کوردستان

‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ: باسی‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ پاره‌ و موڵك بۆ شكاندنی منه‌


جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  رایگەیاند کە "بێمنەتە" لەوەی ھەرکەسێک پارە و موڵکی ئەو لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان شک دەبات دەستی بەسەردابگرێت، ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو قسانە بۆ شکاندنی ئەوە و مەرامی سیاسی لەپشتە.

کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ شارپرێس جگە لەنیشاندانی "بێمنەتی" لەدەستبەسەرداگرتنی ھەر پارەو موڵکێک لە دەرەوە ھەیەتی، وتی: "پرسی بلۆککردن‌و ھێنانەوەی پارەی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانی عیراق پێشنیاز و بۆچوونی خۆمە، کە پێشتر داوامان کردووە ھەنگاوی بۆ ھەڵبگیرێت".

جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی داواشی لە پەرلەمان و حکومەتی عیراق کرد لێکۆڵینەوەی ورد بکەن و بەزوویی کار بکەن بۆ ھێنانەوەی پارەی ئەو بەرپرسانە، کە لە بانکەکانی دەرەوەی ھەڵگیراون.

کۆسرەت رەسوڵ ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوەی لەبارەی ئەوەوە بڵاودەکرێتەوە شتی بێبەڵگەن ‌و پێشتریش دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە لەدەرەوە موڵک و شووقەی گرانبەھای ھەیە، وتیشی: "ئەوە مەرامی سیاسی لەپشتە و بۆ شکاندنی کەسایەتی منە".
راشیگەیاند کە ھیچ پاسپۆرت ‌و ھیچ حساب بانکییەکی لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان نییە و ھەرچیش لەو بارەوە بڵاوبکرێتەوە دوورە لە راستییەوە و تەنیا قسەی بێبەڵگەن.
ئەمڕۆ چوار شەممە ھەفتەنامەی "ئاژانس" بەپێی بەڵگەنامەیەک بڵاویکردەوە، کە ‌لەیەکی ئەم مانگەدا سەمیرە موسەوی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعە واژووی ٦٩ پەرلەمانتاری کۆکردووەتەوە بۆ داواکردن لەتورکیا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ بلۆککردنی پارەی ئەو بەرپرسانەی ھەرێمی کوردستان، کە بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە دەستیان لە بە "قاچاغبردنی" نەوتدا ھەبووە.

ھەر بەپێی بەڵگەنامەکە ئەو داواکارییە بۆ ئەوەیە، کە ئەو پارانە بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی عیراقی و پاڵپشت بێت بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

جاسم بەیاتی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، کە نزیکە لەحەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانەوە لەو بارەوە وتی: "ئەو پێشنیارە نێردراوە بۆ لیژنەی دارایی‌و یاسایی تا بڕیارێکی لەبارەوە دەربکرێت‌و لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت‌و دواتریش ئاڕاستەی دادگا دەکرێت بەمەبەستی دەرکردنی بڕیاری بانگھێشت‌و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی، کە لەبەقاچاغبردنی نەوتەوە گلاون‌و دواترش حکومەت ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتە بەر".

وتیشی: "لەو لیستەدا چەندین بەرپرسی ھەرێمی کوردستانی تێدایە،‌ لەوانە مەسعود بارزانی‌و ھەندێک لەکوڕەکانی‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم‌و ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان‌و ڕێباز حەملان وەزیری دارایی‌و نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک ‌و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی".

بەیاتی ئاشکراشیکرد، کە "لەئێستادا حکومەتی عیراقی دەستیکردووە بەھەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ھەشت ملیار دۆلاری داھاتی نەوتی ھەرێم لەتورکیا، ئەوە جگە لەوەی لێکۆڵینەوە لە ١٠ ملیۆن دۆلار دەکات، کە وەک بودجەی پترۆدۆلار دراوە بە پارێزگاری کەرکوک".

ئەو ھەنگاوە لەپاش ئەوە دێت، کە لە ٢٧-٩دا و دوو ڕۆژ دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان عەبادی ڕایگەیاند، کە وەزیری دوورخراوەی دارایی ھەرێمی کوردستان ئاگاداری ھەژماری پارەی ھەناردەی داھاتی نەوتی ھەرێم نییە و چەندین رێژەی زۆری نەوتی کەرکوکیش فرۆشراوە بەبێ ئەوەی داھاتەکەی دیار بێت‌و داواشی لەدیوانی چاودێری دارایی‌و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر کرد، کە لێکۆڵینەوە لەو دۆسییەیەدا بکەن.

ھاوکات فالح خەزعەلی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق وتی: "خێزان ‌و خانەوادەی بارزانی تۆمەتباری یەکەمن لەپرسی بەقاچاغبردنی نەوت لەڕێگەی تورکیا و ئێرانەوە، کە بەشێکی ئەو داھاتە دراوەتە ئەو وڵاتانەی لە ڕێگەیانەوە پڕۆسەکە ئەنجامدراوە".

وتیشی: "دەبێت ئەو کەسانە سزا بدرێن، کە بەو شێوەیە یاری بەسەروەت‌و سامانی گەلانی عێراق دەکەن"، دەشڵێت: "پێشتر نەوتی کەرکوک‌و شێخان‌و زوممار لەڕێگەی دەروازەی ئیبراھیم خەلیلەوە بەقاچاغ دەبرا بۆ تورکیا".

خەزعەلی ئەوەشی خستەڕوو کە  "پارەی داھاتی نەوتی ھەرێم و کەرکوک خراوەتە سەر ھەژماری تایبەتی کەسی‌و بەشێکیشان خراونەتە سەر ھەژماری کۆمپانیای وەھمی، یان سەرمایەدارانەوە،‌ کە سەرجەمیان پارەی خانەوادەی بارزانین‌و بەپێی ئەو زانیارییانەش، کە بەدەستمان گەیشتووە ئەو پارەیە لەساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلاری ئەمریکییە".

ئەو ڕێوشوێنانەی بەغدا بەرانبەر بەپڕۆسەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم‌و داھاتەکانی لەپاش ئەوە ھات، کە توانی کۆنتڕۆڵی زۆرینەی ئەو کێڵگە نەوتییانەی ناوچە جێناکۆکەکان‌و کەرکوک بکاتەوە، کە ھەرێم کوردستان نەوتی لێوە ھەناردەی دەرەوە دەکرد.



3778بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Nov 8 2017 10:23PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ