کوردستان

راگەیاندراوێک لە ئەنجومەنی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە


بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ھەفتانەیدا، لە بەرواری ٧/١١/٢٠١٧ چەند بابەتێکی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستانی خستە ڕوو. ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی دووپاتی دەکاتەوە کە خوازیارە دوور لە وەڵام و وەڵامکاریی میدیایی، لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکات، بە پێویستی زانی وەڵامی چەند لایەنێک لە وتەکانی بداتەوە:

١- سەبارەت بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆارنی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی پێشوازی لەو دەسپێشخەرییەی بەڕێز سەرۆک وەزیران عەبادی دەکاتەوە بۆ دابینکردنی بودجە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە.

٢- بەڕێز عەبادی بە گومانەوە باسی لە ژمارەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کرد، دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین تەواوی داتا و زانیاریەکانی پشتبەستوو بە تۆماری سیستەمی بایۆمەتری بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو بۆ لیژنەیەکی تایبەتمەندی حکوومەتی فیدراڵی بۆ وردبینکردن.

٣- داوا لە بەڕێز حەیدەر عەبادی دەکەین لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ پێیداوە، پێداچوونەوەی پێویست بە خشتەی تایبەت بە تەرخانکراوەکان بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بکات کە تەنھا بڕی (٣٣٤) ملیار دینار مانگانە بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، لە کاتێکدا بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی یەک مانگی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکاتە (٨٩٧) ملیار و (٥٠٠) ملیۆن دینار، واتە بە جیاوازیی (٥٦٣) ملیار و (٥٠٠) ملیۆن دینار.

٤- سەبارەت بە پێشمەرگە، ھیچ بڕە پارەیەکی دیاریکراو لە خشتەکانی ھاوپێچی ڕەشنووسی بودجەی فیدراڵی نەھاتووە، بەڵکوو بە دەقێکی ناڕوون ڕێژەیەک لە تەرخانکراوەکانی ھێزی وشکانیی وەزارەتی بەرگری بۆ تەرخان کراوە، ئەمە لە کاتێکدا چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد ستایشی ڕۆڵ و قوربانییەکانی پێشمەرگە بکات کە شانبەشانی ھێزەکانی دیکەی عێراق ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەوە و بە گەواھیی خودی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر پێشمەرگە ڕۆڵی کاریگەری لە شکستپێھێنانی تیرۆردا ھەبووە و ھەیە.

٥- دەربارەی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان و ئەو گومانانەی کە بەڕێز حەیدر عەبادی خستوونیەتە ڕوو سەبارەت بە شەفافیەت لە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوتدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٦ گرێبەستی لەگەڵ باشترین دوو کۆمپانیای وردبینیی جیھانی واژۆ کردووە بۆ وردبینییەکی سەربەخۆی تەواوی داھات و خەرجی و پرسەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەسپێکردنی چالاکیی نەوت و گازەوە لە ھەرێمی کوردستان، پڕۆسەی وردبینییەکە زۆر بە باشی دەڕوات و بەردەوامیش دەبێت. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ڕاپۆرتەکانی ئەم وردبینییە بۆ ھاووڵاتیان و حکوومەتی فیدراڵ ئاشکرا بکات.

٦- سەبارەت بە ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە حکوومەتی فیدراڵ، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم پرۆسەیە پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا ئەنجام بدرێت و گەرەنتیی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بکرێت لە بەرامبەر کۆمپانیا جیھانییەکانی بەرھەمھێنەری نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو گرێبەستانەی لە چوارچێوەی یاسادا واژۆ کراون، کە لە ماددەی یەکەمی ڕەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ ھەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە ھەناردەکردنی (٢٥٠) ھەزار بەرمیل نەوت بەبێ ئەوەی ھیچ تەرخانکراوێک ھەبێت بۆ شایستەی داراییی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کاتێکدا زیاتر لە (١٦) تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق تەرخان کراوە.

٧- بەڕێز حەیدەر عەبادی بە گومانەوە پرسیار دەکات ئاخۆ پارەی فرۆشی (٥٥٠) ھەزار بەرمیل نەوتی مانگی ئۆکتۆتۆبەری ٢٠١٧ چی لێھاتووە؟! لەو بارەیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا، ناڕاستیی ئەو زانیارییانەی خستووەتە ڕوو، داھاتی ڕاستەقینەی ئەو مانگەش بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی ٢٠١٧ خەرج کراوە.

٨- سەبارەت بە بڕیاری بەڕێزیان بۆ دابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لەم دەسپێشخەرییە دەکەین، بەڵام تا ئێستا پاڵاوگەکانی ھەرێمی کوردستان نەوتی خاویان لە حکوومەتی فیدراڵییەوە پێنەگەیشتووە.

٩- سەبارەت بە بەرگریکردنی بەڕێز حەیدەر عەبادی لە کەمکردنەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی فیداڵی بۆ ١٢,٦%، جگە لەوەی مایەی نیگەرانیی ھەرێمی کوردستانە، ھیچ بنەمایەکی دەستووریشی نییە، چونکە تا ئێستا سەرژمێریی دانیشتووان نەکراوە. دەستنیشانکردنی ڕێژەی ١٧% بە ڕێککەوتنی ھەردوو حکوومەت بووە، ھەرچەندە ھیچ ساڵێک ھەرێمی کوردستان بە کردەیی ڕێژەی ١٧%ی وەرنەگرتووە بەھۆی بەرزبوونەوەی ساڵانەی خەرجییە سیادییەکان کە ھەرێمی کوردستان لێی بێبەش بووە، ئەمە وێڕای زیادبوونی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بە ڕێژی ٣٠% بەھۆی لەخۆگرتنی زیاتر لە (١,٥) ملیۆن ئاوارەی پارێزگاکانی عێراق و پەنابەرانی سووریا کە لە ھەموو خزمەتگوزارییەکانی (تەندروستی، پەروەدەیی، ئاسایش، کارەبا، ئاوی پاک و نیشتەجێبوون) سوودمەند بوون، وێڕای سنوورداری و خراپیی باری ئابووریی ھەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
٨/١١/٢٠١٨


1271بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Nov 8 2017 8:19PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ