سۆشیال میدیا

کۆنگرە (ی.ن.ک) بەرەو کوێ دەبات ؟!


کاروان عەلی شامار
(١)
ئەزمونی کۆنگرەی زۆرێک لە پارتە سیاسیەکانی ناوچەکەو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێمان دەڵێ کە کۆنگرە چەن بۆ چارەسەری جەو‌ھەری کێشە نێوخۆییەکانی حزبەکان بووە بارتەقای زیاتر لەوەش بۆتە ھۆکاری پەرتبوونیان، ڕەنگە ترسی ئەم ھۆکارەش بوبێت کە زیاتر لە چوار دەیە تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا وەلێ تەنھا ٣ کۆنگرەی بەستووە. ئەمەش تەواو پێچەوانەی پارتە سیاسیەکانی خۆرئاوایە کە کۆنگرە لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدەن بۆ باشکردنی ستراتیج و پلان و گۆڕانکاری لە پەیڕە و پڕۆگرام و فۆرمولەکردنی دید و سیاسەتی نوێ و گونجاندنی کاری پارتایەتی لەگەڵ گۆڕانکارییە ئانیەکاندا. باشتر بڵێین واتە کۆنگرە ئەنجام دەدرێ بۆ نوێ بونەوەو ریفۆرم و چاکسازی نێوخۆی نەک ھەڵوەشاندنەوە و قوڵکردنەوەی کێشەکان.
(٢)
ھەر پارتێکی سیاسی لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا کۆنگرە نەبەستێ بێگومان دوچاری کۆمەڵێک کێشەو گیروگرفت دەبێتەوە ماوەی زیاتر لە ٧ ساڵە یەکێتی نەیتوانیوە کۆنگرە ئەنجام بدات و پلانێکی واشی نییە کە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریە داینامیکیانەی ناوچەکە خۆی بگونجێ، وێڕای ئەوەش دەلاقەیەکی گەورە کەوتۆتە نێوان کادر و سەرکردایەتیەکەی. یەکێتی لە پەیڕەو پڕۆگرامەکەیدا ھاتووە دەبێ ھەر سێ ساڵ جارێک کۆنگرەی فەرمی و ئاسایی خۆی ببەستێ وەلێ چوار ساڵ زیاتر بەسەر وادەی ئەنجامدانیدا تێپەڕیووە و تا ئێستا ھیچ وادەیەک دەستنیشان نەکراوە بۆ بەستنی. ئەوەشی دەوترێت تەنھا قسەیە. ئەمە وێڕای نەبونی کۆدەنگیەک لەسەر شێوەو میکانیزمی ئەنجامدانی! بەڵام بەپێی ھەموو پێودانگەکان ‌ئەو سەرکردایەتییەی یەکێتی لە ئێستایە ھیچ شەرعیەتێکی یاساییان نەماوەو بەدرێژای مێژوو یەکێتی ھیچ کات سەرکردایەتی وا خراپی بەخۆوە نەدیوە ھەرلەبەر ئەم ھۆکارەش بێت ئەنجامدانی کۆنگرە ھەنوکە لە پێویستی زیاترە بۆ ئەو حیزبە، ئەمەش بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر شاڕێگەو ڕێگە بدات خوێنی تازە و دەمووچاوی تازە بێنە پێشەوەو ڕزگار بکرێت لەو بیماریەی کە ماوەیەکە زۆرە بەدەستیەوە دەناڵێنێ. بەتایبەتیش لە دوای کۆچی دوایی جەنابی مام جەلال دەرگیری کۆمەڵێک کێشەو گرفتی زیاتر بۆتەوە.
(٣)
لەگەڵ ‌نزیک بونەوە لە ئەنجامدانی کۆنگرە و کەڵەکەبوونی دەیان کێشە کە ساڵاھایە بێ چارەسەر ماونەتەوە یەکێتی بە سەخترین ئەو قۆناغەنادا رادەگوزەرێ. چون لەلایەک بەھۆی نەبوونی سەرکردەیەکی کاریزمی ھاوشێوەی تاڵەبانی کە بتوانێت گرفتە گەورەکانی حزبەکەی لە ھەستیارترین دۆخدا بە ساناترین شێوە چارەسەر بکات، ھەروەھا لەلایەکی تر بەھۆی باڵا دەستی ئەو تاقمەی کە دەستیان گرتووە بەسەر گرنگرترین جومگەکانی ئەو حیزبەداو ڕێگەنادەن ئەو پرسە گرنگە یەکلای بکرێتەوە لەبەر ئەوەی یەقینن لەوەی جارێکی تر بەخت یاوەریان نابێت و نابنەوە جێ متمانەی ئەندامانی کۆنگرە ھەر لەبەر ئەوەش ھەر ڕۆژەو بە بیانویەک دژی ئەنجامندانی ئەو پرسە گرنگە دەوەستنەوە و بۆشیان بکرێت ھەرگیز ڕێگە بەئەنجامدانی وەھا کارێک نادەن.
(٤)
کۆنگرەی چوار بۆ یەکێتی یەکلاکەرەوەو چارەنوساز دەبێت ھەر بەو ھۆیەشەوە تێکڕای کادیر و لایەنگران و تەنانەت پارتەکانی تریش بە گرنگەوە چاوەڕوانی ئاکامەکانین، یەکێتی لە م کۆنگرەیەدا دەکەوێتە نێوان دو بژاردەوە:
ا- ئەگە یەکێتی ئەو چانسەی ھەبێت کە بکەوێتە دەست ئەو گەنجانەی کە لە ئێستایە بونەتە جێ ئومێدی یەکێتی و یەکێتیەکان ئەوا گومانم لەوەدا نییە کە ئەو حیزبە دەبێتەوە بە یەکێتیەکەی جاران و جێ متمانەی تەنانەت ئەوانەشی کەنوکە لە سیاسەتی حزبەکە ناڕازین بەھۆی نەبونی کۆدەنگی و سیاسەتێکی ڕون سەبارەت بە پێشھات و پرسە چارەنوسازەکان. 
ب- بەپێچەوانەشەوە گەر یەکێتی بەم ڕوخسارانەی کەلای خەڵک متمانەو پێگەی سیاسیان نەماوە سادەتر بڵێین (بوونەتە جێی تانە، نەک جێی رێز) بەردەوام بێت و بەھەمان تیم و ڕوخسارەوە بچنە نێو کێبڕکێی ھەڵبژاردەنەکانەوە ئەوا دوابزمار لە تابوتی یەکێتی دەدەن و بەمەش ھەرگیز یەکێتی ناتوانێ ببێتەوە جێ ئومێدی ھاونیشتیمانیان و لە ھەڵبژاردنی ئایندەشدا باجەکەی دەدات.
لە کۆتایدا بۆ ئەم دۆخەی یەکێتی باشترین بژاردە بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی ئەنجامدانی کۆنگرەیە، خۆش بەختانە لەلایەن کادیرانی خوارەوە پێشوازیەکی گەرم لەو پرسە کراوەو فشارێکی نەوعیان دروست کردووە لەسەر سەرکردە باڵادەستەکانی ئەو حیزبە کە لە چەن مانگی ئایندەدا ئەو پرسە یەکلای بکرێتەوە. لە ئێستاشدا بەرپرسیارێتیەکی مێژووی و گەورە کەوتۆتە سەر شانی کادیرانی یەکێتی بەتایبەت ئەوانەی بەشداری کۆنگرە دەکەن کە ڕێگە نەدەن پلانی دواخستنی کۆنگرە جێبەجێ بکرێت و کۆنگرە بکەنە ناوەندێک بۆ سزادان و لێپرسینەوەی ‌ئەوانەی یەکێتیان بەمڕۆ گەیاندو دەیانەوی بەرەو ھەڵدێری زیاتری بەرن.


392بینین‌‌‌
10 مانگ پێشتر - Nov 25 2017 11:02PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ