جیهان

‌راپۆرتێكی نێوده‌وڵه‌تی هۆشداری ده‌دات.. داعش به‌مجۆره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌


راپۆرتێکی ستراتیژیی نێودەوڵەتی ھۆشداری لەوە دەدات کە شکستی داعش لەناوچەکانی ژێردەستی، کۆتایی بەو ھەڕەشە بەردەوامانەی ئەو رێکخراوە ناھێنێت کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ھەیەتی.

راپۆرتەکە لەلایەن ناوەندی (جین) بۆ لێکۆڵینەوە لە تیرۆر و کردەوەی چەکداری دەرکراوە و پێی وایە کە رەنگە شکستەکان وا لە داعش بکات تاکتیکێکی نوێ بۆ دامەزراندنی "دەوڵەتی سێبەر" لەو ناوچانە دروست بکات کە لەدەستی چوون.

مات ھینمان، سەرۆکی ناوەندی جین دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی داعش لە دیرئەلزور و ئەلبوکەمال لە سوریا و قائیم و قەزای راوە لە عیراق دەرکراوە، رەنگە تا کۆتایی ئەم مانگە ئەو رێکخراوە وەک قەوارەیەکی جوگرافی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بوونی نەمێنێت، بەڵام ئەمە واتای شکستی ئەو رێکخراوە وەک گروپێکی چەکداری نا مەرکەزی ناگەیەنێ و واتای ئەوەش نییە کە رێگری لەوە بکرێت لە ھێرشەکانیان بەردەوام بن.

راپۆرتەکە پێی وایە کە داعش توانای ھێرشکردنی بچڕبچڕی بۆسەر ھێزە ئەمنییەکانی سوریا و عیراق دەمێنێ و ھەربە ھەڕەشە بۆسەر حکومەتی ناوەندی دەمێنێتەوە، ئاشکراشیکردووە کە لەماوەی نێوانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ و کانونی یەکەمی ٢٠١٧، داعش پێنج ھەزار و ٤٩٥ ھێرشی لە سەرتاسەری جیھان ئەنجامداروە و بەتێکڕا زیاترلە ٨ ھەزار ھاوڵاتیی مەدەنیی کوشتووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمە گۆڕانکارییەکە کە پێویستە بایەخی پێ بدرێت کە لە ١٢ مانگی رابردودا رویداوە، چونکە ھێرشەکانی داعش ٣٨.٣% زیادیکردووە و رێژەی کوژراوانی ناسەربازیش ٢١.٨% کەمیکردووە، ھەربۆیە زیادبونی ژمارەی ھێرشەکان و کەمبونەوەی رێژەی قوربانیان، نیشانەی تەکتیکێکی نوێی داعشە کە وادیارە پشت بە شێوازی باند و ھێرشی جیاجیا ھەم بۆ عیراق و سوریا و ھەم بۆ جیھانیش دەبەستێت.

"دەوڵەتی سێبەر"

راپۆرتەکەی ناوەندی (جین) بۆ لێکۆڵینەوە لە تیرۆر و کردەوەی چەکداری پێشبینی دەکات داعش ھەوڵ دەدات روخساری پێکھاتەی پێشووی خۆی وەک "دەوڵەتی سێبەر" بپارێزێت، ئەوەش لەرێگەی کردەوەی رفاندن و لەسێدارەدان بەپێی دادگاکانی خۆی، ئەمەش بۆئەوەی تەئکید بکاتەوە دەسەڵاتی لەو ناوچانە ھەیە کە لەژێر دەستی حکومەتدان.

مات ھینمان، سەرۆکی ناوەندی جین وتویەتی: "بەردەوامبوونی ھەڵمەتی دەوڵەتە سێبەرەکی داعش مایەی ئەوەیە بایەخی پێ بدرێت، چونکە داعش دەستەبەرداری خەونەکانی داھاتووی خۆی نەبووە بۆ دامەزراندنی خەلافەتێکی ناوچەیی بەردەوام و بەرفراوان".

بەوتەی سەرۆکی ئەو ناوەندە، داعش لەدەستدانی خاکەکانی ژێردەستی وەک بەشێک لە جەنگێکی درێژخایەنی دژبە "خاچپەرستان و ھێزە مورتەدەکان" وەسفدەکات، بۆیە ئەو رێکخراوە ھەوڵ دەدات پارێزگاری لە تواناکانی خۆی بکات و لەرێی ھەڵمەتێکی فراوانتر بۆ دەستبەرداگرتنەوەی خاکە لەدەستچوەکانی، رێکخراوەکەی رێکبخاتەوە.

مات ھینمان ھۆشداریشیداوە لەوەی شکسھێنان بەداعش ببێتەھۆی سەرھەڵدانی ململانێی لەنێوان ئەو ھێزانەی بەشدارییان لە کۆتایی ھێنان بەو رێکخراوە کردووە جا ئەمە لە عیراق یان سوریا بێت دواجار دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی نائارامی و ناسەقامگیری و بەوەش دۆخێکی وا دەڕەخسێت کە داعش دووبار بۆ دەرکەوتنەوە قۆرغی بکات.

بەکۆتاییشدا سەرۆکی ناوەندی جین جەختیکردوەتەوە کە بەبێ گرتنەبەری پەیڕەوێکی گشتگیر بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ داعش واتە (راستەوخۆ لە ناوچەی سەرەکیی کردەوەکانی داعش یان کاریگەریی ناڕاستەوخۆی خۆرئاوا)، ئەوا ئەگەرێکی زۆر ھەیە ھەموو ئەو پرۆسە و ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی لەدژی داعش کران، جارێکی دیکە دووبارە ببنەوە.



2975بینین‌‌‌
6 مانگ پێشتر - Nov 18 2017 12:26AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ