سۆشیال میدیا

بودجه‌ى مانگانه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ملیارێك دینار بووه‌


بودجەی مانگانەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ملیارێک دینار بووە،‌ لە ‌کاتێکدا ھیچ کام لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی فەرمانبەریان تێدا نییە،‌ ھەرچەندە پێشتر بڕیار بووە پلەی وەزیفییان لەو سەرۆکایەتییە پێ بدرێت کە یەکێتییش تێیدا کەمینە ‌بووە.

لە ‌پاش گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێم دەسەڵاتی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمیش کەم بووەتەوە بۆ کاروباری کارگێڕیی ئەو فەرمانبەرانەی کە لەو سەرۆکایەتییەدان.

کۆتایی مانگی ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان بە دەرکردنی یاسایەک دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی دابەش کرد بەسەر پەرلەمان و حکومەت و ئەنجوومەنی دادوەریدا بەو پێیەش سەرۆکایەتیی ھەرێم بۆ یەکەمجار لە دوای ١٢ ساڵ ئەو دەسەڵاتەی لێ وەرگیرایەوە کە لە ‌ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا جێگەی ناکۆکیی سیاسیی حزبەکان بووە.

پێکھاتەی سەرۆکایەتیی ھەرێم

سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پێکھاتەیەکی سیاسی، ئیداری و یاساییە، بە ‌پێی ماددەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم) لە ‌یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە ‌ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی پێشمەرگەی ‌ھەرێمی کوردستانە.

مەسعود بارزانی بۆ یەکەمجار لە ھەڵبژاردنی ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥، وەک یەکەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ‌لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ھەڵبژێردرا و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ھەڵبژاردنی گشتییدا ھەڵبژێردرا و دواتر لە ‌ساڵی ٢٠١٣ بە ‌یاسایەک ویلایەتەکەی بۆ درێژ کرایەوە کە لە مانگی ئابی ٢٠١٥ کۆتایی ھات.

سەرۆکایەتیی ھەرێم لە سەرۆک، جێگر و سەرۆکی دیوان پێک ھاتووە ‌و لە ‌ئێستادا و لە ‌پاش دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی تەنیا فوئاد حسێن سەرۆکی دیوان لە ‌پۆستەکەی ماوە کە لە ‌ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەو پۆستەدایە بە ‌پلەی وەزیر.

تەلار لەتیف، پەرلەمانتاری یەکێتیی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״فوئاد حوسێن دەسەڵاتەکانی وەک پێشتر بە ڕەھایی نەماوەتەوە، تەنیا کاری بۆ کارگێڕی و دارایی ئەو فەرمانبەرانەیە کە لە ‌سەرۆکایەتیی ھەرێم ماونەتەوە״.

سەرۆکایەتیی ھەرێم نووسینگەیەکی ھەبووە کە پێکھاتەیەکی کارگێڕیی تایبەت بە ڕێکخستنی کاروباری ڕۆژانەی سەرۆکی ھەرێم بووە ‌لەگەڵ بوونی نووسینگەی جێگری سەرۆکی ھەرێم.

ھاوکات شەش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەستراونەتەوە بە دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمەوە کە پێک ھاتوون لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی (کارگێڕی و دارایی، ھەماھەنگی و بەدواداچوون، کاروباری یاسایی، پەیوەندییەکان، کاروباری کۆمەڵایەتی و سکاڵا، ڕاگەیاندن.)

پارتی تێیدا باڵادەستە

ھەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژە بەوە ‌دەکەن کە لە سەرۆکایەتیی ھەرێم ھیچ پلەیەکی وەزیفییان نەبووە ‌و پێیان نەدراوە.

بێستون فایەق، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ‌لێدوانێکدا بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״گۆڕان ھیچ فەرمانبەرێکی نەبووە و سەرۆکایەتیی ھەرێم دامەزراوەیەکی حزبی بووە و لە کاتی دامەزراندنییەوە ھەر کاک مەسعود سەرۆکی بووە و ھەرە زۆری فەرمانبەرەکانی پارتی بوون و بەشێکی زۆر کەمی یەکێتیی بوون״.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کاتی خۆی بڕیار بووە پلەی وەزیفییان ھەبێت لە ‌سەرۆکایەتیی ھەرێم، بەڵام پێیان نەدراوە.

ھاوکات، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ ״ئاژانس״ ئاماژەی بەوە ‌کرد کۆمەڵ ھیچ پلەیەکی وەزیفییان نەبووە، لە ڕێککەوتنی کابینەی ھەشتەمدا تێیدایە بووە کە پلەی وەزیفییان ھەبێت کە ‌وەرگرتنی پۆستێک بووە، بەڵام ״پارتی نەچووە ژێر باری و پێیان وا بووە مەسەلەی سەرۆکایەتیی ھەرێم لە ‌دەرەوەی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن بووە״.

ئەو ھاوکێشەیە بۆ یەکگرتووی ئیسلامییش بە ‌ھەمان شێوەیە کە وەک خۆیان دەڵێن فەرمانبەریان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمدا نییە.

غەریب مستەفا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لەبەر ئەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم لە ٢٠٠٥ دامەزراوە ‌و لەو کاتەدا پارتی و یەکێتی حاکم بوون بۆیە لایەنەکانی تر بەشدارییان پێ نەکراوە لە پلەی وەزیفی یان ڕاوێژکار ‌و بەڕێوەبەرێکی گشتی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمدا ‌و وەکو یەکگرتووی ئیسلامییش یەک فەرمانبەریشمان نەبووە״.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ״ئاژانس״ کەوتووە، زۆرینەی فەرمانبەر ‌و ڕاوێژکار ‌و بەڕێوەبەرە گشتییەکان سەر بە پارتی بوون و بەشێکی کەمی فەرمانبەر ‌و ڕاوێژکار ‌و یەک بەڕێوەبەری گشتی لای یەکێتیی بووە.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی کە نەیویست ناوی بھێندرێت بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پارتی لە سەرۆکایەتیی ھەرێم زۆرینەی ڕەھای پۆستەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی لا بووە ‌و یەکێتیی ژمارەیەکی زۆر کەم ڕاوێژکاری ھەبووە کە ڕاوێژکاری کاک کۆسرەت ڕەسوڵ بوون ‌و چەند فەرمانبەرێکی کەمی ھەبووە ‌و تەنھا یەک بەڕێوەبەری گشتیی سەرۆکایەتیی ھەرێم لای یەکێتیی بووە ‌و ئەوانی تر لای پارتی بوون״.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ‌پەرلەمانی کوردستان دەڵێت نازانین ژمارەی تەواوی فەرمانبەرانی سەرۆکایەتیی ھەرێم چەندە.

دلێر ماوەتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بەڕاستی بەدواداچوونمان بۆ ژمارەی پلە وەزیفییەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێم نەکردووە، ژمارەیان چەندە ‌و چەندی لای یەکێتیی بووە، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەین״.

״بودجەی مانگانەی یەک ملیار دینارە״

سەرۆکایەتیی ھەرێم ‌و حکومەت ‌و پەرلەمان ساڵانە لە یاسای بودجە و بە ‌پێی ئەو پارەیەی لەبەر دەست حکومەتدا بووە بودجە و مینحەیان بۆ دیاری کراوە.

سۆران عومەر دەڵێت: ״مانگانە سەرۆکایەتیی ھەرێم یەک ملیار دینار بودجەیان ھەبووە بۆ مووچە ‌و پێداویستییەکانیان״.

سەرچاوەیەکی بەرپرسی یەکێتیی کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە پێی ئەو بودجەیەی کە سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەیبووە کە زیاتر لە ملیارێک دینار بووە، زیاتر لە سەد‌وپەنجا پلەی وەزیفییان ھەبووە کە لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی ‌و فەرمانبەر پێک ھاتوون.״

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دان بەوەدا دەنێت کە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ھیچ فەرمانبەرێکیان نەبووە، بەڵام دەڵێت یەکێتیی لە ‌سەرۆکایەتیی ھەرێم بەڕێوەبەری گشتی و بە پلەی وەکیل وەزیر و ڕاوێژکار خەڵکیان ھەبووە.

شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ‌لێدوانێکدا بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لایەنەکانی تر ڕاستە خەڵکیان نەبووە لە سەرۆکایەتی، بەڵام یەکێتیی جێگری سەرۆکی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی و وەکیل وەزیر ‌و ڕاوێژکار و فەرمانبەریان ھەبووە״.


ئاژانس


1114بینین‌‌‌
7 مانگ پێشتر - Nov 22 2017 7:37PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ