئێوە بەچ سیفەتێکی رەسمی ئەو کارەتان کردوە ".
لەوەڵامدا بافڵ، دەڵێت " ڕاستە من ھیچ سیفەتێکی رەسمیم نییە، بەڵام پەیوەندی باشم ھەیە لەگەڵ لایەنی عێراقییی، بەڵام بەھیچ شێوەیەک رێککەوتن نەکراوە ".
ئەم قسانەی بافڵ تاڵەبانی، گومانەکانی مەسعود بارزانی و ئامادەبووان دەڕەوێنتەوەو کۆبوونەوەکەی درێژەی دەبێت، تاوەکو دەگەنە رێککەوتن لەسەر چەندخاڵێک، دواتر دەکرێتە پاکێج و دەدرێتە سەرۆک کۆماری عێراق، بۆئەوەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر بگەیەنێتە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی بریتیبوون لە :
* دەستپێکردنەوەی گفتووگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقی، بەبێ ھیچ مەرجێک؛ واتە دانیشتن لەگەڵ حەیدەر عەبادی، بە پێی داواکارییەکانی عەبادی ئەگەر بە ھەڵپەساردنی ریفراندۆمیش بێت.
*کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە، دوای رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، لە چەند شوێنێک، بەپێی گفتووگۆ دواتر لەسەر ئەو شوێنانە قسەبکرێت.
* گتفووگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراقی، لەسەر ئیدارەدانی چەند ناوچەیەکی کەمی ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە نێوان ھەردوولا، بە پێی رێککەوتنێکی واژووکراو لە نێوان ھەردوولا ( بەپێی دەستووی عێراقی).
*لە کۆبوونەوەکەد بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ( فرۆکەخانەی کەرکووک و سەربازگەی کەیوان، بیرنەوەکان) تاکە لایانانە لە لایەن عێراقەوە ڕەتکڕایەوە.
دوای ئەوەی بارزانی، دووبارە تەئکید دەکاتەوە لەسەر پابەندبوون بە رێککەوتنەکە، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، دەست لەسەر شانی بارزانی دادەنێت، بارزانیش دەڵێت " ھەتاوەکو ئێستا قەڵەق بووم، بەڵام بۆ لە مەودوا، تۆ وەکو ژنێک ( فێمەنیستێک)، بەتەواوی باوەڕم پێت ھەیە، چونکە دڵنیام خاوەنی بەڵێنی خۆتی ".
بە چەند خولەکێک بەر لە کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەکە، بارزانی، بە پەنجەی دەستەکانی ئاماژەیەک بۆ بافڵ دەکات، دەڵێت " بافڵ دڵنیابم ھیچ رێککەوتنێک لە ئارادنییە"، لە وەڵامدا کوڕە گەورەکەی تاڵەبانی، دەڵێت " دڵنیابە ھیچ شتێک لە ئارادنییە ".
دوای ئەمە کۆبوونەوەکە کۆتایی پێدێت و، داواش لە فوئاد مەعسوم دەکرێت ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەیان بگەیەنەتە حەیدەر عەبادی، مەعسوم بەوە ڕاناگات لەگەڵ حەیدەر عەبادی دابنیشێت و، لایەنی عێراقی لە لایەکی تر رێککەوتنی کردووە، بۆیە لایەنی عێراقی داواکاری سەرۆک کۆمار بۆ دانیشتن لەگەڵ حەیدەر عەبادی دوادەخەن و بە جدی وەریناگرن، چونکە لە لایەکی تر رێککەوتنیان کردبوو.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە ھەیە، ھەریەک ئاراس شێخ جەنگی و لاھور تاڵەبانی ئاڵا تاڵەبانی ، ھانی بافڵ تاڵەبانیان داوە، رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی بکات، چونکە پێیانوابوو: ھەڕەشەکان گەورەن و ئەو رێککەوتنەش دەبێتە دەستکەوت بۆ ئەوان و، دەتوانن شەڕ لە کەرکوک دووربخنەوە، بەو مەرجەی رێککەوتنەکە تەنھا بریتیبێت لە : ڕادەستکردنی فرۆکەخانەی کەرکووک و سەربازگەی کەی وەن، بیرنەوتەکان، بەبێ ھاتنە ژوورەوەی ھێزە عێراقییەکان بۆ ناو سەنتەری پارێزگای کەرکووک و، ھەندێ قەزاو ناحیە لەم ناوچانە، بەڵام دواجار رێککەوتنەکە لە دەست دەرچوو، ھێزی عێراقی و حەشدی شەعبی رێککەوتنەکەیان شکاند چوونە ناو ئەو شوێنانە.
لە بارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، ئەو کەسانە، چەند سەرەقەڵەمێک بۆ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد باس دەکەن، بەڵام ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بە تەواوی بۆ ناوبراو ڕووناکرێتەوە، تەنھا ئاماژەبەوەدەکەن، ھێزە عێراقییەکان تەنھا دێنە چەند ناوچەیەک، لەوانە فڕۆکەخانەو سەربازگەی کەی وەن، بەمەش کورد لەشەڕکردن دووردەخەنەوە.
رێککەوتنەکە تەم و مژاوی بوو بۆ ھەمووان، تەنانەت یەک سەرکردەی یەکێتیش لە کەرکوک ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەبووەو، تەنھا گومانیان کردبوو، کە ڕووداو گەلێک دەگوزەرێ و ئەگەر فەرمانیان بۆ بێت دەبێت پابەندبن پێوەی.
شەوی ١٥ی ئۆکتۆبەر، رەفعەت عبداللە، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لە بوونی رێککەوتنەکەی ئەو سەرکردانەی یەکێتی ئاگاداردەکاتەوە، بەڵام بەر لە ئەو لە پێشووتردا ناوبراو، بە ھەڵە لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە تێگەیاندرابوو، بۆیە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد گوێی پێنادات. 
بە پێی زانیارییەکان سەرکردە کەرکوکییەکانی نێو یەکێتی کە پێکھاتوون لە ( رەفعەت عبداللە، ئاسۆ مامەند، خالد شوانی، سیروان کێخوا نەجم، وەستا ڕەسول، رزگار علی ) لەسەرەتادا بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نەبوون، کە ئەنجامدرابوو، بەڵام دوای رێککەوتنەکە بەشێک لەو سەرکردانە بە ناچاری گوێڕایەڵی فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دەبن و، بەشێکی تریشیان بۆئەوەی خۆیان لە ئاکام و لێکەوتەکانی ئەو رێککەوتنە بە دووربگرن، پەیوەندی بە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و کۆسرەت ڕەسوڵەوە دەکەن، پێیانڕادەگەیەنن: کە ھەوڵێکی رێککەوتن ھەیە، بۆیە ئەوان لێی بەرپرس نیین، بۆ ئەمەش ھەرئەوکات رەفعەت عبداللە، پەیوەندی بە ھێرۆخانەوە دەکات و ئاسۆمامەندیش، بە کۆسرەت ڕەسوڵ، بەڵام ھەتاوەکو ئەوان بەخۆیان دەکەون ھەموو شت کۆتایی پێدێت.
دوای ئەوەی ئەو سەرکردانەی یەکێتی، ڕێککەوتنیان لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان کرد لەسەر ڕادەستکردنی چەند شوێنێک، بەڵام دواجار ئەوە دەرنەچوو، تەواوی کەرکووک و دووز خورماتوو جەلەولاو خانەقین ڕادەستکرا ( ھێزە عێراق و حەشدی شەعبی رێککەوتنەکەیان وەک خۆی جێبەجێنەکردو، شکاندیان ).
بافڵ تاڵەبانی، رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پەنای بۆ بەرھەم ساڵح، بردبوو، رایگەیاندبوو: رێککەوتنەکە پێشێلکراوەو وەک خۆی جێبەجێنەکراوە، بۆیە ئەگەر بکرێ لە رێگەی پەیوەندییەکانی خۆی ھەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەم پێشڕەویانەی ھێزە عێراقیەکان و حەشدی شەعبی ڕابگیرێت.
بە پێی ئەو زانیاریانەی ھەن، چەند ڕۆژێک بە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ھەریەک لە لاھور تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی و ئاڵا تاڵەبانی، ھەوڵی کۆکردنەوەی ئیمزای سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەدەن، لە بارەی ڕادەستکردنی فرۆکەخانەی کەرکووک و سەربازگەی کەی وەن، بیرنەوتەکان. زۆرێک لەو کەسانەش لە رێگای تەلەفۆنەوە ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەیان بۆ باسدەکرێت، ئەو ٣٨ کەسەش لە لایەن ئەو سێ کەسەوە پەیوەندیان پێکراوە، بەڵام ھەندێ لەو سەرکردانە بەبێ ئەوەی بەتەواوی لە ناوەڕۆکەکەی بگەن ڕەزامەندیان داوە، دواجار ئەم واژووانەش بووە دۆکۆمێنتێک بۆئەوەی بافڵی کوڕی گەورەی مام جەلال، لە دژی ئەو کەسانە بەکاریبھێنێت.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو دەستەبەسەرداگرتنی ئەو شوێنانە لە لایەن ھێزە عێراقییەکان، پەیوەندی نێوان ماڵی مام جەلال و کۆسرەت رەسوڵ بە تەواوی دەپچڕێت و، جگە لەوەی پارتی و یەکێتیش بە تەواوی لە یەک دووردەکەونەوە.
دوای چەند رۆژێک لە ڕووداوەکان، ھەوڵەکانی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد بە یارمەتی چەند کەسێکی نزیک لە خۆی دەستیپێکرد، ناوبراو، داوای بینینی کۆسرەت رەسوڵ و سەرکردەی چەند حزبێک دەکات، بەمەبەستی پێدانی ڕوونکردنەوە لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکەو، ڕێگریکردن لە ِڕوودانی ڕووداوی نەخوازراو.
ھێرۆخان، دوای ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ دەبینێت رێککدەکەون لەسەر پێکھێنانی لیژنە بۆ سزادانانی ئەو کەسانەی رێککەوتنەکەیان ئەنجامداوە ( لە ڕێگەی دروستکردنی لیژنەیەک لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ).
ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، دواتر لەگەڵ ھەریەک لە عومەری سەید علی و علی و باپیرو ێلاحەدین بەھائەدین دادەنێشێت و، پاشان دێتە ھەولێر بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوەو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیش لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجامدەدات، بارزانی، لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیە بە ھێڕوخانی ڕاگەیاندووە " ئێستاش متمانەی تەواوی بە ئەو ھەیەو، دەشزانی ئەو کارەش بەبێ ئاگاداری و ئەو، لە لایەن ئەو چوار کەسەوە ئەنجامدراوە".
سەرتیپ قەشقەیی 



3403بینین‌‌‌
10 مانگ پێشتر - Nov 26 2017 10:09PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ