کوردستان

شەش پەرلەمانتاری یەکێتی داوای لەکارلادانی راکان جبووری دەکەن


شەش پەرلەمانتاری یەکێتی لە پارێزگای کەرکووک داوادەکەن راکان سەعید جبووری، لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت دووربخرێتەوە. ئەوان دەڵێن "چەندین پێشێلکاری و خروقاتی ئەنجامداوە و زیاتر کاری سیاسی کردووە و ناکۆکی خستووەتە نێوان پێکھاتەکان".

ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە و پێنج پەرلەمانتاری دیکەی ئەو فراکسیۆنەش واژۆیان لەسەر نووسراوەکە کردووە، کە تێیدا داوای لادانی پارێزگاری وەکالەت کەرکووک دەکەن و دەڵێن، چەندین پێشێلکاری کردووە.

رێبوار تەھا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، وەک نوێنەرانی پارێزگای کەرکووک لە یادداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان داوایانکردووە راکان سەعید، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

ئەو نوێنەرەی کەرکووک ھۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، "کە راکان سەعید لەو ماوەیەدا چەندین پێشێلکاری و خروقاتی ئەنجامداوە و زیاتر کاری سیاسی کردووە نەک ئیداری و بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و دادگا چەندین بڕیاریداوە. ھەروەھا بۆیان روونبووەتەوە لەماوەیەدا چەندین خزم و کەسوکاری خۆی بە گرێبەست دامەزراندووە".

بەپێی یادداشتەکەی پەرلەمانتارەکانی یەکێتی "راکان سەعید فەرمانی لە دەرەوەی یاسا دەرکردووە، بە ئەجێندای نەتەوەیی و بە ئامانجی دووبەرەکی دروستکردن لەنێوان پێکھاتەکانی پارێزگای کەرکووک و تێکدانی پێکەوەژیان کاریکردووە  رێوشوێنەکانی بە دیاریکراوی پێکھاتەیەکی کردووەتە ئامانج و بە نەفەسی تۆڵەکردنەوە بووە".

یادداشتەکە واژۆی شەش پەرلەمانتاری یەکێتی لەسەرە، کە نوێنەری کەرکووکن، ئەوانیش (ئاڵا تاڵەبانی، محەممەد عوسمان، شوان داودی، بێستوون عادل، لەیلا عەلی، رێبوار تەھا)، واژۆی دوو نوێنەرەکەی دیکە کورد لە کەرکووک ( شاخەوان عەبدوڵڵا و ئەمیرە عەبدولکەریم)ی لەسەر نییە، کە پەرلەمانتاری پارتین. رێبوار تەھا ھۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ئەو کات ھێشتا پەرلەمانتارانی پارتی نەگەڕابوونەتەوە بەغدا و ئەوان لەوێ نەبوونە تاوەکو واژۆی لەسەر بکەن.


957بینین‌‌‌
3 هەفتە پێشتر - Nov 21 2017 12:10AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ