راپۆرت و لێکۆڵینەوە

پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان



 
یەکەم: پـرەنـسـیپە گشـتییەکان
ماددەی ١ :
ناو : یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کە کورتکراوەکەی (ی. ن. ک) ە.
٢. سنووری ھەڵسوڕان و چالاکی : ھەرێمی کوردستان، ناوچە دابڕاوەکان، ناوچەکانی تری عێراقی فیدڕاڵ و دەرەوەی وڵات.
ماددەی ٢ : یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان حزبێکی سۆسیال دیموکراتە، خەبات ئەکات بۆ سەقامگیر کردنی ئاشتی و پتەوکردنی بەھاکانی ئازادی، دیموکراسی، ھاوڵاتیبوون، مافـــی مرۆڤ، مافی چارەنووس و بڕوای ھەیە بە کەلتووری یەکسانی و لیبووردەیی.
١. دروشمەکان : ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەنووس، دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
٢. ئاڕم: دەستێک گوڵی لالە (مێلاقە) و چڵە زەیتوون و گوڵە گەنمێکی بەرز کردۆتەوە.
٣. سروودی مەشخەڵان سروودی فەرمی (ی. ن. ک) ە.
 
ماددەی ٣ :
پەیڕەوی ناوخۆ باڵاترین دەستووری کاری ڕیکخراوەیی (ی. ن. ک) ە، ئەندام و ئۆرگانەکان لە ھەر پلەیەکدا بن، دەبیت پێوەی پابەند بن.
 
 
ماددەی ٤ :
لە کۆمیتە تا ئاستی سەرکردایەتی لە ھەموو ئۆرگانەکاندا ڕێژەی ژن بەلای کەمەوە دەبێت لە (٢٠ %) بێت.
ماددەی ٥ : 
١. کۆبوونەوەی ئۆرگانەکانی (ی. ن. ک) ڕێژەی یاسایی (نێابی قانوونی) وەردەگرێت بە ئامادەبوونی زۆرینەی ڕەھا (٥٠ + ١).
٢. جگە لەو ماددانەی کە دەقێکی دیاریکراو ڕێژەیەکی جیاوازی بۆ دیاری کردووە، لە ئۆرگانەکانی (ی. ن. ک) دا دەنگدان بە زۆرینەی سادەی دەنگەکان دەبێت.
 
دووەم: ئەنـــــدامێتی
ماددەی ٦ :
ھەر ھاوڵاتییەکی کوردستان، ناوچەکانی تری عێراقی فیدراڵ و دەرەوەی ووڵات، کە باوەڕی بە پڕۆگرام و پەیڕەوی (ی. ن. ک) ھەبێت دەتوانێت ببێت بە ئەندام.
٢. ڕێکخستن و ئەندامێتی لەسەر بنچینەی جوگرافی، پیشەیی یان ناوەندی ھەڵبژاردن دەبێت. ھەر ئەندامێک لە کاتی گواستنەوە، یان ئالوگۆڕی شوێنی نیشتەجێ بوون، یاخود شوێنی پیشەیی، دەتوانیت داوا لە ئۆرگانەکەی بکات بۆ گواستنەوە.
ماددەی ٧ : مەرجـەکــانــی ئەنــدامێتی
ئەندام تەمەنی لە (١٨) ساڵ کەمتر نەبێت و ھەر ھاوڵاتییەک لە (١٥) ساڵییەوە لە یەکێک لە ڕێکخراوەکانی سەر بە (ی. ن. ک) وەردەگیرێت.
٢. داوایەک بە نووسراو پێشکەش بکات.
٣. پابەندی پەیڕەو بێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆگرام تێبکوشێت.
٤. لە ئۆرگانێکی (ی. ن. ک) دا چالاکی بنوێنێت.
٥. ناو ناوبانگی باش بێت و لانی کەمی ھۆشیاری سیاسی و نیشتیمانی ھەبێت.
٦. ئابوونە بدات.
 
ماددەی ٨ : مافەکــانــی ئەنـــــــدام
ھەموو ئەندمێک مافی ھەیە لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆدا بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکات و خۆی بۆ ئۆرگانەکانی (ی. ن. ک) بپاڵێوێت.
٢. پرسیار و پێشنیارکردن و ڕەخنەگرتن لە ھەر ئەندام و ئۆرگانێکی (ی. ن. ک) بە زارەکی یاخود بە نووسین لە ھەر مەسەلەیەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی و داراییدا لە ڕێگەی ئۆرگانەکانی خۆیەوە و لــــــــــــە چوارچێوەی (ی. ن. ک) دا.
٣. ھەموو ئەندامێکی بەھرەمەند، لە بوارەکانی نووسین و ھونەری و وەرزشیدا، لە کاتی پێویستدا مافی خۆیەتی داوای ھاوکاری و پشتیوانی لە (ی. ن. ک) بکات.
٤. ھەموو ئەندامێکی یەکێتی لەکاتی نەخۆشی، لێقەومان، کارەسات و ڕووداوی ناخۆشی چـــــاوەڕواننەکراودا، بۆی ھەیە داوای کۆمەکی ماددی لە (ی. ن. ک) بکات.
٥. ھەموو ئەو ئەندامانەی کادری پیشەیین، مووچەی مانگانەیان بە پێی سروشتی کارەکانییان دەدرێتێ، ھەموو مافێکییان بەپێی ڕەچاوکردنی یەکسانی بۆ دابین دەکرێت و لە سۆنگەی تەمەن و نەخۆشییەوە خانەنشین دەکرێن.
٦. ئەو ئەندامانەی کە ساڵانێکی زۆرە ئەندامن و خزمەتێکی زۆری (ی. ن. ک) یان کردووە، بەپێی بەرنامەیەکی تایبەن کە کۆمیتەی سەرکردایەتی لێی بەرپرسیارە، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە ڕێزیان لێ دەگیرێت.
٧. ئەندام مافی بەرگری لە خۆکردنی ھەیە.
ماددەی ٩ : ئەرکەکــانــــی ئەنــــدام
دڵسۆزانە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی (ی. ن. ک) تێبکوشێت.
٢. یەکێتی ڕیزەکانی ناو (ی. ن. ک) بپارێزێت.
٣. دژی دەستەگەری و ناوچەگەری و ھۆزگەری بێت.
٤. ھەوڵی بەرزبوونەوەی ئاستی ھۆشیاریی، سیاسی و نەتەوەیی خۆی بدات.
٥. نھێنییەکانی (ی. ن. ک) بپارێزێت و ڕاستیەکانی لێ نەشارێتەوە.
٦. بەرگری لە بەرنامە و سیاسەتی (ی. ن. ک) و سەروەرییەکانی بکات.
٧. بەرژەوەندی (ی. ن. ک) بخاتە سەرووی بەرژەوەندی خۆیەوە و بەرژەوەندی گەل و نیشتیمانی لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکان ڕابگرێت.
٨. ھەوڵ بدات دۆست و لایەنگر و دەنگدەر بۆ (ی. ن. ک) پەیدا بکات.
٩. پارێزگاری لە سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ و ژینگە بە ئەرکی خۆی بزانیت.
١٠. دەبێت ھەموو ئەندامێک مانگانە ئابوونەی ئەندامێتی بدات و مەکتەبی ڕێکخستن ڕێسای تایبەت بە چۆنییەتی وەرگرتن دەربکات.
ماددەی ١٠ : لە دەستدانی ئەندامێتی و سزادانی
ئەندام لە ئەندامێتی (ی. ن. ک) دەکەوێت بەھۆی : مردن، وازھێنان یان دەرکردنەوەی.
ماددەی ١١: سزادان و جۆرەکانی
سەرنج ڕاکێشان : کۆمیتە و مەڵبەندەکان لە سنووری چالاکی خۆیان، ھەریەک بە پێی ئاستی خۆی لە کاتی پێویستدا، دەتوانن بەنووسراو سەرنجی ھەر ئەندامێک ڕابکێشن کە کەمتەرخەمی و پێشلکاری لە کارکردندا کردبێت، یاخود کارێکی وای کردبێت کە شیاوی ئەو سزایە بێت.
٢. ھەڵپەساردن : لە کاتی بەردەوام بوونی ئەندام لەسەر کەمتەرخەمی و پێشلکاری لە دوای سەرنج ڕاکێشانی و لەسەر پێشنیاری مەڵبەند، مەکتەبی ڕێکخستن دەتوانێت بڕیاری ھەڵپەساردنی بۆ (٣ _ ٦) مانگ بە پێی پێشێلکارییەکە دەربکات.
٣. پلەداگرتن : دوای سەرنج ڕاکێشان و ھەڵپەساردن لە کاتی بەردەوام بوونی ئەندام لەسەر پێشێلکارییەکانی بە پێی قەبارەی پێشێلکارییەکە، مەڵبەند پێشنیار دەکات و مەکتەبی ڕێکخستن دەتوانێت بڕیاری پلەداگرتن بدات.
 
 
 
دەرکردن :
ھۆیەکــانــی دەرکـــردن :
ئەنــدام لــەم بـارانەدا دەردەکرێت :
١. کارکردن دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتیمان.
٢. پەیوەندییکردن بە ھەر لایەنێکی تری سیاسی.
٣. کارکردن دژ بە سیاسەتی (ی. ن. ک) و ھەوڵدان بۆ تێکدانی ڕێزەکانی.
٤. بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بخاتە سەروی بەرژەوەندی (ی. ن. ک).
٥. درکاندنی نھێنیەکانی (ی. ن. ک).
٦. کارکردن دژ بە پالێوراوان و بەرنامەی (ی. ن. ک) لە کاتی ھەلمَەتەکانی ھەڵبژاردندا.
٧. لە پەیڕەو و پڕۆگرامی (ی. ن. ک) لا بدات.
٨. ھەر ئەندامێک لە ھەر پلەیەکدا بێت تاوانێکی ئابڕوبەری (الجرائم المخلە بالشرف) سەلمێنراو بە بڕیارێکی دادگایی ئەنجامدا بێت مافی ئەندامێتی لێ دەسەنرێتەوە.
١٢ ماددەی:
بڕیاری دەرکردن لە کۆمیتەی سەرکردایەتی دەردەچێت.
سێیەم: کۆنگرە
ماددەی ١٤ :
کۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتی (ی. ن. ک) ە، کە ھەر (٣) ساڵ جارێک دەبەسترێت و کۆنگرەی داھاتوو پێویستە لە مانگی (١٠ / ٢٠١٣) دا ببەسترێت.
 
 
ماددەی ١٥ :
نابێت لە ھەر بارێکدا کۆی گشتی ئەندامانی کۆنگرە لە (١٠٠٠) ئەندام تێپەڕ بکات.
ئەنــدامــانی کۆنگــــرە پێکـــدێن لـــــە : ‌
ڕ. نوێنەرانی ڕێکخستن کە بە ھەڵبژردن دەبێت، بەپێی ئەو ڕێژەیەی کە بۆیان دیاری دەکرێت.
‌ب. ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند.
‌ج. ئەندامانی پێشووی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی سەرکردایەتی.
‌د. ئەندامانی مەکتەب و دەزگا و پێشمەرگەکانی (١٩٧٦)، پێشمەرگە دیرینەکان، زیندانە سیاسیەکان، ڕێکخستنە دێرینەکان، پارتیزانەکان و کەمئەندامان بەبێ ھەڵبژاردن دەبنە ئەندام بەپێی ئەو ڕێژەیەیی بۆیان دیاری دەکرێت.
‌ھـ. سکرتێری گشتی بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمیتەی سەرکردایەتی، (١٢٠) ئەندامی کۆنگرە دیاریدەکات.
‌و. لانی کەم لە (٢٠ %) ڕێژەی ئەندامانی کۆنگرە لە ژنان پێکدێت.
‌ز. کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکاری ڕێژەیەک لە ئەندامانی کۆنگرە دیاری دەکات بۆ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوە و وەزیرەکان و باڵیوز و دامودەزگا حکومیەکان و ڕێکخراوەکانی تر. ‌
ح. ھەموو ئەندامانی تر لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە دەبێت.
ماددەی ١٦ :
١٠٠)  )چاودێر لە کەسانی پسپۆڕی بواری جیاجیا دەکرێت بانگھێشت بکرێن بە بڕیاری سکرتێری گشتی و بەڕاوێژ لەگەڵ کۆمیتەی سەرکردایەتی بۆ ڕاوێژکردنی کارووبارەکانی کۆنگرە، کە مافی دەنگدانیان نابێت.
١٧ ماددەی:
کۆمیسیۆنێک بە ناوی کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە بە بڕیاری کۆمیتەی سەرکردایەتی پێکدەھێنرێت.
٢. شەش مانگ بەر لە کۆنگرە، کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکاری بە ھاوکاری لەگەڵ دەزگای ھەڵبژاردن، ئامادەکاری پێویست دەکات بۆ کۆنگرە.
٣. کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکاری دەزگای ھەڵبژاردن بەرپرسن لە ئەنجامدانی کاری پێداچوونەوەی لیستی ناوی ئەندامانی ھەڵبژێردرا و دەستنیشانکراوی کۆنگرە بە پێی پێوانە دیاریکراوەکان لە پەیڕەو دا.
ماددەی ١٨ :
لەبەر ھەر ھۆیەک کۆنگرە لەکاتی خۆی نەکرا ببەسترێت، تەنھا پلینیۆم دەتوانێت بۆ ماوەی (٣ _٦) مانگ بۆ یەک جار کۆنگرە دو ا بخات. لە کاتی نەبەستنی کۆنگرە لەو ماوەیەدا سەرکردایەتی شەرعییەتی لە دەست دەدات.
ماددەی ١٩ :
ئەگەر زیاتر لە نیوەی سەرجەمی ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە ئامادەی کۆنگرە بوون، کۆنگرە ڕەوایی پێویست وەردەگرێت.
٢. پەسەند کردنی ڕاپۆرت و بڕیاردان لە کۆنگرە دا بە زۆرینەی سادە دەبێت.
٢٠ : ئـەرک و دەسەڵاتەکـــانـی کۆنگـــرە
ھەڵبژاردنی سکرتێری گشتی.
٢. ھەڵبژاردنی کۆمیتەی سەرکردایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند.
٣. ھەڵسەنگاندن و پەسەندکردنی ڕاپۆرتی سکرتێری گشتی.
٤. پێداچونەوە و دەستکاری کردن و پەسەند کردنی پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ.
٥. ھەڵسەنگاندنی سیاسەتی (ی. ن. ک) لە نێوان دوو کۆنگرە دا و بڕیاردان لەسەر سیاسەتی نوێ بۆ چەسپاندنی ڕێبازی (ی. ن. ک).
٦. تاوتوێکردنی ئەو مەسەلانەی کە کۆنگرە بە پێویستی دەزانێت بڕیار لەسەریان بدات.
٧. بڕیاردان لەسەر سکاڵا و پێشنیارە پێشکەشکراوەکان.
٨. ھەڵسەنگاندنی کاروبارەکانی حکومەت.
٩. دەرکردنی ڕاگەیاندنی کۆتایی.
ماددەی ٢١ : کـۆنگـــرەی نائاسایـــــــی
کۆنگرەی نائاسایی لەو کاتەدا دەبەسترێت، کە قەیرانێک یان ڕووداوێکی گرنگ دێتە پێشەوە.
٢. لەسەر داوای سکرتیری گشتی یان ٣ / ٤ ی ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی یان ٣ /٤ ی
ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند کۆنگرەی نائاسایی دەبەسترێت.
٣. لانی کەم مانگێک پێش بەستنی کۆنگرەی نائاسایی، کاتی بەستنی کۆنگرە دیاری دەکرێت.
٤. کۆنگرەی نائاسایی ھەمان دەسەڵاتەکانی کۆنگرەی ئاسایی ھەیە.
٥. ئەندامانی کۆنگرەی ئاسایی پێشوو دەبنە ئەندامی کۆنگرەی نائاسایی.
ماددەی ٢٢: کۆبونەوەی فراوان (پلینیۆم)
بە مەبەستی پێداچوونەوەی کاروبارەکانی (ی. ن. ک) و وەرگرتنی بیروڕای زۆرترین ئەندامانی لێپرسراو و لەسەر داوای سکرتێری گشتی یان ٢ / ٣ ی ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی یان ٢ / ٣ ی ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند پیلنیۆم دەبەسترێت.
٢. بەشدارانی پیلنیۆم پێکدێت لە سکرتێری گشتی، کۆمیتەی سەرکردایەتی، ئەنجومەنی ناوەند، ئەندامانی مەکتەب، دەزگاکان و ئەنجومەنی مەڵبەندەکان.
٣. ھەموو دەسەڵاتێکی کۆنگرەی ھەیە جگە لە : گۆڕینی پڕۆگرام و پەیڕەو و سکرتێری گشتی.
٤. دەتوانێت ١ / ٣ ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند بگۆڕێت.
چوارەم: پێکھاتەی کۆمیتەی سەرکردایەتی (ئەنجومەنی سەرکردایەتی)
ماددەی ٢٣ :
کۆمیتەی سەرکردایەتی پێکدێت لە سکرتێری گشتی و ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی.
ماددەی ٢٤: سکرتێری گشتی
سکرتێری گشتی ڕاستەوخۆ لە کۆنگرە ھەڵدەبژێردرێت.
ماددەی ٢٥: مەرجەکانی خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سکرتێری گشتی
تەمەنی لە (٤٠) ساڵ کەمتر نەبێت.
٢. ناوو ناوبانگی سەنگین بێت و شارەزا بێت لە جیھانی سیاسەتدا و خزمەتی گەل و نیشتمان و (ی.ن.ک) ی کردبێت.
٣. لایەنی کەم ماوەی (١٠) ساڵ ئەندامی (ی.ن.ک) بووبێت.
ماددەی ٢٦ : ھەڵبژاردنی سکرتێری گشتی
ئەگەر تەنھا یەک کاندید ھەبوو بۆ پۆستی سکرتێری گشتی، ڕاستەوخۆ دەبێت بە سکرتێری گشتی.
٢. ئەگەر دوو کاندید یان پتر ھەبوو بۆ ئەو پۆستە، بە زۆرینەی ڕەھای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە ھەڵدەبژێرێت. ئەگەر ھەر کامێکیان زۆرینەی ڕەھای بەدەست نەھێنا، (٢) کاندید لەوانەی زۆرترین دەنگیان بە دەست ھێناوە دەچنەوە ھەڵبژاردن و ئەوەی زۆرترین دەنگ بە دەست بھێنێت دادەنرێت بە براوە.
ماددەی ٢٧: ئەرک و دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتی
بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیارو سیاسەتەکانی (ی.ن.ک).
٢. لە ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی جێگر بۆ خۆی دیاری دەکات و دەتوانێت بەشێک لە دەسەلاتەکانی پێبدات.
٣. کاندیدەکانی دەستەی کارگێڕ پێشنیار دەکات بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی.
٤. نوێنەرایەتی (ی.ن.ک) ل گشت کۆڕو کۆبونەوە سیاسیەکاندا دەکات.
٥. فەرمانی دانانی ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و لێپرسراوانی دەزگاکان لە پۆستەکانیان دەردەکات.
٦. بەرپرسیارە لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەو ئەنجومەنی سەرکردایەتی.
٧. سەرۆکایەتی کۆبونەوەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتی دەکات.
٨. لێدوان بە ناوی (ی.ن.ک) ەوە، دەدات.
٩. ئەندامێکی کۆمیتەی سەرکردایەتی بە ووتەبێژی کۆمیتەی سەرکردایەتی دیاری دەکات.
١٠. بەرپرسە لە ڕێکخستنی کاروباری دارایی، داھات، سەرپەرشتی کردنی دەزگای چاودێری دارایی و دەزگا تایبەتییەکان.
١١. لە کاتی وەک یەکی دەنگدا لە کۆمیتەی سەرکردایەتی، سکرتێری گشتی لە ھەر لایەک بوو، ئەو لایە بە زۆرینە دادەنرێت.
١٢. سەرپەرشتی سەرجەم پەیوەندییە کوردستانی و نیشتمانیی و نێونەتەوەییەکان دەکات.
١٣. بۆی ھەبێت ئەنجومەنێکی راوێژکاری دابنێت لە (٥) کەس.
١٤. راپۆرتی گشتی بۆ کۆنگرەو پلینیۆم ئامادە دەکات.
ماددەی ٢٨:
لەکاتی لە کار نەمانی سکرتێری گشتی بە ھەر ھۆیەک بێت، لە ماوەی (٢) مانگدا دەبێت کۆنگرەی نا ئاسایی ببەسترێت.
٢. جێگری سکرتێری گشتی تا بەستنی کۆنگرەی نائاسایی ئەرکەکانی سکرتێری گشتی جێبەجێ دەکات.
ماددەی ٢٩: کۆمیتەی سەرکردایەتی
کۆنگرە ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی، کە پێکدێت لە (٥٠) ئەندام ھەڵدەبژێرێت، لەوانە (٤٥) ئەندام بە سکرتێری گشتییەوە ھەڵدەبژێردرێن و (٥) ئەندامیان لەسەر داوای سکرتێری گشتی کۆمیتەی سەرکردایەتی دیارییان دەکات. ھەروەھا کۆنگرە (٥) ئەندامی یەدەگ (إحتیاگ) بە پێی ڕیزبەندی دەنگەکانیان دیاری دەکات.
٢. لە (٢٠%) ی ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی ژن دەبن.
٣. خۆکاندید کردنی ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی بە شێوەی تاک دەبێت.
ماددەی ٣٠:
کاندیدی کۆمیتەی سەرکردایەتی دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
١. تەمەنی لە (٢٥) ساڵ کەمتر نەبێت.
٢. ناوو و ناوبانگی باش و پاکبێت، خوێندەواری و ھۆشیاری سیاسی لە ئاستێکی گونجاودا بێت.
٣. ھاوکاری ڕژێمی پێشووی نەکردبێت.
ماددەی ٣١:
ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی بە زۆرینەی دەنگ دەبێت.
ماددەی ٣٢: ئەرک و دەسەڵاتەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتی :
١. کۆمیتەی سەرکردایەتی لە بواری جێبەجێکردنی ئەرکەکانی (ی.ن.ک) دا لە نێوان دوو کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە.
٢. جێبەجێکردن و بەدواداچونی بڕیار و ڕاسپاردەکانی نێوان دوو کۆنگرە.
٣. داڕشتنی سیاسەتی گشتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی (ی.ن.ک) لەگەڵ لایەنەکانی تردا.
٤. دانانی بەرنامەو پلانی پێویست بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا و چۆنیەتی ھاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی تردا.
٥. دامەزراندنی بۆردێکی ڕاوێژکاری لە کەسانی پسپۆڕو شارەزا بۆ سوود وەرگرتن لە تواناکانیان لە کاتی پێویستدا.
٦. دانانی بودجەی ساڵانە بۆ مەکتەب و دەزگاکان بە پێی تواناو پێویستی.
٧. دیاریکردنی پەیوەندی نێوان حزب و حکومەت.
٨. جگە لەم دەسەڵاتانەی سەرەوە، کۆمیتەی سەرکردایەتی ئەو دەسەڵاتانەی تر بە ڕێوەدەبات، کە لەم پەیڕەوەدا پێی دراوە.
ماددەی ٣٣:
کۆمیتەی سەرکردایەتی (٢ ) مانگ جارێک کۆبونەوەی ئاسایی خۆی دەکات.
٢. لەسەر بانگھێشتی سکرتێری گشتی یان لەسەر داوای لانی کەم نیوەی ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی دەتوانێت کۆبونەوەی نائاسایی بکات.
ماددەی ٣٤:
ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی بۆیان نیە دەسەڵاتی خۆیان بۆ ھیچ چالاکییەکی بازرگانی بۆ بەدەست ھێنانی قازانجی ماددی بەکاربھێنن، یان لە ھەر چالاکییەکی بازرگانی یان ھەر پرۆژەیەکی ئابوری ببنە شەریک.
ماددەی ٣٥:
ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بە رێژەی ٢/٣ ی دەنگی ئەندامەکانی، دەتوانێت ھەر ئەندامێکی ھەڵپەسێرێت (تجمید) ،کە پێشێلکاری لە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) و پەیڕەوی کاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا بکات.
ماددەی ٣٦: مەکتەبی سیاسی
پێکھاتە: مەکتەبی سیاسی پێکدێت لە (٩-١١) ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی، کە سکرتێری گشتی کاندیدیان دەکات و کۆمیتەی سەرکردایەتی دەنگیان بۆ دەدات.
 
ئەرک و دەسەڵاتەکانی:
‌ڕ. جێبەجێکردنی بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتی لە نێوان دوو کۆبونەوەدا.
‌ب. سەرپەرشتی کردن و ڕێنمایی کردنی ئۆرگانەکانی حزب، نەخشەدانان بۆ پەرەپێدان و ھەڵسەنگاندنی ئۆرگانەکان لە ڕووی ڕێکخراوەیی، سیاسی، فیکری و جەماوەرییەوە.
‌ج. پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی (ی.ن.ک) لەگەڵ لایەنەکانی تردا.
‌د. سکرتاریەتێک لە (٧) کەس بەسەرپەرشتی ئەندامێکی سەرکردایەتی بۆ پەیگیری کاروبارو پۆستەو بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی و ئۆرگانەکانی (ی.ن.ک) پێکدێنێ.٣. دەستەی کارگێڕ
‌ڕ. سکرتێری گشتی (٣) ئەندامی مەکتەب سیاسی دیاری دەکات بۆ پێکھێنانی دەستەی کارگێڕ، کە یەکێکیان دەبێتە لێپرسراو، بۆ جێبەجێکردن و چاودێریکردنی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی و ڕاپەڕاندنی کاری ڕۆژانەی مەکتەب سیاسی.
‌ب. کارگێر نابێت ھیچ پۆستێکی تر وەربگرێت.
پێنجەم: ئەنجوومەنی ناوەندی
ماددەی ٣٧:
ئەنجومەنی ناوەند پێکدێت لە (١٠١) ئەندام، کە (٨١) ئەندامیان بە ھەڵبژاردن دەبێت و (٢٠) ئەندامیان لە لایەن سکرتێری گشتییەوە دیاری دەکرێن، بە ڕەچاوکردنی ناوچە جیاجیاکان و پێوانەکانی کەسایەتی و پسپۆڕی و شارەزاییە جیاوازەکان.
٢. نابێت ڕێژەی ژنان لە ئەنجومەنی ناوەنددا لە (٢٠%) کەمتربێت.
٣. ئەنجومەنی ناوەند لە نێو ئەندامەکانیدا سکرتێرێک و دوو جێگرو بڕیاردەرێک ھەڵدەبژێرێت.
٤. نابێت تەمەنی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەند لە (٤٠) ساێل کەمتربێت.
٥. نابێت تەمەنی ئەندامانی ناوەند لە (٢٥) ساڵ کەمتر بێت.
٦. نابێت سکرتێرو سکرتاریەتی ئەنجومەنی ناوەند ھیچ پۆستێکی تریان ھەبێت.
٧. نابێت ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند لە ھیچ ئۆرگان و دەزگایەکی تری (ی.ن.ک) بەرپرسیارێتیان ھەبێت یان کار بکەن.
ماددەی ٣٨:
سکرتێری ئەنجومەنی ناوەند پەیوەندیی ئۆرگانیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سکرتێری گشتیدا دەبێت و لەسەر داوای سکرێتری گشتی و لەکاتی پێویستدا دەتوانێت بەشداری کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسی بکات.
ماددەی ٣٩: ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی ناوەند:
ئەرکی چاودێریکردنی ھەڵسوڕانی ئیش و کاری ئۆرگانەکان و دەرکردنی ڕێسای تایبەت بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنی کاروبارەکانی لە ئەستۆدایە.
٢. پەیڕەوی کار بۆخۆی دادەنێت.
٣. ھیچ ئەندامێک بەبێ ڕەزامەندی ئەنجومەنی ناوەند نابێت بە ئەندام مەکتەب.
٤. بە زۆرینەی دەنگ، دەتوانێت لەکاتی پێویستدا ھەر ئەندام مەکتەبێک ھەڵپەسێرێت یان لە کار بخات.
٥. بۆی ھەیە بە نوسراو داوای ڕوونکردنەوە لەسەر ھەر مەسەلەیەک لە ھەر ئۆرگانێک بکات و ھەروەھا لە چوارچێوەی ئۆرگانەکانیدا بۆی ھەیە نوێنەر بۆ ئۆرگانێک بنێرێت.
لەسەر داوای ٢/٣ ی ئەندامەکانی لێپرسراوی ھەر ئۆرگانێک بۆ پرسیار لێکردن و لێپێچینەوە بانگھێشت دەکات.
٧. ئەو ڕێکەوتنە گرنگانەی کە پەیوەندییان بە مەسەلە نەتەوەییە چارەنوسسازەکان و بەرژەوەندی باڵای (ی.ن.ک) و ھاوپەیمانییەتی ھەڵبژاردنەوە ھەیە. کە کۆمیتەی سەرکردایەتی بەشێوەیەکی سەرەتایی ئیمزایان دەکات، پاش ڕەزامەندی ٢/٣ ی ئەنجومەنی ناوەند کاریان پێ دەکرێت.
٨. پەسەند کردنی لیستی پاڵێوراوان بۆ ھەڵبژاردنە گشتییەکان و ئەنجومەنی پارێزگاو شارەوانی ئەنجومەنە خۆجێییەکان.
٩. پەسەندکردنی پەیڕەوی کاری مەکتەب و دەزگاکان.
ماددەی ٤٠:
ھەر ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەند، لە چوارچێوەی پەیڕەوی کاری ئەنجومەندا، ئازادیی تەواوی ڕا دەربڕینی ھەیە لە سۆنگەی ڕاو و بۆچونەکانیانەوەو ھیچ لێپرسراوێتیەکی لە ناو ئەنجومەن ناکەوێتە سەر شان.
ماددەی ٤١:
لە کاتی پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک)و پەیڕەوی کاری ئەنجومەنی ناوەند، لەلایەن سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و ھەر ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەند، بە زۆرینەی دەنگی ٢/٣ی ئەندامانی ئەنجومەن ئەندامێتی لە ئەنجومەندا ھەڵدەپەسێردرێت.
٢. لە کاتی پەیدا بوونی بۆشایی لە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند بە زۆرینەی دەنگ لەو کەسانەی لە کۆنگرەدا دەنگیان ھێناوە شوێنەکان پڕ دەکەنەوە.
ماددەی ٤٢:
ئەم کۆمسیۆنانەی خوارەوە، سەر بە ئەنجومەنی ناوەند دەبن و ڕاپۆرتی وەرزییان دەبێت.
١. کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ.
٢. کۆمسیۆنی دەستپاکی.
٣. کۆمسیۆنی سکاڵاو لێکۆڵینەوە.
٤. کۆمسیۆنی پەیڕەوی ناوخۆ.
٥. ئەنجومەنی ناوەند بۆی ھەیە بەپێی پێویست کۆمسیۆنی پسپۆڕ دابمەزرێنێت.
ماددەی ٤٣:
کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ پێکدێت لە (٥ تا ٧) ئەندام و ئەرکی چاودێری خراپ بەکارھێنانی پۆستەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت دەگرێتە ئەستۆ و سوود لە ڕاپۆرتەکانی چاودێریی و دارایی و لیژنەی لێکۆڵینەوەکان وەردەگرێت.
ماددەی ٤٤:
کۆمسیۆنی دەستپاکی پێکدێت لە (٥تا٧) ئەندام و ئەرکی چاودێریی خراپ بەکارھێنانی پۆستەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت دەگرێتە ئەستۆ و سوود لە راپۆڕتەکانی چاودێریی و دارایی و لیژنەی لێکۆڵینەوەکان وەردەگرێت.
ماددەی ٤٥:
کۆمسیۆنی سکاڵاو لێکۆڵینەوە پێکدێت لە (٣) ئەندامی یاسایی شارەزاو ئەرکی بریتی دەبێت لە:
١. یەکلاکردنەوە و بڕیاردان لە کێشەو سکاڵاکانی ئەندامان.
٢. لێکۆڵینەوەو بڕیاردان لەوە کێشانەی، کە کۆمیتەی سەرکردایەتی، یان ئەنجومەنی ناوەند، یا وەکو مەکتەب و دەزگاکان بۆی بەرز دەکەنەوە.
 
ماددەی ٤٦:
کۆمسیۆنی پەیڕەوی ناوخۆ پێکدێت لە (٥) ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند و ئەرکی بریتی دەبێت لە:
چاودێری کردنی ڕادەی گونجانی بڕیارو ڕێسا پەیڕەوکراوەکان لەگەڵ ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) دا.
٢. شیکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ دەگرێتە ئەستۆ.
٣. نوسینەوەی ڕەشنووسی پەیڕەوی پێشنیار کراو بۆ کۆنگرەی داھاتوو.
٤. چاودێری کردنی ڕەوشی کاروباری ئۆرگانەکان و بە دواداچونی ئیش و کارەکانیان و لێکۆڵینەوە لە کەموکورتییەکانیان.
شەشەم: مەکتەب و دەزگاکان
ماددەی ٤٧: مەکتەب و دەزگاکان
مەکتەبی ڕێکخستن.
٢. مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی.
٣. دەزگای چاودێری دارایی.
٤. مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان.
٥. مەکتەبی شەھیدان.
٦. دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان.
٧. مەکتەبی پەیوەندییە گشتیەکان.
٨. دەزگای ھەڵبژاردن.
٩. مەکتەبی ڕاگەیاندن.
١٠. مەکتەبی چاو دێری و بەدواداچون.
١١. مەکتەبی کۆمەڵایەتی.
١٢. ئەکادیمیای ھۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران.
ماددەی ٤٨:
لێپرسراوی مەکتەب و دەزگاکان ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی دەبن.
٢. لێپرسراوی مەکتەب لە کاتی پێویستدا یەکێک لە ئەندام مەکتەبەکان وەک یاریدەدەر دیاری دەکات بۆ ھاوکاری کردنی خۆی.
٣. نابێت لیپرسراوانی مەکتەب و دەزگاکان ھیچ کارێکی تریان ھەبێت.
٤. لیپرسراوانی مەکتەب و دەزگاکان لە بەردەم دەستەی کارگێڕیدا بەرپرسیارن.
٥. ھەر مەکتەبێک و دەزگایەک پڕۆژە و پەیڕەوی کار بۆ خۆی کە گونجاو بێت لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆدا دادەنێت پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندەوە پەسەند بکرێت.
٦. ھەر مەکتەبێک و دەزگایەک، بۆ تاوتوێکردنی ئەرکانی و دانانی نەخشەی گونجاو بۆ پێشخستنی دامودەزگاکانی، کۆنفراسی ساڵانە دەبەسترێت.
٧. ئەگەر لێپرسراوی مەکتەبێک، یان دەزگایەک، دەستی لە کارکێشایەوەو دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرا، تا ئەوکاتەی کۆمیتەی سەرکردایەتی لێپرسراوێکی تازە بۆ مەکتەب یا دەزگاکە دادەنێت، یاریدەدەرەکەی کارەکان بەڕێوە دەبات.
ھەر مەکتەب و دەزگایەک دەتوانێت دەتوانێت ئەنجومەنێک پێکبھێنێت.
ھەر مەکتەبێک بۆی ھەیە لەکاتی پێویستدا ڕاویژکار دابنێت.
ماددەی ٤٩:
مەکتەب یا دەزگا پێکدێت لە چەند ئەندامێک، کە لێپرسراوی مەکتەب دەیانپاڵێوێت بەپێی بواری پسپۆڕی.
٢. پاڵاوتنی ھەر ئەندامێک بۆ پۆستی ئەندام مەکتەب یان دەزگا بەنووسراوێک دەبێت، کە لێپرسراوەکەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ناوەندی دەکات بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی.
٣. لە کاتێکدا ئەنجومەند ناوەند پاڵاوتنەکەی ڕەتکردەوە، مەکتەبەکە یان دەزگاکە بۆی ھەیە داواکە دووبارە بکاتەوە.
٤. ئەگەر ئەنجومەن بۆ جاری دووەم داواکەی ڕەتکردەوە، بڕیارەکەی ئەنجومەن پلەی کۆتایی وەردەگرێت.
 
مەکتەبی رێکخستن
ماددەی ٥٠:
مەکتەبی ڕێکخستن بەرزترین دەسەڵاتی ڕێکخستنە و ئەرکی بەڕێوەبردنی ئۆرگانەکانی ڕێکخستن و دانانی نەخشەی گشتی ڕێکخستن دەگریتە ئەستۆ و پێکدێت لە (٩) ئەندام لەوانە (٢) ژن دەبن.
٢. ئۆرگانەکانی مەکتەبی ڕێکخستن بریتین لە (مەڵبەند، کۆمیتە، کەرت یان بازنەی جوگرافی). ھەروەھا ھەر ئۆرگانێکی تر کە مەکتەبی ڕێکخستن بە پێویستی بزانێت.
٣. بەشەکانی مەکتەبی ڕێکخستن پێکدێت لە ڕێکخستن، چاودێریی و ھەڵسەنگاندن، ئامار، بەڕێوەبردن و دارایی، ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری.
ماددەی ٥١: ئەرک و دەسەڵاتەکان:
ڕێبەرایەتیکردنی ڕاستەوخۆی ڕێکخستنەکان لە ڕووی ڕێکخراوەیی،سیاسی و چالاکییە جەماوەرییەکان.
٢. ھەڵسەنگاندنی ڕێکخستنەکان لە ھەموو ڕوویەکەوە.
٣. پێشنیارکردنی کردنەوەی مەڵبەندی نوێ و یەکخستنەوەی مەڵبەندەکان بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی.
٤. دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ چۆنیەتی پێکھێنانی کۆمیتە و کەرت و بازنەکان یان ھەر ئۆرگانێکی پێویستی تر.
٥. پۆلێنکردنی ئەندامان بەپێی پلە و ئەرکەکانیان.
ماددەی ٥٢: ئەنجومەنی مەڵبەند
ئەنجومەنی مەڵبەند بەرزترین دەسەڵاتە لە مەڵبەند دا ئەرکی جێبەجێکردنی نەخشەی گشتی ڕێکخستن و چالاکییەکانی (ی. ن. ک) بەڕێوە دەبات.
٢. ئەنجومەن پێکدێت لە لێپرسراو + جێگر + کارگێڕەکان +بەرپرسی کۆمیتە. جگە لە لێپرسراوی مەڵبەند (ئەندامی سەرکردایەتی دەبێت)، ھەموویان لە کۆنفراسی مەڵبەند ھەڵدەبژێردرێن.
٣. لێپرسراوی مەڵبەند بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕێکخستن لە سنوری دەسەڵاتی مەڵبەند و دانانی بەرنامەی پێوێست بۆ پێشخستنی ئەرکەکانی مەڵبەند لە ڕێکخراوەیی، سیاسی، فیکریی،جەماوەری و ڕوناکبیرییەوە.
٤. مەڵبەند لە سنووری چالاکی خۆیدا نوێنەرایەتی (ی. ن. ک) دەکات.
٥. دەستەی کاگێڕی پێکدێت لە (٧) ئەندام و دەبێت (٢)یان ژن بێت بەزۆرینەی دەنگ لە کۆنفرانسی مەڵبەند ھەڵدەبژێردرێت.
٦. مەڵبەند پێکدیت لەم بەشانە (رێکخستن، چاودێریی، ھەڵسەنگاندن، بەڕێوەبردن و دارایی، ئامار، پەیوەندییەکان، ڕووناکبیری و ڕاگەیاندن).
٧. مەڵبەند دەتوانێت پێشنیاری کردنەوەی کۆمیتەو کەرتی نوێ بۆ مەکتەبی ڕێکخستن بکات.
ماددەی ٥٣: کۆمیتە
کۆمیتە پێکدێت لە چەند کەرتێک یان لـــە چەند بازنەیەک و ئەرکەکەی سەرپەرشتی کــــــردنی چالاکییەکانی (ی. ن. ک)ە لە سنوری خۆیدا.
٢. کۆمیتە دەتوانێت پێشنیاری کردنەوەی کەرت و بازنەی نوێ بۆ مەڵبەند بکات.
٣. ئەنجومەنی کۆمیتە پێکدێت لە لێپرسراوێک و دوو کارگێڕ و لێپرسراوانی کەرتەکان یان بازنەکان، کە بە ھەڵبژاردن دیاری دەکرێت.
ماددەی ٥٤: مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی
مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی پێکدێت لە (٧) ئەندام و سەرپەرشتی کاروبارەکانی ئیداری و دارایی و ئابوری (ی. ن. ک) دەکات.
٢. ئەرکی دامەزراندن و پەرەپێدانی پڕۆژەی ئابوری و سەرچاوەی داھاتە بۆ (ی. ن. ک) دەکات.
٣. پێویستە ئاگاداری سەرجەم داھات و سەرفی (ی. ن. ک) بێت لە ناوەوەو دەرەوەی ووڵات.
٤. لە مانگی کانونی یەکەمدا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی پێشکەش بە سکرتێری گشتی دەکات و نوسخەیەک لەو ڕاپۆرتە دەداتە کۆمیتەی سەرکردایەتی.
ماددەی ٥٥: دەزگای چاودێری دارایی
دەزگای چاودێری دارایی پێکدێت لە (٧) ئەندام دەزگا بە لێپرسراوەکەیەوە، کە خەڵکی پسپۆڕن لەو بوارەدا.
٢. چاودێری چۆنیەتی داھات و خەرج دەکات لە گشت ئۆرگان و مەکتەب و دەزگاکان (ی. ن.ک).
٣. پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سکرتێری گشتی (ی.ن. ک) ەوە دەبێت.
٤. ڕاپۆرتی وەرزیی و ساڵانە پێشکەش بە سکرتێری گشتی دەکات.
ماددەی ٥٦ : مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان
مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان پێکدێت لە (٧) ئەندام.
ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ڕێکخراوە پیشەیی و دیموکراتیەکان دەگرێتە ئەستۆ.
ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراو سەندیکاو ڕێکخراوە ناحکومیەکان دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دروست دەکات.
لە ئەندامانی مەکتەبی ڕێکخراوە دیمەکراتییەکان و لیپرسراوانی ڕێکخراوە پیشەییەکان و ناوەندە دیموکراتییەکان ئەنجومەنێک بەناوی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکان پێکدەھێنێت و ھەر (٣) مانگ جارێک بە سەر پەرشتی لیپرسراوی مەکتەب کۆ دەبێتەوە و لە کاروباری تایبەت بە ڕێکخراوەکان دەکۆلێتەوە.
٥. لە سنوری جوگرافی ھەڵسوڕانی لقەکانی ڕێکخراوەکاندا،کە کەمتر نەبن لە (٦) لق، ناوەندی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان پێکدەھێنێت.
٦. ناوەند ھەماھەنگی دیموکراسی تەواو لەگەڵ مەڵبەند و کۆمیتەکاندا دروست دەکات.
ماددەی ٥٧: مەکتەبی شەھیدان
مەکتەبی شەھیدان پێکدێت لە (٧) ئەندام.
٢. ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کاروباری پەیوەند بە شەھیدانە.
٣. ئەرکی دابینکردنی مافەکانی شەھیدانە، بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانەی، کە لە داموودەزگاکانی (ی. ن. ک) و حکومەتدا دیاری کراوە.
٤. بەرنامە بۆ ڕاگرتنی سەروەری و یادی شەھیدان و تۆمارکردنی میژووی خەباتیان دا دەڕێژێ و پلانی جێبەجێکردنیان دادەنێت.
٥. بەشێکی تایبەت دەکاتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروبارو پێداویستییەکانی نەوەکانی شەھیدان، کە لەلایەن نەوەکانی شەھیدان خۆیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ماددەی٥٨: دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان
دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان پێکدێت لە (٥ _ ٧) ئەندام دەزگا.
٢. پێشکەشکردنی خزمەت و ڕێزلێنانی پێویست و شایستە بە پێشمەرگە و ڕێکخستنی دێرین و زیندانە سیاسییەکان.
٣. بە دواداچوونی داخوازییەکانیان لە مەڕ دابینکردن و جێبەجێکردنی مافەکانیان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان وڕەچاوکردنی یەکسانی.
٤. داکۆکیکردن لە سەروەری و بەرھەمی خەبات و تێکۆشانیان.
٥. پێشمەرگەو تێکۆشەرە دێرینەکان، بە حوکمی خەباتیان لە ھەر دەزگایەکدا بن، لە کاتی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانیان، مافی خۆیانە لە ڕێگەی ئەم دەزگایەوە بەرگری لە خۆیان بکەن.
ماددەی ٥٩: مەکتەبی پەیوەندییە گشتیەکان
مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکان پێکدێت لە (٩) ئەندام مەکتەب.
٢. مەکتەبی پەیوەندییەکان ئەرکی ڕێکخستن و پەرەپێدانی پەیوەندی (ی.ن.ک) لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوە دەگرێتە ئەستۆ.
٣. لە چەند بەشێک پێکدێت و ھەر بەشێک ئەندام مەکتەبێک سەرپەرشتی دەکات.
ماددەی ٦٠: دەزگای ھەڵبژاردن
دەزگای ھەڵبژاردن پێکدێت لە (٥-٧) ئەندام و، ئامادەکاری و سەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکان بە ھەموو قۆناغەکانیەوە دەکات، کە بریتین لە ئامادە کردنی لیستی دەنگدەران و پاڵێوراوان، ڕاگەیاندنی پرەنسیب و ڕێساکانی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن، ڕێکخستنی پرۆسەی دەنگدان، جیاکردنەوەی دەنگەکان، وردبونەوەی لە تانەو سکاڵاکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن.
٢. دەزگای ھەڵبژاردن، سەرپەرشتی ھەموو ئەو ھەڵبژاردنانە دەکات، کە لە دەستوری عێراق و یاساکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، لەگەڵ ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ناو خۆی (ی.ن.ک) و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان بە ھەموو قۆناغەکانییەوە.
٣. دەزگای ھەڵبژاردن، لە پەیڕەوی کاری خۆیدا ئەو بەش و ئەرکانە دیاری دەکات، کە لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردندا لە کۆنگرە پەسەند کراوە.
ماددەی ٦١:
دەبێت کۆمیتەی سەرکردایەتی لە ڕووی تەکنیکی و داراییەوە ھەموو پێداویستیەکانی کارکردنی دەزگای ھەڵبژاردن فەراھەم بکات و، ھەموو پێداویستیەکی ڕاھێنان لە دەرەوەو ناوەوەی ووڵات بۆ پێگەیاندنی کادیرەکانی ئەم دەزگایە دابین بکات.
ماددەی ٦٢: مەکتەبی ڕاگەیاندن
مەکتەبی ڕاگەیاندن پێکدێت لە (٧) ئەندام.
٢. مەکتەبی ڕاگەیاندن ئەرکی گەیاندنی بیرو بۆچونەکانی یەکێتی و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و کەلتووری لێبوردەیی (تسامح) و مافی مرۆڤ و دیموکراسی، بە جۆرێک کە گیانی تەبایی و نیشتیمان سەروەری و ھەستی ھاولاتی بوون و سەقامگیر بوون دەکات، لە ڕێی ھۆیە خوێندراوو بیستراوو بینراوەکانی ڕاگەیاندنەوە دەگرێتە ئەستۆ.
٣. سەرپەرشتی دەزگا ناوەندییەکانی ڕاگەیاندن دەکات.
٤. ڕەوایی بە جیاوازییەکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی تر لەناو ڕای گشتیدا دەدات.
٥. ستراتیجی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ڕۆشن دەکاتەوە.
ماددەی ٦٣: مەکتەبی چاودێریی و بە دواداچوون
مەکتەبی چاودێری و بە دواداچوون پێکدێت لە (٧) ئەندام مەکتەب.
٢. ئەرکی چاودێری کردنی ڕەوشی کاروباری ئۆرگانەکان و بە دواداچونی ئیشوکارەکانیان دەگرێتە ئەستۆ.
٣. لە کەمو کوڕی ئۆرگانەکان دەکۆڵێتەوە و ڕاپۆرت لەوبارەیەوە ئامادە دەکات و بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی بەرز دەکاتەوە.
ماددەی ٦٤: مەکتەبی کۆمەلایەتی
مەکتەبی کۆمەلایەتی پێکدێت لە (٥-٧) ئەندام و ئەندامێکی کۆمیتەی سەرکردایەتی لێپرسراوی دەبێت.
٢. ھەوڵدەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان توێژە جیا جیاکانی کۆمەڵ بە مەرجی ڕەچاوکردنی چەسپاندنی حوکمی یاساو ڕێگرتن لە ھەر سەرپێچییەک لە بنەماکانی یاسا.
ماددەی ٦٥: ئەکادیمیای ھۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران
پێکھاتەو ئەرکەکانی ئەکادیمیای ھۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران:
١. ئەم ئەکادیمیایە بە پێی پێویست پێکدێت لە چەند کادریرێکی شارەزاو پسپۆڕ.
٢. کردنەوەی خول لە بواری جیا جیادا بۆ کادیرانی (ی.ن.ک) لە ناوەوە و دەرەوەی ووڵات.
٣. ڕێکخستنی ئەرشیف و دۆکیومێنتکردنی مێژووی (ی.ن.ک).
٤. دەرکردنی گۆڤارێکی فیکری.
٥. بایەخدان بە توێژینەوەو بیرو ڕۆشنبیریی ھاوچەرخ و سازکردنی کۆڕو کۆنفرانس.
٦. ئامادە کردنی لێکۆڵینەوەی ناو بە ناو دەربارەی رووداوەکانی ناوچەکە، جیھان و ئاڕاستەکانی ڕای گشتی خۆماڵی کە تایبەتە بە ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و ئۆرگانەکان.
 
 
 
 
بنەما گواستراوەکان (الاحکام االانتقالیە)
ماددەی ٦٦:
دەربارەی پەیکەری ڕێکخستنی مەڵبەندەکان، دەسەڵات دەدرێتە مەکتەبی ڕێکخستن و کۆمیتەی سەرکردایەتی بۆ دانانی پەیکەرێکی گونجاو لە ماوەی (٦) مانگی داھاتوودا، بە ڕەچاوکردنی شارەکان و قەزاو ناوچە دابڕاوەکان و شوێنە جیا جیاکانی تر.
ماددەی ٦٧:
ھەر بڕیارێک، یان بڕگەیەک، لە بڕیارەکانی ئۆرگان و مەکتەب و دەزگاکانی پێشووتر، لەگەل ئەم پەیڕەوەدا گونجاو نەبێت، کاری پێ ناکرێت.
ماددەی ٦٨:
ئەم پڕۆگرام و پەیڕوە ناوخۆیە لەبەر ئەوەی پەسەند کراوی سێیەمین کۆنگرەیە جێبەجێ دەکرێت.


780بینین‌‌‌
2 هەفتە پێشتر - Nov 4 2017 10:15PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ