سۆشیال میدیا

نازم ده‌باغ: من په‌یامێكی‌ تایبه‌تی‌ قاسمی‌ سلێمانیم گه‌یاند به‌یه‌كێتی‌‌و حكومه‌تی‌ كوردستان


وەک باسدەکرێت قاسمی سلێمانی لەدوای راگەیاندنی وادەی ریفراندۆمەوە کۆبونەوەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی سیای‌س کورد چڕ کردبۆوەو بەردەوام لەکوردستان بوە، ئایا راستە؟
نازم دەباغ: لەکاتی راگەیاندنی ریفراندۆمەوە تا ئەو کاتەی ریفراندۆم ئەنجامدرا، شاندی ئێران ٧٠ تا ٨٠ کۆبونەوەیان لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام ھەمو شاندەکان بەسەرۆکایەتی حاجی قاسم نەبون.
ئاوێنە: ئایا قاسمی سلێمانی خۆی رۆژانی پێش ریفراندۆم زیاتر ھاتە سەر خەت؟
نازم دەباغ: بەڵێ، مەبەستی ئەوە بو ریفراندۆم نەکرێت چونکە توشی شکستێکی گەورە دەبین.
ئاوێنە: ئایا خۆت پەیامی قاسمی سلێمانیت گەیاندوە بەلایەنە سیاسیەکانی کوردستان؟
نازم دەباغ: بەڵێ، من پەیامێکی تایبەتی قاسمی سلێمانیم بەنامەی رەسمی نارد بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و بەتەلەفون‌و زارەکیش ناردومە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان. قاسمی سلێمانی لەو پەیامەیدا پێیوتم بەسەرکردایەتی سیاسی کوردستان بڵێ کە ئامادەیی ئەوەین لەچوارچێوەی دەستور‌و یەکپارچەیی عێراقدا بەرگری لەمافەکانی ئێوە بکەین‌و مادەی ١٤٠یش جێبەجێ بکەین. 
ئاوێنە: وەک باسدەکرێت قاسمی سلێمانی کۆبونەوەی دو قۆڵی‌و زۆر تایبەتی لەگەڵ بارزانی کردوە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم؟
نازم دەباغ: بەڵێ کۆبونەوەی دو قۆڵی لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و سەرکردەی ھەمو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کردوەو بەڵێنیشی پێداون دەتوانن لەچوارچێوەی دەستوری عێراق کێشەکانتان چارەسەر بکەن‌و وتویەشیەتی درک بەوە دەکەین کە عێراق ھەمو داخوازییەکانی کوردی جێبەجێ نەکردوە، بەڵام ھەمو ئەو دەسکەوتانەی ھەشتانە لەسایەی ئەم دەوڵەتەی ئێستای عێراقدایە.
ئاوێنە: باشە قاسمی سلێمانی فەرماندەی سەربازییە یان وەک دبلۆماتکار رۆڵ دەبینێت؟
نازم دەباغ: حاجی قاسم پیاوێکە لەروی بیرکردنەوەو قسەکردنەوە پیاوێکی دیبلۆماتکارە، بەڵام لەھەمانکاتیشدا لەروی سەربازییەوە فەرماندەیەکی مەیدانییە.
ئاوێنە: لەکەیەوە قاسمی سلێمانی دەناسیت؟
نازم دەباغ: لەساڵی ١٩٩١ەوە پەیوەندی راستەوخۆم لەگەڵ حاجی قاسم ھەیە، کە ئەوکات نوێنەری مام جەلال بوم لەتاران‌و لەگەڵ شاندێک دیدارمان کرد. حاجی قاسم پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ مام جەلال‌و ھەروەھا لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانیش ھەبوە.
ئاوێنە: ئایا قاسمی سلێمانی رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لەدیاریکردنی سیاسەتی ئێران بەرامبەر بەھەرێمی کوردستان؟
نازم دەباغ: من پێموایە لەوەش کاریگەرتر‌و واوەترە، من خۆم دیومە کە زۆر شت بەبێ کاریگەریی ئەو نەکراوە.
ئاوێنە: ئایا ئەوەندە کاریگەرە کە ھێزە کوردییەکان بەقسەی ئەو ھەڵسوڕێن؟
نازم دەباغ: ئەگەر بەقسەی ئەویان بکردایە ریفراندۆمیان نەدەکرد.
ئاوێنە: ئایا ھاتنەناوەوەی ئیسرائیل‌و پشتگیریی لەریفراندۆمەکە کاریگەری نەبو لەسەر کاردانەوەی توندی ئێران بەرامبەر بەکوردستان؟
نازم دەباغ: ھاتنەناوەوەی ئیسرائیل تەنھا مانایەکی ھەیە ئەویش ئەوەیە کە ھەرچی وڵاتانی ئیسلامییە ئەگەرچی خۆشیان پەیوەندییان لەگەڵی ھەبێت، لێتدەکات بەدوژمن، ئێرانیش کە وەک دوژمنێکی سەرسەختی خۆی سەیری ئیسرائیل دەکات، نایەوێت روبەرێکی وەک ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتیوانی بکرێت کە سنوری بەسنورەکەوەیەتی. لەکاتێکدا کە ھەمومان دەزانین سەرزەمینی کورد لەبنەڕەتدا سەرزەمینی ئاریاییەو لەرابردودا بەشێک بوە لەئیمپراتۆریەتی ئێرانی.
ئاوێنە: ئەی بۆچی ئێستا ئێران پشتگیری ھێزێکی عەرەبی دەکات لەدژی ئەم سەرزەمینە ئاریاییە؟
نازم دەباغ: ئێران پشتیوانی عەرەبی نەکردوە، وتویەتی ئەگەر ئێوە سبەینێ توشی شەڕ بن ئێمە پشتیوانیتان ناکەین، حکومەتی عێراقیش حکومەتێکی شیعەیە، دڵنیاشم لەقۆناغی ئایندەدا ئێران ھەوڵدەدات ھاوپەیمانی کوردو شیعە بپارێزێت. کەواتە ئێران دژی کورد نییە، بەڵکو دژی ئەو سیاسەتەیە کە پەیڕەو کرا.
ئاوێنە: سیاسەتی ئێران لەم قۆناغەدا بەرامبەر بەھەرێمی کوردستان چۆن دەبێت پاش دەست لەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی؟
نازم دەباغ: من سیاسەتی ئێستای نازانم، سەبارەت بەدەست لەکارکێشانەوەی بارزانی کەسانێکی ئەوتۆم نەبینیوە، بەڵام ئەگەر بگەڕیینەوە بۆ رابردوی ئێران‌و کەسی حاجی قاسم زۆرجار گوێم لێبوە وتویەتی کە پێویستە کورد کاریزماکانی خۆیان بپارێزن‌و نەیانشکێنن، بەدڵنیایی مادام ئێران بیر لەھاوپەیمانی کوردو شیعەو بەشێک لەسوننە دەکاتەوە، دبێت مامەڵە لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد بکات.
ئاوێنە: ئایا ئێران پشتگیریی لەدروستکردنی دو ئیدارەیی لەھەرێمدا دەکات؟
نازم دەباغ: من وا ھەستناکەم، چونکە ئەوە پەیوەندی بەگەلی کوردستان خۆیەوەتی، سبەینێ ئەگەر پارێزگای سلێمانی جیابێتەوە خۆ ئێران ناتوانێت بەزۆر بەھەولێرەوەی بلکێنێتەوە، وەک چۆن ئەنجامدانی ریفراندۆمی پێپەکنەخرا.
ئاوێنە: ئایا ئێران دەست لەکارکێشانەوەی بارزانی لەسەرۆکایەتی ھەرێم پێخۆشە؟
نازم دەباغ: ئەم پیاوە بەدرێژایی پەنجا ساڵە شکست‌و سەرکەوتنی بەخۆیەوە بینوەو کەسێکە حسابی بۆ دەکرێت، پێموانییە ئێران پێیحۆش بێت سەرکردەکانی کورد بزر بن، چونکە بەشێوەیەک لەشێوەکان ئێران بەزیانی دەزانن‌و ھەوڵیشدا ئەوە رونەدات بەڵام بەقسەی نەکرا.
ئاوێنە: واتە ئەگەر بەقسەی قاسمی سلێمانی بکرایە چارەنوسی کورد وای لێنەدەھات؟
نازم دەباغ: ئەمە ھەر لەقاسمی سلێمانیدا قەتیس مەکەن، ھەمو دنیا داوای لێکردین ریفراندۆم نەکەین، کەواتە ئەگەر بەقسەی دۆستەکان‌و ھاوپەیەمانەکانمان بکردایە وامان لێنەدەھات، ئێستاش دەبێت دراوسێکانمان لەپێشتر بن بۆ نێوانگیریی لەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ لێرەن‌و سبەینێ بەجێماندەھێڵن‌و دەڕۆنەوە، کە بەدرێژایی مێژو بەرژەوەندییەکانیان مسۆگەر کرابێت پشتیان تێکردوین.
ئاوێنە: بەڵام باس لەوە دەکرێت ئێران‌و قاسمی سلێمانی ئەندازیاری گرتنەوەی موسڵ‌و ناوچە جێناکۆکەکان بون؟
نازم دەباغ: باشە بۆچی ئێمە بۆ ھۆکارەکان نەگەڕێینەوە؟ کە دۆستێکی دێرینی کوردی عێراق کە رۆڵی ھەبوە لەھاوکاری کردنی بەرنامەیەک دادەنێیت ئەو ئەزمونەی ھەتە بیشێوێنێ؟ بۆچی پەیامەکە وا ناگەیەنن کە بڵێن بۆ حاجی سلێمانی وایلێھات بەشداری بکات لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ پەلاماردانی کوردستان؟


2492بینین‌‌‌
8 مانگ پێشتر - Nov 4 2017 9:48PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ