کەرکوک

سەدان کەس لەکەرکوک بە نایاسایی دادەمەزرێن


لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو پێنجشەممەی رابردوو ٢٠٠ کەس کە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ ی کەرکوکیان نییە لە فەرمانگەی تەندروستی ئەو شارە دامەزراون و قایمقامی کەرکوکیش بەوەکالەت فشارەکانی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت سەبارەت بە پێدانی کارتی نیشتەجێبون رەتدەکاتەوەو دەست لەکاردەکێشێتەوە، بڕیادەری ئەنجومەنی پارێزگاش بێئاگایی خۆی لەو دامەزراندنانە دەردەبڕێت و دەڵێت “لە غیابی لیستی برایەتیدا چاوەڕوانی کاری خراپتریش دەکەین" .

بەپێی ئەو  زانیارییانەی دەستکەوتوون، لە دوای رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، تاوەکو پێنجشەممەی رابردو زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەو ٥١٧ کەسەی کە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ ی کەرکوکیان نییەو پێشتر لە بەغدا رەزامەندی دامەزراندنیان بۆ دەرچووە، لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک دامەزراون.

 لەلایەکی ترەوە راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت فشار دەخاتە سەر فەلاح خەلیل جەلیل قایمقامی ناوەندی کەرکوک بە وەکالەت بۆ دەرکردنی کارتی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانەی کەرکوکی نین، بەڵام فەلاح خەلیل بڕیارەکانی جێبەجێ ناکات و دەست لەکار دەکێشێتەوە، لەپاش ئەوەوە راکان جبوری دەرکردنی کارتی نیشتەجێبوونی راگرتووە.

لەو بارەیەوە ئەڵماس فازڵ، بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، رایگەیاند:"پەرتەوازەیی و یەکنەبوونی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە زۆرینەی ئەنجومەنەکە پێکدەھێنێت لێکەوتەی خراپی لێکەوتۆتەوەو ئەگەر بەمشێوەیە لیستی برایەتی بەردەوام بێت ئەوە دەبێت چاوەڕوانی کاری خراپتریش بکەین".

بڕیادەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد:”تاوەکو ئێستا ھیچمان دەربارەی دامەزراندنی ئەو ھاووڵاتییانە پێنەگەیشتووە کە لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک دامەزرابێتن"، سەبارەت بە کارتی نیشتەجێبوونیش، وتی:" بەدواداچونمان بۆ ئەوە کردووە کە کارتی نیشتەجێبون بۆ کەسانێک دەرکراوە کە خەڵکی کەرکوک نین یاخود سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ی کەرکوکیان نییە".

ئەڵماس فازڵ، راشیگەیاند:”قایمقامی کەرکوک بەوەکالەت پێی راگەیاندوین کە تەنھا کارتی نیشتەجێبون بۆ کەسانێک دەرکراون کە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ یان ھەیەو نیشتەجێی قەزاو ناحییەکانی کەرکوک و ناو شارەکەن".

بڕیادەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، وتیشی:"قایمقامیەتی ناوەندی کەرکوک بە وەکالەت ئەوەی وتووە کە ھیچ کارێک ناکات کە سەرپێچی یاسا بێت و ھەرچەندە داواشی لێکراوە کە سەرجەم ئەو ھاووڵاتیانەی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧یان  نییە کارتی نیشتەجێبونی کەرکوکیان بۆ دەربکرێت، بەڵام ئەو رەتیکردوەتەوە."


826بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Nov 11 2017 8:44PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ