کوردستان

یەکێتی: گەنجانی کورد لە کەرکووک زۆر توڕەن و ئێمە پێشمان لێگرتوون



پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "گەنجانی کورد لەکەرکووک زۆر تووڕەن، بەڵام یەکێتی داوای لێکردوون دان بەخۆیاندا بگرن، ئەگەر بەرپرسانی بەغدا سووربن لەسەر ئەو پشتگوێخستنە ئەوا کێشەی گەورە دروستدەبێت".

محەممەد عوسمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پەیامێک بۆ خەڵکی کوردستان و ھاووڵاتیانی کەرکووک و حەیدەر عەبادی دەنێرێت و دەڵێت "رۆژی چوارشەممە وەفدێکی باڵای سەربازیی عێراق ھاتووەتە کەرکووک و کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی دۆخی کەرکووک کردووە، نوێنەری پێکھاتەیەکی کەرکووکیان بەشدارپێکردووە، بەبێ ئەوەی ئێمە بەشداربین، بۆیە ئێمە ئەو کۆبوونەوەیە رەتدەکەینەوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئەگەر پێکھاتەیەک لە پێکھاتەکانی کەرکووک بیەوێت بڕیار لەسەر کەرکووک بدات ئەوە ھەڵەیە، بۆ باشترکردنی دۆخی کەرکووک دەبێت سەرجەم پێکھاتەکان بەشداربن".

ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە گەنجانی کەرکووک دەڵێت "گەنجانی کورد لە کەرکووک زۆر توڕەن، بەڵام ئەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئێمەش وەک نوێنەرانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق پێشمان لەو خەڵکە گرتووە و پێمان گوتوون دەبێت دان بەخۆتاندا بگرن بۆئەوەی ژیان لەو ناوچەیە تێکنەچێت، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی لە بەغدا کار دەکەن تێگەیشتنیان بۆ ئەم دۆخەی کەرکووک نییە".

ئەو پەرلەمانتارە داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات کە کار بە ماددەی ١٤٠ بکات و ئەو ناوەڕۆکە جێبەجێ بکات و دەسەڵاتی ئەو ناوچانە لەنێوان پێکھاتەکاندا دابەش بکات و دەشڵێت "ئەگەر ھاتوو دەستوور جێبەجێ نەکرا ئێمە پێمانوایە کێشە بۆ ھەموولایەکمان دروست دەبێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "ھیوادارین عەبادی لەو پەیامە تێبگات و کار بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بکرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت خەڵکیش قبوڵی ناکات".


2664بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Nov 9 2017 2:12AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ