جیهان

كۆشكی‌ سپی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ تره‌مپ بۆ راگرتنی‌ یارمه‌تییه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ كورد پشتڕاستده‌كاته‌وه‌


کۆشکی سپی قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیای لەبارەی راگرتنی یارمەتی سەربازی ئەمریکا بۆ شەڕڤانانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد، واشنتۆن دەستیکردوە بە ھەموارکردنی یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ ھاوبەشەکانی لەسەر خاکی سوریا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت یارمەتییەکانی چەک و تەقەمەنی بۆ شەڕڤانانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان رابگرێت، دۆناڵد ترەمپ باوەڕی وایە بەم ھەنگاوە جارێکی تر متمانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بەلای خۆیدا رادەکێشێت، بەڵام رەنگە ھەرگیز بیری لەوە نەکردبێتەوە لەبەرامبەردا متمانەی ئەو کوردانە لەدەستدەدات کە لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرگەی سەختی زۆریان گرت و خوێنێکی زۆریان بەخشی.

رۆژی ھەینی ترەمپ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بە تەلەفۆن قسەی کرد، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ترەمپ وتویەتی: رێنمایی رونم دەرکردوە لەبارەی ئەوەی چیتر کورد چەکی زیاتر وەرناگرێت، ماوەیەکی دورو درێژە دەبوو ئەم ھاتو و ھاوارە کۆتایی بیبَت.

بەپێی قسەی وەزیری دەرەوەی تورکیا کە لەکاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەردۆغان لەگەڵ ترەمپ ئامادە بووە، ترەمپ رایگەیاندوە، رێنمایم بۆ ژەنەراڵە ئەمریکییەکان و ئێچ ئاڕ ماکماستەر راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەرکردووە چیتر ھیچ جۆرە چەکێک رەوانەی کوردەکان لە سوریا نەکرێت.

ئەم قسەیەی ترەمپ بەڕونی ئەو فشارە زۆرانەی دەسەڵاتدارانی تورکیای ئاشکراکرد کە لەماوەی رابردودا لەسەر ئەمریکا دروستیان کرد بەمەبەستی راگرتنی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ شەڕڤانانی کورد کە توانییان لە ھەمو میحوەرەکانەوە داعش تێکبشکێنن.

کۆشی سپی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و ئەردۆغانەوە بەیاننامەیەکی دەرکرد و قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە تاڕادەیەک پشتڕاستکردەوە، بەپێی بەیاننامەی کۆشی سپی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ترەمپ وتویەتی: چاوەڕوانی ھەموارکردنی پاڵپشتییە سەربازییەکان دەکەین بۆ ھاوبەشەکانمان لەسەر خاکی سوریا.

لە رۆژانی شەڕی دژ بە داعشدا ھەمیشە پرسیارێک کە روبەڕوی ئەمریکییەکان دەکرایەوە ئەو پرسیارە بوو کە "ئایا واشنتۆن دوای کۆتاییھاتنی شەڕ دەستبەرداری کورد دەبێت لە سوریا یاخود نا"، ئێستا کە ئەمریکا دەیەوێت لە سوریایەکی پڕ کێشەدا یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ کورد رابگرێت، تاکە رێگایەک کە دەمێنێتەوە یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی کوردە لەڕوی سیاسییەوە، ئەوەش لەداھاتویەکی نزیکدا رون دەبێتەوە. بەیاننامەکەی کۆشکی سپی لەبارەی راگرتنی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ شەڕڤانانی کورد دەڵێت: ئەم ھەنگاوە ھاوتایە لەگەڵ سیاسەتەکانی پێشوترماندا.

مانگی ئایاری رابردوو ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریدا لەسەر پێدانی چەک و تەقەمەنی بە شەڕڤانانی کورد وەکو ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە، ئەو بڕیارە دەسەڵاتدارانی تورکیای توڕە کرد، شەڕڤانانی کورد ئەرکە گەورەکەیان جێبەجێی، بەخوێنی ئەوانە کە ئێستا کۆشکی سپی دەڵێ: ئێمە ھەنگاو بەرە و قۆناغی سەقامیگری دەنێین بەمەبەستی گرەنتیکردنی رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش.

راگرتنی یارمەتیدانی سەربازی کورد لە رۆژئاوای کوردستان تاڕادەیەک پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی تورکیا ئاسایی دەکاتەوە کە ھەردووکیان دوو وڵاتی ئەندامی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆن.

دەسەڵاتدارانی تورکیا شەڕڤانانی کورد و پارتی یەکێتی دیموکرات پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە ناودەبەن، ئەمە لەکاتێکدایە پەیەدە لەسەرەتای شەڕی داعشەوە وەکو ھاوپەیمانێکی بەھێز لەگەڵ ئەمریکا کاریکردوە.


1404بینین‌‌‌
9 مانگ پێشتر - Nov 25 2017 8:11PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ