کەرکوک

پیلانێکی مەترسیداری بەرەی تورکمانی لەکەرکوک ئاشکرا دەکرێت


بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەھەوڵەکانی بۆ واژۆ بەمەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەردەوامەو بەرپرسێکی یەکێتیش زانیاری نوێ سەبارەت بە پیلانێکی بەرەی تورکمانی بۆ وەرگرتنی پۆستەکانی پارێزگاری کەرکوک و بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە ئاشکرا دەکات.

یاسین عیزەدین، کارگێڕی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە SNNی راگەیاند: وەفدێکی بەرەی تورکمانی سەردانی تورکیا و ئێرانیان کردووەو داوایان لەو دوو وڵاتە کردووە پشتگیرییان بکرێت لە بەدەستھێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ھەمان داواشیان ئاراستەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق کردووە.

وتیشی: "لەئێستادا بەرەی تورکمانی گوێ بە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن نادات و خۆیان بە سەرکەوتوو دەزانن و جگە لە داواکردنی پۆستی پارێزگار، داوای پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوکیش دەکەن".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی راشیگەیاند: ئەگەری ھەیە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ھەڵبوەشێتەوە، چونکە نیازی میعمار ئۆغلو بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، کە سەر بە بەرەی تورکمانییە، ١٥٢ واژۆی پەرلەمانتارانی کۆکردۆتەوە، بەمەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.

باسی لەوەشکرد: ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بە ھەوڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بدات، کێشەکانی ئەو شارە ئاڵۆزتر دەبن و پۆستەکانی پارێزگاکەش بەبێ حیسابکردن بۆ دەرەنجامی ھەڵبژاردن، دابەشدەکرێنەوە.


2733بینین‌‌‌
2 هەفتە پێشتر - Nov 4 2017 12:00AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ