کەرکوک

فەرماندەیەکی یەکێتی ھیشتا کەرکوکمان لە دەست نەداوە



دەقی بەڵاوکراوەکەی   عمید نەریمان سالەیێ وەک و خۆی :

کەرکوکمان ھێشتا لە دەست نەداوە
روداوەکانی ۱٦ ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دوایی کە بووە ھۆی کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ ھێڵی سەوز، شکستی سیاسی و کورتبینی ستراتیژیە نەک شکشتی نەتەوەیی و کوردایەتی،ھۆکاری ئەم شکستەش دەگەڕێنمەوە بۆ نەبونی یەکریزی حەقیقی و ناکۆکی و نەبونی یەکدەنگیەکی سەرتاسەری نێوان سەرکردایەتی سیاسی کورد،بۆیە دەبێت ھۆشیارانە مامەڵە بکەین و ئەو ھەڵە گەورەیە بە ھەڵەیەکی گەورەتر چارەسەر نەکەین!
مافە دەستوریەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەت خەڵکی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لە دەستوری عێراقی فیدراڵ بە رابەرایەتی سەرکردەو رابەری گەورەی گەلەکەمان سەرۆک مام جلال چەسپێندراوەو سازش لەسەر ھیچ یەکێک لە مافەکانمان ناکەین،خۆشبەختانە ھاوپەیمانان و وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە ھەموو پەیامەکانیاندا تەئکید لە پابەندبون بە دەستور دەکەنەوە.
بۆیە دەبێت لە ئێستا بە دواوە بە شێوازێکی ژیرانە دیالۆگ و دانوسان و دیبلۆماسیەت بکەینە بەدیلی خوێن رشتن و مافەکانمان بە ئاشتی و شەڕی پەرلەمانی و گفتوگۆ وەربگرینەوە!
پێویستە لەوە تێبگەین کە لە پێشتر و ئێستاو داھاتودا چارەنوسی کەرکوک بە پێی دەستورو بە راپرسی یەکلایی دەکرێتەوە نەک ڕێگەی تر چونکە سەدان ساڵە ھەموو ڕێگاکان تاقی کراونەتەوەو لە کۆتاییشدا ھەر خەڵکی کەرکوک لێی زەرەرمەند بون.
دیمۆگرافیای کەرکوک گرنگترین فاکتەری یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ئەو ناوچانەیەو لە کۆتاییدا ئەوانەی کە لە کەرکوکن و خەڵکی ئەو شارەن چارەنوسی ئەم قودسەی کوردستان یەکلا دەکەنەوە نەک موزایەدات و پەیامی نالۆژیکی و دوراو دور،ھەر بۆیە داوا لە ھاوشاریە نیشتیمان پەروەرەکانم دەکەم کە ھەرچی زوترە بەرەو شارەکەی خۆیان بگەڕێنەوە نەبنە ھاوکاری ئەوانەی دەیانەوێت دیمۆگرافیای کەرکوک تێکبدەن و ببنە یارمەتی دەری ئەوانەی دەیانەوێت رێژەی کورد لەم شارە کوردستانیە کەم بکەنەوە! ئێمە و ئێوە پێکەوە لە ناوەندی شارەکەی خۆمان دەتوانین کاربکەین بۆ ئامانجە مەزنەکەمان،دەتوانین بە ھەماھەنگ و پاڵپشتی کردنی یەکتر بگەینە چارەنوسێکی باش و گوزەرانێکی شیاو!
لێرەوە دڵنیایی دەدەمە ھەموو کەرکوکیەکان کە گەڕانەوەو بونیان تاقە زامنی ئایندەو چارەنوسی شارەکەمانە،دەتوانین پێکەوە ھەموو مەینەتیەکان بەرەو خۆشبەختی ببەین و بۆ ھەموو دنیای بسەلمێنین کە ئەم شارە کوردستانی و ئاشتی خوازو بە ئیرادەیە.
(عمید نەریمان سالەیێ فەرماندەی فەوجی ۳ی دووبز )


2839بینین‌‌‌
2 هەفتە پێشتر - Nov 26 2017 12:15AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ