کوردستان

دەرباز کۆسرەت ڕەسول لەسەر بە ژەھراوی بوونی باوکی ھاتە دەنگ




یەکێتی نیشتمانی یەکێک لە سەختترین کاژێرەکانی ژیانی بەڕێ دەکات، کاتێک دوای چلەی تاڵەبانی، جێگری یەکەمی سکرتێری ئەو حیزبە کە ئێستا کەسی یەکەمی یەکێتییە، لە ناکاو نەخۆشکەوت و نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ کرا.
دەرباز کۆسرەت، کوڕە گەورەی کۆسرەت رەسوڵ بۆ(رووداو) تەواوی چیرۆکی نەخۆشکەوتنی باوکی باس دەکات کە چۆن نەخۆشکەوتووە و چ نەخۆشییەکی ھەبووە، ئایا ئیدی دەتوانێ لەکاری سیاسی و بەڕێوەبردنی یەکێتی بەردەوام بێ یان نا؟ 
 
چۆن نەخۆشکەوت؟
دەرباز کۆسرەت لەگەڵ باوکی بووە کاتێک تەندروستی تێکچووە، دوای زیاتر لە ٣٠ کاژێر لە نەخەوتنی کاتێک لەبەردەم میدیادا دەرکەوت بۆ ئەوەی روونکردنەوە بدات لەبارەی دۆخی تەندروستیی باوکی، ھیلاکی و خەمباری بەدەموچاوییەوە دیار بوو، ریشی درێژ ببوو، چاوی سوورھەڵگەڕابوو، کاریگەریی نەخۆشکەوتنی باوکی لەسەری ئەوەندە دیار بوو، کاتێ قسەی دەکرد نەیدەتوانی لە شوێنی خۆی بوەستێ. دەرباز کۆسرەت بە (رووداو)ی وت "باوکم پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێ لەگەڵی بووم، لەسەر مەزاری مام جەلال گەڕاینەوە، دایکم بۆ نانی ئێوارە سەروپێی ئامادە کردبوو".
 
  دەرباز کۆسرەت: باوکم دەگەڕێتەوە نێو سیاسەت و یەکێتی بەڕێوەدەبات
 
دەرباز کۆسرەت دەڵێت: "باوکم دوای نانخواردن ژەھراوی بوو، ئازاری زۆری ھەبوو".
 
کۆسرەت رەسوڵ لە ھەڤپەیڤینێکی پێشوویدا لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆی کە رۆژی ٢/١٠/٢٠١٧ لە ھەفتەنامەی (رووداو) بڵاوکرایەوە، باسی ئەو خواردنانە دەکات کە حەزیان لێدەکات، دەڵێت "ھەموو جۆرە خواردنێکی کوردەواری دەخۆم".
 
رۆژێک پێش نەخۆشکەوتنی، کۆسرەت رەسوڵ، سەردانی دوا مەنزڵگەی ھەریەک لە مام جەلال، ئیبراھیم ئەحمەد، جەبار فەرمان و رێبازی کوڕی کردبوو.

دەرباز کۆسرەت تەواوی زانیارییەکان لەبارەی نەخۆشییەکەی باوکی تاوەکو گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی باس دەکات و دەڵێت: "باوکم چەندین ساڵە کێشەی گەدەی ھەیە، کە نەخۆشکەوت یەکەمجار ھەوڵماندا بە حەبی موسەکین چارەسەری بکەین، بەڵام کاژێر بووە ٣:٣٠ی بەرەبەیان و ئازاری زۆرتر دەبوو، کاژێر بووە ٥:٠٠ی بەیانی ئازارەکە لە حەد تێپەڕی و گەیاندمانە نەخۆشخانە. دوای ئەوەی ئەشیعەیان بۆ گرت، نەخۆشییەکە بەدیار کەوت و پزیشکەکان یەکسەر بڕیاریان دا نەشتەرگەری بۆ بکەن".
 
لە جیھاندا چەند کەس ئەو نەخۆشییەیان ھەیە؟
د.رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند "جۆری نەخۆشییەکەی گیرانی بۆڕییەکانی ریخۆڵە بوو، تیمێکی پزیشکی بەسەرۆکایەتی دکتۆر قەلەندەر کەسنەزانی، پرۆفیسۆری نەشتەرگەریی کۆئەندامی ھەرس و جگەر و چەند پزیشکێکی کارامەی دیکە، توانییان حاڵەتەکە دەستنیشان بکەن و کاری پێویستی بۆ بکەن و توانیشیان نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ بکەن".
 
ئەو حاڵەتەی کۆسرەت رەسوڵ تووشی بوو، لە زانستی پزیشکیدا پێیدەگوترێ گانگرینی ریخۆڵە (Acute Mesenteric Ischemia) کە لە ئەنجامی وەستانی کتوپڕی رۆیشتنی خوێن بۆ ریخۆڵە روودەدات.
 
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ دەڵێ "ئەو نەخۆشییە حاڵەتێکی زۆر ناوازەیە، لە دنیادا نزیکەی ٥٠٠ کەیسی لەو جۆرە نەخۆشییە ھەیە و نەخۆشییەکی باو نییە".
 
 ژەھرخوارد کرابوو؟
دوای نەخوشکەوتنی کۆسرەت رەسوڵ، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ژەھرخوارد کرابێت، ژەھرخواردنی بەرپرسانی کورد ھەر لە کۆنەوە قسەی لەسەر دەکرێ. دیارترین رووداو لە رۆژی ٢٤/١١/١٩٨٧ لەناوچەی مەرگە روویدا کە موخابەراتی بەعس ھەوڵی کوشتنی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کوردستانی دا کاتێک ژەھری سالیۆم لەلایەن ھاوژینی پێشمەرگەیەکەوە کرایە نێو ماستاوەوە لە خوانێکی تایبەت و ئامادەکراو بۆ کۆمەڵێک سەرکردە لەوانە (مام جەلال، مەحموود عوسمان، عەدنان موفتی و مستەفا چاوڕەش) و بەھۆیەوە ٣ کەس بوونە قوربانی: پێشمەرگەیەک بەناوی بێستوونی مەلا عومەر لەگەڵ خوشک و دایکی مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی. سەرکردەکانی دیکەش بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ئێران و لەندەن کران.

بەڵام دەرباز کۆسرەت دەنگۆی ژەھرخواردکردنی باوکی رەتدەکاتەوە و دەڵێت "راست نییە کە باوکم ژەھرخوارد کرابێ، ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە".
 
دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات
زەعیم عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کە بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەردانی کۆسرەت رەسوڵی کرد. لە نەخۆشخانە ئاشکرای کرد کە لە چەند رۆژی داھاتوودا بە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.
 
بەرھەم ساڵح، سەرۆکی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە دوو رۆژ لەسەر یەک لە نەخۆشخانە بووە و کەسێکی نزیک بووە لە کۆسرەت رەسوڵ، باسی کەسایەتی ئەو دەکات و دەڵێت: "کاک کۆسرەت رەسوڵ کێوێک بووە لە ورە، پێشمەرگە و جوامێر بووە، لای من ئەم سێ خەسڵەتەی کاک کۆسرەت زۆر گرنگترە لەلایەنە سیاسییەکەی، راستە لە رووی سیاسیشەوە کاریگەریی ھەبووە".
 
بەرھەم ساڵح ھەروەھا دەڵێت "نەخۆشییەکەی بۆ من زۆر ئازارێکی گەورە بوو، بەڵام خۆشبەختانە رەنگ و رووی زۆر خۆش و باشتر بووە". بەرھەم ساڵح ھەروەھا دەڵێت "ئەم پیاوە ئازایە دەرەقەتی ئەم نەخۆشییە دێ".

  بەرھەم ساڵح:کاک کۆسرەت کێوێکە لە ورە
سەبارەت بە ھەواڵپرسینی سەرکردەکان لە تەندورستیی باوکی، دەرباز کۆسرەت دەڵێت "سەرکردە عێراقییەکان لەوانەش حەیدەر عەبادی، ھادی عامری ھەموویان لە رێگەی کاک بەرھەمەوە پەیوەندییان کردووە و لە تەندروستیی باوکمیان پرسیوە".
 
مستەفا چاوڕەش کە ماوەی سێ خولە لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ لە سەرکردایەتی یەکێتییە، بە (رووداو)ی راگەیاند: "کاک کۆسرەت پیاوێکی ئازا و بە قابیلییەتە، ئەمساڵ کاک نەوشیروان و مام جەلال ماڵئاواییان لێکردین. ئەم دوو رۆژەی کاک کۆسرەت نەخۆشە، سەیری ئەو ھەموو خەڵکە بکە لە ھەموو شار و لادێیەکانەوە ھاتوونەتە بەردەم نەخۆشخانە، ئێستا گرنگیی کاک کۆسرەت و ھەموو کاکەکانی دیکە دەردەکەوێ".
 
مستەفا چاوڕەش کە یەکێکە لە ھاوڕێ نزیکەکانی کۆسرەت رەسوڵ، ھەروەھا دەڵێت: "بوونی کاک کۆسرەت لە ناومان ھێز و ورەیە، ھەر وەکو بوونی مام جەلال بە لاشە مایەی ھێز و ورە بوو، کوردستان و یەکێتی پێویستیان بە کاک کۆسرەتە".
 
دەتوانێ سیاسەت بکات؟
لەبارەی ئایندەی سیاسی کۆسرەت رەسوڵ کە ئایا نەخۆشییەکەی رێگەی پێدەدات بگەڕێتەوە بۆ سیاسەت؟ دەرباز کۆسرەت دەڵێت: "کاک کۆسرەت نە مێشکی، نە دڵی، نە جگەری ھیچ کێشەیەکیان نییە و زۆر باشن، بگرە حاڵەتەکەی لەو جۆرە نییە کە نەتوانێ ئیدی سیاسەت بکات". گوتیشی "ئەرکی ھێشتا تەواو نەبووە و دەبێ یەکێتی دوای مام جەلال بگەیەنێتە کەناری ئارام و کۆنگرە ببەسترێ".
 
دەرباز کۆسرەت ئاماژەی بەوەدا کە پزیشکەکان بڕیاریان داوە باوکی بۆ ماوەی ٧٢ کاژێر لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا بێ و ھەر ئەوانیش بڕیاری کۆتایی دەدەن کە کەی دەگەڕێتەوە ماڵ "بەڵام ئەوەی روونە لێرە بێ یان لە دەرەوەی وڵات، ھەمان چارەسەری ھەیە".
 
"عێراقی نەگبەت کاک کۆسرەت دەستگیر دەکات"
دوای رووداوەکانی ١٦ی ئوکتوبەر، کاتێ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ھاتنە نێو کەرکووک و دەوروبەری، پێشمەرگەکانی سەر بە کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە گەڕەکی پیشەسازی رووبەڕووی ھێزی حەشدی شەعبی بوونەوە. کۆسرەت رەسوڵ ھاتنی ھێزی عێراقی بۆ کەرکووک بە "داگیرکەر" ناوبرد. ھەربۆیە حکومەتی عێراق سکاڵایەکی لەدژی کۆسرەت رەسوڵ تۆمار کرد بە تۆمەتی ئەوەی سوپای عێراقی بە داگیرکەر ناوبردووە.
 
مستەفا چاوڕەش زۆر دڵگرانە بەو بڕیارەی عێراق و دەڵێ "ئەگەر عێراق نەگبەت نەبێت کێ دەتوانێت بە خەیاڵیش کاک کۆسرەت دەستگیر بکات، ئەوانەی ئەو بڕیارەیان دەرکردووە خەڵکی شۆڤینین و دژی کوردن". گوتیشی "نابێ ئێمە گوێ بەو خەڵکانەی بەغدا بدەین، بەڵکو دەبێ ریزەکانمان یەکبخەین و ناو ماڵی خۆمان چاک بکەین".
 
تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ خەڵک و لایەنەکان پەرۆشی دۆخی تەندروستی کەسی یەکەمی ئێستای یەکێتی نەبوونە. دەرباز کۆسرەت دەڵێت "ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستان، وڵاتانی دراوسێ، ئەمریکا و بەریتانیا لە تەندروستیی کاک کۆسرەتیان پرسیوە و گوتیان ئامادەن لە نەخۆشخانەکانیان چارەسەری بکەن".
 
کوڕە گەورەکەی کۆسرەت رەسوڵ باوکی خۆی وەھا پێناسە دەکات "بۆ من ھەم باوک، ھەم دۆست و ھەمیش رەمزێکە و نزیکترین کەسی کاک کۆسرەتم". دەرباز کۆسرەت بەشێکی ناوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "کاک نێچیرڤان بارزانی چەند جارێک پەیوەندی بەمنەوە کرد و گوتی زۆر موتەئەسیرم بە نەخۆشکەوتنی کاک کۆسرەت. کاک سیدادیش تەلەفۆنی کرد. کاک عومەری سەید عەلی و تەواوی حیزبەکان ھەموو لە نەخۆشخانە بوون، ناتوانین چاکەی خەڵک بدەینەوە، دووبارە قەرزاریان کردینەوە، داوا دەکەم دووعای خێر بۆ کاک کۆسرەت بکەن".

  نێچیرڤان بارزانی:زۆر موتەئەسیر بووم بە نەخۆشکەوتنی کاک کۆسرەت
 
نەخۆشییەکەی کۆسرەت رەسول
ئەم نەخۆشییە بە گانگرینی ریخۆڵە ناودەبرێ. لە ئەنجامی وەستانی کتوپڕی رۆیشتنی خوێن بۆ ریخۆڵە روودەدات. حاڵەتێکی دەگمەنە. مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی کەسەکە ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێ. نیشانەکانیشی بریتین لە  سکئێشەی توند، سکچوون. پیسایی خوێناوی.
 
ئەگەری مردن بەو نەخۆشییە ٥٠% زیاترە بە تایبەتی ئەگەر بووبێتە گانگرین و زۆر زوو چارەسەر نەکرێ. خێرا ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە قۆناغە سەرەتاکاندا رێژەی مردن بە راددەی ٥٠-٥٥% کەم دەکاتەوە. ئەو ھۆکارانەشی ئەگەری مردن زیاد دەکەن بریتین لە: بەساڵاچوون، سستیی گورچیلە، سستیی جگەر و دابەزینی ئاستی ئۆکسجینی خوێن.
 


7780بینین‌‌‌
5 ڕۆژ پێشتر - Nov 13 2017 8:13PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ