رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرۆك كۆمار: هەڵبژاردنەكان لە وادەی دیاریكراودا بەڕێوەبچێت


سەرۆک کۆمار لەگەڵ کۆمیسۆنی ھەڵبژاردنەکان کۆبوویەوەو رایگەیاند ئامادە بکرێت بۆ زامنکردنی بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنەکانی داھاتو لە وادەی دیاریکراودا.

ئەمڕۆ ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧، سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم لەکۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عیراق.

‎لە دیدارەکەدا سەرۆکی کۆمار سەر لەنوێ پیرۆزبایی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێی کۆمیسیۆنەکە کرد بەبۆنەی دیاریکردنیان بۆ ئەم ئەرکە گرنگە، دوپاتیشیکردەوە کە پێویستە ئەرکەکانیان بەباشترین شێواز رابپەڕێنن زۆر گرنگیشە بەتەواویی پابەندی سەربەخۆیی و پیشەیی بون و بێلایەنی ببن، داوای سەرکەوتنیشی بۆ کردن لە ئەرک و کارەکانیاندا. 

ئەوەیشی خستەڕوو کە دەبێت پێداویستە قانونی و ئەمنییەکان تەواو و ئامادە بکرێن بۆ زامنکردنی بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنەکانی داھاتو لە وادەی دیاریکراودا، لەو روەشەوە ئاماژەیکرد کە ھەنگاونان بۆ پتەوکردنی پرۆسەی دیموکراتیی لەڕیزی پێشەوە بەوجۆرەی ویستی گەلەکەمان بەدیدەھێنێت لە دادپەروەریی و یەکسانیی و رێزگرتنی ئیرادەکەی و یەکڕیزییەکەی بەھێز دەکات، رونیشیکردەوە بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیی و پاک و بێگەرد ئەرکێکی سەرەکیی ئەنجومەنی نوێی کۆمیسیارانە، لەو بارەیشەوە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی ئاڕاستە کرد پشتیوانیی تەواو و پێویست بۆ کۆمیسیۆنەکە دابین بکەن لەسەرخستنی پلانە ھەنوکەییەکانیدا. 

‎سەرۆک مەعسوم ئەوەیشی خستەڕوو سیستمی دیموکراسیی رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەی بینیوە لەبەدیھێنانی سەرکەوتنە گەورەکانی عیراقییەکان بەسەر تێرۆردا، پشتیوانیی سەرۆکایەتیی کۆماریشی دوپاتکردەوە بۆ ئەنجومەنی نوێی کۆمیسیاران بۆ راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیاریەتەکەی.

‎لای خۆشیانەوە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیساریان پێشوازیی گەرم و پشتیوانیی سەرۆک مەعسومیان بەرز نرخاند لە سەرخستنی ھەوڵەکانیان بۆ بەئاکام گەیاندن و بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو.

PUKmedia


216بینین‌‌‌
3 هەفتە پێشتر - Nov 19 2017 7:18PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ